_نامەیەكى كراوە لە هەولێرەوە_
Friday, 24/07/2009, 12:00
* زۆرجار گوێمان لە بەرپرسە حكوومى و داراییەكانى خۆمان دەبێت، كە گوایە لەو بودجەیەى كە بۆ حكوومەتى هەرێم تەرخان كراوەو لە بەغداوەڕا دێت، بڕى 60%و ئەوەندەى گوژمەى ئەو بودجەیە بۆ مانگانەى مووچەخۆران خەرج دەكرێت..!
_ ئێمەش وەك چینى مووچەخۆران، ئەو قسەیە بەلاف و گوزافێكى ناڕەواى دەزانین، چونكە سەردەمانێك.. بەتایبەتى پاش راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان و پێش دامەزرانی پەرلەمان و حكومەتى هەرێم..هەر ئەو مووچەخۆرانە بوون بەبوێرانە و ژیانی كولەمەرگى بناغەى پەرلەمان و حكومەتی هەرێمیان دانا.
باشە..!ئەى دەبێ ئەو مووچەخۆرانە كێ بن كە كاریگەرییان بەسەر بودجەوە كردبێ..؟!!
لە وەڵامدا دەڵێین: لایەكیان, ئەوانەن كە لە پلەو پایەی بەرزی وەك بەڕێوەبەری گشتی و...بەسەرەوەن, كە هەر هەمووشیان سەرەڕای مووچە شازەكەی خۆیان, لە(نپرێە) و (وێوُلات)ى لابەلای بۆنە و یادەوەرییەكانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە, تەنانەت لەو رۆژانەى كردارى بانگهێشتكردنەی كە ئێستا لە ئارادایە سوودمەندن.
لایەكەی تریشیان, ئەوانەن...كە نەك لەبەر حیساباتی هێزی كار و بژێوی ژیان و راگرتنی لەنگەری بەردەستكەوتنی نەتەوەیی(ألدخل ألقومی) دامەزێندرابن, بەڵكو لەبەر حیساباتی تەسكبینی حزبایەتی و زێتركردنی نفووزی خودی هەریەك لەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە, بەتایبەتی لەو كاتانەی كە شەڕی ناوخۆ لەوپەڕی وێرانكاریدا بوو...(یان ئەو هەموو ناوە وەهمییانەى كە لە لیستەكانی مووچەن و, ئەو هەموو پاداشت و گرێبەستانەی كە بۆ خەڵكانێكى ناشایستە رێكخران لە دام و دەزگاكان, كە بووە سەركیترین هۆكاری پەیدابوونی مووچەوەرانی بن دیوارو...)
ئەمەو لەگەڵ هەڵایسانی شەڕی براكوژییە وێرانكارییەكە, هەرزوو بەرپرسانی خوار ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبەكەی دەسەڵاتدار, هەوڵێكی چڕوپڕ و نابەرپرسانەیان دا بۆ دروستكردنی هێڵێكی وەهمی مۆتەكەئاسا لە نێوان سەركردایەتییەكان و... خەڵكان و, ناویاننا بە(هێڵی سوور..!).ئەو هێڵە وەهمیەش بۆ ئەوەبوو كە هیچ كەسێك زاتی ئەوە نەكا بەبێ ئاگایی بەرپرسانی خوار مەكتەبە سیاسییەكان ئەو هێڵە سوورە ببڕێ و بگاتە لای سەركردەكان, نەوەكا نیازە گڵاوو كەموكورتییەكانیان بخاتە بەردەم و شیرازەی گەندەڵی و ئارەزووە قێزەوەنەكانیان لێ تێك بچێت.
بەداخەوە, سەركردەكانمان بیانووی تیۆری(مەحسوبییەت و مەنسووبییەت)ی ناوازەو ناقوڵایان دا بەدەست بەرپرسان و حزبییەكانی هەردوو لایان, كە باشترین زەمینەی گەندەڵكاری بۆ هەردوو لای بەرپرس و هەلپەرستان دروست كرد، نەك هەر تەنها بەوەندەش نەوەستان, بەڵكو ئەو تێروانینە كورتبینەی سەركردایەتیان بۆ ئارەزووەكانی خۆیان قۆزتەوەو كاریان لێكردو گەیاندیان بە (مەزاجی شەخێی) شاهنشاه ئاسی خۆیان، ئینجا بەهەر شێوازێكی هەوەسبازانە و دەعوەتی شەوانەی رەنگاوڕەنگی مەینۆشی و رازاندنەوەی مێزە قێزەوەنەكان، كە لەوانەیە حیسابى مێزى چەند كەسێكى كەم، خۆى لە قەرەى مووچەى فەرمانبەرێكى گەنجى خوێن گەرمى پێنج ساڵ دامەزراوێك بدات..!! تا گەیاندیانە رادەی ئەوەى كە پلەو پایەو پۆستى گرنگى كارگێڕییەكان، بەڕێككەوتى دووقۆڵى لەگەڵ بەرپرسێك وەیان چەند بەرپرسێك بدرێت بەیەكێك.
بەنموونە، پۆستى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى و بەسەرەوە، لەبریى پاڵپشتیكردن و تەزكیەكردنى، بەچەند سەدان دۆلارێك، یان كڕینى ئۆتۆمبیلى مۆدیل بەرز، جا لە هەمووشى ناخۆشترو مەترسیدارتر ئەوەیە، كە ئاستى زانستى و جۆرى پلەى بڕوانامە گرنگ نەبێت بەلایانەوە.
* حەق وایە، سەركرەكان و شۆڕشگێڕانى ئەوساى خەباتى شاخ و دوندو دۆڵى ئەم كوردستانە بەگشتى و، هەوادارانى مان و نەمانى شۆڕشەكانى پارتیزانى، بەتایبەتى ئەو دوو سەركردەیەى ئیمڕۆى دەسەڵاتدار، بەكۆدەنگى دەستخۆشى و پێزانینى خۆیان لە ئاست كاك (نەوشیروان)ى هاوخەبات و هاوسەنگەرو هاوچارەنووس و هاودۆزى خۆیان دووپات بكەنەوە، لەبەرامبەر ئەو چەند خاڵەى پەرەپێدراوو پەرەسندووى گەندەڵكارى، كە زۆر بە زیتى ورووژاندى، نەخوازەڵا نەبادا وەك نەخۆشییەكى كوشندەى مەترسیدارى لێبێت، هەر رۆژێكەو دێوەزمەى گەندەڵى لەپڕ زەفەرمان پێ ببات.
زۆریش مەخابن، چەندین رۆژ بەر لە ئێستا، یان تەواوتر.. بەدرێژایى رۆژانى شاڵاوى بانگهێشتكردنى هەردوو سەركردەى دەسەڵاتدار بۆ هەڵبژاردن، ئەوەى كە هەستى پێ دەكرێت، دوورو نزیك وتەكانیان نەپڕژایە سەر پرسى گەندەڵى و دۆزینەوەى رێگەچارە بۆ قڕكردنى، ئەو بێ دەنگییەشیان وەك ئەوەى لێهاتووە كە پاساوێكى گونجاو بۆ گەندڵكاران بێننەوەو پارێزییان لێ بكەن. هەستى ناسكى خانەوادەى شەهیدان و گەلى بێ نازى ستەمدیدەو، خەباتى نەپساوەى خۆیان و سەدان ساڵى میللەت.. بەقوربانى خەڵكانێكى هەلپەرستى گەندەڵكارى قۆرخكار بكەن.
حەقیش نەبوو سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران، كە لە ترۆپكى جێبەجێكردنى كارەكان و سەپاندنى یاسادایە، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا كە بەهاوشانى لەگەڵ نوێنەرى كۆمپانیایەكى چاكسازى ئیدارى... لە وەڵامى پرسیارێكى رۆژنامەنووسیدا كە لێى كرا، زۆر بەزەقى بڵێ: (سزادانى دوو لە گەندڵكاران چارەسەر نییە نەوەكا كارەكان دوابكەوێت). چونكە ئەو جۆرە وەڵامە، یەقینى ئەوە دەسەلمێنێ كە گەندەڵى بەڕادەیەكى زۆر هەیەو بەبێ سزا رۆیشتووەو، گومانى ئەوەشمان بۆ یەكلایى دەكاتەوە كە خودى سەركردەكان لە گەندەڵییەكان تێوەگلابن. دەشكرا لەجیاتیى وەڵامى ئەوە بداتەوە كە گەندەڵكاران لە هەر كوێ و لە هەر زەمێك هەبن، بەسزاى عادیلانەى گەل و نیشتمان دەگەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست