سەردانەكەی ئاشتی هەورامی بۆ گردەكە، وەڵامێک بۆ بێستون حەمە ساڵەح
Wednesday, 16/05/2012, 12:00
ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ، باوەر ناكەم هیچ وەزارەتێك ئەوەندەی وەزارەتەكەی ئاشتی هەورامی قسەو باسی گەندەلی لەسەر بوو بێت بە هۆی رەوانە كردن و دەرهێنانی نەوتی خاو بە شێوەی نایاسایی و گرێی بەستی جۆراو جۆر لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان ..
زۆربەی داهاتی ئەم وەزارەتە دەچێتە گیرفانی چەند بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی ، بە پێی سەرچاوەكان پشكی زۆری بیرە نەوتەكانیش زیاتر پارتیە تاوەكو یەكێتی ! زۆربەی كاتیش ئاشتی هەورامی خۆی لە پرسیاری رۆژنامەنوسان و تەنانەت پەرلەمانتارانیش دەدزێتەوە . كاری سەرەكی پەرلەمانیش جگە لە دارشتن و دەركردنی یاساكان لێپرسینەوەیە لە دامو دەزگاكانی حكومەت ، تەنانەت زۆربەی كاتیش میدیای بزوتنەوەی گۆران وەزارەتەكەی ئاشتی هەورامی بە وەزارەتێكی گەندەڵ ناوزدی دەكرد، خەیرە وا ئێستا كاك نەوشیروان موستەفا كۆبونەوە لەگەل وەزیرێك دەكات تا دوێنی وەزارەتەكەی لێوان لێو بووە لە گەندەڵی؟
ئایا چ رێساو یاسایەك ئەم دوو مرۆڤە پێكەوە كۆدەكاتەوە؟ ئایە هەر خودی كاك نەوشیروان موستەفا نەبوو هەمیشە باس لە ناشەفافی دەسەلاتی كوردی دەكرد ؟ئەی بۆ بە شەفافی باسی كۆبونەوە دوو قۆڵیەكەی خۆی و جەنابی ئاشتی هەورامی نەكرد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ؟ ئایە ئەگەر لەسەر داخوازی ئاشتی هەورامیش بوو بێت مەگەر بزوتنەوەی گۆران پەرلەمانتارێكی زۆری نیە لە ناو پەرلەمان بۆ راستەوخۆ پێی نەوت فەرموو هەرچی باس و خواسێكت هەیە لەسەر وەزارەتەكەت برۆ بە ئاشكرا لە پەرلەمان بیخە روو نەك لە گردەكە باسی بكەیت ! ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بوو تۆمار كرا لەسەر ئەم بزوتنەوەیە وەك هەڵەكانی پێشو تری بزوتنەوەكە كە ئێستا دەرفەت نیە بۆ باس كردنی ..
هەر دوا بە دوای كۆبونەوە نهێنیەكەی نەوشیروان و ئاغای ئاشتی هەورامی نارەزاییەكی زۆری لێكەوتەوە لەلایەن پەرلەمانتاران و زۆرێك لە رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان، لەوانە 9 پەرلەمانتار یاداشتێكی نارەزاییان ئاراستەی رای گشتی كرد لەسەر كۆبونەوە نهینیەكەی سەرۆكی بزوتنەوەی گۆران و ئاشتی هەورامی ، رەخنەو نارەزایی خۆیان خستە روو ، لەكاتیكدا زۆرترین پرسیارو تێبینی لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوت لە لایەن ئەو وەزارەتەوەیە ، زۆر جاریش لە لایەن پەرلەمانتارانی گۆرانەوە ئاراستەی دەكرێت! كەچی وا ئەو وەزیرە خۆی دەكاتە گردەكەو بێ ئەوەی یەك پەرلەمانتاری گۆران كە ئەندامیان هەیە لە لیژنەی سامانە سروشتیەكان، لەو دیدارەی وەزیرو نەوشیروان ئامادە بووبن! و هیچ وردەكاریەكیش نەخرایە روو.
مەگەر بزوتنەوەی گۆران و ئەندام پەرلەمانەكانیان هەمیشە ناڵێن با پەرلەمان مەرجەعی سەرەكی خەلكی كوردستان بێت ؟! دامو دەزگاكان بە موئەسەساتی بكرێت ! ئەمە دامەزراوەیی كردنی پێدەڵێن؟ مەگەر هەر سەرۆكی بزوتنەوەی گۆران و ئەندام پەرلەمانەكانیان نیە رەخنە لە كۆبونەوەی ژوورە داخراوەكانی پارتی ویەكێتی دەگرن ؟! ئەی ولامی ژوورە كلیل دراوەكەی ئەو رۆژە چۆن دەخەنە بەردەم رای گشتی ؟ تا ئێستاش كەس نەیزانی بۆچی هات؟! هەر لەدوای ئەوەش عەبدوللەی مەلا نوری هاوشاریم كە بوێرێكی نێو هۆڵی پەرلەمانە لە لێدوانیكی بۆ لڤین پرێس دەڵێت " پرۆسەی نەوت لە كوردستان بە ناشەفافی بەرێوە دەبرێت و باوەرم وایە پەرلەمان لە رووی یاساییەوە شوینی قسە كردن بێت لەسەر كۆی پرۆسەی نەوت ! بەلام دەبوو ئەم پەرلەمانە بوێرە راستەوخۆ ئیدانەی كۆبونەوەكەی نەوشیروان و ئاشتی بكردایە با ئەندامی ئەو بزوتنەوەش بێت ! چۆن رەخنەی لەو 9 پەرلەمانتارە گرت ئاواش بە جورئەتەوە رەخنەی لە سەركردەكەی خۆی بگرتایە!
بێنە سەر باسی نوسینە سەیرو سەمەرەكەی بێستون حەمە ساڵەح ناوێك كە باسی تەشهیر دەكات كە گوایە ناسك خان تەشهیری كردوە، بەلام باسی خۆی ناكات كە زۆر بازاریانە كەوتۆتە وێزەی ئەم پەرلەمانتارە بوێرە! چەندین ووشەی نابەجێی ریز كردوە كە دیارە چ ئایدۆلۆجیایەك بەریچاوی گرتوە بۆیە ئاوا باسی ناسك تۆفیق و یەكگرتووی ئیسلامی دەكات ، دوور نیە كۆنگرە نمونەیەكەیی یەكگرتو توشی تایی كردبێت! كە زۆر لایەن وسەرۆك و نەیاری یەكگرتووی توشی تەنگە نەفەس كرد كە هەمیشە باس لە دیموكراسی و ئاڵوگۆری دەسەلات و قسەی بریقەداری بێناوەرۆك دەكەن!
زۆر سەیرە بۆ بێستون حەمە سالەح بە پیێ نوسینەكەی زۆر موعجیبی كاك نەوشیروانە بۆیە ئاوا كەوتۆتە وەسف وسەنای! زۆر سەیرە بە رەوایی نابینیت پەرلەمانتارێك كەئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەكانە بێت و رەخنە و لێدوان بدات دژی ئەو كۆبونەوە نایاساییەی نێوان نەوشیروان و ئاشتی هەورامی! جێگەی سەرنجە ئەو لێدوانەی ناسك خان بە تەشهیر ناودەبات كە وتی " كاك نەوشیروان موستەفا هەورامی نیە تا ئاشتی هەورامی سەردانی بكات! ئەمە چ تەشهیریكی تێدایە ؟! دیارە لەسەر گومانی تاریك دەنوسیت ئەگینا شرۆڤەی ئاوا زۆر دوورە لە راستییەوە ، مرۆڤیكیش لە ناخەوە حەزی لە فكرو ئایدیایەك نەبوو ئەوە زۆر ئاساییە هەمیشە بە چاوی گومان و خراپەوە لەو حزبەو ئەفرادەكانی بروانێت.
لە بەشێكی تری نوسینە پر تەشهیرەكەت دەڵێت " ئەگەر نەوشیروان و بزوتنەوەكەی نەبوایە ئەوا خۆت و حزبەكەت لە ئەشكەوت و مزگەوتەكان دەرسی توندرەویتان دەخوێند ! پێم ناڵێت بە چ حەقێك ئاوا سوكایەتی دەكەیت بە حزبێكی مەدەنی وەك یەكگرتوو !؟ بە تەحەداوە هیچ حزبێك لە كوردستان ئەوەندەی یەككرتوو دژی توندرەوی نیە چ وەك قوتابخانەو فكر چ وەك مومارەسەی رۆژانەی ، دەزانی كاتێك یەكگرتوو بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری هەلبژاردنی كرد لە 2005 دروشمی دژە گەندەلی بەرز كردەوە ئەوكات ئەوانەی تۆ بە فریادرەس باسی دەكەیت زۆربەیان لەناو كام لایەن بوون و چ كارە بوون؟! بۆ فزەیەكیان لێوە نەهات بەرامبەر بەو كارە وەحشیگەریە ؟ تەنانەت بۆ رووداوە كەی سالی 2011 بادینانییش كامە هەڵوێستی بەرزی مرۆییان بوو لەو كاتەدا ؟! هیچ هەڵوێستیكی سیاسی وا نەبینرا لەوان ، بگرە لەو كاتەش زیاتر پەیوەندیەكانیان توندو تۆلأ تر بوون .. هەر لەو كاتەدا رۆژنامەنوسێكی چاونەترس پێم وا بوو كاك سەباح عەلی قارەمان بوو لە كوردستان پۆست وتی چۆلەكەیەك بمریت كەنالەكەیان وا گەورەی دەكات كەچی ئەو رووداوە گەورەو نامرۆڤانەیی بادینان روویدا زۆر بە خوێن ساردانە وەك ئەوەی هیچ نەبوبێت باسی ناكات!
بەڵێ ئەوە حیكمەت و فیكرو دانایی یەكگرتوو قیاداتی ئەو حزبەیە كە هەزاران ئەندام و كادیری بەرەو توندرەوی نەبرد، خۆت باش دەزانی توندرەوی عەلمانی كێ بوون كە چۆن هەزاران گەنج ولاوی كوردیان بە كوشت دا ! لەسەر ئازادی سیاسی و بیرورا !
ئەوە یەكگرتوە داهێنانی كرد لە خەباتی مەدەنی و سیاسی دوور لە مەكتەبی عەسكەری و میلیشاگەری كە ئێستا حزبەكانی تر شوێن پێی دەكەون ؟ ئەوە سەركردەو قیاداتی یەكگرتوە كە دەستیان سور نیە بە خوینی یەك هاولاتی كوردستان ؟ ئەوە یەكگرتووی ئیسلامیە كە مندالێكی كوردی بێناز نەكردوە لە سۆزی باوكایەتی ؟ ئەوە یەكگرتووی ئیسلامیە ژنێكی بێ وەژن نەكردوە ؟ ئەوە یەكگرتووی ئیسلامیە جەرگی دایكێكی كوردی نەسوتاندوە ؟ هەموو زیندانەكانی كوردستان بگەرێت یەك ئەندامی یەكگرتوو نادۆزیتەوە لەسەر كارێكی ئەخلاقی زیندانی كرا بێت ! دیارە باش دەزانیت بەناو سیكۆلارەكانی كوردستان چ مێژویكی رەشیان تۆمار كرد لەو ولاتە ! كە ئێستا زۆربەیان نەفرەت لەو مێژوە رەشە دەكەن!
لە بەشێكی كەدا بە ناسك خان دەڵێت كورت بینیت لە فەلسەفەی سیاسیدا ! دیارە لەلای تۆ پێوەر بۆ سیاسەت شتێكی ترە ئەگینا ئەم پەرلەمانتارە 19 ساڵە لەنێو كایەیی سیاسی ئەكتەرێكی كارا بووە.
دەبوو بەرێزت دژی كۆبونەوە داخراوەكەی كاك نەوشیروان و ئاشتی هەورامی بتنوسایە چون مۆدیلی كۆبونەوەی ژوورە داخراوەكانی یەكێتی وپارتی وا كرد بەر پرسە بالاكانییان توشی ئەنفولانزای گەندەڵی و فەسادی ناعەدالەتی ببن ، نەك بێت تەئویلی رەش و تاریك بە سەر خانمە پەرلەمانتارێكی بوێری وەك ناسك تۆفیق كە باس لە ژوورە داخراوەكانی سەری رەش و قلاچۆلانی كرد وا گردەكەشی هاتە پاڵ . ئەو خانمەی كە تۆ تەشهیری پێ دەكەیت توانی لە ناو گەورەترین كۆنفرانسی جیهانی لە ولاتی تونس بە جلی كوردیەوە باس لە كێشەی رەوای گەلی گەلی كورد بكات .. وەك تاكە ئافرەتێكی عێراق و كوردستان هەڵبژێرا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست