كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی - ڕاگه‌یندراوی 2

Thursday, 10/03/2011, 12:00




بڕوخێ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ و ئازادی بۆ هه‌ولێر

هه‌ولێری لانکی مێژوی مرۆڤایه‌تی، هه‌ولێری فکر و ئه‌ده‌ب، هه‌ولێری هه‌رده‌م سه‌ربه‌رزی هۆلاکۆ به‌زێن، هه‌ولێری شاری خاوه‌ن قه‌ڵا و مناره‌ و مێژوی زێتر له‌ 5000 ساڵ شارستانی، که‌ به‌درێژایی ئه‌وهه‌مو چه‌رخه‌ و داگیرکاران نه‌یتوانیوه‌ سه‌ری به‌رزی قه‌ڵا نه‌وی بکا، چ گه‌وجێکن ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌خوازن به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و زیندان و تفه‌نگ داگیری بکه‌ن؟، له‌ مێژوی دوری ئه‌م شاره‌ دێرینه‌ زۆر داگیرکار ویستویه‌تی ناسنامه‌ی سه‌رکه‌شی بشێوێنن، به‌ڵام هه‌ولێر ی خۆڕاگر هۆلاکۆی به‌زان. ئایا داگیرکارانی ئێستای مێژوی هه‌ولێریان خوێندۆته‌وه‌، ئایا چاویان به‌ ئازایه‌تی و له‌ خۆبردوی گه‌نجاکانیان هه‌ڵدێ.

ده‌سه‌لاتی سه‌پێنراو به‌ ده‌بابه‌ی به‌عس به‌سه‌ر هه‌ولێردا ده‌زانێ به‌رگه‌ی یه‌ک ڕۆژ توڕه‌یی هه‌ولێریان ناگرێ، بۆیه‌ هه‌مو هێز و جاسوس و سامان و تواناکانی خستۆته‌ خزمه‌ت ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت یه‌که‌م که‌س بڵێ : بڕوخێ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ و ئازادی بۆ هه‌ولێر. کێیه‌ ئه‌و یه‌که‌م که‌سه‌ی ئه‌و شه‌ره‌فه‌ به‌ خۆی ئه‌بڕێ!.

ده‌سه‌لات زۆر له‌ سبه‌ی 11ی ئازاری ئازادی هه‌ولێر ئه‌ترسا، ئه‌مه‌ قه‌ده‌ری هه‌ولێره‌، 11ی ئازار مانای ئازادیه‌ له‌ هه‌ولێر، و هیچ هێزێکی دنیا ناتوانێ به‌ری پێبگرێ. دیموکراسیه‌تی و مۆدێرن بون و تازه‌گه‌ری نامۆ نیه‌ به‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌تا وێرای ئه‌و هه‌مو زوڵم و زۆره‌ ، مامۆستایانی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆ، گه‌نجان، کاسبکاران، ڕۆشنبیران، هه‌مو توێژ و نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزاکان پێکه‌وه‌ بڕیاریان داوه‌ سبه‌ی له‌ هه‌ولێر هاوار بکه‌ن ئازادی بۆ قه‌ڵا و سه‌ربه‌رزی بۆ مناره‌ و سه‌روه‌ری بۆ یه‌ک به‌ یه‌کی هه‌ولێر.

به‌و پێیه‌ی هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانه‌ و هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌ نا شه‌رعی و نا مه‌شروعه‌ به‌زۆر سه‌پێنراوه‌که‌ی پارتی بنه‌ماڵه‌ له‌ویدا کۆبونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ماف و ئه‌رکی هه‌مو کوردێکه‌ له‌ زاخۆ تا خانه‌قین، له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی تا دهۆکی ڕه‌نگین، له‌ته‌واوی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستانه‌وه‌ بڕژێنه‌ به‌رده‌م سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پارله‌مان داوای ده‌س به‌ جێ ده‌س له‌کار کێشانه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ و هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێ گه‌رد له‌ ژێر چاودیری کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و میدیا جیهانیه‌کاندا بکه‌ن.

ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی که‌ لێی دڵنیاین تا ئێستا ته‌نها نیوه‌ی ڕێگای بڕیوه‌ و به‌ ڕاپه‌ڕینی هه‌ولێر ده‌بێته‌ سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی، بۆیه‌ داواکارین بێ ئاوڕدانه‌وه‌ ده‌سته‌و گروپه‌کانی خۆتان توند و تۆڵتر بکه‌ن و سبه‌ی دوای نوێژ له‌ جێی دیاریکراو هه‌ڵمه‌تی شێرانه‌ی خۆتان بده‌ن به‌ ئاشتی ، به‌ گوڵ وه‌ڵامی تفه‌نگ بده‌نه‌وه‌، مامۆستایان گه‌نجان هه‌ولێریانی سه‌ربه‌رز ئه‌مه‌ هه‌لێکی گه‌وره‌ی ڕزگاربونتانه‌، هه‌مو کوردستان تان له‌گه‌له‌، بادینان چاوه‌ڕێی مه‌چه‌کی ئێوه‌یه‌، سلێمانی و گه‌رمیان پشتیوانتانه‌، له‌ بیرمان بێ گرنگ نیه‌ چه‌نده‌ بژین گرنگه‌ چۆن ده‌ژین.

به‌ هیچ به‌ڵێن و واده‌یه‌کی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ باوه‌ڕ مه‌که‌ن، به‌ڵێنه‌کانی ئاینده‌ی وه‌ک به‌ڵێنه‌کانی بیست ساڵی ڕابردو جێ به‌ جێ ئه‌کا، ئه‌وه‌ش بزانن گه‌ر ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ دابمرکێته‌وه‌ ئه‌وا تا ئاینده‌یه‌کی دور ده‌بێت ولات له‌ ژێر چنگی داگیرکاری بمێنێته‌وه‌ و سه‌روه‌ت و سامانی به‌ تاڵان ببرێ و خۆمان و هاوڵاتیانمان له‌ چاوه‌ڕێی تۆڵه‌ و زیندان و شوێن بزرکردن و که‌رامه‌ت شکاندنی جه‌لاده‌کانیان بین.

له‌ کۆتاییدا به‌ بیری‌ هێزه‌ کانی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش ده‌هێنینه‌وه‌ که‌ ئیوه‌ ئه‌رکی ئه‌خلاقیتان داواتان لێ ده‌کا پارێزگاری له‌ هاونیشتمانانی خۆتان بکه‌ن له‌ده‌س مافیا و گروپه‌ نهێنیه‌کانی سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه، هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ک و حاکمێک تا سه‌ر نامێنێ‌، وه‌ک سوپای میسر و تونس بکه‌ن که‌ خه‌لکیان له‌ده‌س به‌لته‌جیاکانی بنه‌ماڵه‌ حاکمه‌کانیان ده‌پاراست، ئه‌وه‌ش ڕۆڵی مێژویی خۆتانه‌ و بیگێڕن، له‌وانه‌یه‌ سبه‌ی نه‌مرن یان له‌ پله‌کانی خۆتاندا بمێننه‌وه‌، به‌ڵام که‌ له‌وێ نه‌مان یان ده‌رکران، تا کۆتایی ژیانتان خۆزگه‌ ئه‌خوازن وه‌ک سه‌رده‌شت عوسمان له‌ ڕێی خزمه‌ت به‌گه‌ل شه‌هید بونایه‌ نه‌ک خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌یه‌ک.


به‌رده‌وام ده‌بین تا سه‌رکه‌وتن

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە