کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فاروق رەفیق لە سێدارە بدەن...!

Monday, 02/05/2011, 12:00





 



دەستتان خۆش حکومەتی یاسا و عەدالەت، دوا جار بەگرتنی فاروق رەفیق سەلماندتان کە لەو مەملەکەتەی ئێمەدا یاسا سەروەرە. تکاتان لێدەکەم بۆ ئەوەی یاسا لەو هەرێمەدا هەمیشە بە سەروەری بمێنێتەوە فاروق رەفیق لەسێدارە بدەن. ئەم تاوانبارە خیانەتی نیشتیمانی ئەنجام داوە و سەری هەموو ئەو فیتنەو نەهامەتییانەیە کەدەیان ساڵە ڕووییان لە وڵاتی ئێمە کردووە و شایستەی ئەوەیە بەزووترین کات بەسزای گەل و نیشتیمان بگات. تکایە دودڵ مەبن لە هەڵواسینی ئەم تاوانبارە. بۆ ئەوەی هیچ دوودڵ نەبن لەسەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو سەرۆک مافیایەدا، وا لەخوارەو تەنها سەردێڕی چەند تاوانێکی ئەو خائینەتان بۆ ڕیز دەکەم و ئێوە و ویژدانی زیندووتان و یاسای "حەسیر مەیدان"ەکەتان دەکەمە حەکەم بۆ ئەم داواکارییەم:
- هەر فاروق رەفیق بوو کە بۆ دەیان ساڵ کۆمەڵگای کوردستانی گیرۆدەی شەڕێکی ناوخۆیی کرد و بەهۆی شەڕەنگێزی ئەم پاڵەوانەی شەڕی ناوخۆییەوە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس کوژران و کەمئەندام و ئاوارە بوون و دەیان هەزاری تریش جگەرسوتاو و بێ باوک و هاوسەر مانەوە.
- فاروق رەفیق بوو لە ساڵی ١٩٦٦ بووە هاوپەیمانی حەرەس قەومییەکان و کەوتە جەنگی شۆڕشی کوردستان و ئەو سەنگەرانەی حەرەس قەومی و لەشکری داگیرکەری عێڕاق بۆیان نەدەگیرا، ئەم فارو رەفیقە دەیگرتن.
- هەر ئەم فاروق رەفیقە بوو لە ساڵی ١٩٧٥، بڕیاری ئاشبەتاڵی شۆڕشێکی ١٤ ساڵەی دا و خوێن و فرمێسک و ئارەق و چارەنووسی ملییۆنان کوردی لەچاونوقاندنێکدا کردە دیاری بۆ ئاغاکانی و خۆیشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو.
- هەر ئەو فاروقە بوو لەساڵی ١٩٧٨ لەسەر ڕێبازی "ئەگەر شۆڕشیشم پێ نەکرێت ئەوا شۆرشم پێ تێک دەدرێت" لەرۆژگارێکی ڕەشدا کارەساتی هەکاری خوڵقاند و بە هاوکاری میتی تورکی و ساواکی ئێرانی سەدان پێشمەرگەی قارەمانی ئەو گەلە خێر لەخۆنەدیوەی قەتلو عام کرد، وە هەر ئەو مامۆستای فەلسەفەیەش بوو کە چەمکی "مرۆڤی مەزن دەبێت بە چەکی مەزن بکوژرێت"ی داهێنا و لەهەکاریدا جێبەجێی کرد.
- ئەم فاروق رەفیقەبوو لە ساڵی ١٩٧٩ خۆی کردبووە کەوا سووری بەر لەشکری خومەینی و کەوتە سەرکوتکردنی شۆڕشی برایانمان لە رۆژهەلاتی کوردستان و بووە هۆی لەدەست دانی گەورەترین هەلی مێژووی بۆ کوردانی رۆژهەڵات.
- ئەم فاروقە سکرتێری گشتی ئەو حیزبەش بوو کە لەساڵی ١٩٨٣ کارەساتی قڕناقاو پشتئاشانی خوڵقاند و ئەو شوعییانەی بەعس نەیتوانیبوو لەناویان بەرێت، ئەم فاروقە لەناوی بردن.
- هەر فاروق ڕەفیقە بوو لەساڵی ١٩٩١دا بەسەر دەریایەیەک لەخوێنی ئەنفال و کیمیاباران و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و کۆڕەودا بازیدا و باوەشی بەسەددام حوسێن دا کرد و بەجیهانی ڕاگەیاند سەددام حوسێن دوژمنی کوردنییە بەڵکو زەمانەتی میللەتی کوردە.
- دەسەڵاتدارانی کوردستان خۆتان دەکەمە حەکەم، جگە لەفاروق رەفیق کێی تر بوو کە گەورەترین شەڕی براکوژی لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر ریزێک دوکان هەلگیرساند و حکومەت و پەرلەمان و هەلی سەربەخۆیی لەباربرد و گەنج و لاوی ئەم وڵاتەو داهات و قووتی خەڵکی لەسەردەمی دوو ئەمبارگۆدا دەخستە گەرووی ئەو شەڕە نەگریسەوە. تا ئێستاش ئاسەواری کردەوە قێزەونەکانی ئەم فاروقە ماون و لەسایەی جەنگەکانی ئەم تاوانبارە هێشتا ئەم کەرتە هەرێمەی لەمەڕخۆمان بەسەر دوو ئیدارە و دوو لەتە هەرێمدا دابەش کراوە.
- خەڵکی هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، ئێوە لەهەموو کەس زیاتر زوڵم وزۆری ئەم فاروق رەفیقەتان چێشتووە و لەهەموو کەس ئاگادارترن کە حیزبەکەی ئەم فاروق رەفیقە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا دەبابە و حەرەس جمهورییەکانی سەددامی هێنایە سەر شارەکەتان و حەرەمی پەرلەمان و موقەدەساتی خەڵکی خستە ژێر پۆستاڵی نەگریسی بەعسییەکان، ئیتر تاکەی دیواری بێدەنگی ناشکێنن و داوا ناکەن ئەم فاروقە خائینە بەسزای خیانەتەکانی بگات.
- ڕوناکبیرانی ئەم وڵاتە، ئەوانەی خەون بە کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازادەوە دەبینن، هەقوایە ئێوە پێش هەمووکەس داوای لەسێدارەدانی فاروق ڕەفیق بکەن. ئێوەی ڕۆشنبیر چاک لەبیرتانە ئەم فاروق رەفیقە چەند ساڵێک لەمەوبەر نازی بەسەر تورکەکاندا دەکرد و بیری دەخستنەوە کە ٣٦٠٠ کوردی بۆ رەزامەندی گورگەبۆرەکان لەشەڕی گەریلاکانی پەکەکە بەکوشت داوە و خۆ لانی کەم بەقەد ئەو ژمارەیەش لەگەریلاکانی پەکەکە بەدەستی زرێڤانەکانی ئەم رەفیقەی تورکەکاندا کوژراون.
- کەرکوکییەکان، قوربانیانی تەعریب و تەهجیر، خەڵکی ناوچە دابراوەکان، هەر ئەم فاروق رەفیقە بوو کە لە ساتوسەودای مادەی ١٤٠دا چارەنووسی ئێوە و نیوەی خەڵک و خاکی کوردستانی دیزە بەدەرخۆنە کرد و کردییە قوربانی عێڕاقی نوجەیفی و سەدر و عەلاوی و مالیکی و موتلەق، ئیتر بۆ دەنگ هەڵنابڕن و داوای بەسزا گەیاندنی فاروق رەفیق ناکەن.
- هەڵەبجەیی و بالیسانیەکانی قوربانی چەکی کیمییایی، جگە لەم فاروق رەفیقە کێبوو ئەو فرۆکەوانەی ئازاد کرد کە ئێوەی کیمیا باران کرد و موعەزەز موکەرەم و لەسەر حیسابی پارە و پولی خەڵکی کوردستان ناردی بۆ ئەوروپا.
- دواجاریش خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین چاوتان ڕۆشن، وا عەدالەت و یاسا سەروەرە و ئەو فاروق رەفیقەی بە بیکەیسی مێرمناڵ ولاوانی ئێوەی خەڵتانی خوێن کرد و سەکۆی ئازادییەکانی ئێوەی گڕ تێبەردا سەرەنجام دەستی عەدالەتی پێگەیشت. دە ئێوەش دەنگی خۆتان بخەنە پاڵ دەنگمەوە و با هەموومان بەیەکەوە داوای لەسێدارەدانی بکەین و دڵنیا بن سەرۆکێکی زۆر عادل و خەمخۆرمان هەیە، ئەگەر تا ئێستا گوێی لەهیچ داواکارییەکی ئێوەی نەگرتبێت و هیچی ئێوەی جێبەجێ نەکردبێت، ئەوا بێ دوودڵی لەمەسەلەی فاروقدا دڵتان ناشکێنێت و ئەم داواکاریەمان لە ٢٤ سەعاتدا دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە