لەنێوان جوملوكییەتی دەسەڵاتداران و جومهورییەتی دیموكراسیی گەلاندا
Saturday, 31/03/2012, 12:00
سەرەتا بە پێویستی دەزانم پێناسەیەكی كورتی زاراوەی (جملكیە) بكەم، چونكە بێ تێگەیشتن لەو زاراوەیە تێگەیشتنی بابەتەكەش ئەستەم دەبێت. (جملكیە) وشەیەكی داڕێژراوە و لە هەردوو وشەی (جمهوریە) واتە كۆماری و (ملكیە) واتە شانشینی، پێكهاتووە. (جو) كە بەشی یەكەمی ئەم زاراوەیە لە وشەی (جمهورییە)و (ملوكییە)ی بەشی دووەمیشی لە وشەی (ملكیە) وەرگیراوە. ئاشكرایە جومهورییە یاخود كۆماریی ئەو وڵاتەیە كە سەرۆك و، مەلەكییە یان شانشینیش ئەو شوێنەیە كە پاشا یاخود مەلیك حوكمی تێدا دەكات. ئەم دوو جۆرە سیستەمەش بێگومان جیاوازییان زۆرە و گرنگترینی ئەو جیاوازییانەش ئەوەیە پاشا تا مردن پاشا و فەرمانڕەوایە و دەسەڵاتەكەشی ویراسییە، بەڵام سەرۆك ماوەی فەرمانڕەوایەتییەكەی كاتییە و دوای تەواوكردنی ئەو ماوەیەی كە بۆی یاری كراوە، دەبێ بڕوا و كەسێكی دی جێگەی بگرێتەوە.
لەم ئاستەدا ئەوەی كە بەجۆرێك لە جۆرەكان جوانییەك بەم دوو سیستەمە دەدات، وەكو دوو سیستەم و دوو جۆر لە فەرمانڕەوایەتیی داهێنراوی مرۆڤ و وەكو بەرهەمی ئینسانەكان لە كار بەڕێوەبردن و حوكمداری دا، جیاوازی ئەو دوو سیستەمەیە. جیاوازی بەو مانایەی مرۆڤ لە باسكردنی سیستەمی سیاسیی وڵاتێكی دیاریكراودا، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو تایبەتمەندییانەی كە ئەو سیستەمە هەیەتی، یان ناونیشانی ئەو كەسەی كە فەرمانڕەوای ئەو وڵاتەیە، ڕاستەوخۆ بتوانێ بڕیار بدات ئایا ئەو سیستەمە كۆمارییە یان شانشینی. بەڵام وەك چۆن جیاوازی ئەو دوو جۆرە سیستەمە و ڕوونی و ئاشكرایی سنووری نێوانیان، جوانییەك بەو دوو سیستەمە دەدات، بەهەمان شێوە، ئاوێتەبوون یا تێكەڵ بوون و نەمانی سنووری نێوانیشیان، ناشیرینییەكی ئێجگار گەورەیە كە بەتایبەت تووشی سیستەمی كۆماری دەبێت. واتە: ئەم دوو سیستەمە كە لە بنەڕەتدا دەبێت جیا بن و هەریەكەیان تەعبیر لە جۆرێكی جیاواز لە بەڕێوەبردن بكات، بەوەی كە یەكێكیان ڕەنگ و سیفەتی ئەویتریان هەڵبگرێت و بە نەتیجە مرۆڤ نەزانێ كام جۆرەیانە، یان یەكیان ئاوێتەی ئەویتریان ببێت و ئینسان لە هەمبەر دیاریكردنی جۆرەكەیدا سەری لێ بشێوێت، بێگومان ناشیرینییەكە تا سەر ئێسقان ناشیرین، بەڵكو كارەساتێكە هەر یەك لەو سیستەمانە تووشی دەبێت.
هەڵبەت لێرەدا زۆرگرنگە ئەوە بزانین كە ئاوێتەبوونی ئەم دوو جۆرە سیستەمە هەرگیز ئاوێتەبوونێكی دوو لایەنە نیە، بەڵكو ئەوە تەنها سیستەمی كۆمارییە كە زۆربەی كات، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبییدا، قالبێكی پاشایەتیی وەردەگرێت و جگە لە ناوەكەی، ئیدی بە تەواوەتی لەوە دەترازێ كە كۆماری بێت و زۆر جار جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ پاشایەتیدا نامێنێت. ئەمەش بێگومان گۆڕانێكی لەخۆوە نیە، واتە گۆڕانێك نیە سیستەمی كۆماریی لە خودی خۆیدا بەرەو بە پاشایەتیی بوون لەخۆی بگرێ، بەڵكو گۆڕانێكە خودی دەسەڵاتدارانی ئەو جۆرە سیستەمە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانیان، كە گرنگترینیان خۆی لە پاراستن و هێشتنەوەی دەسەڵاتدارێتیی ئەبەدیی ئەواندا دەبینێتەوە، پیادەی دەكەن.
جا بێگومان هەر ئەمە خاڵی سەرەكی و جەوهەری ئەو ڕووداوانەیە كە ئەمڕۆ لە وڵاتانی عەرەبییدا ڕوودەدەن و ناوی (بەهاری عەرەبی)یان لێ نراوە. ئینسانی عەرەبیی لە وڵاتێكی بۆ نموونە، وەكو سوریادا، لەوەتەی هەیە بە (كۆماریی) لە وڵاتەكەی گەیشتووە، لەوەتەی چاوی كردۆتەوە ئەوەی بەگوێدا دەچرپێنرێ و دەگوترێتەوە كە ئەو لە وڵاتێكی (كۆماریی)دا دەژی، كەچی هەمان ئەو ئینسانە دوای تێپەڕینی ساڵانێكی ئێجگار زۆر، ئەوەی كە دەیبینێت تەواو پێچەوانەیە. ئەو دەبینێت (حافز ئەسەد)ێك كە پێیدەگوترێت سەرۆك، لە ڕەفتاریدا پاشایە، سەرۆكێكی پاشایی ئەبەدییە، سەرۆكێكە تا دەمرێت خۆی سەرۆك و دوای مردنیشی كوڕەكەی دەبێتە جێنشینی، ڕێك وەك كوڕی پاشایەك لە سیستەمێكی پاشایەتیدا كە دوای مردنی باوكی بەشێوەیەكی سروشتیی و ئاسایی ویراسییانە دەبێتە جێگرەوەی باوكی. ئەمەیە تێكەڵبوون و ئاوێتەبوون، ئاوێتەبوونی (كۆماریی) بە (پاشایەتیی)، ڕەنگ گرتنی (كۆماریی) بە (پاشایەتیی) و بوونی سەرۆك بە پاشا، بەبێ گۆڕانی ناوی وڵاتەكە لە كۆمارییەوە بۆ پاشایەتیی.
ئێمە دەزانین بەشێكی باش لەو وڵاتانەی كە ئەمڕۆ شەپۆڵی بەهاری عەرەبی گرتوونیەتەوە، پێشتر وڵاتی شانشین بوون. زۆربەی ئەو وڵاتانە ڕۆژگارێك پاشاكان حاكم و فەرمانڕەوایان بوون، بەڵام گەلانی ئەو وڵاتانە لە ڕێگەی شۆڕشەوە و بە خوێنی خۆیان دەسەڵاتداریەتیی پاشایەتییان لەناو برد و، سیستەمەكانیان بەرەو كۆماری گۆڕی. كەچی ئەوەی لە كۆتاییدا، واتە لەم سەردەمی بەهاری عەرەبییەدا، خەڵكی ئەو وڵاتانە بۆیان دەردەكەوێت، ئەوەیە: ئەوان فێڵیان لێكراوە. ئەوان ئامانجەكانی شۆڕشیان لێ دزراوە. شۆڕش كە دەیویست شتێكی جیاواز لە پاشایەتیی بكات بە سیستەمی وڵات، ئێستا دەردەكەوێ كە هیچی نەكردووە جگە لە گۆڕینی ناوەكان: پاشایەتیی بۆ كۆماریی و پاشاش بۆ سەرۆك. شۆڕش لە هیچ یەكێك لەو وڵاتانەدا نەیتوانی پەیكەری حوكمڕانی بەجۆرێك دابڕێژێتەوە تەواو پەیكەرێكی كۆماریی بێت، سەرۆكێك دیاری بكات بە مانای وشە سەرۆك بێت و هیچی لە پاشا نەچێت، سەرۆكێك میللەت خۆی بڕیاری دامەزراندنی بدات و هەر خۆیشی بڕیاری لادانی بدات. واتە: شۆڕش نەیتوانی ئەو دەسەڵاتە بۆ گەل بگەڕێنێتەوە كێی ویست هەڵیبژێرێت و كاتێكیش پێویستی كرد، پێی ببژێرێت! نەخێر، ئەوەی شۆڕش لەو وڵاتانەدا بەرهەمی دێنێت ڕژێمێكی جوملوكیی ئەبەدیی دكتاتۆر و خوێنڕێژە، ڕژێمێك بەرهەمهێنەری سەرۆكی پاشایی، سەرۆكێكی لە ناودا سەرۆك، بەڵام لە ناوەڕۆكدا پاشا.
ئاشكرایە ئەوەی هەر ڕژێمێكی لەو جۆرە بۆ ئەو مانەوە بەزۆر و خۆسەپێنییە پێوسیتی پێ دەبێت، بریتییە لە: زەبر و زەنگ و بەكارهێنانی هێز، ترس و تۆقاندن و چەوساندنەوە، بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان، پیرۆزكردنی سەرۆك، كاركردن لەسەر دروستكردن و بەرهەمهێنانی ئینسانگەلی بێ ئیرادەی ملكەچ لەبەردەم ڕژێم و سەرانییدا. ڕژێمی لەو جۆرە پێویستی بە دروستكردنی فەزایەكە تیایدا ڕەنگی باڵادەست: یەك ڕەنگ و، حیزبی خاوەن هەموو ماف: حیزبی قائید و ، شكۆ و سەرفرازیی: هەمووی هەر هی سەرۆك و بنەماڵەكەی و، دەنگ و بڕیاری كۆتاییش سەبارەت بەهەر مەسەلەیەك: هەر هی ئەو سەرۆكە و حیزبەكەی بێت. لەسایەی ڕژێمی ئاوادا، هەموو دەسەڵات و بڕیار و خێر و بێرێكی نیشتتیمان لەدەست كەمینەیەكی زۆر كەمی دەسەڵاتدار و چەند كەسێكی موریدی ئەو دەسەڵاتدارانەدا قەتیس دەمێنێت و زۆرینەی میللەتیش دەبێت ژیانێكی پڕ لە چەرمەسەریی و ناخۆشیی و هەژاریی و قات و قڕی بژین.
لە ڕاستیدا، گەل وەكو زۆرینە، هیچ كات چەشنی ئەو بارودۆخەی سەرەوەی قبوڵ نیە، بەڵام كاتێك بێ دەنگە، ڕەنگە لە هەندێ شوێن ئومێد بە چاكسازی و لە هەندێ جێگەی تریش ترس لەو دەرئەنجامانەی كە لە ئاكامی تەقینەوە و بەرپاكردنی شۆڕش بەڕووی ئەو ڕژێمانەدا ئەگەری كەوتنەوەیان هەیە، بێ دەنگی كردبێ. بەدەر لەمە، هەركاتێك خەڵك بگاتە چڵەپۆپەی بێ ئومێدی، ڕووداوێكی سادە و بچووك بەسە بۆ ئەوەی ببێتە هاندەری ڕاپەڕینیان و لە دژی ئەو ڕژێمانە هەموویان بڕژێنێتە سەر شەقامەكان! باشترین نموونەش ڕووداوی خۆسوتاندنی (بو عەزیزی)یە، كە وەكو ئاگرێكی بڵێسەدار بەردەبێتە دارستانی وشكهەڵاتووی ڕژێمەكەی (بن عەلی) و پاشانیش كڵپەی بەهێزی دەگاتە وڵاتانی تری هاوشێوە و هاوسیفەت!
ئینجا، ئەوەی كە وەكو ئەنجامێكی حەتمی لە پەیوەندی نێوان ئەو جۆرە سیستەمانە و گەلەكانیان و لە ویستی پێچەوانە و دژبەیەكی هەردوولاوە دەكەوێتەوە، لۆژیكی بەكارهێنانی هێزە، بژاری چاو سووركردنەوە و هەڕەش لێكردنە، گرتنەبەری رێگای كاولكردنی تەواوی وڵات و قەتڵوعامی سەرلەبەری ئینسانەكانە، لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر ناڕەزایی و شۆڕشێكدا. بە واتایەكی تر، سیستەمی جوملوكیی كە دەسەڵاتداریەتیی ئەبەدیی و كۆنتڕۆڵكردنی هەمەلایەنەی سەرجەم كایەكانی ژیان مەبەستیەتی و میللیەتیش كە پێچەوانەی ئەمە، واتە ڕژێمێكی كۆماری دیموكراسیی و بەدیهێنانی ئازادیی گشتی، ئامانجیەتی، لە خاڵێكدا بەریەك دەكەون. ئەویش خاڵی بەكارهێنانی هێزە لە لایەن ڕژێمەوە، بۆ سنوورداركردن یان ئەسڵەن كپ كردن و كڕكردنی ئەو داواكارییانەی خەڵك. ئەم خاڵە هەرچەندە دەكرێ بە سەرەتای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەو ڕژێمانە دابنرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەمان خاڵی لوتكەی نەهامەتییەكانی خەڵكیش دەنوێنێت. خاڵی ناوبراو كە (climax) ی ڕووداوەكانی ئەو بەریەككەوتنەیە، سەرەتا لوتكەی تێنەگەیشتن، یان ڕاستتر بڵیم، خۆ لە گێلی دان و گوێ پێنەدانی دەسەڵاتە بە داواكارییەكانی خەڵك و، دواتر لوتكەی داواكاری خەڵك و پاشانیش لوتكەی بەكارهێنانی هێزی وەحشیگەرانە و درنِدانەیە، لە دژی هەموو ئینسانێكی ناڕازی، سڤیل یان سەربازی، بەبێ جیاوازی!!
ئەگەر بە وردی لە ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی بڕوانین، دەبینین كە خەڵكی هەژار و چەوساوە سەرەتا داواكاری سەرەكییان بریتیبوو لە چاكسازی، بەڵام كاتێك دەسەڵاتی جوملوكیی نەك وەڵامی ئیجابیی نابێت، بەڵكو بە ئاگر و ئاسن هەوڵی بڵاوەپێكردن و گرتن و كوشتنی خۆپیشاندەران دەدات، ئیدی بەرەبەرە سەقفی داواكاری خەڵك هەڵدەكشێ تاوەكو دەگاتە لوتكە، دەگاتە شوێنێك كە سەبارەت بە ڕژێم و سەرانی هێڵی سوورە و بەهیچ شێوەیەك جێگەی قبووڵ نیە، ساتێك كە خەڵك پڕ بە دەنگ لە هەموو كووچە و كۆڵانێكی شارە دوور و نزیكەكان هاوار بكات: (ارحل)، یان (الشعب یرید اسقاگ النڤام). ئەمە، وەك وتم، بەلای ئەو ڕژێمانەوە بڤەیەكی زۆر ترسناكە، ئاگرێكی داغە گەل یاری پێوە دەكات، ڕێگایەكە بەرەو كۆتایی تەمەنی سەرۆكە پاشاییەكان و دەسەڵاتە ویراسییەكانیان، مەترسییەكی ئێجگار ترسناكە بۆ سەر پەیكەری بە ڕوالەَت ڕەگ داكوتاو و لەڕاستیدا داڕماو و داتەپیوی ئەو ڕژێمانە! ئەمە، هەرچەندە ڕاستییەكی زۆر تاڵە، بەڵام پەنجەرەیەكە دكتاتۆرەكان لە ڕێگەیەوە ڕابردوو و داهاتووی خۆیان دەبینن. ئەو سەرۆكە پاشاییانە كە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەوە ڕابردووی خۆیانیان بیردەكەوێتەوە و تێدەگەن كە بەهۆی هەمان ئەو ڕابردووە پیس و نەفرەتییەوە هەرچۆنێك بێت، دەبێت لە داهاتوودا لەبەردەم دادگای گەل دا ئامادە بن، ئیدی بەرچاویان تاریك دەبێت و هەرچییەك لە كۆمەڵكوژی و كاولكاری خاك و نیشتیمان و دار و بەردی وڵات بیكەن و ئەنجامی بدەن، نایەتە بەر چاویان و داخی دڵیان دانامركێنێتەوە! بۆ ئەمەش نموونە ئێجگار زۆرن، بەڵام لێرەدا تەنها چەند دانەیەكی كەمیان ئاماژە پێدەدەین كە لەماوەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی ڕووداوەكانی شۆڕشی سووریدا ڕوویانداوە. لە سەرەتای شۆڕشی سووری و لەشاری (دەرعا) كاتێك بۆ یەكەمین جار خۆپیشاندەران داوای ڕۆیشتنی ئەسەد و ڕژێمەكەی دەكەن، لایەنگران و شەبیحەكانی ئەسەد بە ڕاشكاوی بە خەڵك دەڵێن: (اما الاسد او لا احد)، واتە: یان ئەسەد یان هیچ كەس، یان دەڵێن: (اما الاسد او حرق البلد)، واتە: یان ئەسەد یا سووتاندنی تەواوی وڵات. هەر لەو سەروبەندەدا، بەرپرسێكی باڵای حیزبی بەعسی ئەسەدیی زۆر بێ شەرمانە ڕووی دەمی دەكاتە خەڵكی ڕاپەڕیوی سووریا و بە ئاشكرا دەڵێت: كاتێك ئێمە جڵەوی حوكممان گرتە دەست، سوریا 8 ملیۆن كەس بوو، ئێستا 20 ملیۆنە، بۆیە باكمان بە كوشتنی خەڵك نیە، تا ئەو كاتەی ژمارەكە وەكو سەرەتای سەردەمی حوكمی ئێمەی لێدێتەوە)، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك كە ئەوان بێ دوو دڵی ئامادەن تا 12 ملێۆن كەس بكوژن، تەنها و تەنها لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتەكەی خۆیاندا. جا وەنەبێ ئەمانە هەر قسەی ڕووتی بێ كردار بن، بەڵكو بەداخەوە بینیمان و تا ئێستاش دەبینین زیاتر لەوەی كە گوترا، جێبەجێكرا، زۆر ترسناكتر لەوەی كە هەڕەشەی پێ دەكرا، لە واقیعدا بەرجەستەكرا.
لەمەشەوە ئەوە دەردەكەوێت ویستی ئەو دەسەڵاتدارانە و ئامانجی ئەو خەڵكە هەژارە چەندە لە یەكتری دوورن، ئەوان بە دوای چیدا وێڵ و خەڵك بە دوای چیدا پەرێشانە!! هەر لێرەوەیە دوو جیهانی زۆر جیاواز لە یەكتری، دەردەكەون: یەكەمیان جیهانی دكتاتۆرەكان و ڕژێمە خوێنڕێژەكانیانە، جیهانی ڕژێمە جوملوكیی و سەرۆكە پاشاییەكان، دونیای سیستەمی تاك حیزبی، سیستەمی زوڵم و زۆرداری و خۆسەپێنی و خوێنمژی!! دووەمیشیان كە جیهانێكی تری زۆر جیاواز و دابڕاوە: جیهانی خەڵكی هەژار و لێبڕاوە، جیهانی ئینسانە لە هەموو ماف بێبەشكراوەكانە، دونیای منداڵ و ئافرەت و پیری ناچاركراوە بە ژیانێك لێوانلێو لە تاڵی و سوێری و بێبەری و دوور لە شیرینی و خۆشی!! ئەمڕۆ و لەبەر ڕۆشنایی هەست كردن بە بوونی ئەم دوو جیهانە ناهەوسەنگ و پڕ لە نادادییەدا، خەڵك ئەمە داوایەتی: جومهورییەتێكی دیموكراسیی كە ئەرك و مافی هەمووان تیایدا دادوەرانە دیاریی بكرێت، نەك جوملوكییەتێكی ئەبەدیی دكتاتۆر و زۆردار كە تیایدا "هیچ" هی خەڵك و "هەموو"ش هی كەمینەی دەسەڵاتدار بێ!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست