کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ژێر فشاری‌ چه‌ند رێكخراوێكی‌ تایبه‌ت به‌ ئه‌نفالدا زنجیره‌ درامای‌ گه‌رمیان‌و كوێستان راده‌گیرێت

Tuesday, 27/04/2010, 12:00


سیروان غەریب دوای‌ په‌خشكردنی‌ چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌ درامای‌ ته‌له‌فیزیۆنیی‌ گه‌رمیان‌و كوێستان كه‌ چیرۆكی‌ قوربانیانی‌ دوای‌ ئه‌نفال ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی‌ بواری‌ ئه‌نفال رایانگه‌یاند كه‌ زنجیره‌ دراماكه‌ سوكایه‌تیی‌ به‌ ژنانی‌ ئه‌نفال كردووه‌‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دراماكه‌ راگیرا.

رێكخراوه‌كانی‌ بواری‌ ئه‌نفال‌و كه‌س‌وكاری‌ ئه‌نفالكراوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دراماكه‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفالی‌ كردۆته‌ چیرۆكی عه‌شق‌و ئه‌ڤینداری‌‌و له‌ گه‌وره‌یی‌ كاره‌ساته‌كه‌ی‌ كه‌م كردۆته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا كاستی‌ دراماكه‌‌و كه‌ناڵی‌ كوردسات كه‌ دراماكه‌ی‌ به‌رهه‌م هێناوه‌‌و په‌خشی‌ كردووه‌، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

رێكخراوی‌ هه‌ڵوێست بۆ داكۆكی‌ له‌كه‌سوكاری‌ ئه‌نفال له‌سنوری‌ شۆڕش‌و چه‌مچه‌ماڵ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوكرۆدته‌وه‌‌و رایگه‌یاندووه‌ وامانزانی‌ فیلمسازان‌و ده‌رهێنه‌ران‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ كوردستان، دوای‌ 22 ساڵ له‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال، ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی‌ فیلمه‌وه‌ خه‌م‌و ناسۆرییه‌كانی‌ ئێمه‌ به‌نه‌وه‌ی‌ نوێ‌‌و سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی‌ كوردستان بگه‌یه‌نن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، دوای‌ پێشكه‌شكردنی‌ ده‌ ئه‌ڵقه‌ له‌م زنجیره‌یه‌، رێڕه‌وی‌ فیلمه‌كه‌ به‌ره‌و خۆشه‌ویستی‌ گۆڕاو یه‌كپارچه‌ بووه‌ته‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكێكی‌ ئه‌ڤینی‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ ئاژانسی‌ (ئه‌سوات ئه‌لعیراق) كراوه‌، رێكخراوی‌ ناوبراو داوای‌ ده‌ستبه‌جێ‌ راگرتنی‌ ئه‌و زنجیره‌ درامایه‌ی‌ كردووه‌‌و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان بڕوای‌ ته‌واویان به‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕین هه‌یه‌، به‌ڵام پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌و كه‌ناڵه‌وه‌ نمایش ده‌كرێت جگه‌ له‌سوكایه‌تی‌‌و ته‌شهیر به‌ بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاری‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفال هیچ پێناسه‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌ڵناگرێت.

رێكخراوی‌ هه‌ڵوێست رونیشیكردۆته‌وه‌ سه‌یره‌ به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ كه‌ناڵێكی‌ ره‌سمی‌ دوای‌ 22 ساڵ، ده‌یه‌وێت به‌و جۆره‌ گوزارشت له‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال بكات چونكه‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال تا ئێستاش به‌سوێیه‌و پڕه‌ له‌چیرۆك‌و به‌سه‌رهاتی‌ كاره‌سات ئامێز، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شی‌ زۆری‌ كه‌سوكاره‌كانیان به‌جۆرێكی‌ ناهه‌موار ژیان ده‌گوزه‌رێنن.

گه‌رمیان‌و كوێستان زنجیره‌ درامایه‌كی‌ ته‌له‌فیزیۆنی‌ به‌رهه‌می‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانیی‌ كوردساته‌‌و له‌ 14ی‌ نیسان‌و ساڵیادی‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ده‌ست به‌ په‌خشكردنی‌ كراوه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردووشدا ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌س‌وكاری‌ ئه‌نالكراوه‌كانی‌ سنوری‌ گه‌رمیان دژ به‌ راڕه‌وی‌ سۆزدارییانه‌ی‌ دراماكه‌ خۆپیشاندانیان كرد‌و داوایان كرد دراماكه‌ رابگیرێت، دوای‌ په‌خشكردنی‌ 13 ئه‌ڵقه‌ له‌كۆی‌ 31 ئه‌ڵقه‌ شه‌وی‌ رابردوو ئه‌ڵقه‌ی‌ كۆتایی‌ دراماكه‌ په‌خش كرا.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دڵشاد حسێن سیناریستی‌ درامه‌كه‌ له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاژانسی‌ (ئه‌سوات ئه‌لعیراق) كه‌وتووه‌، رایگه‌یاندووه‌ ئه‌و درامایه‌ له‌دوای 22 ساڵ له‌ کاره‌ساتی به‌دناوی ئه‌نفال، به‌رهه‌مێکی هونه‌رییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی درامای ته‌له‌فزیونیدا ته‌عبیر له‌ ئازاره‌ سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌کانی ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نفال رزگاریان بووه.

ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ رونكردۆته‌وه‌ كه‌ئه‌و درامایه‌ درامایه‌کی دۆکۆمێنتاری نیه‌ که‌ هه‌رچی هه‌بووه‌ وه‌کو خۆی هه‌یه‌ بێته‌ سه‌رشاشه‌، درامایه‌کی چیرۆکیه‌ و تێکه‌ڵێکه‌ له‌ نێوان واقیع و خه‌یاڵ، ناشتوانرێت له‌ درامایه‌کی ته‌له‌فیزیۆنیدا هه‌رچی ئازاره‌کانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ هه‌یه‌ هه‌مووی باسبکرێت (...) بێگوومان ئازار و موعاناتی پاشئه‌نفاله‌کان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن‌و ره‌نگه‌ به‌چه‌نده‌ها به‌رهه‌می هونه‌ری نه‌توانرێت هه‌مووی باس بکرێت.

سیناریسی‌ دراماكه‌ باسی‌ له‌وه‌ش كردووه‌ ئه‌و له‌و درامایه‌دا له‌رێگه‌ی که‌سێکه‌وه‌ که‌ دیلی ئێرانه‌ دێته‌ ناو یه‌کێک له‌ ئۆردوگاکانی ئه‌نفال و له‌ناو ئه‌و کێشه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا ده‌رگای کێشه‌یه‌کی ئینسانی و کۆمه‌ڵاتی ده‌ك‌اته‌وه‌ كه‌ هه‌م بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ کێشه‌ بووه‌ و ئێستاش هه‌ر ماوه،‌ ئه‌ویش مافی شوکردنه‌وه‌ی ژنانی ئه‌نفاله‌.

دڵشاد حسێن له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا باسی‌ له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ وه‌ک کێشه‌ بۆماوه‌کانی تری که‌سوکاری ئه‌نفاله‌ که‌ رژێمی عێراقی له روی قانونی و شه‌رعیه‌وه‌ بۆ که‌سوکاری ئه‌نفالی به‌جێهێشت، کێشه‌ی شوکردنه‌وه‌ له‌‌ ساڵه‌کانی ناوه‌راستی نه‌وه‌ده‌کاندا کێشه‌یه‌کی جدی بووه‌ و رێکخراوه‌کانی ئه‌نفال له‌وساڵانه‌دا هه‌وڵ و ته‌قه‌لای زۆریاندا که‌ چاره‌سه‌رێکی قانونی و شه‌رعی بۆ بدۆزنه‌وه‌ ، به‌هه‌وڵ و کۆشسی ئه‌وان کاتی خۆی مه‌لای دینی فه‌توای له‌سه‌ردا و به‌پێی شه‌رع رێگه‌یان بۆ کرایه‌وه‌ که‌ شوو بکه‌نه‌وه‌ وائێستا جه‌نده‌ها ژنانی ئه‌نفال شویان کردوه‌ته‌وه‌ خێزانی نوێیان پێکهێناوه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ ره‌خنه‌ی‌ رێكخراوه‌كان‌و كه‌سوكاری‌ ئه‌نفاله‌كان له‌وه‌ی‌ دراماكه‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفالی‌ كردۆته‌ چیرۆكی‌ خۆشه‌ویستی‌‌و ئه‌وینداری‌، سیناریستی‌ دراماكه‌ رایگه‌یاندووه‌ خۆشه‌ویستی و ئه‌وین گه‌وره‌ترین به‌های مرۆڤه‌، که‌سوکاری ئه‌نفالکره‌کانیش مرۆڤن و خاوه‌نی ئه‌و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌ن، خۆشه‌ویستی به‌شێکی جوانی مرۆڤه‌، ئه‌م جوانیه‌ش بۆ که‌سوکاری ئه‌نفاکراه‌کانیش ره‌وایه، بۆیه‌ ناکرێت خۆشه‌ویستی به‌ئیهانه‌ بۆ مرۆڤ بژمێردرێت، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی کردن به‌ ئیهانه‌ بژمێردرێت ئه‌وه‌ کاره‌ساتێکی تری ئینسانیه‌ .

ناوبراو رونیشیكردۆته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ سوكایه‌تیكردن‌و ته‌شهیر به‌ژنه‌ ئه‌نفال، هه‌وڵمان داوه‌ هه‌موو به‌ها جوانی وئینسانیه‌کانی که‌سوکاری ئه‌نفال به‌ موعاناتی ژیانه‌وه‌ تا به‌خێوکردنی مناڵ و خۆشه‌ویستی بخه‌یه‌ینه‌ روو، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا زۆربه‌ی ژنانی ئه‌نفال ژیانی تایبه‌تی خۆیان کرده‌ قوربانی گه‌وره‌کردنی نه‌وه‌کانیان، که‌ له‌زمانی کاراکته‌ره‌کانه‌وه‌ باسی ده‌کرێت.

دڵشاد حسێن له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ ئه‌گه‌ر لێکتێنه‌گه‌یشتنێک له‌م باره‌یه‌وه‌ دروست بووبێت و خۆشه‌ویستی بۆ ئیهانه‌ بۆسه‌ر ژنانی ئه‌نفال حیساب بکرێت ئه‌وه‌ کاره‌ساتی لێکنه‌گه‌یشتنه‌ و بریاری پێشوه‌خته‌ که‌ هێشتا دراماکه‌ له‌ 1له‌3 ی پێشان دراوه.

ده‌رباره‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ كه‌ناڵی‌ كوردسات له‌ په‌خشكردنی‌ زنجیره‌ دراماكه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌رپرس له‌ كه‌ناڵی‌ ناوبراو وتی‌ درامای‌ گه‌رمیان و كوێستان به‌رهه‌میكی‌ كوردساته‌‌و یه‌كێكی‌ تره‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی‌ درامای‌ كوردی‌، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ پیشاندانی‌ ره‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌روونیه‌كانی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفاله‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ له‌م درامایه‌دا هیچ جۆره‌ بێ‌ ڕێزی‌ و دیمه‌نیكی‌ نابه‌جێ‌ نیشان نه‌دراوه‌ به‌ڵكو وێنه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ژیانی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفالی‌ خستۆته‌ روو، وتیشی‌ كوردسات هه‌میشه‌ خۆی‌ به‌ ده‌نگ و ره‌نگی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفال ده‌زانێ‌ و دیمه‌نه‌كانی‌ كۆتایی زنجیره‌كه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كوردسات چه‌ند به‌ دڵسۆزانه‌ و به‌ دیدێكی‌ خزمه‌تكردن به‌و چین و توێژه‌ كاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجام داوه‌.
ئاژانسى ئەسوات ئەلعراق

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە