كارتی داعش و فریۆدانی خه‌ڵك!
Tuesday, 14/12/2021, 18:02
له‌پارێزگایه‌كی گه‌وره و زه‌به‌لاحی وه‌كو سلێمانی و به‌درێژایی چیاكانی كوردستان به‌ئاسانی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه تیرۆر ده‌كرێن، به‌فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان ده‌كرێنه ئامانج، هه‌ڵده‌كه‌وتنه سه‌ر دام و ده‌زگا مه‌ده‌نی و رێكخراوه دیموكراتیه‌كان، كه‌چی بۆ گرتنی به‌سه‌دان چه‌ته‌ی داعش كه گوایا له‌چیای قه‌ره‌چۆخ خۆیانیان حه‌شارداوه و ئه‌و چیایه‌یان كردووه‌ته جێگه‌ی حه‌وانه‌وه و په‌روه‌رده و خۆرێكخستنه‌وه مێش مێوانیان نابێت و كه‌سیش نایانبینێت، ئاخۆ كێ له‌خۆیان به‌نه‌زانتر و گێلحه‌ۆتر ده‌زانن كه باوه‌ڕ به‌قسه‌كانیان بێكات. بۆچی تا ئێستا كێوماڵی ئه‌و ناوچانه ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر خۆیان به‌خێویان ناكه‌ن. پارتی و حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی وه‌كو دوو رووی دراوێك خه‌رێكی داڕشتنی سیناریۆی ده‌رهێنانی فلێمن؛ فلیمی داعش. ئاخۆ ئه‌مه چه‌ندی به‌چه‌نده.
نزیكه‌ی دوو ساڵه جاڕی نه‌مانی داعش لێده‌ده‌ن و هه‌ركه‌سه‌ش له‌لای خۆیه‌وه مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گروپه چه‌ته‌یه‌ش ده‌خاته روو و زه‌مینه و مه‌مینه‌كانی نه‌ش و نه‌ماكردنیشی شیته‌ڵ شیته‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه و به‌ساز و زۆڕناوه دهۆڵ ده‌كه‌وتن كه داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، واتا داعش بووه‌ته كارتێك له‌ده‌ستی هه‌موو لایه‌نه‌كاندا بۆ هێرشكردنه سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، كێ هاوشان و هاوئاوه‌زی من نه‌جۆڵایه‌وه، ئه‌وا داعش به‌رده‌ده‌مه گیانی با لاشه‌كه‌ی هه‌ڵنج هه‌ڵنج بكاته‌وه و شێف و وه‌ردی بداته‌وه.
له‌گه‌رمه‌ی دانوستاندنه‌كان بۆ رێكه‌وتن و هاوپه‌یمانی و سازانی لایه‌نه‌كان، هێرشه‌كانیش بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه و سۆپای عێراق روویان له‌زیادبوون كرد و هه‌ر كه‌سه‌ش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه شه‌ن و كه‌وی هێرشه‌كان ده‌كات كه گوایا ئه‌مریكا ده‌كێشێته‌وه له‌عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و حه‌شدی وه‌ته‌نی و حه‌شدی تۆركمانی و ... هتد؛ له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی و مه‌زهه‌بی و دینی دامه‌زراون مه‌ترسیه‌كی ترن بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق و سیاده و سه‌وه‌ری وڵات. بیانۆش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هێزانه له‌ژێر هه‌یمه‌نی راسته‌وخۆی به‌رپرسی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان كه سه‌رۆكوه‌زیرانه هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن و زۆر جار به‌ده‌ر له فه‌رمانه‌كان جموجۆڵ ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش مایه‌ی قه‌بوڵكردن نییه. واتا ده‌یانه‌وێت هه‌موو كێشه و گرفت و گه‌نده‌ڵیه سیاسی و ئابوری و ئیداریه‌كان به هه‌بوونی هێزه چه‌ك به‌ده‌سته‌كان گرێ بده‌ن و خۆیان له‌به‌رپرسیاریه‌تی راسته‌قینه كه گه‌نده‌ڵییه له‌هه‌موو جۆمگه‌كانی به‌رێوه‌بردندا بدزنه‌وه.
كازمی به‌جموجۆڵه‌كانی وا نیشانده‌دات كه گوایا ده‌یه‌وێت ئه‌م خۆله‌ی په‌رله‌مانیه‌ش له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه و ئه‌سپه شییه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه تاو ده‌دات تا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی بارزانی بگاته رێككه‌وتنێك بۆ قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بۆ قه‌بوڵكردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سازدانی حكومه‌تی نوێ.
جا ئه‌وه چی گۆڕاوه له‌م كاته‌دا به‌په‌له‌پۆزقه كه‌وتوونه‌ته خۆ و په‌لاماری گۆایه داعش ده‌ده‌ن، خۆ داعش ته‌واو ببوو، ده‌ی بۆچی تا ئێستا هه‌وڵیان نه‌دا ئه‌و زه‌مینه‌یه نه‌هێڵین كه داعشی لێ سه‌وز نه‌بێته‌وه، ئاخۆ تووی چاندنی داعش ئێدی خۆماڵی كراوه و كه‌وتووه‌ته ده‌ست هێز و لایه‌نه سیاسییه عێراقیه‌كان بۆ خۆیان یان به‌راستی داعش وجوودێكی خارجی هه‌یه و ته‌نیا له‌ده‌ره‌وه ئاراسته ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر وا بێت ئه‌وا مرۆڤ ده‌توانێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ رووداو و پێشهاته‌كانی ناوخۆی عێراق بكات، به‌ڵام وه‌كو هه‌م له‌په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و پێشمه‌رگه و سۆپا و هه‌میش هێرشه‌كانی پێشمه‌رگه و سۆپا له‌كاردانه‌وه‌ی هێرشه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه نیشانی ده‌دات له‌م ماسته‌دا مۆیه‌ك هه‌یه؛ واتا ناراستیه‌ك بوونی هه‌یه كه زۆرتر له‌سیناریۆ ده‌چێت؛ سیناریۆی داتاشراوی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش وه‌كو كارتێك لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌به‌رامبه‌ری یه‌كتر و له‌به‌رامبه‌ری ده‌نگی ناڕازیی گه‌ل به‌كاری ده‌هێنن.
نزیكه‌ی دوو مانگه هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عێراق ئه‌نجامدراوه كه چی ده‌رئه‌نجامه‌كانی نه‌دیاره و نه‌ش هیوا به‌خشه؛ هه‌ندێك پێ شاگه‌شه بوونه و هه‌ندێكیش زه‌ویر بوون. مه‌حكه‌مه‌ی فیدراڵی تا ئێستا به‌فه‌رمی نه‌تیجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رانه‌گه‌یاندووه؛ كه‌چی ململانێیه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه و سازانی نیشتیمانی گشتی پێ ناوه‌ته قۆناخێكی جددییه‌وه له‌وه‌ی كه خه‌ریكه ملی یه‌كتری ده‌شكێنن و ده‌یانه‌وێت كاره‌سات له‌عێراقدا به‌كارتی داعش بخۆلقێنن. سه‌در و بارزانی و حه‌لبووسی ده‌یانه‌وێت به‌ئیتیلافێكی زۆرینه حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی به‌قه‌وڵی خۆیان زۆرینه‌ی نیشتیمانی پێكبهێنن؛ لایه‌نه‌كانی تریش كه به‌چوارلایه‌نه‌كه ئه‌ژمار ده‌كرێن ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ كاك خه‌میس خه‌نجه‌ر و هه‌ندێ كه‌سایه‌تی و لایه‌نی تر هاوپه‌یمانی"عزم"یان پێكهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه ئه‌وان دروستی بكه‌ن و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بخه‌نه ده‌ست خۆیان.
كه‌س خۆی وه‌كو دۆڕاوی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عێراق نابینێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه كه‌س كه‌سی له‌خۆ پێ باشتر نه‌بێت. كه‌س نایه‌وێت وه‌كو به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌ره‌وه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت بمینێته‌وه. ئه‌م شله‌حه‌یحه‌یه‌ی پێشوو؛ یا به‌قه‌وڵێكی تر ئه‌و نه‌زمه‌ی خۆله‌كانی تری په‌رله‌مانی كه له 2005ه‌وه پێكدێت له‌عێراق تا ئێستا شتێكی بۆ عێراق نه‌كردووه؛ بۆیه‌ش لایه‌نه براوه‌كان به‌قه‌وڵی خۆیان ناتوانێت ئێدی شتێك له‌واقعی عێراق و عێراقیه‌كان بگۆڕدرێت، بۆیه‌ش نایانه‌وێت ئێدی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی رابردوو تاقی بكه‌نه‌وه؛ باشتر وایه میكانیزمه‌یه‌كی تر بۆ به‌رێوه‌بردن هه‌ڵبژێرن.
راسته ئه‌زموونه‌كانی رابردووی حكومه‌تداری و به‌رێوه‌بردن له‌عێراقدا هه‌مووی به‌شكست و بنكه‌وتن به‌كۆتا هاتوون، یا خۆد به‌رهه‌مێكی باشی بۆ عێراقیه‌كان نه‌بوو؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ش راستیه‌كه كه پێكهێنانی حكومه‌تێكی زۆرینه ره‌نگه وا بكات كه هه‌ندێ هێز و لایه‌ن كه له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رێوه‌بردن ده‌مێننه‌وه به‌ئاسانی كۆڵناده‌ن؛ چونكه ئه‌و هێزانه‌ش خاوه‌ن پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و سیاسی ناوخۆی و ده‌ره‌وه‌ن و له‌هه‌مانكاتیشدا خاوه‌ن هێزی چه‌كداریشن.
به‌نیسبه‌ت كورده‌وه و به‌شداری كردنی له‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ عێراقیدا؛ كورد ناتوانێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك و به‌ئاسانی به‌شداری له‌یه‌كێك له‌لایه‌نه‌كان له‌دژی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌دا بكات؛ چوونكه باجێكی قۆرسی ده‌وێت و ئه‌مه‌ش له‌توانا و تاقه‌تی كورددا نییه. نه ئه‌مریكا و ئیسرائیل و نه‌ش سه‌در و حه‌لبووسی رازی ده‌بن كورد له‌به‌ره‌كه‌ی ئێران‌دا جێ بگرێت و نه‌ش ئێران و توركیا رازی ده‌بن كه كورد له‌به‌ره‌كه‌ی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و سه‌ده‌ر دا جێگه بگرن. بۆیه‌ش له‌م كاته‌دا ده‌بێت كورد ته‌نیا ناوماڵی خۆی رێكبخات و هه‌وڵدانه‌كانیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت، خۆی سه‌رقاڵی دابه‌شكاری پۆله و پۆستیش نه‌كات؛ پرۆژه‌ی نیشتیمانی هه‌بێت.
له‌لایه‌كی تر بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی به‌كارهێنانی كارتی داعش‌یش له‌دژی گه‌له‌كه‌مان به‌تایبه‌تی له‌ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانیشدا پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی پاراستنی له‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و گه‌ریلا گۆنجاوترین هه‌نگاوه كه بنێردرێت؛ و ده‌بێت به‌په‌له‌ش به‌ده‌نگ ئه‌و بانگه‌وازیه‌ی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌له‌وه بچن؛ ده‌بێت كورد خۆی به‌وه نه‌خه‌ڵه‌تێنێت كه به‌چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه و سۆپای عێراق ده‌توانن پێش به‌به‌كارهێنانی داعش بگرن. هه‌ر دوێنی بوو كه سۆپای عێراق خۆی راودۆی پێشمه‌رگه‌ی نا و تا هه‌ولێر راویانیانی نا. بۆیه‌ش گرنگه كورد له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا سه‌رقاڵی داڕشتنی پرۆژه‌ی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ناوخۆی باشوری كوردستان و له‌ئاستی كوردستان به‌گشتی بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست