کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەهمى كرانەوەى توركیا پشكۆكانى فاشیزم لەتوركیا تا ئێستا لەژێرەوە هەر داگیرساون و دەسوتێن

Wednesday, 24/08/2011, 12:00





كاتێك تەرمى سوتاوى ژن و منداڵ و پیرەمێردى كورد لەسەر شەقامەكانى نزیك بنارى قەندیل دەبینین كە بەتراژیترین شێوەو نامرۆڤانەترین رەفتار لەلایەن فرۆكەكانى توركیاوە بوونەتە قوربانى، ئەو راستییەمان زیاتر بۆ دەسەلمێت كە پرۆسەى كرانەوەى دەوڵەتى توركیا بەرووى میلەتى كورددا بێجگە لەپروپاگەندەى هەڵبژاردن هیچى تر نەبووە، چونكە مەرجى سەرەكى هەموو نیەتێكى ئاشتىو كرانەوەى لەم چەشنە راگرتنى توندوتیژییە، بەدەر لەوە هەرچییەكى تر بكرێت لەپێناو كرانەوەدا ناگاتە دلۆپە خوێنێكى (سۆلین)ى تەمەن شەش مانگ .


لەماوەى رابردوودا دواى بردنەوەى پارتى دادو گەشەپێدان لەهەڵبژاردنەكانى توركیا زۆرێك لە"سیاسىو رۆشنبیرەكان"ى هەرێمى كوردستان.جارێك بەناوى رۆژنامەنوسو جارێك بەناوى پسپۆرو جارێك بەناوى شیكەرەوە لەرادێۆكان گوێكانیان كاس كردینو لەسەر شاشەى تەلەفزێۆنەكانیش ببوون بەئەستێرەو هەمووشیان بەشانو باڵى پرۆسەى كرانەوەى توركیا هەڵیان ئەدا، بەهەموو توانایەكیان ئەیانویست بەهاوڵاتیان بلێن كە كرانەوەى توركیا بەرامبەر بەكورد جدییەو هەریەكەشیان بۆخۆیان تەفسیرو تەحلیلى بەهەشتییان هەبوو بۆ ژیانى كورد لەدواى پرۆسەى كرانەوە.

بەڵام، هێشتا دەنگى ئەو توێژانە لەگوێچكەماندا سەداى مابوو، مەرەكەبى هەڵبژاردنیش وشكنەببۆیەوەو لافیتەكانى پروپاگەندە بۆ "كرانەوە" بەشەقامەكانى ئەستەنبولو ئامەدەوە مابوونەوە، ئالەم ساتەوەختەدا لایەنى براوەو هاوپشتەكانى گێڕى سیاسی خۆیان گۆریو فشارێكى توندیان كردە سەر پەرلەمانتارە كوردە دەرچووەكان تا ئەو ڕادەیەى ناچارى كشانەوەیان كردن، پاشانیش شاڵاوێكى فراوانى دەستگیركردنى چالاكەوانانى مەدەنى لەناوچە كوردنشینەكانى توركیا دەستى پێكرد، ئەوەشى لە17ى مانگەوە لەسەر سنورەكانى هەرێمى كوردستان درێژەى هەیە درێژەى هەمان سیاسەتو عەقڵیەتى باڵادەستى توركیایە.

ئەوەى لەرابردووداو بەتایبەتى دواى هەڵمەتى پروپاگەندەى كرانەوەى توركیاو بەرووى كورددا كۆى بیركردنەوەى سیاسىو رۆشنبیرانو راگەیاندنەكانى ئێمەى داگیركردبوو مەسەلەى خوێندن بەزمانى كوردى بوو، كە بۆچونەكان ئەوەندە بەكاریگەرى تیایدا شیدەكرانەوە تا ئاستی ریكلامكردن بۆ كەسى خاوەن بیرۆكەو ئەندازیارى "كرانەوە" رەجب تەیب ئەردۆگانو هەموو سەركەوتنەكانى پارتى گەشەپێدانى ئیسلامى میانرەویشیان دەبەستەوە بە هەڵگرى ئاڵاى كرانەوە بەرووى كورددا.

رووداوى یەكشەممەى رابردوو ئەگەرچى یەكێكە لەتراژیترین رووداوەكانى ئەمساڵ، بەڵام لەهەمانكاتدا دەبێت بۆ سیاسەتمەدارانو رۆشنبیرانى كورد ببێت بەپەندو چیتر ئەوەندە ساوێلكە نەبن بەگوتارەكانى ناو میدیاو پروپاگەندەكانى كرانەوەى پارتى گەشەپێدان وابزانن هەر ئێستا دەوڵەتى كوردى دادەمەزرێت. لەهەمانكاتیشدا دەبێت هەمووان ئەو راستییە بزانین ئەوەى لەتوركیا بەناوى كرانەوە بەرێوەدەچێت دەرەنجامى باوەربوون ئەردۆغانییەكان نەبوو بەمافەكانى ئەم میللەتە، بەڵكو بەرئەنجامى ساتەوختێكە كە توركیا دەیەوێت دەرگاكانى زیاترى ئابورى بەرووى خۆیدا بكاتەوەو بەشدارییەكى راستەوخۆ بكات لەبازارى یەكگرتووى جیهانیدا.

لەراستیدا ئەوەى هێرشە دڕندانەكانى ئەم دواییەى توركیا بخوێنێـەوە دووراستى گرنگى بۆ دەردەكەوێت، یەكەمیان بریتییە لەوەى كە دوفاقى لەسیاسەتى توركیا تەواو دەركەوتووە لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانەكەى لەسەر قەتلو عامى سوریا دێتە دەنگو نیگەرانیش بەرامبەر ئیسرائیل بۆ هێرشەكانى سەر فەلستین دەردەبرێت، پاشانیش هەر دوێنێ دەچێت لەمنداڵانى برسى سۆماڵ دەپرسێتەوە، بەڵام رێك بەپێچەوانەوە دەستى خۆى كراوە دەكات بەرامبەر بەمنداڵانى كوردستانو لەگەڵ دایكیاندا دەیانسوتێنێت. دووهەمیشیان ئەو راستییە دەردەكەوێت كە ئەم جۆرە دەسەڵاتانە كە كەمالیزمى بەمیرات لەهەناوی هەڵگرتووە. چەند باسى كرانەوەو مافى مرۆڤو پێكەوە ژیانى یەكسانانە دەكەن، دەبێت ئەوەندەش لەچڕنوكەكانى فاشیزم تیایدا بترسیت. بۆیە لەگەڵ ئەمجۆرە رژێمانەدا نابێت ساوێلكەو هەڵخەتاو بیت چونكە لەهەناوى مێژووییەك هاتوونەتە دەرەوە، كەوەك روناكبیر بەختیار عەلى دەیڵێت: پشكۆكانى فاشیزم تا ئێستا هەر لەژێرەییەوە داگیرساوەو دەسوتێن.

تێبینى: ئەم بابەتە لەژمارەى سێشەممەى رۆژنامەى ئاوێنە بڵاوكراوەتەوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە