ئهو ئهقڵییهتهی دکتۆر سیروانی تیرۆرکرد....!!
Thursday, 07/10/2010, 12:00
تیرۆرکردنى رۆژنامهوان و نووسهر و سهرکرده (د. سیروان) بەرلە چوارده ساڵ وەک چۆن ئەو کاتە تاوانێکى ئێجگار مەزن و هۆڤانە بوو، ئەوا لە رۆژگارى ئەمڕۆشدا که سهردهشت عوسمانهکان تیرۆر دهکرێن ئهمڕۆش پهڵهیهکی رهشه به نێوچهوانی ئهوانهی پێیان وایه به تیرۆر و تۆقاندن دهتوانن ئاراستهی مێژوو و کۆمهڵگا بهرهو ئهو ئاقاره ببهن که بهرژهوهندییهکانیان دهیخوازێت. ههر بۆیه تێخوێندنەوەیەک بۆ کەسێتى شەهیدى قهڵهم و باوهڕ و ئیراده دکتۆر سیروان وەک پێویستییەکى دەستلێبەرنەدراو خۆى دەخاتە رو.
بەر لە هەموو شتێک پێویست دەکات بە قووڵى لەو راستییە تێبگەین کە تیرۆرى سیاسى (الاغتیال السیاسی) یەکێکە لە تایبەتمەندى و کارەکتەرە سەرەکییەکانى بزووتنەوەى کوردى لە باشووردا، کە بەو پەنجا ساڵەى رابردوودا لەنێو خودى بزووتنەوەکە لە ئاراد بووە و پەرەیسەندووە. خاڵى هەرە مەترسیدار ئەوەیە ئەو زهنییەتەى خاوەن کاراکتەرێکى تۆقاندن و تیرۆر و پیلانگێڕییە، ئەمڕۆ هەر هەمان زیهنیەت باڵا دەستە و لە لوتکەشدا بانگەشەى ئازادى بیروراى ئازاد و دیموکراسى و مافى مرۆڤ و تەنانەت دەوڵەتى کوردى و نەتەوەیى بوونیش دەکات. مسۆگەر ئەو زیهنیەتەى دکتۆر سیروان و دەیان و سەدان کەسێتى وەک ئەو سەرکردەیەیان تیرۆر کردووە، زۆر دوورن لە راستینەى ئەو بانگەشانە. چونکە ئەو جۆرە تیرۆر و تۆقاندنە لە بنچینەدا تیرۆرى ئازادى بیروراو دیموکراسى و مافى مرۆڤە. ئەگەر مرۆڤ ژیان و تێکۆشانى شەهید دکتۆر سیروان بناسێت تەواو تێدەگات کە شەهیدى نەمر کەسێتییەکى شۆِشگێڕ و نیشتمانپەروەر و پێشەنگ بوو، ئەو مرۆڤە بوو لە لوتکهى دۆخى بێباوەڕیدا، خاوەن باوەڕى و ئیرادە و هیوایەکى مەزن بوو، تێکۆشەرێکى بەرخودانڤانى هەناسە درێژ بوو، نەفرەتى لەو کەسێتییە لەرزۆک و تەسلیمکار و خیانەتکارانە دەکرد کە بۆ پاروویەک نان، یان بۆ تیرکردنى غەریزە و شەهوەتبازى و هەندێک ئیمتیازى شەخسى کۆڵ بدات و تەسلیم ببێت.
کەسێتى شۆڕشگێڕى دکتۆر سیروان لە گەوهەرى خۆیدا هەڵگرى پەیامێکى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستى بوو، خاوەن تایبەتمەندێتییەکى نەتەوەیى و دیموکراتى رۆشنگەرخوازبوو، لەو شۆڕشگێڕە روناکبیرانە بوو کەوا نووسین و کرداریان، قسەو رەفتاریان ئاوێنەى یەکدى بوو، باوەڕیەکى مەزنى بە دۆزى رەواى گەلەکەى و سەرکەوتنى گەلەکەى هەبوو، لە هیچ بارودۆخێکدا ئەو باوەڕى و ئومێدەى لەق نەبووەو تێک نەشکاوە. تەنانەت لە کۆتایى هەشتاکان و سەرەتاى نەوەدەکانەوە ئەو کاتەى شکست و هەرەسى خشکەییانەى بزووتنەوەى کلاسیکى کوردى لە لوتکەدا بوو و پرۆسە بەدناوەکانى ئەنفال و ژینۆسایدکردنى کوردان لە ئاستی ههره بهرزدا بوو، دکتۆر سیروان لە ئەوروپاوە برەو بە تێکۆشانى نەتەوەیى و دیموکراتیانە دەدات و بە جۆش و خرۆشێکى بێ سنوورەوە لە ئەوروپا دەگەڕێتەوە وڵات و وەک کەسێتیەکى پێشەنگ و سەرکردەیەکى پڕ لە هیوا و جورئەت و ئیرادە بەتایبەتمەندێتى ملیتانى و فیدایبوون و شۆڕشگێڕێتى ئاپۆییانەوە لە ئەوروپاوە دەگەڕێتەوە باشوورى کوردستان، ئەو باشوورەى سەدەیەک بوو شکست لە دواى شکست، هەرەس بە دواى هەرەس وەک قەدەرێک بەسەریدا سەپێنراوبوو.. دکتۆر سیروان هەر تەنیا کەسێک نەبوو، بەڵکو رەمزى نەوەیەک بوو دەیخواست سەرجەم هەرەس و شکستەکان بپێچێتەوە و (گەلى سەرکەوتوو) بئافرێنێ. ئەقڵییەتى داگیرکارى، تەسلیمکارى، خیانەتکارى، پارچەگەرێتى، ناوچەگەرێتى، خێڵگەرایى، لە خودى تاکى کورد و کۆمەڵگاى کورددا تەفروتونا بکات و تاک و کۆمەڵگایەک بئافرێنێ کە جگە لە سەرکەوتن هیچ شتێکى دیکە پەسند ناکات، تاک و کۆمەڵگایەکى گۆشکراو بە فەلسەفەى ئازادى، وڵاتپارێزى، نەتەوەیبوونى دیموکراتیانە ئهوپهڕی ئاواتی بوو.
دکتۆر سیروان ئەو کەسێتییەیە کە لە رۆژگارى ئەمڕۆشدا و دواى چوارده ساڵ لە تیرۆرکردنیشى هێشتا کەسێتیەکى پێویست و رۆڵگێڕە لەو دۆخە تراژیدییەى باشوور، چونکە دۆخى ئەمڕۆى تاک و کۆمەڵگاى کورد زۆر لە دۆخى چوارده ساڵ لەمەوبەر دژوارتر و سامناکترە، ئەو ئەقڵییەتەى ئەمڕۆ دەسەڵاتى قۆرخ کردووە و بینهقاقاى خەڵکى مەینەتبار و هەژارى گرتووە. هەرهەمان ئەقڵییەتى چوارده ساڵ لەمەوبەرە و تەنانەت زۆر ترسناکتریش بووە، بهکورتی ئهو ئهقڵییهتهی دوێنێ دکتۆر سیروان و رهئوف ئاکرهیی و رێناس و بهکر عهلی و دکتۆر سهلاح ههورامی و نووری نانهکهلی و ...هتدی تیرۆر کرد، ئهمڕۆ ههمان ئهقڵییهت بهردهوامی به کاری تیرۆریستانهی خۆی دهدات و سۆرانی مامه حهمه و سهردهشت عوسمان و... تیرۆر دهکات. هەروەها ئەو کێشەو گرفتە نەتەوەیى و دیموکراتیانەى دکتۆر سیروانى سەرکردە لە پێناو چارەسەرکردنیاندا تێدەکۆشا و گیان و خوێنى خۆى لە پێناویدا بەخت کرد، هەمان ئەو کێشە و گرفتانە ئەمڕۆ قووڵ و دژوارتر بووە و هەڕەشە و مەترسییەکانى سەر گەلى کوردستان گەورەتر بووە.
کەواتە کەسێتى و رۆحى شۆڕشگێڕانەى دکتۆر سیروان لە رۆژگارى ئەمڕۆشدا نموونەى ئەو کەسێتیەیە کە توانستى گۆڕان و وەرچەرخانى کۆمەڵگا دەئافرێنێ و کێشەکان بەرەو چارەسەرى بنچینەیى دەبات و کۆى بەها مرۆیی و نەتەوەییەکانى گەلى کوردستان دەپارێزێت. بۆیە ئەمڕۆ دواى چوارده ساڵ لە تیرۆرکردنى ئەو راستیە باش دەرک پێدەکەین کە کەسێتى شۆڕشگیِڕى دکتۆر سیروان کەسێتیەکى مێژوو کردبوو، ئەو رێباز و فەلسەفەیەی دکتۆر سیروان باوەڕى پێی هەبوو و لە پێناویدا تێکۆشانێکى مەزنى ئەنجام دا، رێباز و فەلسەفەیەکى هەرە واقیع بین و شۆڕشگێڕە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست