عادل موراد بەڵكو وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەیتەوە
Wednesday, 09/10/2013, 12:00
عادل موراد لەناوەراستی شەستەكانەوە، لە شۆڕشی ئەیلول بەشداری كردووە، تكایە:
- لە چەند شەڕ لەو ساڵانەدا بەشداریت كردووە؟
- چەند جار بریندار بویت؟
- كێت شەهید كراوە؟
لە شۆڕشی نوێدا، دەستەی دامەزرێنەریت لەساڵی (1975) وە. بەڵكو پێمانبڵێ:
- بۆچی لەگەڵا برایم عەزۆ و هاوڕێكانی نەگەڕایتەوە؟
- بۆچی لەگەڵا شێخ حوسێنی بابەشێخ نەگەڕایتەوە؟
- ئەی بۆ لەگەڵا نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی نەگەڕایتەوە كوردستان؟
- دوای روخاندنی شا، گەڕایتەوە شۆڕش. بێزەحمەت لەچەند شەڕ هەتا لەناو یەكێتی بوی بەشداریت كردووە؟
- كە یەكێك بوی لە تێكدەرانی ناو یەكێتی، بۆ جیاكردنەوەی سۆسیالیست، دەتوانی بۆمان بنوسی چەند شەڕت كردووە؟ چەند جار بریندار بویت؟ كێت شەهید بووە لەناو سۆسیالیستدا؟
دوای راپەڕین
- بۆچی لەدوای راپەڕینەوە، نەهاتیتەوە؟
- بۆچی نەكرای بە ئەندام پەرلەمان؟
- بۆچی نەكرای بە وەزیر؟
- بۆچی لەكاتی كۆڕەوەكەدا (1991) یارمەتیت بۆ لێقەوماوان كۆنەكردەوە؟
هاتنەوە ناو یەكێتی
- بۆچی دوو ساڵا دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆسیالیست هاتیتەوە ناو یەكێتی؟
- ئەی بۆچی هەڕەشەت ئەكرد، ئەگەر لە كۆنگرەی دوەمو سێهەم، بە تەسكیە نەكرێیتە سەركردایەتی ئەچیتە ناو پارتی؟
هاوكاری دانی عادل موراد
- ئەتوانێ پێمان بڵێ لەوساوە هاتوی بۆ ناو یەكێتی چەند ملیۆن دۆلارت وەرگرتووە؟
- ئەتوانی بۆمان رونبكەیتەوە، قەت وەسڵی ئەو پارانەی داوەتەوە مەكتەبی داراییو سكرتاریەتی مام جەلال؟
شەڕی ناوخۆ
- كە یەكێتی شەڕی ئیسلامیەكانو شەڕی پارتی ئەكرد، جەنابت لە كام شەڕ بەشداریت كرد؟ سەری كام بریندارت ئەدا.. بۆمان رون بكەوە؟
- ئەتوانی پێمان بڵێی چەند ماڵە شەهیدی یەكێتیو كەمئەندامی یەكێتیت بەسەركردۆتەوە؟
- نەخێر پێمان بڵێ.. لە (6) ملیۆن موچەكەتو دەیان ملیۆنی نەسریەت، هاوكاری چەند ماڵە شەهیدت كردووە؟
دوای روخاندنی سەدام
- ئەرێ بۆچی لە بەغداد مام جەلالت بەجێهێشتو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بویت، خۆت كرد بە سەفیرو لەترسا هەڵهاتیت.
- چەند ساڵا سەفیر بویت، هاوكاری كام حیزبی سیاسیو كام بەشی كوردستانت كردووە؟ بێزەحمەت رونیبكەوە.
- كە لە بەغداد بویت خۆت بە سەرداری فەیلیەكان ئەزانیت، بۆچی لەو هەموو هەڵبژاردنەی لەعێراق كراوە نەتوانی كاندیدێكیش دەربچێنێ بۆ پەرلەمان، یان ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد؟
- ئەی بۆچی كە لە كۆنگرە وازت هێنا بەڵام هاتیتەوە بۆ ناو ئەنجومەنی ناوەند؟
- بێزەحمەت بۆمان رون بكەوە، لەوساوە لە ئەنجومەنی ناوەندیت چەند سەد هەزار دۆلارت لە یەكێتی وەرگرتووە؟
- ئەتوانی ئازا بیتو بەخەڵك بڵێی، لەوساوە خۆتو ژنەكەت ئەچن بۆ عیلاج، چەند ملیۆن دۆلارت لە مام جەلالو یەكێتی وەرگرتووە؟
- تەنها بڵێ ئاخر سەفەر، كە بۆ فەحسی خۆت چوی بۆ ئۆروپا چەند سەد هەزار دۆلارت وەرگرتووە؟ ئازاو پاك بە.. باسی ئەو پارانە هەمووی بكە.
- دە شەفاف بە، وەكو زۆر باسی شەفافیەت ئەكەی، بە چەند سەد هەزار دۆلار ماڵەكەت تەعمیر كرا؟
- ئەرزەكەی سیتەكت بە ملیۆنێك و چەند سەد هەزار دۆلار فرۆشت؟
هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە
- باس لەوە ناكەین كە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی رابردوو، بەشداریت نەئەكرد لە سێ هەڵمەتیش سەفیر بویتو یەك قسەت نەئەكرد.
- بە ویژدانت (ئەگەر هەتە) لەم هەڵمەتە، بۆ سەدان هەزار دۆلارت وەرگرتو سەفەرت كرد؟ ئەی بۆ كە گەڕایتەوە، تەنانەت بۆ یەك جاریش پشتیوانی لیستی (102) ت نەكرد؟
- ئەی بۆ پێش هەڵبژاردن هەموو رۆژێك قسەت ئەكرد؟ ئێستاش كە ئەنجامەكان دەركەوتون، هەموو سەعاتێك قسە ئەكەیت؟
لەكۆتاییشدا.. سوێندت ئەدەین بە گۆڕی شەهیدەكان پێمان بڵێ:
چۆن توانیت پێش ئەوەی بێیتەوە ناو یەكێتی، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە رێكخراوی جیهانی مافی مرۆڤ، یەكێتی لەگەڵا پارتیو ئیسلامی بخەیتە لیستی رەشەوە؟
ئەگەر خۆت بە پاك ئەزانیت؟ ئەگەر خۆت بە دڵسۆز ئەزانیت؟ ئەگەر خۆت بە دژی گەندەڵی ئەزانیت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەرەوە.
هەتا ئێمەش دەیان نهێنی تر لەسەر ژیانی سیاسیت هەیە باسیان بكەین. هەر لەوەی چۆن جاسوسیت بەسەر كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە لای پاراستن كردووە، هەتا ئەگاتە كەتنی تر ئەنجامت داوونو چۆن چۆنی ترسناكترین زیانت بە یەكێتی داوە؟
دڵسۆزێك
7/10/2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست