دەسڕى سواڵمان بۆ دامەخەن ... كوردستان ئەبێ بە مقادیشۆ !
Thursday, 10/09/2009, 12:00
زۆربەى زۆرى پێكادانە خوێناوى و شەڕەناوخۆكانى وڵاتانى دنیا بەگشتى و دنیاى سێ بەتایبەتى دەگەڕێتەوە بۆ تاكڕەوى و سیستەمە گشتگیرو دیكتاتۆرەكان ، ئەوەى بارودۆخى ناوخۆى زۆرێك لەوڵاتانى وەكو عێراق و سۆدان و سۆماڵ و ئەفغانستان و دەیان وڵاتى ترى رووبەڕووى چەندین كارەساتى جەرگبڕو ماڵوێرانى و دەربەدەرى و نائارامى سیاسی كردۆتە بەشێوەیەك لەشێوەكان لە پیادەكردنى سیاسەتێكى وەكو ئەوەى ئێستاى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیی پیادەى ئەكەن كەوتۆتە و بڕواناكەم ئەوەى دەسەڵاتى كوردى كردویەتى چى واى كەمتر بێ لەو سیاسەتەى كە فەرمانڕەواكانى سۆدان و سۆماڵ و ئێران و توركیا و سوریا دژى نەیارانیان پیادەى ئەكەن و هەموو هۆكارو رێگەیەك ئەگرنە بەر بۆ كپكردنى دەنگى ئازادیخوازان و ئەوانەى داواى یەكسانى و چەسپاندنى یاساو عەدالەتى كۆمەڵایەتى ئەكەن !
ئەوەى تائێستا سەلماوە و شتێكى بەڵگە نەویستە ئەوەیە لەهەر شوێنێك زوڵم و زۆرى و بێ دادى و چەوساندنەوە هەبێ ، ئا لەو شوێنە دەنگى تێكۆشان و خەبات بەشێوازە جۆراوجۆرەكانیەوە سەرى هەڵداوە و هەمیشەش هێزە دیموكراتى خوازو ئازادیخوازەكان گرەویان بردۆتەوە و دەسەڵاتدارانیان مل كەچ كردوە ، ئەگەر چاوێك بەمێژووى ئەزموونى خەباتى گەلانى دنیاو هەڵوێستەیەك لەسەر ئەو گۆڕان و ئاڵوگۆڕە بكەیەن كەلەدواى روخانى بلۆكى سۆسیالیستى و سەرهەڵدانى سیستەمى نوێی دنیا كە لە كۆتایی ساڵانى هەشتاكانى سەدەى رابردوودا هاتە ئاراوە بكەین بەڕوونى ئەوە دیارە كە هیچ هێزێك لەو سەردەمەدا و بەتایبەتى لە " ئێستادا كە هۆكارو ئامرازەكانى پەیوەندى و گەیاندن و پێشكەوتنى تەكنەلۆژیا و گەشەكردنى بازرگانى نێودەوڵەتى و باهۆزى هەڵكردووى عەولەمە " ناتوانێ بارودۆخى نێوخۆى خۆی بشارێتەوەو فەرامۆشى بكا و وەك پادشاو مەلیكە كانى سەدەكانى ناوەڕاست چۆنى بوێت وابكاو كەس نەبێت دەسەڵات و سنوورى كاروكردەوەكانى بخاتە ژێر پرسیار یا دوور بێت لە لێپێچینەوە ! ، ئەگەر دەسەڵاتى كوردى بیەوێت یا خۆى گێل بكا و لەهۆكارو سەرهەڵدانى ئەو پێكادان و كارەساتە تراژیدی هێنانەى ناوخۆى هەندێ دەوڵەت نەكۆڵێتەوە و نەزانێ و بیەوێت هەمان ئەزموونى ناوخۆى هەندێ وڵات لێرە دووبارە ببێتەوە ، ئەوا باهەر لەئێستاوە ئەوى لا ڕوون بێت و ئەوە ئێمە نین كە لە ئەنجام و كارەساتەكان بەرپرسیار ئەبین و ئۆباڵمان ئەكەوێتە ئەستۆ ، بەڵكو ئەوە ئێوەى دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوى دیكتاتۆرى كوردستانن كە بارودۆخى ناوخۆى هەرێم بەرەو لێوارى شەڕێكى ناوخۆى خوێناوى كارەساتبار ئەبەن و هەر خۆشتان باجەكەى ئەبێ بدەن ، ئێمە داواى مافى خۆمان لەو نیشتمانە ئەكەین كە تیادەژین و چەندین ساڵە بۆى ئەژین و بۆی ئەمرین ، ئێمەش رەنج و ماندووبوون و قوربانى زۆرمان لەو پێناوەدا داوە و لەهیچ هێزو لایەنێكیش قبوڵ ناكەین هەر وابەئاسانى لەبەرى رەنج و مانووبوون و قوربانیمان بێ بەشمان بكات و نانمان ببڕێت ؟
داواكارین لە لیستى گۆڕان و چاكسازى و خزمەتگوزارى و هەموو ئەو ئەندام پەرلەمان و گروپ و لایەنە بەشەرەف و مرۆڤدۆستانە ئەكەین چیتان بۆ ئەكرێ و پێ ئەكرێ بەشێوە یاسایی و ئەخلاقى و رێگە ئاشتیەكانى تر بیگرنەبەر بۆ ئەوەى مافى زەوتكراوى دەركراو و نانبڕاوەكان بگرێنەوە و رێگەى درێژەدان لەو كارە قێزەونانە بگرن ، جگە لەمە داواكارین بەناوى جەژنانە و ئەو شتە سەیرو سەمەرانەوە تورەكەى سواڵ و دەسڕى سواڵمان لەبەر دەرگاى دەسەڵاتە زاڵمەكەى یەكێتیی و پارتى بۆ دامەخەن و پارەى سواڵمان ناوێت ، ئێمە داواى مافى خۆمان و چەسپاندنى یاسا و جیاكردنەوەى دەسەڵاتى رەشى حزب ئەكەین لە حكومەت و داواى كەمێك یەكسانى و عەدالەت ئەكەین ، ئەگەر نا دەتوانیین بەهەشتى ئارامى دەسەڵات بگۆڕین بەدۆزەخ ، ئەگەر نا وەك شێواوى شاعیر ئەڵێت " ئەبین بەمووى ناو پارووتان " ، ئەگەر نا ژیانتان لێ تاڵ ئەكەین و ماڵومناڵ و سەیرانگا و باخوشوێنەكانى حەوانە و هاتوچۆتان لێ ئەكەین بە ئیزڕائیلێك كە هەمیشە وەك مەرگ بەدواتانەوە بێت و سڵ لە سێبەرى خۆشتان بكەنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست