کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەتڵەمیرانە لە گوڵى گۆڕانى داوە ! نامەیەكى كراوە بۆ كاك سەباح على قارەمان .

Wednesday, 07/10/2009, 12:00


سەرەتا رێزم بۆ ئەو هەستە ناسك و جوانەت هەیە ، وەسوپاس بۆ راستگۆیی و بوێری دەربڕینەكانت ، دەمەوێت لە رێگەى ئەم سایتە ئازیزەوە هەندێ روونكردنەوە و سەرنجى خۆم سەبارەت بەو وتارەكەت كەرۆژى 6/10/ 2009 لە كوردستانپۆست بڵاوكراوەتەوە لەژێر ناونیشانى " باوەڕم بە گۆڕانەكەى نەوشیروان مستەفا نەماوە ؟ " دەربڕم .
لەگەڵ زۆربەى بۆچوونەكانت دام بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەى مرۆڤ بڕیارى وا گرنگ بدات و كاروانێك هەر لە هەنگاوەكانى سەرەتا دابێت ناكرێ حوكمێكى واپێش وەختى بەسەردا بدرێت :
بزووتنەوەى گۆڕان بزووتنەوەیەكە چەند سەد هەزاركەسێكى وەك من و تۆ دەنگى پێداوە ، بزووتنەوەیەكە ئەوەندەى تانو پۆى ئێمەى لەسەرە ئەوەندە نابێ بكرێتە موڵكى ئەم و ئەو ، ئەم پرۆسیسە لە ئەنجامى گەشەكردنى بیرى سیاسی و پێشكەوتنى بارى كۆمەڵایەتى و بۆ پێشەوەچوونى بارودۆخى ململانێ و ئاڵوگۆڕە سیاسیە ، حزبیەكانەوە بوە ، تاپۆكەى لەسەر كەس نیە و نابێ ڕێگە بدەین هەر لەئێستاوە مامەڵە و بۆچوونى وا بەو بارودۆخەوە بكرێت كە گروپ یا چەند كەسێك بیانەوێت رەوتى بزووتنەوەى گۆڕان و ئامانج و ئاڕاستەكەى بەلاڕێدا ببرێت و لە شاڕێی خەبات و ئەمانجە گشتى و پرنسیپەكانى دوور بخرێتەوە و بە تۆڕى تەكەتول و دەستەوگروپى بەرچاوتەسكى بەرژەوەند پەرستانە كە چەند كەسێك یا دەستەیەكى كلك لێك گرێدراوى كۆنە تەكەتول چى و دەماغ وشك كە ژیانى سیاسی و مانەوەیان بەوەوە بەندە ئاڕاستە بكرێ و چارەنووسی پێوە ببەسترێتەوە .
پیم باشە جەنابتان جیاوازى و جیاكردنەوەیەكیش لەنێوان بزووتنەوەى گۆڕان وەك بزووتنەوەیەكى سیاسی _ كۆمەڵایەتى كە هەڵگرى كۆمەڵێ ئامانج و پەیامى مرۆیی و ئەخلاقیە لەگەڵ چەند كەسێك یا دەستەیەك كە لەوانەیە بۆ مەبەستێكى دیاریكراوى خۆیان سەریان بەیەكەوەناوە و بازنەیەكیان بەدەورى خۆیاندا كێشاوە و پێان وابێ لەوان زیاتر كەسی تر لەدەرى ئەو بازنە بوونى نیە ، بكەن و گۆڕان وەك شتێكى گشتى جیابكەنەوە لەو تایبەتە خراپە !
ئەم جۆرە بۆچوون و بینینە ، ئەم سەرپێكەوەنان و بازنە كێشانە بەدەورى خود و خۆیاندا ، جگە لە خۆ بچووك كردنەوە و بیر تەسكى وخۆبەكەم زانین چیتر نیە و گەلێ جار ئەم دیاردە و جۆرە بیركردنەوانە لە چەند كەس و دەستەى سەرلێشێواو كەوتۆتەوە و جگە لە زیان و شكست بۆخۆیان و رێكخراو یا جووڵانەوەكە هیچى ترى لێ نەكەوتۆتەوە ، من دڵنیام لە زیندوویی ویژدان و پاكى نیەت و دڵسۆزیت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێ ئەو حەقە بەخۆت بدەیت و بڵێی كاك نەوشیروان یەكێكە لەو ڤایرۆسانەى ناو یەكێتیی یا پارتى ! چونكە ئەگەر وابایە چ ئیشى بەو سەر ئێشەو شاندانە بەر ئەو ئەركە مێژووى و ئەخلاقیە بوو كە لەئەنجامى هەستكردنى بەبەرپرسیارێتى لەبەرامبەر میللەتەكەى خۆى پێی هەستاوە ، ئەگەر وەك جەنابت باسی دەكەیت وابایە دڵنیابە ئەویش وەك ئەو نەخۆش و پیرە پیاوانەى تر ئەبوو كە چاوەڕێى مردنێكى هێواش و گیان دەرچوونێكى پێش وەخت ئەكەن !
راستە هەندێ لەو ڤایرۆس و نەخۆشیانەى ناو یەكێتیی ئێستا لەسەر دەستى هەندێ كەسایەتى دیارى گردەكە و لیستى گۆڕان بەهەمان شێواز و ئاوازى جاران لە بەرگ و رەنگێكى تردا لێ دەدرێتەوە و پیادە دەكرێ ، راستە هەندێ لەوانە ئەداى كارى گردەكە و بڕیارو بۆچوون و كاروبارى گردەكەیان تاڕادەیەك لاى خۆیان قۆرخ كردوە و چواردەورى كاك نەوشیروانیان تەنیوە و ناهێڵن جگە لەخۆیان ، جگە لە لێكدانەوە و بیركردنەوەیان ، جگە لە روخسارە دووبارەو هەزار بارە بووەكان كەسی تر و بۆچوونى تر و بیركردنەوەى تر هەبێ ! نابێ بێ ویژدانى بكەین و هەموویان وەك یەك سەیر بكەین چونكە لەنێو ئەو سەركردە ریفۆرمخواز و ئەوانەشى كە بۆ كاركردن هاتوونەتەوە ناو كایە سیاسیەكە خەڵكى پێشكەوتنخواز و رۆشنبیر و خاوەن فكرى باشی تیایە كە پێم وایە ئەوانیش وەك ئێمە و كاك نەوشیروانن بەدەست كار و كوتلە بازى ئەو دەست و تاقمە دیارەوە دەناڵێنن بەڵام جارێ چاریش نیە هەموو شتێك كارو هەوڵ و پشوو درێژى و خەباتى دەوێ ونابێ وا بیر بكەینەوە كە واز هێنان و خۆ بەدوور گرتن مەسەلەكان چارەسەر و باش دەكەن بەپێچەوانەوە ئەو جۆرە بیركردنەوانە و هەڵوێستانە كارو بزووتنەوەى گۆڕان و ئامانجەكانى بۆ دواوە دەبات و زیانى گەورە بە بزووتنەوەكەش دەگەیەنێ .
ئەوەى ئێستا بەسەر گۆڕان و لەگردەكە بەدى دەكرێ وەك ئەو تەتڵە میرانەوایە كە لەوەرزى بەهاراندا چەشنى توێژێكى تەنكى سپى كە كرمە ئاوریشمەكان دەرى دەدەن و ڕووى گەش و دیارى بەشێك لە گوڵ و گژوگیاى سەوز دادەپۆشێت و پاش ماوەیەك نامێنێ وایە ، بۆیە ئەو دەست و گروپەى ئێٍستا لەگردەكە بەو نیاز و مەبەستە ئیش دەكەن تەمەنیان لەتەمەنى ئەو توێژە تەتڵە میرانەیە زیاترو زۆرتر نابێ و دڵنیاشبە بزووتنەوەى گۆڕان كاروانێكى دوورودرێژو پرۆسەیەكى پشوودرێژى لەسەرخۆ و هێمنانەوپێشكەوتنخوازانەى بەرفراوانە ، ئەوەى بەپێچەوانەى ئاراستەى شەپۆلەكانى مەلە بكات یا نقووم دەبێت یا دەركەنار دەكرێت ، بۆیە ئومێدەوارم نەبێ هیوا بیت و نە پەشیمانیش بیت لەو هەوڵ و دەنگانەى كە بە بزووتنەوەى گۆڕانت داوە ، وە هیواداریشم بزووتنەوەى گۆڕانیش ئەو دەنگ و گللەییانە بەهێند وەربگرێ و وەك یەكێتیی و پارتى و حكومەتەكەیان پشت گوێ و فەرامۆشیان نەكات چونكە فەرامۆش كردن فەرامۆش كردنى لەدوایە و ئامانج و چارەنووسی بزووتنەوەیەكیش لە بەرژەوەندى و دڵى ئەم و ئەو گەورەترە ! .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە