کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جاش قەڵەمەكان و دوژمنایەتی هەدەپە

Tuesday, 19/04/2022, 1:11


گوتەیەكی باو باپیرانمان هەیە كە دەڵێین، كەچەڵ تیماركەر بێ، سەرەتا سەرە كەچەڵەكەی خۆی تیمار دەكا. گەلەكەمان لەم بەشەی كوردستاندا بەدەستی هەزاران كێشە و گرفتی کەڵەكەبووەوە دەناڵێنێت، كەچی زۆڕناژنەكانی حیزب، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیانیان كردۆتە نووسەر و شرۆڤەكار و دارێژەر و راوێژكار و كاوێژكاری دەزگا سیخۆریەكانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، مێش مێوانیان نییە و باس و خواستێك لەم هەموو گەندەڵی و گەندەڵستانەیە ناكەن كە بەدەستی حیزبەكانیان گیانی گەلەكەمانیان تا بیناقاقا هێناوەتە تەنگ و گەل گەیشتووەتە ئاستێك كە ئێدی مەجالێك بۆ ژیانێكی شەرفمەندانە و كوردانە نەماوە. تەنانەت وا لەگەلەكەمان هاتووە، ئێدی لەهەموو شتێك بێزار بووە، كوردایەتیەكەشی بووەتە ناچارییەك، ئەگەر بۆی بكرێت، ئەوا ئەگەر زێدەڕەوی نەبێت دەستی لەوەش دەشۆردەوە. چونكە بەدەستی تاڵانچییەكانی بەناو كۆردایەتی سەروماڵیان هیچ كە چووە، هێدی هێدی خەریكەی شەرەف و كەرامەتیشیان دەشكێندرێت و تەحەدایان پێ دەكرێت، مەبەست لەم نووسینە، سەرەنجێكە لەسەر هەندێ شرۆڤەكار و قەڵەم پیسە كە دەیانەوێت لەژێر پەردەی هاوخەمی و خەمخۆریدا، خەت و نیشان بۆ بزوتنەوەی سیاسی كورد لەباكوری كوردستاندا بكێشن، بەڵام. خەت و نیشانێك كە لەلایەن دەزگا سیخوریەكانی تورك "میت" و "پاراستن"ەوە ئاراستە دەكرێن. 

دژایەتی لەژێر پەردەی خەمخۆری كوردایەتیدا

دژایەتی كردن و نەیاریەتی رێگاكانی زۆرن، هەندێ كەس و لایەن و هێز وا خۆیان دەردەخەن كە گوایا دەیانەوێت دۆستایەتی تۆ بكەن، كەچی لەژێر پەردەی دۆستایەتیەكی ساختە، هاوشێوەی نەیارە حەقیقەكە، پەلاماری هەموو نرخ و بەهاكانت دەدەن. یەكێك لەو نەیارانەش ژمارەیەك قەڵەم پیس و جاش قەڵەمن كە لەسەر هەموو شتێك خۆیانیان كردوە بە كۆێخا و خەڵكی تریان كردوە بەرەعیەت، بەقەوڵی ئەوان نەزان. كاتێك لەباكوری كوردستاندا پارتی دیموكراتی گەلەكان دامەزرا لەساڵی ٢٠١٢دا. یەكەم كەس كەوتنە وێزەی ئەو پارتەوە، جاش قەڵەمەكانی بەناو كورد بوون كە لەلایەن دەزگاكانی شەڕی تایبەتەوە ئاراستە دەكران. 

هەدەپە و چەمكی یەكێتی نەتەوەیی و پێكەوە ژیانی ئازادانەی گەلان

لەپێناو پەرەسەندنی بیروهزری نەتەوەی دیموكراتیك و چەمكی پێكەوە ژیانی ئازادانەی گەلان و یەكێتی نەتەوەیی، هاوشێوەی هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان، "هەدەپە"ش لەباشوری كوردستان و لەشاری هەولێری بەناو پایتەخت نووسينگەی خۆی لە چوارچێوەی یاسا و رێساكان و دامەزراوە حكومیەكانی هەرێمی باشوری كوردستان كردەوە.
هەر لەرۆژی كردنەوەی نووسینگەی هەدەپە لەباشوری كوردستان، دەزگای شەڕی تایبەتی میت ـ پاراستن كەوتە خۆ و ویستیان لەم رێگەیەوە ئەو كوردانەی لەتاو تەنگانە و سیاسەتی زەخت و گۆشارەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك روویان لەهەرێمی كوردستانكردووە، دەستنیشان و شوێنی كار و مانەوەیان دیار بكەن، تاكۆ بتوانن لە هەرێمیشدا بیانخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە. یا ئەوەتا تەسلیمیان ببن، یانیش ئەگەر نەتوانرا تەسلیمان بگرن، ئەوا دەبێت هەرێم جێ بهێڵین یا ئەوەتا لەگەڵ میت ـ پاراستندا كار بكەن. تەنانەت زۆر كاتیش هێزە چەكدارەكانی پارتی رێگرییان لەلێدوانە رۆژنامەوانیەكانی هەدەپەیان كردووە و دەیكەن و تەنانەت زۆر جاریش هەڵیانكۆتاوەتە سەر نووسینگەكەیان 
ئەگەر جاش قەڵەمەكان دۆستی كوردن با لەسەر بەم بابەتانە بنووسن
هەڵكۆتانە سەر نووسینگەكەی هەدەپە لەهەولێر، گرتنی ئەندامان و لایەنگەرانی هەدەپە و سنورداشكردنیان لە هەولێر و ئەشكەنجە و لەزیندان و رادەستكردنەوەیان بەدەوڵەتی تورك و داواكاری سیخۆری كردن بۆ دامەزراوە ئەمنی و ئیستخباراتیەكانی پەدەكە ـ میت لەهەرێمی باشوری كوردستان.
پەكخستنی پەرلەمان و داڕمانی ئابوری و دامەزراوە بەناو حۆكمییەكان. تاڵانكردنی سەروەت و سامانی گەلەكەمان بۆ وڵاتانی ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمریكا. مەزادكردنی نەوت و گازی هەرێمی باشوری كوردستان بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك و دیار نەبوونی داهاتەكان. تەڕاتێنكردنی دەزگا ئیستخباراتیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان لەهەرێمدا. تیرۆركردنی كەسایەتیە چالاكڤان و سیاسی و شۆڕشگێڕەكانی بەشەكانی تری كوردستان. ئەگەریش هەر دەیانەوێت لەژێر ناوی خەمخۆری بۆ دۆزی گەلەكەمان لەباكوری كوردستاندا قسەیان هەبێت با لەسەر ئەم خاڵانەش نوزەنوزێك بكەن
ساڵی ٢٠١٣ كاتی هەڵبژاردنەكانی توركیا و باكوری كوردستان مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی باشوری كوردستان، لەسەرداوای ئەردۆغان و بەفەرمی چووە توركیا و هاوشانی ئەردۆغان دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی كرد بۆ سەركەوتنی ئەردۆغان.
نەوت و گازی هەرێمی باشوری كوردستان بەدەر لەهەموو پێوانەكانی نرخە جیهانیەكانی سووتەمەنی "نەوت و گاز" و هەرزانفرۆشكردن و تاڵانكردن و رژاندنە گیرفانی ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی دەوڵەت باخچەلی و بێ سەرۆبەر هاوردەكردنی هەموو چەشنە كەل و پەلێكی رزیوو و ماوە بەسەرچووی توركی بۆ هەرێمی باشوری كوردستان و رێگری لەهەڵاوسان و قەیرانی گەورەی ئابوری توركیا و دەوڵەتەكەی ئەردۆغان و لەسەر پێ هێشتنەوەی ئەردۆغان لەسەر كۆرسی دەسەڵاتداریەتی.
چاوساخی بۆ ئەرتەش و هێزە ئەمنیەكانی دەوڵەتی تورك بۆ ئەوەی گەریلاكانی ئازادی كوردستان بكەنە ئامانج. كردنەوەی رێڕەوی هاتووچوو بۆ هاتنە پێشەوە و دانانی بنكە و بارەگای ئیستخباراتی ئەرتەشی تورك و شەڕ لەبەرامبەر بە گەریلا و رادەستكردنی خاك و دەوڵەمەندی هەرێمی باشوری كوردستان بەدەوڵەتی تورك...
رێگرتن لەخەڵكی كەمپی پەنابەرانی مەخمور بۆ چوونە ناو شاری هەولێر و دانانی گەماڕۆ لەسەریان بۆ ماوەی چوار ساڵ، پسوونانەوە و بەربەست لەبەردەم مانۆڕ و هاتووچووی گەریلاكانی ئازادی و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە كۆمەڵكۆژكردنیان و رادەستنەكردنی تەرمی پیرۆزیان بەبنەماڵەكانیان. 
با نووسەر و قەڵەم بەدەستەكانی پاراستن و دەزگا سیخۆڕییەكانی پارتی و ئەوانەشی لەم رێبازە و لەو پەنجەرەوەی خوێندنەوە بۆ رووداو و پێشهات و رەوشی گەلەكەمان و سیاسەت لەباكوری كوردستاندا دەكەن، تۆزقاڵێك ئەم راستیانەش ببینن و بەگوێرەی ئەوە ئاوەز لێبدەن.
نوزە نوزی بەناو كۆردایەتی كلاسیك، هەمان نوزە نوزی توركی كلاسیك و عەرەبی كلاسیك و فارسی كلاسیكە، كە زۆر دەمێكە كۆتاییان پێهاتووە، بەڵام بەداخەوە هەندێك دەیانەوێت بەو ئاوەزە یاری بەسۆز و هەستی گەلەكەمان بكەن. كاتی خۆی لەساڵی ٢٠١٢ كاتێك پارتی دیموكراتی هەدەپە دامەزرا و خۆی وەكو پارتیەكی سەرتاسەریی توركیایی راگەیاند، یەكەم هێرشەكان لەباشوری كوردستان و لەلایەن ئەو دەنگە نوزە نوزە بەناو كوردە كلاسیكانەوە دەستی پێكرد كە گوایا ئێدی بزوتنەوەی سیاسی كوردی لەباكوری كوردستان دەستی لەكوردبوون شووشتووە و پاشگرە كوردستانیەكەی لەخۆی داماڵیووە و ئێدی بانگەشەی كوردبوون ناكات. واتا هەر ئەو كات ئەو چەمكی كوردە كلاسیكە لەباشورەوە بوو رەنگێژی هێرشەكانی دەكرد بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك، كە چۆن هێرشی سەر هەدەپە بكات. بەتایبەتی قەڵەم چاشەكانی لای بارزانی و پەدەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا دەیانووت، بانگەشەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ گەلانی توركیا نابێت و بەهەموو شێوەیەك دژایەتی چەمكە بۆنیادیەكەی هەدەپەیان دەكرد. بەو شێوەیەش خۆیانیان دەنواند كە گوایا ئەوان لەخەمخۆرییان بۆ كوردان لەباكوری كوردستان ئەم دژایەتیانەیان دەكرد. كەچی هەمیشەش پشتیوانی لەسیاسەتە چەوتەكانی ئاكەپە ـ مەهەپەیان كردووە. 
ئەم قەڵەم پیس و جاش قەڵەمانەی بەدەوری چەمكی نەتەوەپەرەستی كوردی كلاسیكدا خۆیانیان حەشارداوە، لە شوێنێكەوە ئاراستە دەكرێن و وا خۆیان دەردەخەن، كە دۆستی كوردایەتین لەباكوری كوردستان، بەڵام نازانن ئەو شوێنەی ئەوان كاری بۆ دەكەن، ناوەندێكی میت ـ پاراستنە. ئەگەریش نازانن ئەو شوێنە كوێیە، با پێیان بڵێین، ئەو شوێنە ناوەندەكانی دامەزراوە سیخۆریەكانی دەوڵەتی شاراوەی تورك و هاوپەیمانیەكەی ئاكەپە ـ مەهەپەیە لەهەرێمی باشوری كوردستان كە رەنگرێژیان دەكات و دەیەوێت وەكو ژەهرێك ئەو بیروبووچوونانە بدەنە خواردن بە گەلەكەمان لەباشوری كوردستان.

دەسكەوتەكانی كورد لەباكور هی كێن؟

لەحەفتاكانی سەدەی بیستدا كاتێك پەكەكە خۆی بۆنیاد نا، هەر كەس دەزانێت شتێك بەناوی كورد و كوردستان لەباكوری كوردستاندا نەمابوو. ئەوەشی ئەو راستیە نەزانێت ئەوا یا لەگوێ گادا خەوتووە، یا ئەوەتا دەیەوێت لەئاوی لێڵدا ماسی راو بكات. پێش هەر شتێك كوردێك لەكوردبوونی خۆی شەرمی دەكرد و ئەوەشی باسێكی كورد یا ناوێكی كوردی بهێنایە زمان، دەرئەنجامەكەی لەچاڵەزیندانەكانی توركیا دەئاخێندرا و لاشەكەشی تەنانەت نەدەدرایەوە بنەماڵەكەی. واتا بەواتایەك لەواتاكان، كورد مردبوو. یا با بڵێین، كوردیان هەموو زیندەبەچاڵ كردبوو. بەدەركەوتنی پەكەكە جارێكی تر رۆحێك بەبەر ئەو كەسایەتیە مردووەی كورددا كرایەوە و لەماوەی چل ساڵی تەمەنی پەكەكەدا بەهەزاران كوڕ و كچ و دایك و باوك و پیر و گەنج، ژن و پیاو لەم رێگەیە دا گیانیان بەختكردووە و بەخوێنیان گیانیان كردۆتە بەر هەستانەوە و ژیانەوەی ئەو كەسایەتیەی كە ئەمڕۆكە لەباكوری كوردستاندایە. ئەوەش واتا كورد، كورد واتا پەكەكە. تەنانەت كاتێك گەلەكەمان لەوێدا و لەهەموو چالاكی و بۆنە نەتەوەیی و دیموكراتیەكاندا یەكەمی درۆشمیان ئەوەیە كە دەڵێن: "پەكەكە گەلە و گەلیش لێرەیە"، واتا چی دەسكەوتێك لەباكوری كوردستان لەهەموو روویەكەوە خوڵقاوە، دەستكەوتی پەكەكەیە. ئەوەشی دژایەتیی پەكەكە بكات، دژایەتیی گەلەكەمان لەباكوری كوردستان و دۆزە رەواكەی دەكات. جا ئەو كەسە نەیاری حەقیقی بێت، یا نەیاری زمنی"شاراوە"كەچی شاراوەش نییە.
هاوسەرۆكی هەدەپە بەرێز میدحەت سینجار لەهەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەدەپە و ئەو بەرخۆدانە بێ وەچانەیدا وتەیەكی پڕ بەواتایەك كرد. وتی: "ناوێكی تری ژیان، بەرخۆدانە، ناوی بەرخۆدانیش هەدەپەیە، ئێمە تەمەنمان ٨ ساڵە، بەڵام بەرخۆدانێكی ١٠٠ ساڵە لە پشتمانە، هەدەپە ٨ ساڵ نییە، بەڵكو ٨ هەزار ساڵە".
ئێدی با هەندێ شەرم لە قەڵەمەكەیان بكەن، چاویان بكەنەوە. ئەگەر بەراستی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەزگا سیخۆری پاراستن ـ میت هاوكاری ئەردۆغان و مەهەپە نەكەن، ئەو دەسەڵاتە رزیووە زۆری نەماوە و گیانەڵایە و خەریكە كۆتا هەناسەكانیانیەتی. ئێدی گەلەكەمان لەو چەواشەكاریانە باش بەئاگا هاتووە. ئەوەتا خۆتان بینیتان دەوڵەتی تورك ناوی ئەو حیزب و پارتانەی كە پاشگر و پێشگری كوردستانیانیش هەبوو، مۆڵەتەكانیان نوێ نەكردەوە بۆیان. ئەمەش بەو واتایە دێ كە ئەو حیزب و پارتانەش كە وەكو بەناو پارتی و بارزانی بانگەشەیان بۆ دەكرد، قەدەغە دەكرێن. 
هەدەپە خاوەنی پلان و پرۆژەیەكە كە نەتەوە بوونی دیموكراتیك و پێكەوە ژیانی گەلانی كردۆتە رێ و رێبازی تێكۆشانی خۆی، ئەگەر كەسێك باوەڕیەكی لەدڵەوە بەو رێبازە نەبێت، ناتوانێـت لەچەمكی نەتەوەپەرەستی كلاسیك رزگاری بێ. ئەم رێبازەش. رێبازێكە پەنجا ساڵە تێكۆشانی لەپێناودا دەكرێت و بەخوێن ئاو دەدرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە