نامەی كراوە: جەنابی وەزیری پەروەردە، دەبێت (مامۆستا نەژاد)ی سەرپەرشتیاری زیندەوەرزانی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت
Tuesday, 15/12/2009, 12:00
بەڕێز سەفین دزەیی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی ئەمڕۆ 15/12/2009 تاقیكردنەوەی كۆڕسی یەكەم بۆ ساڵی خوێندنی (2009-2010) بۆ هەردوو لی دەیەم و یازدەهەم دەستی پێكرد. بێسەر وبەرییەكی زۆر لە پرسیارەكاندا دەبینرا كە هەرگیز نالوێ پرسیاری تاقیكردنەوە بەمشێوەیە بێت. من باوكی قوتابییەكم لە قوتابخانەیەكی نموونەیی كە لێرەدا لە ترسی (مامۆستا نەژاد)ی سەرپەرشتیاری بابەتی زیندەوەرزانی ناوێرم ناوی خۆم و ئەو قوتابخانەیە بنووسم كە قوتابییەكەم تێیدا دەوام دەكات. لێرەدا دوای وردبوونەوە لە پرسیارەكانی ئەمڕۆ دەمەوێ هەندێك لە هەڵە و پۆخڵەواتەكانی ناو پرسیارەكان بۆ جەنابتان بخەمەڕوو.
یەكەم: كەس نازانێت ئەو پرسیارانە لەلایەن چ لایەنێكێكەوە دانراون، چونكە لە پرسیارەكانی بابەتی (فیزیا)ی پۆلی دەیەمی زانستی هیچ ئاماژە بەوە نەكراوە كە چ لایەنێك ئەو پرسیارانەی داناوە و شوێنی نووسینی زانیارییەكانیش بە بەتاڵیی بەجێهێڵراوە كە شتی وا لە دونیا نییە. هەروەها لە پرسیارەكانی بابەتی (ئایین)ی پۆلی دەیەمی زانستی نووسراوە كە (بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر) پرسیارەكانی داناوە. كەچی لە بابەتی (زیندەوەرزانی) پۆلی یازدەهەمی زانستی نووسراوە (مەڵبەندی كۆنتڕۆڵی بچووك لە عەنكاوە) پرسیارەكانی داناوە. ئیدی فەوزایەكە بۆخۆی و كەس نازانێت ئەو سەرپەرشتیارانە چیان كردووە.
دووەم: پرسیارەكان لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە دانراون، باشە خۆ ئەو سەرپەرشتیارانە وەك مامۆستای بابەتەكان شارەزای كونج و كەلەبەرەكانی كتێبەكان نین و ئەوانە دەرسیان بە قوتابییەكان نەگوتووە تا خۆیان پرسیار دابنێن، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە و پێویستە مامۆستایان خۆیان پرسیار دابنێن، ئەمەش یەكێكە لە هەڵەكانی سیستەمی نوێی خوێندن، چونكە ئەگەر مانایەكی هەبێت ئەویش ئەوەیە كە هیچ متمانەیەك بە مامۆستایان ناكرێت، بۆیە مامۆستایان بۆیان نییە پرسیارە دابنێن! باشە گەر مامۆستایان متمانەیان پێناكرێت (كە خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم) بۆچی لێدەگەڕێن دەرس بە قوتابیان بڵێن؟ بەڕاستی ئەمە ستەمێكە دەرهەق بە مامۆستایان دەكرێت و وا پیشان دەدرێت كە ئەوان متمانەیان پێناكرێت.
سێیەم: ئەمەیان زیاتر قسەی لەبارەوە دەكەم، چونكە بەڕێز (مامۆستا نەژاد) سەرپەرشتیاری پسپۆری بابەتی زیندەوەرزانی راستەوخۆ پەیوەندی بەمەیانەوە هەیە، دوای ئەوەی سۆراخی ئەوەم كرد كە ئاخۆ كێ پرسیارەكانی بابەتی (زیندەوەرزانی) پۆلی یازدەهەمی زانستی داناوە؟ دەركەوت كە مامۆستا نەژادی پاڵەوان هەڵیبژاردووە و دایناوە، كە خۆی كابرایەكی مەسیحییە و هەڵساوە دەقاودەق پرسیارەكانی (قوتابخانەی عەنكاوەی نموونەیی) هێناوەتەوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت یەك لقیش لە پرسیارەكانی قوتابخانە نموونەییەكانی (رۆزاكی نموونەیی و شنرۆێی نموونەیی و شەهید فاخیر مێرگەسۆریی نموونەیی و هەولێری نموونەیی) بهێنێتەوە. هەروەك هەموولایەك ئاگاداری ئەوەشین كە ئەمساڵ ماوەی كۆڕسی یەكەم زۆر كەم بووە و زۆربەی قوتابخانەكان نەیانتوانیوە ئەوەی كە بۆیان دیاریكراوە بخوێنن، بەڵام دیارە قوتابخانەی عەنكاوەی نموونەیی (هەرچۆنێك بێت) هەموو بابەتەكانیان خوێندووە، بۆیە ئەو بەناو سەرپەرشتیارە بەهەڵی زانیوە و خەنجەری ژەهراوی خۆی وەشاندووە..ئەمەش تەنها و تەنها چونكە خۆی مەسیحییە و پرسیاری قوتابخانەیەكی هێناوەتەوە كە مامۆستا و قوتابییەكانی مەسیحیین! ئەم كارە لە هەر كەسێكی دیكە بوەشێتەوە لە سەرپەرشتیاران ناوەشێتەوە و شتێكی زۆر بێمانا و دزێو و ناقۆڵایە كە مامۆستا نەژادی بەڕێز كردووویەتی! بۆیە (بەڕێز جەنابی وەزیری پەروەردە) پێویستە لێكۆڵینەوە لەم كێشەیە بكرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری لەم جۆرە ئەنجام بدرێت، چونكە ئەمانە وەك ڤایرۆس پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بەرەو داڕووخان دەبەن! دواتر ئەگەر بپرسین مامۆستا نەژادی پاڵەوان بۆ ئەم كارەی كردووە؟ ئەوە زۆر بە روونی لە مەبەستەكەی تێدەگەین، ئەویش ئەوەیە كە قوتابخانە نموونەییەكان لە كێبڕكێ و ململانێدان كە باشترین نمرە لەسەر ئاستی كوردستان و شارەكانیان بەدەست بهێنن، بۆیە مەبەستی مامۆستا نەژاد روون و ئاشكرایە كە دەیەوێت بەم كارەی وەك دەڵًێن (دەگە) لە قوتابخانە نموونەییەكانی دیكە بدات و سوودێك بە قوتابخانەی عەنكاوەی نموونەیی بگەیەنێت كە وەك خۆی مەسیحین! بەداخەوە!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست