کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردنی سەرۆكەكان، لەنێوان تێدەپەڕێ و تێناپەڕێ

Monday, 28/03/2022, 0:54


پەرلەمانی عێراق لەنێوان هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لەدانیشتنی 26ی ئاداردا گرێیە كوێرەی چەقبەستوویی بۆنیادنانی حكومەت نوێ عێراقی"زۆرینەی نیشتیمانی بەئۆپۆزسیۆنێَكی نیشتیمانیەوە"، یا جارێكی تر دروستكردنەوەی حكومەتێكی تەوافۆقی لەسەر دەرئەنجام و بەركەوتەی هەڵبژاردنەكان پێكدێنێت، دەستەوەستان ماوەتە، ئاخۆ دەتوانێت لەم دانیشتنەدا ئاراستە سیاسی و یاسایی و دەستوریەكان بخاتە سەر رێڕەوێك كە لەبەرژەوەندی گەلانی عێراقی دا بێت، یا تەنیا دەیانەوێت شەڕی ملشكاندن و دەسەڵاتداریەتی زیاتر  تۆختر بكەنەوە.
ئەو سیناریۆیانەی لەئێستادا هەردوو بەرەكە كاری لەسەر دەكەن؛ تەخوینكردنی یەكتر و خۆڵ كردنەی چاوی شەقامی عێراقیە و هیچی تر، بەوەی كە ئەگەر بەگوێرەی داخوازیەكان و داواكاریەكانی ئەو بێت، ئەوا كێشەی شەقامی عێراقی چارەسەر دەبێت.
هەردوو لا لەبەر ئەوەی نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان  و دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران و تێپەڕاندن و تێنەپەڕاندنیان تەواو نەبووە، هەموو رێ و رێبازێك تاقی دەكەنەوە، هەندێكیان بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەگەر رۆژی بیست و شەشی ئادار هەڵبژاردنی هەردوو سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران تێپەڕ نەبێت، ئەوا بەناچاری دەبێت شەقامی عێراقی بەرەو هەڵبژاردنێكی نوێ بچێتەوە و پەرلەمانیش خۆی فەسق بكاتەوە. ئەمەش راستەراست بانگەشەیەكە بۆ ترساندنی دەنگدەرە سەربەخۆوەكان و ئەو كەسانەیە كە دوودڵن لەوەی كە گوایا بەشداری دانیشتنەكەی رۆژی 26ی ئادار بكەن، یا نا؟. بێگۆمان ئەم بانگەشەیەش بەدێوێكی تر، بەواتای ئەوەیە كە دەنگ و بەشداری لایەنە بەناو سەربەخۆوەكان و ئەو كەسانەی دوودڵن لەوەی كە بەشداربن و بەشدارنەبن، گرنگ و یەكلاكەرەوەیە.
هەرچی لایەنەكەی ترە، كە لەچوارچێوەی هەماهەنگی خۆی دەبینێتەوە، باس لەوە دەكەن كە بەوە رازی نابن كە جارێكی تر هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە و رایدەگەێنن كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك شتی وەها قەبوڵ ناكەن. كەچی هەر ئەوان بوون هەر لەسەرەتای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن رازی نەبوون و سكاڵایان لەدادگایی فیدراڵی عێراق كردەوە بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. واتا ئەم لایەنەش دەیەوێت ئەگەر هەر نەكرا حكومەتێكی تەوافۆقی هاوشێوەی خولەكانی تر پێكبهێندرێت، ئەوا پێویستە بۆشایی سیاسی و یاسایی دروست بكرێت. یا ئەوەتا لایەنەكەی بەرامبەر بەو سەركێشێیەی دەیكات ئەوەندە بەرامبەرەكەی ماندوو بكات كە دەست لەحكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی بەردەن، یا ئەوەتا بۆشاییە سیاسی و یاساییەكە ئەوەندە درێژ بكەنەوە تا هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.
لەبەرامبەر بەم هەوڵانەی لایەنەكان"پارتی و سەدر و سووننەكان"و"چوارچێوەی هەماهەنگی"، دەنگی كەسایەتی و لایەنە بەناو سەربەخۆوەكان بۆ یەكلایی كردنەوە هاوسەنگیەكان و هەمیش بۆ كردنەوەی ئەو گرێیە كوێرەییە پەرلەمان تێكەوتووە و تێپەڕاندن و تێنەپەڕاندنی سەرۆكەكانیش یەكلاكەرەوەیە. 
هەندێ سیناریۆیەی تریش باس لەوە دەكەن كە بۆ تێپەڕاندنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران ئەندام پەرلەمانتاران سەرپشك بكرێن، یان بایكۆتی دەنگدان بكەن. لەم حاڵەتەشدا، دەكرێت دانیشتنی پەرلەمانی پێكبێت و لەدەنگدانی دووهەمدا، سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیر هەڵبژێردرێن. ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران بەم میكانیزمەش پێكبێت، ئەوا جارێكی تر نە سەرۆككۆمار نوێنەرایەتی هەموو لایەنە سیاسیەكان و شەقامی عێراقی دەكات و نەش سەرۆكوەزیران. ئەم هەنگاوەش مەترسیدارە؛ چونكە راستەراست شەقامی عێراقی بەسەر دام و دەزگا ئیداری و حكومیەكانی دەوڵەتدا دابەشدەكات. واتا پارچەپارچە بوونی شەقامی عێراقی لێدەكەوێتەوە. پێكهێنانی حكومەتێكی بەمچەشنە هەر لەسەرەتاوە مەشروعیەتی كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە ناگرێت. كۆمەڵگە لەلایەك دەبێ و حكومەتیش لەلایەكی تر.
دەبێت شەقامی عێراقی چی بكات؟
گرنگە شەقامی عێراقی ئەوە باش بزانێت كە ململانێ دەسەڵاتداریەتی لەعێراقدا بووەتە چەقی هەموو پرس و ئاڵۆزیەكان و تا ئەم ململانێیەش بەردەوام بكات، ئەوا كەس نابێت چاوەڕوانی ئەوە بێت كە گۆڕانكاریەك لەحاڵ و وەزعی گەلی عێراقیدا روو بدات. ئەگەر گەل بەو دابەشكارییە رازی بێت، دەبێت خۆشی تەحەمۆلی ئەو ئێش و ئازارانەی تووشی دەبێت، بیكات، ئەگەر نا دەبێت لەشوێن بەدیلێكی نوێیەوە بن بۆ خۆرێوەبردنی كۆمەڵایەتی، خۆیان. واتا لەشوێنی ئەوەی چاویان لەتێپەڕاندن و تێنەپەڕاندنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران بن لەپەرلەمان و بەم رەوشەوە ئەوە دەبێت باجێكی گەورەتر بدەن. هاوشێوەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان دەبێت ئەو لایەنە سیاسیانە لەهەموو كایەكانی كۆمەڵگەدا پەرەی پێ بدرێت و رێگا نەدەن ئەو لایەنە سیاسیانە دەست بخەنە ناو كاروبارەكانی كۆمەڵگەوە. ئەگەر كۆمەڵگە و شەقامی عێراقی ئەو ئیرادەیەی لەخۆی نیشاندا، ئەوا بەو بەدیلە نوێیەوە بۆنیادی دەنن، هەم دەتوانن شەڕ و ململانێ دەسەڵاتداریەتی لەبەرێوەبردندا لەعێراق تێپەڕێنن و هەمیش دەتوانن پرسە هەڵبەستراوەكانیان چارەسەر بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە