نامەوێت هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگا ئەگەر ؟!
Monday, 18/03/2013, 12:00
هەڵەبجە یەكێكە لەو شارانەى كە بەدرێژاى مێژوو خزمەتێكى زۆرى بە خاك و گەلى كورد كردوە ئەرك و كارەكانیشى بە ڕونى ئێستا بە بەرچاوى هەموو جیهانەوەیە. وە هەڵەبجە یەكێكەلەشارانەى كە بە قۆناغى ناحیە بوندا تێنەپەڕیوە و لە گوندێكەوە كراوە وە بە قەزا ئەویش بەهۆى ئەو گەشەسەندنە لەناكاوەى كە لەماوەیەكى كەمدا بەسەریداهاتوە لە ڕووى كۆمەڵایەتى و ئابورى و بازرگانی و سیاسیەوە چونكە لەكۆندا هەڵەبجە سەرەڕێگاى بازرگانى كوردستان و باشور و ناوەڕاستى عێراق بوە لەگەڵە ئێران و شارەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستان. بەڵام ئەوە نزیكەى 125ساڵە تێپەڕ دەبێ بەسەر بە بە قەزاكردنى ئەم شارە بەڵام هەتا ئێستا بون بە پارێزگاى ئەم شارە لەلایەن دەستەڵاتەوە لێ حەرام كراوە و بە گوناهى دەزانن بۆ هەڵەبجە. بەبێ ئەوەى هیچ ڕونكردنەوەیك بدەن لەسەر ئەو باروو دۆخەى كە هەڵەبجەى تێدایە یاخود چ مەرجێك پێویستە تا شارێك بكرێت بە پارێزگا. تاواى لێهات لە یادى 16/3 ى ئەمساڵ لەلایەن چەند چالاك وانێكى هەڵەبجەوە سوكایەتى بە سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران (نێچیر بارزانی) ى بكەن و بەشێوەیەك ئەم كەسە دواى تەواو كردنى وتارەكەى بەناچارى دووبارە گەڕایەوە و قسەى لەسەر بەپارێزگاكردنى هەڵەبجە كرد و گوتى تەنها كێشەى یاسایى ماوە.بۆیە من دەمەوێت لەسەر بە پارێزگابونى هەڵەبجە چەند قسەیەك بكەم و لەم ڕوانەى خوارەوە :-
1- مێژووى و سیاسى:- هەڵەبجە لەساڵى 1889 كراوە بەقەزا كە هاوكاتە لەگەڵ بە قەزاكردنى شارى نەجەفى باشورى عێرق و كە ئێستا بوە بە پارێزگا و لەكاتى دروستكردنى هەرێمێك لە باشورى عێراق ئەگەرى هەیە بكرێت بە پایتەختى ئەو هەرێمە. بەڵام هەڵەبجە لەو ساڵەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانكارێكى بەسەردانەهاتوە. هەڵەبجە بەدرێژایى مێژوو دژ بە هەموو دەوڵەتە داگیركەرەكانى كوردستان (جگە لەوەى كە عادیلەخانم كە لایەنگرى ئینگلیزەكانى كرد بەڵام كۆمەڵێك كەسى شۆڕشگێر دژ بە ئینگلیزەكان وەستان و شكستیان بە ئینگلیزەكان هێناو ناچاریان كردن بەگەڕانەوە لە هەڵەبجە ئەمە تەنها پشتگیرى كەرى ئینگلیزەكان و دووژمنانى كوردە بەدرێژایى مێژوو لەم شارە) و لەسەر هەمان هۆ سەدان كەس شەهید و برینداربون و وە هەزارانیش ئاوارەى وڵاتانى تربوون. گرنگترین كارەسات كە توشى هەڵەبجە بووبن كارەساتى وێرانكردن و بۆم باران كردى هەڵەبجە بوو لە ساڵى 1974 كە بەدەیان كەسیان شەهید و برینداركرد و چەند گەڕەكێكیان لەگەڵە زەوى تەخت كردو خەڵكێكى زۆریان زیندەبەچاڵكرد . وە كارەساتێكى تر كە هیچ كەس لەبیرى ناكات كارەساتى 16/3/1988ە كە فڕۆكەكانى بەعسى ڕووخاو بە گازى كیمیاوى هێرشیان كردە سەر ئەم شارەو زیاتر لە 5000 هەزار كەسیان شەهید كرد و زیاتر لەو ژمارەیەش برینداربوون سەرەڕاى چۆڵكردنى شارەكە بۆماوەى چەندساڵێك و ئاوارەبونى خەڵكى هەڵەبجە لە ئێران. هەتا كۆتاى كیمیابانى هەڵەبجە وا هەست دەكەم كە دەستەڵات هیچ گلەیەكى نیە لە بە پارێزگا كردنى هەڵەبجە بەلام ناكۆكیەكان لەدواى نەوەدەكانەوە ڕودەدات ئەویش كاتێك كە ئیسلامیەكان لەهەڵەبجە دەستەڵاتیان گرتە دەست و هێزەكانى تر لە هەڵەبجە دورخرانەوە و دواتر شكستى (ینك) لە هەڵەبجە لە هەڵبژاردنەكانى شارەوانى ئیدارەى سلێمانى بەمەش یەكێتى ڕقێكى گەورەى بەرامبەر بە هەڵەبجە لەدڵى خۆیدا دروستكرد و دواى دروستبونى گروپى تیرۆرستى ئەنسارولئیسلام ئەم دڵ ڕەقى و كینەیە بەتەواوەتى پەرەى سەند هەرچەندە بارەكە لەئەستۆى خەڵكە هەڵەبجەدانەبوە هیچ كاتێكیش خەڵكى هەڵەبجە لەئەستۆى خۆى ناگرێ . دواى ڕوخانى ئەنسار و گەڕانەوەى دەستەڵاتى یەكێتى بۆ هەڵبجەو خۆ دانان بە یەكەم حیزب و دەستەڵات دارترین حیزبى ناوچەكە پاشان شكست هێنانى لەبەرامبەر بە ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردنەكانى دواتر بگرە تا ئێستاش واى كرد كە هەڵەبجە بەتەواوەتى پشتگوێ بخرێ و تەنانەت ئیدارەى سەربەخۆشى پێ ڕانەبینن چونكە دەترسن ئەگەر هەرگۆڕانكاریەك لە ئیدارەى شارەكەدا ڕوبدات ئیسلامیەكان سودمەنددەبن و یەكێـى وەلاوە دەنرێت و پارتیش بەهۆى دوورى دەستەڵاتەكەى لەم شارە و مانەوەى دوو ئیدارەیى گوێ بە پارێزگاكردنى شارەكە نادات. ئەمانەكۆمەڵێ هۆكارى سیاسى و مێژوى بون كە هەندێكیان پشتگیرى لە بە پارێزگاكردن و هەندێكیان ڕێگرن لەم كارە.
2- جوگرافى و بازرگانى :- بەوپێیەى هەڵەبجە دەكەوێتە سەرسنور و بەئاسانى وڵاى ئێران دەتوانێت بە هێرشێكى سوك كۆنتڕۆڵى بكات یاخود دەتوانێ هەر بە تۆپ و هاوەن وێرانى بكات وا دەكات كە بۆ بە پارێزگا نەكردنى ببێتە هۆكارێك. جگە لەمەش هەڵەبجە لە كەناردایە و هیچ ڕێگایەكى سەرەكى تێپەڕنابێت بەناویدا و هیچ شارێكى ترى باشورى كوردستان لە پشتیەوە نیە تەنها لە پێشیەو و لاى تەوێڵەو بیارەوە هەییە ولاكەى ترى ڕوبارى سیروانە و هەتا ئێستا ڕێگاى پەڕنەوەنیە لە هەڵەبجەوە بۆ ناوچەى شەمێران و دەرەندیخان هەرچەندە ئەوە بۆ چەند ساڵێكە هەر لەسەرى دەخورێ ئەمەش هۆكارێكە بۆ ڕێگر بون لە پارێزگابونى ئەم شارە. بەڵام كۆمەڵێك هۆكارى زیاترمان هەیە كە هیوا بەخشە بۆ ئەوەى كە هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگا لەوانە هەڵەبجە ئێستا خاوەنى زیاتر لە ملیۆنێك دانیشتوانە ئەمەش یەكلاكەرەوەیە و بەرەبەرەش خەڵكى ئەم شارە و دەوروبەرى لەزیادبوندایە جگەلەمەش زیاتر لە 500 گوند و نزیكەى 15 ناحیەو قەزاكانى سەیسادق و شارەزور و هەڵەبجە (ناوەند)ى دەكەوێتەسەر لەكاتێكدا كە بكرێ بە پارێزگا. جگەلەمانەش ئەگەر خاڵى سنورى سازان لەگەڵ ئێران بكرێتەوە ئەوە بارودۆخى بازرگانى ئەم شارە دەچێتە لوتكە و خەڵكێكى زۆر بۆ كارى بازرگانى ڕوى تێدەكەن و بەمەش هەڵەبجە منافەسەى زاخۆ و ئیبراهیم خەلیل دەكات لە بازرگانى و پێشكەوتنى بوارى ئابورى ئەمەش دەكەوێتە ژێر دەستەڵاتى یەكێتى یا بڵێم ئیدارى سلێمانى كە هێشتا هەر دوو ئیدارەییە لە زۆر بواردا بازرگانیش یەكێكە لەو بوارانە. وە ئەگەر ئەو ڕێگایەى سەر ڕوبارى سیروان لە تەنگى سەید محمد دروستبكرێت ئەوا هەڵەبجە لە گۆشەگیرى دەردەچێت و پەیوەست دەكرێت بە ناوچەى گەرمیان و دەربەندى خانەوە دەشتوانرێت كۆمەڵێك شار و گوندنى گەرمیان و دەربەندیخان بخرێـە سەر ئەم شارە لە كاتى بە پارێزگابونى. بە ئەنجامدانى ئەم دوو پرۆژەیە واتە مەرزى سازان و پردى تەنگى سەید محمد بیانوەكان كۆتاییان پێدێت. وە دەشتوانرێت بۆ ڕێكەوتنى سیاسى لەگەڵ ئێران و و پاراستنى ئەمنیەتى شارەكە لەهەر ناكۆكیەكى لەگەڵ عێراقى عەرەبى و حكومەتى هەرێم و جیهاندا سەردانى ئێران بكرێت و ڕێكەوتنى بازرگانى وسیاسان لەگەڵ بكەن چونكە ڕێكەوتنى بازرگانى كۆتایى بە هەموو ناكۆكیەكى نێودەوڵەتى دێنێت ئەویش بەكردنەوەى مەرزى سازان بەڕوى ئێراندا.
3- ئەگەر هەڵەبجە بوو بە پارێزگا چى ڕوو دەدات ؟؟؟؟!!!!!
وا دانێین ئێستا هەڵەبجە پارێزگایە ئێستا كەسێكماندەوى بۆ پارێزگار و كەسێكماندەوێت بۆ سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگا.ئاخۆ دەبێت ئەمانە كێبن و لەكوێوە بێن سەر بە چ لایەنێكبن چەندە باوەڕیان بە هەڵەبجەو خەڵكى هەڵەبجە هەیە؟ چەندە بەشوێن خواست و داواكاریەكانى هەڵەبجەیەكان دەچن؟ چەندە ئامادەن لە پێناو هەڵەبجەدا كاربكەن؟ ئاخۆ حیزبەكانیان چەندە سنوریان بۆ دادەنێن؟ ئەمانەو دەیان پرسیارى تر كەلەدواى بە پارێزگاكردنى شارەكە بۆ ئێمە وەك خەڵكى هەڵەبجە دروست دەبن. خۆمان لە ئێستاوە هەندێ پرسیار دەتوانین وەڵام بدەینەوە و پێش ڕوداوەكان بكەوین ئەوەى دەبێتە پارێزگار و سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگا ئەندامى سەركردایەتى یا مەكتەب سیاسى یەكێتى یاپارتى ئەمەش ئەو شتەیە كە خەڵكى نایانەوى چونكە خەڵك كەسى بێلایەنى دەوێ ئەمەش بە هیچ شێوەیەك لە سیاسەتى كوردستاندا بونى نیەو ناگونجێت بەمەش ململانێ ى نێوان حیزبەكان دروست دەبێـت و ئەگەرى شەڕى لێدەكەوێتەوە. جگە لەمەش ئەوە لە سنورى یەكێتیدا هەڵەبجە پارێزگایە ئایا لە سنورى پارتیدا چ شارێك دەكرێتە پارێزگا ئایا پارتى ئەمە قبوڵدەكات لە سنورى یەكێتى پارێزگایەكى تردروست بێت بەڵام سنورى ئەو وەك خۆى بمێنێـەوە بەمەش پارتى ڕێگردەبێ و كێشەى بۆ دروست دەكات وا كردمان شارێكى وەك ئاكرێ (كە خۆم بەتاكە شارى دەزانم لە ناوچەى بادیناندا پێویست بكرێت بە پارێزگا چونكە ئەگەر ناوچە دابڕاوەكان بگەڕێنەوەسەر هەرێم ئەو ناوچەیە پێویستى بە پارێزگایەكە) لە سنورى پارتى كرا بە پارێزگا ئاخۆ حكومەتى عێراق بەهۆى ئەو ناكۆكیانەى كەهەیەتى لەگەڵ پارتى هەردووكیان فەشەل پێناهێنێت. ئەمانە كۆمەڵێك شتن كە هەڵەبجە و هەڵەبجەیەكان تەنها زیانمەند دەبن لێى.
4- پێش داواى بە پارێزگاكردنى شار دەبێت هەڵەبجەیەكان چى بكەن؟؟
پێش ئەوەى كە هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگا یەكەم شت كە كە هەڵەبجەیەكان پێویستە جەختى لەسەربكەنەو داواى بكەن كردنەوەى مەرزى سازانە و دواتر كردنەوەى ڕێگاى یا بڵێم پردى تەنگى سەید محمدە و دواتر دەستكرد بە ئاوەداكردن و شارەكەو قیرتاو كردنى گەڕەكەكان و نەمانى زیادەڕۆى و وەلانانى سیستەمى عەشایەرى و ناوچەگەرى و دەبێت هەموو كەسێك خۆى بەخاوەنى هەڵەبجە بزانێت. هەر لە پاك ڕاگرتنەوە بگرە تا بەرگریكردن لە پێناویدا تامرد. وە هەوڵبدرێت لەگەڵ ئەو شارانەى كە دەكەونە ژێر دەستەڵاتى ئەم پارێزگایە ڕێكەوتن بكرێت و هاوسەنگە لە نێوانیاندا بپارێزرێت بە پێچەوانەوە ئەگەر ئێستا ئەو كارە نەكرێ بە دڵنیایەوە سەرناگرێت ئەم كارە لە دواى بە پارێزگاكردنى. هەچ كاتێك ئەوان قبوڵى ناكەن هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگاو ئەوانیش وەك خۆیان بمێنەوە. جگەلەمەش دەبێت هەڵەبجە لە سەرەتاوە لەڕوى گەشتیاریەوە بەتەواوەتى پێش بخرێت چونكە لە ئێستادا ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوى تێدەكات بۆ ناو شارى هەڵەبجەو دەوروبەى بۆیە ئەم شتانە و دەیان شتى تر من بەگرنگى دەزانم بۆ هەڵەبجەیەكان پێش بە پارێزگاكردنى.
5- ئەركى ڕێخراوەكان لەپێش و پاش بەپارێزگاكردن :-
ئەو ڕێكخراوانەى كە ئێستا لە هەڵەبجە هەن و خۆیان بە ڕێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنى دەزانن و خۆیان بە بێ لاین دەزانن بەڵام ئەم ڕێكخراوانە نە سەربەخۆن و نە خۆشیان لایەنگرو داكۆكیكارى خەڵكى هەڵەبجەن. ئەم ڕێكخراوانە هەر یەكە و پەیوەستن بە حیزبێكەوە و سەرچاوەى داراییان ئەو حیزبەیە و شتێك نیە بەناوى ڕێكخراوى سەربەخۆ لە هەڵەبجەدا . بۆ پێویستە ڕێكخراوەكان هەرچۆن بووە خۆیان تاڕادەیەك دوربخەنەوە لە سیاسەتى حیزبەكانیان و حیزب گەرایى لەنێوانیاندا نەهێڵن تاوەكو هەموویان بەیەكەوە كار لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەم شارە بكەن لە ڕوى كۆمەڵایەتى وڕوشنبیریەوە و وەلانانى سیستەمى عەشایەرى و پارێزگارى كردن لە ژینگەى شارەكە . من ئەو ڕێكخراوانە دڵنیادەكەمەوە ئەگەر پێنج ڕێكخراوى سەربەخۆ هەبن لە هەڵەبجەو هەریەكەیان سەد ئەندامى خۆبەخشى هەبێ ئەوا هەڵەبجە دەگەیەنن بە هەموو ئاواتەكانیان بەمەرجێك یەكگرتوبن بەڵام بەناوى جیاواز وبوارى جیاواز و ئەركى جیاواز.
6- نامەوێت و دەمەوێت !!!!
بۆیە من نامەوێت هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگا و ئەگەر ئەو كێشانەى كە باسم كرد ڕووبدات نامەوێ هەڵەبجەیەك كە خاوەنى ئەو هەموو شەهیدەیە بكرێت بە قوربانى بۆ وشەیەك كە پێیەوە بلكێ و لە شارەكانى تر بە هۆى ئەو ووشەیەوە داببڕێت و پشتگوێ بخرێت چونكە ئێستا هەموو كوردستان خۆیان بە خاوەنى هەڵەبجە دەزانن بەڵام ئەگەر ئەم شتە ڕووبدات ئەوا دەیا شارما لێدەتۆرێت چونكى ئەوانیش هەقى بە پارێزگابونیان هەیە وتەنها شەهید زۆرى ئێمە لەئەوانمان جیادەكاتەوە و بگرە ئەوانیش لە ڕووى ترەوە زۆر لە ئێمە باشترن.
بەڵام زۆر دڵخۆشم كە هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگا و وە پێویستیشە كە بكرێت و نەكردنى بە پارێزگا شەرمەزاریە بۆ دەستەڵاتى كوردى و بە پێویسترین شاریدەزانم كە بكرێت بە پارێزگا. وەك خۆم ئەگەر كرا بە پارێزگا ئامادەم خۆبەخشانە كارى بۆ بكەم بەمەرجێك پارێزگار و دەستەڵاتدارانى ئەم پارێزگایە لە كەسە دەستەڵات دار و حیزبیەكان نەبن و لە دەرەوەى پارێزگاكەوە نەیەن و جیاوازى لە نێوان یەكتر نەكەن ئەم شار و ئەوشار نەكەن ژیانیان بۆ خزمەتكرن بەم شارە دانێن بەڕوى ئەو كەسانەدابچن كە خیانەت لەم شارەدەكەن و مافى ئەم شارەیان خواردووە هەموو ئەو پرۆژە خوراوانەى ئەم شارە بگەڕێنێتەوە و بەئەركى هەموو كوردى دەزانم كە خزمەت بەم شارە بكات لە هەموو ئەو ڕوانەى كە هەڵەبجە پێویستیەتى ...... بەڵام بەداخەوە ئەمانە هیچیان ڕونادەن ئەگەر ڕوشبدات و بكرێت بە پارێزگا ئەوا هیچ كاتێك بە دڵى ئێمەى هەڵەبجەیى و دەوروبەریشمان نابێت و تەناتەت لە كاتى گونجاویشدا ناكرێت بە پارێزگا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست