شۆڕش ماوەو زیندوە
Friday, 31/05/2013, 12:00
عومەری حاجی مەحموی هارونی و یەکەمین پەیامی
..... شۆڕش ماوەو زیندوە .....
بەیادی ئەو ڕۆژانەی - لە بیری هەموان چوونەوە
ساڵی ١٩٧٦-١٩٧٧ وێڕای هەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕشی کورد ، ساڵانێکی پڕ جۆش و خرۆشی نێو گەنج و تازە پێگەیشتوانی کوردستان بوو..
لەبیرمە ساڵانی ١٩٧٧ و ١٩٧٨ گەرم و گوڕترین نەورۆز لەدەربەندیخان و لە قەشقۆڵی دوکان پیرۆز کرا ،
ئەونەورۆزانە هەق وابوو ناوبنرانایە نەورۆزی هەستانەوە ،
ئەو نەورۆزە کلێتەی خوری و پوزەوانەو فەقیانەو کوڵەباڵ و جلی کوردی ڕەسەن بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لەبەرکرا..
ئەو نەورۆزانە ، گەنجە دڵ پڕ لە هیواکانی دەربەندیخان ، بە پۆشینی ئەو پۆشاکانە بە بەعسیان دەووت :- کەس نەڵی کورد مردوە ،، کورد زیندوە ....
هەر ئەو نەورۆزانە بوو ، مامۆستا جەمیلی چنارەیی بوو بە خۆراکی ئاگرو مەشخەڵانی کوردایەتی ...
ئائەو نەورۆزانە بوو.
زیندەیاد - عەلی حاجی تالب کۆکزی ،
عەریف حەفلی ئاهەنگی پڕ حەماسەت بوو .
دەیووت :-
بەهار نامەوێ جوانیت ببینم
ئەمڕۆ من بە دڵ پەست و غەمگینم
دوژمنی لالە و گوڵ و نەسرینم
دوورم لە خۆشی خەریکی شینم
..........
لەبیرمە ئەو ساڵانە زۆربەی گەنجەکان خۆیان بە شۆڕشگێرو دژە بەعس دەردەخست..
عەلی تالب نوری حەمەوخان (حسێن و حەسەنی) حەمە سوور عومەری حاجی مەحمووی هارونی خالدی مستەفا ئاغا ساڵحی حاجی حەسەن ساڵحی حسەینی قادر عەلی کەڵوەشی ئەکرەمی قادری مەلا سەعید قادری مەلا زاهید تۆفیقی تەڵا سەلاحی پاشا ،ساڵحی حاجی حسەینی کەریم - کەمالی حەمەی کوێخا و دەیان و سەدان ناوی تر ، کە ئیستا من لە بیرم نەماون ..
ئەو ساڵانە ڕەنگە چەن کەسێک لەم ناوانە ڕێکخستنی کۆمەڵەو یەکێتیان ناسیبێت ،، بەڵام دڵنیام زۆربەی زۆری ئەو خەڵکە سەر بە هیچ ڕێکخراو ئایدیایەک نەبوون ،، بە دوای مەنفەزێکدا دەگەڕان ،، بەڵام هەمویان لە بۆتەی کوردایەتیدا کوڵیان دەخوارد..........
ئەو سالانە تاکە قەیسەری یەک لە دەربەندیخاندا هەبوو ،،
قەیسەری یەکەی عەلی فەتاح بوو .
لەو قەیسەری یەدا ،
حەمەی نەجیبە خەیات بوو ، ڕۆستەمی فەقێ ئەحمەد موسەڵەحی ڕادیۆ و موسەجەل بوو ،
جاسم مەندەلاوی کوبەی دەفرۆشت (یەکەمجار لەژیانمدا کوبە زەردە جوانەکانم لەوێ بینی و کڕی و خوارد) ، ساڵەحی حاجی ڕەشیدی بانیخێڵان دوکانێکی هەبوو لەبەشی پێشەوەی سەری بێ دەلاکی ئەتاشی ، لە پشتەوە ڕادێۆ و موسەجەلی دەسکاری دەکرد ، لەدەرەوەی دوکانیش موئەزەن و بانگدەری مزگەوتی بانیخێڵان بوو ..!!!
عەبدوڵای حەمەسوریش (عەبەکۆڵ) حەلاق بوو ، چەن دوکانێکی تریش خەیات و بەقاڵ و هتد .... بوو .
یەکێکیش لەو دوکانانە هی عومەری حاجی مەحموی هارونی بوو ،،
ئەگەر هەڵە نەبم وابزانم کاری خۆش نووسی دەکرد ....
ئێستاش باش باش لە بیرمە لەسەر کارتۆنێکی ڕەسم نووسیبوی
(پیاوی هونەرمەند کەساسە لێرە ،،، بە دوو سک برسی و بە سکێ تێرە) .... هێمن
ئەو ڕۆژانە هێشتا بانگی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ لە کولەکەی تەڕدا بوون..!
ئەوڕۆژانە لەم شارەی ئێمەدا ، خەباتی ڕاگەیاندن ،
نووسینی سەردیواری ئاودەستی مزگەوتەکانی تێنەپەڕاندبوو .!
بەیانیەکیان کە لە خەو هەستاین و بەرەو دەرگا قوتابخانە ملمان دەنا ،، بۆ یەکەمجار لە مێژووی شۆڕشی نوێ و لەو شارەی ئێمەدا ، بە بۆیاخێکی پەمپی (سپرای) سەوز لەسەر هەندێ شوێنی بەرچاوی ئەو شارەی ئێمە ،
عومەری حاجی مەحمووی هارونی
- بۆیەکەمین جار بیلال ئاسا ، بانگی هەقی داو کۆمەڵێک دروشمی شۆڕشگێڕانەی لەسەر دیواری قوتابخانەو قایمقامیەت و شوێنە گشتی یەکان نووسی..............
دیاریترین دروشم کە دڵی خەڵکی خۆشکردوو دڵی دوژمنی تەزاند ، ئەم دروشمە بوو کە لەسەر دیواری قادرمەکانی قوتابخانەی ئامادەیی دەربەندیخان (کە ئەوکات تاکە ئامادەیی بوو) نووسی بووی
... شۆڕش ماوەو زیندوە ......
ئەو ڕۆژە شار شڵەژا بوو،، بیلالێکی نەناسراو بانگی لە کولەکە دەرکردبوو ،،، ڕژێم تەواو پەرێشان بوو .!
ڕژێم و پیاوەکانی کەوتنە پەلەقاژەو گەڕان و پەیجوور..
بەداخەوە کە زیندەیاد - کاک عومەر ئیستا لە ژیاندا نەماوە ، تاخۆی باسی ئەو ڕووداوە بکات ،
بەڵام ڕەنگە کەم ئەزموونی بووبێت ،،
لەبەر ئەوەی تاکە بۆیاخ فرۆشی شارەکە (حەمەزارا) بوو ، کاک عومەر ، مامۆستا ئیسماعیل دەنێرێت قوتویەک بۆیاخی سپرای بۆ بکڕێت،،
بۆ ئەو ڕۆژە بەعس بە تاقیب و تەحقیق نووسەری دروشمەکانیان دۆزی یەوەو خستیانە ژێر ئەشکەنجەوە ،، پاش ماوەیەک عومەر ئازاد کرا ..
من نازانم عومەر دانی بەوکارەدا نەنا ، یان بەعس نەیانویست مەسەلەکە لە خۆیان ئاڵۆزتر بکەن..!
بەڵام ئەوە دەزانم کە عومەری حاجی مەحموو یەکەمین قارەمانی سەردەمەکەی خۆی بوو کە گۆمی ماتی و بێدەنگی ئەودەمی شڵەقاندو ورەیەکی گەورەی بەخشی بە جەماوەر...
ئەمێستاش ، سی و پێنج ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا، تێدەپەڕێت،،،
ساڵێک لە ساڵان و ڕۆژێک لەڕۆژان
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هیچ کەسێکیش لە کادیرە تیکۆشەرو تێگوشەرەکانیشی ، بەوانەی کە کوڕانی ڕۆژی تەنگانە بوون و بە کادیرە خۆر نەدیوو نازدارەکانی بەر سپلیتیشەوە .............
کەسێک بە تاکە دێڕێکیش یادێکی لە عومەر نەکردەوەو یادێکیان لەو قارەمانانە نەکردەوە کە پێشەنگی هەرە لە پێشی کوردایەتی بوون !!!
سەرەڕای ئەوەش عومەری حاجی مەحموود -عەلی گالب کۆکزی - خالیدی مستەفا ئاغا - نوری حەمەخان و چەن کەسێکی تر لەپێشمەرگە زۆر سەرەتایی یەکانی شۆڕشی تازە بوون و کەسێ باسێ لە کەسیان ناکات....
جێگای خۆیەتی لێرەوە سەری نەوازش بۆ هەموو تێکۆشەرانی ڕۆژە سەختەکان دانەوێنین
نەفرەتیش لەو نیشتمان فرۆش و نەوتفرۆشانە بکەین ، کە شەقیان لە کفنی پیرۆزی شەهیدان هەڵدا...
سەرشۆڕی بۆ ئەوانەی لە ئاستی ناهەقیدا بێدەنگن و دەستیان بە کڵاوی شەرمەزاری یەوە گرتوە بۆ ئەوەی بانەیبات .....
یادی ئەو ڕۆژانە بە خێر سەرباری تاریکیان ئومێد هەمیشە بزیسکی دەدا ،،،
بە ئومێدی ئەو نەسڵەی کە جارێکی دی دەنووسێت :-
.... شۆڕش ماوەو زیندوە ....
سەرداری مەحمووی حەمەمراد هۆڵەندا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست