شیوه‌ن بۆ باخێکی بێ باخه‌وان
Thursday, 19/11/2009, 12:00
له یادی شه‌هیدی نه‌مر ئیحسان فه‌تحیان و هه‌موو شه‌هیدانی تری رێگه‌ی ئازادی ئه‌ڵێن سروشتی پاییز وایه گه‌ڵا ده‌وه‌رن،دار و ده‌وه‌ن سیس و ره‌نگ زه‌رد ده‌بن و پاشان له زستانا کفنی سپی مه‌رگ ده‌پۆشن.که به‌هاریش گه‌ڕایه‌وه هه‌موو به‌رگی سه‌وزی شادی له‌به‌ر ده‌که‌ن و بولبل و باڵنده‌کان به چریکه و نه‌وای خۆش به‌زمی کامه‌رانی ده‌گێڕن.بینه‌رانی ئه‌م تابڵۆ سروشتیه جوانه‌ش به بینینی ئه‌م دیمه‌نانه تێده‌گه‌ن که هه‌ر ده‌سپێکێک کۆتایه‌کی به‌دواوه‌یه و هه‌ر ئاوه‌دانیه‌ک وێرانی یه‌ک.به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ی منی لێ بوومه،ساڵ دوازده مانگی هه‌ر پاییز و زستانه.له مێژ ساڵه سه‌یری دیمه‌نی ئه‌م تابڵۆیه ده‌که‌م و ناگۆڕێ.له‌مێژساڵه چاوه‌ڕوانی کۆتایی ئه‌م ده‌سپێکه‌م و نایه.ئه‌م زستانه‌ی له وڵاتی من ده‌ستی پێ کردوه به هیج جۆریک نابڕێته‌وه.به‌فری سه‌ر چیاکانی وڵاتی من ناتوێنه‌وه و لوتکه‌کان هه‌میشه سه‌ریان به‌ته‌مه. به‌هار له وڵاتی من زیز بوه و ناگه‌ڕێته‌وه.بولبولانی ئه‌م وڵاته ده‌نگیان نوساوه و چرکه‌یان لێوه نایه.له‌وه‌تی بیرم دێ گه‌ڵاکان ده‌وه‌رن،له جیاتی ده‌نگی بولبول ده‌نگی ورد بوونی گه‌ڵا ویشکه‌کانی سه‌ر ئه‌رد که به‌ر پێی ڕێبواران دا ورد ده‌بن ده‌گاته گوێ.له‌وه‌تی هه‌م دار و دره‌ختی ئه‌م وڵاته سیس و ره‌نگ زه‌رد ده‌بینم.له‌وه‌تی هه‌م له‌م که‌ونه‌لانه گه‌ڵاڕێزانه.ته‌می و مژی مه‌رگ ئاسمانی وڵاتی منی داگرتوه و جاڵجاڵۆکه‌ی خه‌م خاکی ئه‌م نیشتمانه‌می ته‌نیوه.کۆمه‌ڵێک هه‌وری ڕه‌شی چڵکنیش پێش هه‌تاویان گرتوه و ناهێڵن ده‌رکه‌وێ.له‌وه‌تی هه‌م تامه‌زرۆی بینینی به‌هارم.تامه‌زرۆم تاقه جارێ گوڵێک بپشکوێ،به‌ڵام مه‌خابن که وڵاتی من ئه‌مڕۆ جێگه‌ی دڕک و داڵه.زه‌ویه‌کان له دڕوو زیاتر هیچیان لێ شین نابێ. کاتێ له‌م خاکه‌وه گوڵێک سه‌ر بێنێته ده‌ر،ره‌شه‌بایه‌کی توند هه‌ڵی ده‌کات و هه‌ڵی ده‌قه‌نێ.چه‌ندین ساڵه ره‌شه‌با خه‌ریکه ئه‌م گوڵانه له بنچه‌وه ده‌ربێنێ به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تیان نایه.له‌م نیشتمانه‌ی مندا ،نه ره‌شه‌با چاوی دیتنی گوڵی له‌م خاکه دا هه‌یه و نه هه‌وره چڵکنه ره‌شه‌کان به سه‌ر گوڵی ئه‌م خاکه دا ده‌بارن.ته‌نانه‌ت باخه‌وانه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ش به گوڵه‌کان را ناگه‌ن و فریایان ناکه‌وون. ده‌یـان ساڵه به‌م جۆره گوڵه‌کان بێ باخه‌وان سه‌ر ده‌ردێنن و که کاتی پشکوتنیان هات ره‌شه‌بایه‌کی توند هه‌ڵی ده‌کات وهه‌ڵیان ده‌که‌نێ.به‌ڵام ئه‌م گوڵانه هیچ کات کوڵ ناده‌ن و به‌رده‌وام خه‌ریکن له گه‌ڵ ره‌شه‌با ده‌جه‌نگن.گوڵه‌کانی ئه‌م باخه‌ی وڵاتم ده‌رسی خۆڕاگری له داره‌به‌ڕوو فێر بوونه به‌ڵام باخه‌وانه‌کانی ئه‌م وڵاته ئه‌وه‌ی له خه‌می دا نه‌بن گوڵه‌کانی ناو ئه‌م باخه‌ن.یا له ژێر سێبه‌ری دارێک له‌م باخه دا له خرپه‌ی خه‌و دان و ته‌نانه‌ت گرمه و هۆڕی هه‌وره ره‌شه‌کان و تریشکه‌یان له کاتی با و باران دا خه‌به‌ریان ناکاته‌وه یا خه‌ریکن له قوژبنێکه‌وه مه‌ست و سه‌رخۆش له به‌رو بۆمی به‌رهه‌م نه‌هاتوی ئه‌م باخه ده‌خۆن و قورمی فه‌رامۆشیان له سه‌ر گوڵه‌کانی تری ئه‌م باخه داناوه و گوێیان له ئاست هاواریان کپ و چاویان له ئاست دیتنی ئازاریان کوێر کردوه. ئه‌م گوڵانه‌ش هه‌ر وا بێ خاوه‌ن سیس ده‌بن و له جێیان دڕک و که‌کره سه‌رده‌ردێنن.نه که‌س هه‌یه بژاری که‌کره‌ی ناو باخ بکات و نه که‌س هه‌یه باخه‌وان خه‌به‌ر کاته‌وه.بولبوله‌کانیش له خه‌م و په‌ژاره‌ی کۆچی گوڵه‌کاندا ماته‌میان گرتوه و چریکه‌ی جارانیان نه‌ماوه.له جیاتیان ئه‌مڕۆ له وڵاتی من شه‌مشه‌مه کوێره به ناو باخه‌کاندا ده‌فڕن و قه‌له ره‌شه‌کان جێژنیانه.
به‌ڵام من دڵنیام رۆژێک دێ ئه‌م دڕکانه له په‌نجه و قاچی ئه‌م باخه‌وانانه ڕاچن و له خه‌ویان ڕاچڵه‌کێنن.رۆژێک دێ به‌هاری زیزیش بۆ وڵاتی بێ به‌هاری من بگه‌ڕێته‌وه.رۆژیک دێ شه‌ماڵێک هه‌ڵیکا و هه‌وره ره‌شه چڵکنه‌کان له سه‌ر ئاسمانی ئه‌م خاکه وه گریان خات و پاشان رایان ماڵێ تا هه‌تاو له وڵاتی منیش ده‌رکه‌وێ.رۆژێک دێ که‌سێک هه‌ستێ و ئه‌م باخه بژار بکات.ئه‌وده‌م نه دڕک و نه که‌کره ناتوانن له نا و باخی وڵاتی مندا شین ببن.ئه‌وده‌م نه ره‌شه‌با ده‌توانێ گوڵه‌کان هه‌ڵکه‌نێ و نه باخه‌وان خه‌ونوچکه بیباته‌وه. ئه‌وده‌م بولبولانی وڵاتی منیش به چریکه چریک و نه‌وای خۆش جێژنی شادی ده‌گێڕن و شه‌مشه‌مه کوێره خوێمنژه‌کان و قه‌له ره‌شه‌کانی ده‌نگ ناخۆش ناچار به کۆچ ده‌که‌ن و گوڵه‌کان دوباره له ناوه‌رۆکی خاکا سه‌رده‌ردێننه‌وه و بۆن و به‌رامیان هه‌موو خاکی ئه‌م وڵاته‌م داده‌گرێت.له‌وانه من دڵنیام.....به‌ڵام شیوه‌نی من بۆ ئه‌وه‌یه،من بۆ ئه‌وه خه‌فه‌تبارم و به کوڵ ئه‌سرین ده‌ڕێژم که تا باخه‌وان له‌و خه‌وه به‌ردینه‌ی خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه ئاخۆ ده‌بێ چه‌ن گوڵی تر سیس ببن و چه‌نی تر له کاتی پشکوین دا ره‌شه‌با هه‌ڵیان که‌نێ؟چریکه و ناڵه‌ی غه‌مینی چه‌ن بولبولی تر پێویسته تا باخه‌وان له‌و خه‌وه نه‌گریسه‌ی خه‌به‌ری بێته‌وه؟بۆسۆی جه‌رگی چه‌ن په‌پوله‌ی دڵ سوتاوی تر ده‌بی هه‌ستێ تا با‌خه‌وانی مه‌ست و خه‌واڵومان هۆشیار بێته‌وه؟شیوه‌نی من بۆ ئه‌م گوڵه جوانانه‌یه که له کاتی پشکوتنیان دا سیس ده‌بن و هه‌ڵده‌وه‌رن.شیوه‌نی من بۆ باخێکی بێ باخه‌وانه.
به‌ڵام دیسانیش من دڵنیام که‌س ناتوانێ پێش له هاتنی به‌هار بگرێ (شۆڕش)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست