کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان چۆن ڕووی رەشى دەسەڵاتى سپی كردەوە ؟ پێم وانیە دەنگى تەپڵەكان ، دەنگى راستەقینەى من بووبن !

Saturday, 10/04/2010, 12:00


دواى ئەم هەموو بێنە و بەردەیەى نێوان گۆڕان و دەسەڵاتە علوجەكەى كوردستان ،" تاڵەبانى كورسیەكەى وەردەگرێتەوەوئێمەش بەخێر و سەدەقە دەكرێینە ئەندامى لیژنەكان " لە كۆتایدا گورزێكى كەمەرشكێن بە ئۆپۆزسیۆن بەگشتى و بەتایبەتى بە گۆڕان و خەون و ئاواتەكانى خەڵك كەوت . لە نیسانى 2003 ەوە بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى كێشەى رەواى كوردیان لەگەڵ ناوەند لەلایەك و لەگەڵ هێزەكانى ئەمەریكا لەعێراق لەلایەكى ترەوە بۆ بەرژەوەندى حزبەكانیان و لەو نێوەشدا بۆ دوو بنەماڵەكەى خۆیان و دۆستان و رەعیەتى بنەماڵەكانیان بەكارهێناوە و لە ئەنجامیشدا ئەو دوو بنەماڵە ئێستا وەك دوو كۆمپانیاى زەبەلاح سەرجەم كایەكانى ژیانى مرۆڤى كوردیان پێ كۆنترۆڵ و كوردیان پێ بێ ئیرادە و كڵۆڵ و زەلیل كردوە ! لە ئەنجامى سیاسەتى بنەماڵەیدا چەندین كێشەى رەواى گەلەكەمان بە چارەسەرنەكراوى و هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە و ساڵ دواى ساڵ و حكومەت دواى حكومەت دەستاودەستى پێكراوە تاگەیشتۆتە ئەمڕۆ ، هەرەنموونەى زەق و زیندووى ئەو كێشانە ، چارەسەرنەكردنى كێشەى بەكوردستانى بوونى كەركوك و جێ ناكۆكەكانە ، بەمیلیشایی هێشتنەوەى هێزە چەكدارەكانى پارتى و یەكێتییە ، نەبوونى یەك حكومەتى و نەبوونى تائێستاى ناوەندێكى بڕیارە لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەكانى خەڵكى كوردستان ، بێ دەسەڵاتى و ئیفلینجكردنى پەرلەمان و كردنیەتى بە دەزگایەكى بەشەرعى ناساندنى تاوان و كارە نادروستەكانى پارتى و یەكێتیی ، گاڵتە هاتن و جرت لێ دانە بۆ هەموو ئەو بڕیارو داوایاساییانەى كە لەسەر عمر مرتاحەكان وئاشتى هەورامیەكان و كۆمەڵێ كێشەى هاوشێوەى ئەو كێشانە هەیە كە دژى حەقى عام ئەنجامدراوە و تاوانەكانیان پێویستى بە سەلماندنى ترنیە ! سەرەڕاى هەموو ئەو گیروگرفتە یاسایی و سیاسی و ناو خۆیی و ناوەندى و ناوچەیی و نیشتمانى و نەتەوەیی هەیە كە دەسەڵاتى كوردى و نوێنەرە دز و مل ئەستورە پارە خۆرەكانى یەكێتیی و پارتى تائێستا لەگەڵ حكومەتى ناوەندى بە چارەسەرنەكراوى یا وەك مەلەفێكى دۆڕاوى دانوستاندنەكان ماوەتەوە كەوەك مۆرێكى رەش وایە بە تەوێڵى نوێنەران و سەركردایەتى تاڵەبانى و بارزانى یەوە ، خاڵى لاوازى كارى دیپلۆماسی نوێنەرایەتى كورد لە دەرەوە و نوێنەرانى كورد لە پەرلەمانى عێراقدا هەمیشە لەوەوە سەرچاوەى گرتوە كە چى باشە و چى لەبەرژەوەندى بنەماڵەكانیاندایە ، وە چۆن بكرێ زۆرترین بودجە و كەمترین خەرجى لەو بودجەیە ئەنجام بدرێ ؟ بەڵگەى ئەم قسانەش ئەوەیە تائێستا نەمان بینی و نەمان بیستوە بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى لە پەرلەمانى عێراقدا لە سەر كێشە و دۆزە نیشتمانى و نەتەوەییەكان هیچ قسەیەك و گیروگرفتێك دروست بكەن بەڵام كە دەهاتە سەر رێژەى بودجە و مەترسى كەمكردنەوەى ، هەدوو بنەماڵە و دەزگا راگەیاندنەكانیان دەستیان دەكرد بە لێدانى سروودى ئەى رەقیب و مارشى جەنگى وەك ئەوەى شەڕ لە پشتى هەورامان و پیرمام بێت ! ئەم حكومەت و جووت بنەماڵە دزە دزى لە مووچەى فەرمانبەران و زیندانیەسیاسیەكان و تەنانەت مووچەى كادرە حزبەكانى خۆیشیان كردوە ، ئەمێستاكە ئێوە دەچنە نێو لیژنەى ئەوەى كە چ بكرێ لەگەڵ بەغدا و چۆن قسە لەسەر ئەو كێشە و گرفتانە بكرێ كە هەر لە بنچینەدا ئەم دوو حزبە دزە خۆیان هۆكارى دروستبوونى بوون ! ئەمێستاكە ئێوە دەبنە ئەو پردەى كە پێیەكانى دەسەڵات دەیان جار لستویانەتەو خۆیمان لێ نەناس دەكا ! ئەى ئەو هەموو تاوان و ناماقوڵى و درۆ و دزى و شكستە سیاسی و دیپلۆماسیەى كە زیانى گەورەى لە دۆزى رەواى گەلەكەمانداوە بە ئۆباڵى كێ ؟ ئەى كێ باس لەو لاپەرٍە زەردو بەڵگە رەشانە دەكات كە تەنها لەم 7 حەوت ساڵەى دواى روخانى بتەكەى بەغدا كە بوونەتە بەشێك لە مێژووى گڵاوى ئەم دوو بنەماڵەیە ؟ بە بەشدارى ئێوە و چوونە ناو ئەو لیژنانە سەرەتاى دەركەوتنى قۆناغێكى تازە و چارەڕەشیەكى ترە بۆ كورد ،چاوبەستەكى و بێ رێزى كرنە بەرامبەر بە مرۆڤى كورد و ئەو پەیام و بەڵێنانەى كە دابووتان ،خەجاڵەتى خەڵكى كوردستان بن ئەگەر بێت و بتانەوێت ڕووى ڕەشی دەسەڵات سپی بكەنەوە ، خەجاڵەتى خوا بن كە دەنگ و رەنگى ئەو خەڵكە رەنگ هەڵبزڕكاوانەتان بیربچێتەوە كە دەسەڵات لانەى لێ شێواندون و زەردەخەنەى لە سەر لێوان نەهێشتوون . مردن زۆر لەوە بچووكترە ناوناوبانگى كەسانى وەك قازى و شێخى نەمرو پیرەمێر و مامە ریشەكان بسڕێتەوە ، بەڵام بڵێین چى قەدەر ئێمە وا هەڵكەوتوە سەركردەكانى ئێمە بە زیندوویی مردارببنەوە ! .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە