روسیا بەلۆژیكی كۆماری مەهاباد نزیكی كورد دەبێتەوە؟!
Monday, 17/01/2022, 22:02
دەوڵەتی روسیا كە خۆی وەكو میراتگەری سیستەمی سۆسیالیستی ماركس و ئینگلیس و لنین و ... هتد دەبێت و زۆر جاریش خۆی وا نیشان دەدات كە گوایا ئەویش لایەنگەری ماف و ئازادی تاك و كۆمەڵگەیە و لەناویشیاندا نزیكبوونەوەیەكی تایبەتی لەكاتی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەمەهاباد و كۆماری ئەزەربایجان لەتەورێز لەگەڵ كوردەكاندا بۆنیاد ناوە و لەسەرەتاوە پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ كورد بەستووە و پاشانیش پاشەقوڵی لێداوە و گۆڕگان بەخۆری كردووە.
لەكاتی جاڕدانی كۆماری كوردستان لەمەهاباد، روسیا بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ شای ئێراندا كە مۆڕەیەكی سیستەمی كاپیتالیستی بوو؛ خۆی نزیكی كوردەكان و ئەزەریەكان كردەوە و هەركۆ دەرفەت رەخسا خۆی كردە پاڵپشتیكەر و یاریكەری گۆڕەپانەكە و وای نیشاندا كە پاڵپشتی لەداوا رەواكانی گەلی كورد و ئەزەریەكان دەكات؛ كەچی بەرێككەوتنی روسیا و شای ئێران، روسیا بەئاسانی پشتی كورد و ئەزەریەكانی بەردا و هەردوو كۆماری بەتەنیا هێشتەوە و شای ئێرانیش بەهەموو هێزیەوە پەلاماری كۆماری كورد و ئەزەریەكانی دا و هەڵیانیوەشاندەوە. ئەو نزیكبوونەوەی روسیا لەپرسی كورددا شتێكی نامۆ نییە؛ لەكاتی سەرهەڵدانی مەلامستەفای بارزانی و رژێمی بەعس لەعێراق بەهەمانشێوە خۆی نزیكی كوردەكان كردووە و پاشانیش دەستی لێیان بەردا. بەدەستپێكردنی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان و گەلانی سوریا؛ روسیا لەدەرۆبەری حەلەب و عەفرین خۆی نزیكی كوردەكان كرد و پاشان بەرێككەوتنی توركیا و سوریا و روسیا عەفرینیان رادەستی توركیا كرد.
تەنانەت لەهەرێمەكانی شەهبا و مەنبج و تلڕفعتیش نزیكبوونەوەیەكی تایبەتی روسەكان لەپێشچاوە. روسیا داواكارە لەكوردەكان بەتایبەتی خۆرێوەبەری رۆژئاوای كوردستان ناوچەكانیان تەسلیمی رژێمی سوریا بكەنەوە، وەگەرنا، ئێمە ناتوانین پێش بەدەوڵەتی توركیا بگرین و دەوڵەتی توركیا باكوری سوریا و رۆژئاوای كوردستان داگیردەكات، واتا روسیا بۆ ئەوەی رژێمە دیكتاتۆرەكەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە شانتاژ لەئێدارەی خۆرێوەبەری رۆژئاوای كوردستان دەكات؛ نزیكبوونەوەی دەوڵەتی تورك و ئەسەد و بەعس و مەلاكانی ئێران بۆ پرسی كورد چۆنە نزیكبوونەوەی روسیاش لەپرسی كورد بەهەمانشێوەیە. كاتێك ئەم راستیە باس دەكەم، مەبەستم ئەوە نییە كە ئەمریكا نزیكبوونەوەیەكی باشتری لەروسیا بۆ پرسی كورد هەیە، نەخێر؛ بێگۆمان ئەمریكاش تەنیا لەبەربەرژەوەندیەكانی خۆی لەگەڵ كورد هەڵسوكەوت دەكات و بەدەر لەوەش ئەمریكاش لەدێرزەمانەوە مێژوویەكی تاڵی لەگەڵ گەلەكەماندا هەیە؛ لەمەرحووم مەلامستەفاوە بگرە بگرە هەتا رێگەدا بەتوركەكان بۆ داگیركردنی كۆبانێ و باشوری كوردستان و گەلەكەمان لەباكوری كوردستان.
لەم دوو رۆژەی رابردووشدا؛ وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەكاناڵی رووداودا، هەڤپەیڤینیكی بڵاوكرایەوە كە گوایا وەڵامی چەند پرسیارێكی پێشكەشوانەكەی تەلەفزیۆنەكە دەكات؛ لاڤرۆڤ دەڵێت؛ لەسوریا بەشێك لەكوردەكان لەتوركیاوە نزیكن و بەشێكیشیان لەئەمریكاوە، ئەمەش وەكو رەخنەیەك دەگرێتە دەست و ئاماژەیەكە كە گوایا ئەو و دەوڵەتەكەی ئەو لەشوێنی بەرژەوەندی گەلی كوردەوەن لەسوریا و لەلایەكی تریشەوە ئیدعای ئەوە دەكات كە رژێمی سوریاش بەباشی نزیكی پرسی كورد لەسوریا دەبێتەوە؛ بەڵام شتێك كە كاكی وەزیری دەرەوەی روسیا بێ وەڵام هێشتیوویەتیەوە، یان پێشكەشوانەكەی رووداوە دەتوانی پرسیاری لێبكات؛ ئەوەیە ئاخۆ ئەو نزیكبوونەوە باشەی رژێمەكەی ئەسەد بۆ پرسی كورد لەگەڵ كام لایەنی كوردییە. لەبەر ئەوەی كە وەكو سێرگی لاڤرۆڤ دەڵێت؛ لەگەڵ لایەنی توركی و ئەمریكیەكەدا نابێت؛ بەڵێ بەبێگۆمان هاوشێوەی مەلاكانی ئێران و ئەردۆغان و رژێمەكەی بەعس؛ رژێمەكەی بەشار ئەسەدیش هەژمارێك كوردی لەدەوری خۆی كۆكردوەتەوە كە بەباشیان دەزانێت؛ واتا هەندێ خۆفرۆش كە نوێنەرایەتی رژێمی بەشار ئەسەدن نەك؛ كورد. بۆیەش لەئێستاشدا مرۆڤ دەتوانێت بەئاشكرا ئەو نزیكبوونەوەی روسیا لەپرسی گەلەكەمان هاوشێوەی نزیكبوونەوەكەیان لەكۆماری كوردستان لەمەهاباد بگرێتە دەست؛ واتا روسیا زۆر زۆر پراگماتیست و لەخۆباییە و بەبێ هیچ گۆمانێكیش پەیوەندیەكی بەسۆسیالیزم و مافی تاك و كۆمەڵگەوە نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست