لە هەڵەبجە هیچ ڕێزێك لە پێشەوا و بنەماڵەكەى نەگیرا
Friday, 29/03/2013, 12:00
هەموومان ئەوە دەزانین كە لە ناو كوردا سەركردەیەكى وەك قازى محمد نەبوە و نە دروستیش دەبێتەوە. بۆ هەمان مەبەستیش لە شارى سلێمانى ساڵانە بۆ یادى لە سێدارەدانى پێشەوا و هاوەڵانى ڕێوڕەسمێكى بەشكۆ سازدەكرێت و یەكێك لە ئامادەبوە سەرەكیەكانى ئەو ڕێوڕەسمە منداڵ و نەوە و كەسوكارى پێشەوان. ئەم ساڵیش بۆ ئامادەبونیان لەم ڕێو ڕەسمەدا كەسوكارى پێشەوا لەلایەن هێرۆ خانەوە بانگێشتى سلێمانى كران، پاش چەند ڕۆژێك مانەوەیان لە شارى سلێمانى وەك خۆشەویستیان بۆ هەڵەبجەو شەهیدانى هەڵەبجە لە ڕۆژى 29/3/2013 سەردانى هەڵەبجەیان كرد بەڵام ئەم میوانە بەڕێزانە بە هیچ شێوەیەك پێشوازیان لە لایەن بەرپرسانى هەڵەبجەوە لێنەكرا و تەنانەت بەڕێوەیەرى مۆنۆمێنتى هەڵەبجە لەویێ نەبو تا پێشوازى لەو میوانانە بكات و بەبیانوى ئەوەى لە هەڵەبجە نیە وە نوێنەر و بەرپرسارانى كۆمەڵەى قوربانیانى چەكى كیمیاوى هەڵەبجە ئامادەنەبون ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەم بەڕێزانە بۆ سەردانى كردنى ئەوان هاتوبن، جگەلەمەش تەنانەت قایمقام و سەرۆكى شارەوانیش هیچ ئامادە بونێكیان لەبەرامبەر میوانەكاندا بونى نەبو. تەنها ئەوەى كە پێشوازى لێكردن و بەو پەڕى ڕێزەوە میواندارى لێكردنى فەرمانبەرانى مۆنۆمێنتى هەڵەبجە بو كە بوە مایەى خۆشحاڵى كەسوكارى پێشەوا بەشێوەیەك لەبیریان كرد كە لەم شارەدا كۆمەڵێك بەرپرسى نا بەرپرس بونى هەیە و بەم شێوەیە كارمەندەكانى مۆنۆمێنت ئابڕوچونەكەى بەرپرسانى هەڵەبجەیان شاردەوە. پاشان میوانەكان بەناو هەڵەبجەدا گەشتێكیانكرد و سەردانى شوێنەوارى ماڵى وەسمان پاشاى جاف و شوێى شەهیدانى هەڵەبجەیان كرد لە گوندى عەنەب و دواتر بەبێ ئامادەبونى هیچ بەرپرسێك گەڕانەوە سلێمانى. ئەمە لەكاتێكدایە كە میوانەكان كاتژمێر 10ى بەیانى هاتونەتە هەڵەبجە و پێش خۆرئاوابون گەڕاونەتەوە سلێمانى. بۆیە پێویستەخەڵكى هەڵەبجە بە گەورەو بچوكەوە ئەوە بزانن كە بەرپرسانى هەڵەبجە چۆن لە 16/3ى ئەم ساڵ سوكایەتیان بە خەڵكى هەڵەبجەكرد هەمان شتیان ئەمڕۆ دژ بە هەڵەبجە و پێشەوا دوبارەكردەوە . ئەگەر ئەم میوانانە كەسوكارى پێشەوا نەدەبون و كەسوكارى بچوكترین بەرپرسى حكومى هەرێم بوایە یاخود بابۆى كوڕى بارزانى یا هەریەكێك لە بەرپرسە بارزانیەكان بوایە ئەوا هەموو بەرپرسەكان بۆ پانكردنەوە و خۆ دەرخستن و بۆ بەرزكردنەوەى پۆست لەكۆڵیان دەگرت و خۆشترین شوێنى هەڵەبجەیان پیشان دەدا، بەڵام لەبەر ئەوەى كە ئەم بەڕێزانە هاوشێوەى پێشەوا بەڕێز و خۆبەخشن بەگەل و وڵات بەو شێوەیە سوكایەتیان پێدەكرێت. شایەنى باسە پێشەوا قازە محمد لەساڵى 1946 كۆمارى كوردستانى لە شارى مەهاباد ڕاگەیاند بەڵام دواى نزیكەى 11مانگ لە فەرمانڕەواى كۆمارەكەى بەدەستى دەرەكى و ناوخۆى كۆمارەكە ڕوخاو پێشەواش دەستگیركرا و لە دادگایەكى سەربازى لە شارى مەهاباد بڕیارى لە سێدارەدانى بەسەردا سەپێندرا لەگەڵ سەیفى قازى و سەدرى قازى و لە ڕۆژى 30/3/1947 لە مەیدانى چوارچرا لە شارى مەهاباد لە سێدارە دران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست