ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ مێژوو: یه‌که‌مین چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕینی ده‌ربه‌ندیخان کێ بوو ؟!
Wednesday, 06/03/2013, 12:00
پاش بیست و دوو ساڵ له دوای ڕاپه‌ڕین و یه‌که‌م نه‌عره‌ته‌ی (به‌عسی قڕانه) ی شاری ده‌ربه‌ندیخان، ناچارین بێده‌نگی بشکێنین و ڕاستیه‌کان هه‌رچه‌نده لای خه‌ڵکی ده‌ربه‌ندیخان ئاشکرایه بۆ خه‌ڵکی کوردستان و مێژوو باس بکه‌ین
بیست و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و شه‌وی 8 له‌سه‌ر 9ی ئازاری 1991 ئێمه‌ی دهربهندیخانیانیش وه‌کو زۆربه‌ی شاره‌کانی تری کوردستان توانیمان به بێ وجودی یه‌ک پێشمه‌رگه و یه‌ک فیشه‌کی حیزبه کوردستانیه‌کان شاری ده‌ربه‌ندیخان له ڕژێمی به‌عس پاک بکه‌ینه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته له مێژووی دوور و نزیکی مرۆڤایه‌تیدا هه‌میشه ناوی ئه‌و که‌سانه‌ی که بوونه‌ته پێشڕه و بۆ سه‌رخستنی شۆڕشه‌کان له پێشی هه‌موانه‌وه بوون دره‌وشاوه‌تر بووه، که ئه‌وه‌یش بچوکترین و پڕ بایه‌خترین مافێکه که خاوه‌نه‌کانیان شانازی پێوه بکه‌ن، وه هیچ که‌س و تاقمێکیش حه‌قی زه‌وتکردن یاخود فه‌رامۆشکردنی ئه‌و مافه‌ی له خاوه‌نه‌کانیان نییه.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ناچاریکردم ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه بنوسم، ئه‌وه‌بوو له ماوه‌ی ساڵانی دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه چه‌ندین جار باسی ڕزگارکردنی شاری ده‌ربه‌ندیخان ده‌کرێت، به‌ڵام هه‌ندێجار ڕاستیه‌کان به هه‌ر مه‌رامێک بێت ده‌شیوێنرێت و ته‌وای حه‌قیقه‌ته‌که باس ناکرێت، بۆیه منیش به ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و مێژووی ده‌زانم که ئه‌و ڕاستیانه بۆ خه‌ڵکی کوردستان به تایبه‌ت نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین ڕوونبکه‌مه‌وه
کێ بوون ئه‌وانه‌ی یه‌که‌م نه‌عره‌ته‌ی (به‌عسی قڕانه)یان دا به گوێی خه‌ڵکی ده‌ربه‌ندیخاندا دا؟
شه‌وی 8 له‌سه‌ر 9ی ئازاری 1991 ده‌رگای مزگه‌وتی شێخ محمد مان شکاند به هاوکاری به‌ڕێز (حه‌مه‌ی سه‌ی حه‌لاو) بڵندگۆی مزگه‌وته‌که‌مان خسته‌کار و یه‌که‌م نه‌عره‌ته‌ی (به‌عسی قڕانه) که درا به گوێی خه‌ڵکی ده‌ربه‌ندیخاندا نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته بوو، که سات له دوای ساتیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌کرد مزگه‌وته‌که هاوه‌ن باران بکرێت، به‌لام خۆشبه‌ختانه له‌وکاته‌دا هیچ ڕووداوێکی ناخۆش ڕووی نه‌دا، له یه‌که‌م ساته‌وه ئه‌م که‌سانه له ناو مزگه‌وته‌که‌دا بوون:
1. سه‌ردار مه‌حموی حه‌مه موراد.
2. حه‌مه‌ی سه‌ی حه‌لاو.
3. ئه‌حمه‌دی حه‌مه‌سووری سه‌لیم پیرک.
4. کامه‌ران سیارهیی.
له پاش ماوه‌یه‌ک له هاوار و نه‌عره‌ته‌ی ڕاپه‌ڕین و دروشمی (به‌عسی قڕانه) ی من، به‌ڕێزان (دکتۆر حه‌کیم و مامۆستا واحید)، که گوێیان له ده‌نگی من بوو هاتنه ناو مزگه‌وته‌که‌وه و شێرئاسا له بڵندگۆی مزگه‌وته‌وه نه‌عره‌ته‌ی خۆیان کێشاو مێژوویه‌کی پڕ له سه‌روه‌ریان بۆ خۆیان و میلله‌ته‌که‌یان تۆمار کرد، که هه‌موویان جێگه‌ی شانازی ئێمه و نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینن، هه‌ر بۆ مێژوو به پێویستی ده‌زانم ئه‌وه بڵێم هه‌روه‌ک چۆن من (سه‌رداری مه‌حموی حه‌مه‌موراد) یه‌که‌م که‌س بووم ڕاپه‌ڕینم له شاری ده‌ربه‌ندیخان جاڕدا، به هه‌مان شێوه به‌ڕێز (مامۆستا واحید)یش یه‌که‌م مامۆستابوو ، هه‌روه‌ها (دکتۆر حه‌کیم) یش یه‌که‌م شیوعی بوو، به‌ڵام یه‌که‌م که‌س نه‌بوون، به‌ڵێ یه‌که‌م که‌س نه‌بوون و شه‌ره‌فی یه‌که‌مین چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕینی ده‌ربه‌ندیخان که خه‌ڵکی شاری ده‌ربه‌ندیخان شایه‌تی ئه‌و ڕاستییه‌ن، هی (سه‌رداری مه‌حموی حهمهمراده) و مێژووش شاهیدی ئه‌و ڕاستییه‌یه.
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش دووهه‌م و سێیه‌م که‌سن، به پێی ڕیز به‌ندی، نه‌ک یه‌که‌م.
له‌به‌ر ئه‌وه داوا له هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه ده‌که‌م که له ڕۆژی 9ی ئازاری ئه‌مساڵدا له 22 هه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی شاری ده‌ربه‌ندیخاندا ئه‌گه‌ر ڕاستیه‌کان وه‌کو خۆیان باس ناکه‌ن با نهیشیوێنن، چونکه مێژوو هیچی لێ وون نابێت، ئه‌مڕۆبێت یان سبه‌ی خه‌ڵکی ڕاستییه‌کان هه‌ر ده‌زانن، چونکه 22 سال مێژوویه‌کی هێنده دوور نییه ...!
سه‌رداری مه‌حموی حه‌مه‌موراد
- 0031633935793 ---ژماره‌ی ته‌له‌فۆن
هۆڵه‌ندا- ده‌نهاخ
06-03-2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست