سۆران عومه‌ر داوای یاسایی له‌سه‌ر وه‌زیری ناوخۆ تۆمار ده‌كات
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و لێدان و سوتاندنی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی و تۆماركردنی چه‌ندین سكاڵا، هێزه ده‌مامكداره‌كان هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی به‌مه‌ستی ده‌ستگیركردنی به‌تاوانی به‌شداری كردن له‌خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادی‌دا، بۆیه دۆسیه‌كه‌ی ته‌سلیم به‌دادگای لاهای ده‌كات.
له‌لێداونێكیدا بۆ ژماره (159)ی ڕۆژنامه‌ی ڕووداو سۆران عومه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌و گازه‌ی كه‌له ئێواره‌ی 17ی نیسان دژ به خۆیشانده‌ران له‌سه‌رای ئازادی به‌كارهێنرا وتی "ئه‌و بۆمبه له‌شێوه‌ی هه‌نار ده‌چوو، كاتێك ته‌قێنرا كاریگه‌رییه‌كه‌ی زۆر خێرا‌و خنكێنه‌ر بوو، ئۆكسجینی له‌و ناوچه‌یه نه‌هێشت."
سۆران له‌زاری چه‌ند كه‌سێكی نزیك خۆیانه‌وه ده‌ڵێ "له‌بیناكانی ده‌وروبه‌ری مه‌یدانه‌كه‌وه بۆمبه‌كه هاوێژرا، ده‌رباره‌ی كاریگه‌ریه‌كانی به‌ركه‌وتنی گازه‌كه سۆران ده‌ڵێ "بینینی چاوم زۆر كه‌م و لێڵ بوو، ناوده‌مم برینی لێهات، دوای چاره‌سه‌ریش له‌نه‌خۆشخانه ئه‌وجار توانای ڕۆشتنم نه‌ما، من ئه‌و ڕۆژه كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌م بیرهاته‌وه بۆیه له‌سه‌ر رشتنی ئه‌و گازه داوای یاساییم له‌سه‌ر وه‌زیری ناوخۆ تۆمار كردووه.
سكاڵاكه‌م له‌بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رایه‌و نیازم كۆڵی لێناده‌م تاكو وه‌زیری ناوخۆ ده‌به‌مه به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگا.
له‌لێدوانێكی تری ڕۆژنامه‌وانیدا سۆران عومه‌ر وتی "به‌ژماره موبایلی ئاسیا و كۆڕه‌ك ده‌یان هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم لێكرا، ئۆتۆمبیله‌كه‌م سوتێنرا، به‌گاز لێماندرا، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه سكاڵام تۆمار كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌ك هه‌ر لێكۆڵینه‌وه له‌مانه نه‌كرا كه به‌رامبه‌رم ئه‌نجامدرا، به‌ڵكو به‌هێزی ده‌مامكداره‌وه له‌تاریكیدا هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵ و خانه‌واده‌كانمان، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه بكوژی گه‌نجه‌كانمان خه‌ڵات ده‌كرێ و ده‌پارێزرێن و ئازادانه هاتوچۆ ده‌كه‌م به‌ڵام بۆ ئێمه ده‌گه‌ڕێن تاكو ده‌ستگیرمان بكه‌ن، ته‌نها به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانمان كردووه. ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌م كرده‌وانه‌ی نیشانی‌دا هێشتا به‌عسیزم له‌كوردستان حوكم ده‌كات.
سۆران عومه‌ر وتیشی "به‌هه‌موو ئه‌م فشاره نامه‌ده‌نیانه ناتوانن له‌ئیراده‌م كه‌م بكه‌نه‌وه تاكو ده‌ست له شێوازی مه‌ده‌نی به‌جێگه‌یاندنی داخوازیه‌كانمان هه‌ڵگرم."
له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ناوبراو وتی "هه‌موو دۆسیه‌ی ئه‌م پێشێلكاریانه‌م ئاماده‌یه‌و به‌به‌ڵگه‌وه ته‌سلیمی دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهای ده‌كه‌م له‌م ڕۆژانه‌دا، تاكو ناوی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كرده‌وانه بچێته لیستی ڕه‌شی ئه‌و دادگا نێوده‌وڵه‌تیه‌وه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست