بۆچى كارمەندانى تەندروستى لە دەسەڵات بێزارن ؟؟؟؟

Wednesday, 22/12/2010, 12:00


گروپێك لە كارمەندان ئەگەر سەرنج بدەین لەو ساتەوەى كە دەسەلاتى كوردى بووە بە خاوەنى حكومەت و خۆى لە ئاستى نێو دەوڵەتى دا بینیوەتەوە ، لەو كاتەوەى وەزارەتەكان و بەرێوەبەرایەتییەكان بوونەتە مۆڵگەى كادرە حیزبییەكان نەك ئەوانەش كە بە راستى و دروستى واتا و چەمكى رێكخستنیان هەڵگرتووە بەڵكو ئەوانەى كە بەهۆى علاقاتى شەخێى و بەهۆى تموحى پلەو پایە بوونەتە مۆتەكەى رێكخستنەكانیش .....

لەو كاتەوە هەموو دائرەكانى دەولەتۆكەى كوردى و بەتایبەتیش ناوەندى تەندروستى روویەكى رەشى نیشانى كادرە ئەساسیەكانى خۆى داوە كە كارمەندانى تەندروستین .

لەو رۆژەوەى ئەم نەزانانە بوونەتە ئاغاى میللەتى كورد و تەنها لەبەر بەرژەوەندى خۆیان هەموو بریارێكى نادروستیان داوە نەك بریارێك لە بەرژەوەندى كەرتى تەندروستى و میللەتەكە ئیتر رۆژ بە رۆژ ناوەندەكەیان لە كادرە دلسۆزو سەرەكییەكانى خۆیان بەرەو پووكانەوە برد و تا بەو شێوەیە بێت و تا زیاترى پێ بچێت زیاتر بەرەو كەمبوونەوە دەچن .

ئەو دەسەڵاتەى كە بریارەكان تەنها لە چینى دكتۆرەوە قبوول دەكات و هەموو خزمەتێكیان تەنها بەو چینەیەو هەموو پلەو پایەیەك تەنها بەو چینە بە رەوا دەبینن ئەبێ چاوەروانى پاداشت و پشتگیریش هەر لەو چینە بكەن و شەرمەزارییە لە كاتە ناسكەكانى حالیاندا پەنایان بۆ بەرن و داواى سەركەوتنى لیستەكەیان بكەن لێ یان .

كارمەندانى تەندروستى لەو ناوەندەدا تەنها ساتێك نەبووە خێر لە خۆیان ببینن و لە ناوەندەكەدا وەكو مرۆڤ رەفتاریان بەرامبەر كرابێت .

كارمەندان بە درێژایى تەمەنى حكومەتى هەرێم چەند داواكارییەكیان لە حكومەتەكەیان هەبووە و حكومەتیش وەكو ووتمان لەبەر ئەوەى بە رەوایان نەزانیوە قسە لە كارمەندان وەر بگرن بەڵكو راوێژى داواكاریەكانیان بە دكتۆرەكان كراوە و بێگومان هەرگیز دكتۆریش هیچ شتێك بە كارمەندان رەوا نابینێت بۆیە داواكاریەكانیان هەمیشە پشتگوێ خراوە . لەو داواكاریە سەرەكیانەى كە هەیانبووە :

1- بوونى بەرێوەبەرایەتییەك لە ناو وەزارەتى تەندروستى كە لە كارمەندان بێت بۆ داكۆكى كردن لە مافى كارمەندان .

2- دانانى كارمەندێكى تەندروستى بە جێگرى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى بۆ ئەوەى لە كاتى پێویستدا كارمەندان تەنها كەسێك هەبێت لە ناو فەرمانگەدا كە پەناى بۆ بەرن.

بە چ یاسایەك لە ناو فەرمانگەى تەندروستى 15 جیگر هەبێت هەموویان دكتۆر بن تەنها یەك دانەیان بە كارمەندان بە رەوا نەبینن .

3- كارمەندان زۆر هاواریان كرد با بۆ پەرلەمانى عیراق كارمەندێكى تەندروستى كاندید بكرێت و نوێنەرێكیان هەبێت حیزب ئەوەشى بە رەوا نەزانى .

4- داواى زۆر كرا كە لە (ئەنجومەنى شارەوانى) كارمەندێك دابنرێت نوێنەرایەتى چینەكەیان بكات ئەویش پەسەند نەكرا .

5- زۆر دەمێكە هاوار دەكرێت با لەو لیژنەى لێكۆلینەوانەى كە لە فەرمانگەى تەندروستى دروست دەكرێن نوێنەرى كارمەندان بە رەسمى هەبێت بەلام لە زۆربەى لیژنەكاندا دواى تەواو بوون و بریارى كۆتایى كارمەندان ئەنجامەكەى دەبیننەوە یان ئەگەر لەسەر كەموو كورى دكتۆر بێت هەر ئەیشارنەوە و خۆ ئەگەر لەسەر كارمەند بێت كێچێكى لێ دەكەن بە گایەك .

بەرێزان كارمەندانى تەندروستى ناحەقیان نییە ئەگەر لە دەسەلاتەكەى خۆیان بتۆرێن و زویر بن چونكە هەموو ئەو چەوساندنانەوەى رووویان تێ دەكات لە سایەى ئەو دەسەلاتەدایە خۆ وەزیر و بەرێوەبەرى گشتى و بەرێوەبەرەكانیش هەموو یان پیاوى حیزبن ئەگەر مەبەستیان بێت ئەتوانن باش پەروەردەیان بكەن .

ئەگەر بروانین لە ناو ناوەندى تەندروستى دا دكتۆر بە هەموو مانایەك دەسەلات لە پشتیەتى بۆ نموونە :

- بە هیچ بریارێك و لەسەر هیچ كارێكى ناشایستەش دكتۆر راپێچى زیندان و لێپێچینەوە ناكرێت و بە باش و خراپ هەر دەستخۆشى لێ دەكرێت . بەلام كارمەندان لەسەر سادەترین كار كەپیویست بە یاساش نەكات لە زیادە و وەكو بڵێن (هەر بۆ خۆشى) راپێچى یاساو لیكۆلینەوە دەكرێت .

دكتۆر بە ئارەزووى خۆى دەوام دەكات و لە حەفتەیەكدا چەند رۆژ بیەوێت و لەو رۆژانەشدا چەند سەعات تاقەتى هەبێت و لەو چەند سەعاتەشدا چەند مەزاجى هەبێت دەوام دەكات بێ ئەوەى كەس بچوكترین اجرائاتیان لەگەل بكات ، بەلام كارمەندان كاریان هەبێت یان نا پێویستە لە حەفتەیەكدا 6 رۆژ دەوام بكەن و هەر ناو بە ناو كتابێكیش دەر دەچێت (ئۆف) قەدەغەیەو پێویستیشە لە سەعات 8-1 بەر دەوام لە دەوام بن و لەسەر نیو سەعات محاسبە دەكرێن .

هەموو نەخۆشخانەكان كە مو لكى دەولەتن و هەموو كارمەندانیش بە گشتى لە خزمەتى بەرژەوەندىیە تایبەتییەكانى دكتۆر و عیادەكانیاندایە و بە هەموو شێوەیەك ناوەندى تەندروستى دادەدۆشن و لە عیادە بە پارە نەخۆش دەبینن بەلام بۆ بەرژەوەندى خۆیان (فحێ و اشعە و علاج و ....) لە نەخۆشخانە دەكەن بۆیان بەمەش وەكو مریشكى دراوسێیان لێ هاتووە (تەنها ریقنەكەیان بۆ حكومەت و نەخۆشخانەكانە) بە شێوەیەكى گشتى كارمەندانیش بوونەتە خزمەتكارى عیادەكانیان و لە خزمەتى گشتى هاولاتیان دوور كەوتوونەتەوە چونكە خۆ دكتۆرەكان ئەوەندە بە ویژدان نین لە رێگەى نەخۆشخانەو بێ عیادە اهتمام بدەن بە نەخۆش .

بەرێوەبەرى گشتى و بەرێوەبەرى نەخۆشخانەكانیش چونكە دكتۆرن و چاویان بە كارمەندان هەڵ نایەت هەموو كارێكى باش دەگێرنەوە بۆ دكتۆرەكان و پاداشتیان دەكەن و هەموو كارە نەشیاوەكانیش دەدەن بەسەر كارمەنداندا و بەبێ هیچ زانیارییەك و هیچ عەدالەتێك سزاى كارمەندى پێ دەدەن و باجى هەلەو كەموو كوورى دكتۆرەكانیش بە كارمەندان دەدەنەوە .

ئەو جیاوازىیە زەق و نەشیاوەى بەرێوەبەرى گشتى دەیكات لە نێوان كارمەند و دكتۆر و ئەو هەموو ناعەدالەتییەى لە ئەداى رۆژانەى دەبینرێت جێگەى چاوپۆشى نییە لەلایەن كارمەندانەوە و هەموو ئەمانەش تاوانبارى سەرەكى حیزبى دەسەلاتە چونكە رۆژانە ئەم گلەیى و گازندانە دەگاتەوە پێ یان بەلام لەبەر بە كەم زانینى كارمەندان هەموو ئەمانە پشت گوێ خراون و بایەخیان پێ نەداوە بەلام لەكاتێكى وەكو ئەمرۆدا كە هەڵبژاردنى سەندیكاى كارمەندان لە ئارادایە فرمێسكى تیمساحییان بۆ دەرێژن و گرنگى یان پێ دەدەن وەكو كارمەندان لەمەو پێش نەیانناسیبن بۆیە هەموو هەولەكانیان بە فیرۆ دەروات و تازە جارێكى تر كارمەندان بە فیكەى ئەوانە هەڵناپەرن كە هەتا دوێنێ لە ریزى مرۆڤدا ئەژماریان نەكردبوون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە