سکانداڵی دەسبەرداربوونی کەرکوك لەبەرامەر نەوتدا (بەشی دووەم)
Wednesday, 29/01/2014, 12:00
لە گۆشەی رابردودا پێناسەیەکی سکانداڵی دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا کرا. لەم گۆشەیەدا ئەو فاکتەرانە شرۆڤە دەکەم کە زەمینەی بۆ سکانداڵەکە رەخساند.
یەکەم هۆکاری دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا داکشانی هەژمونی کوردو هەڵکشانی دەسەڵاتی مالیکی بوو. لە ٢٠٠٨ بەولاوەمالیکی وەک حاکمێکی تاکڕەو دەرکەوتو توانی زۆربەی رکابەرە ناوخۆییەکانی (سوننە، شیعە، کورد) پەراوێزبخات. مالیکی لەکۆتایی ٢٠٠٨دا رێککەوتننامەی سۆفای لەگەڵ ئەمەریکا بۆ گێڕانەوەی سەروەری عێراقو کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا واژۆکردو بواری حوکمی تاکرەوانەی بۆ رەخسا.
لەو ساڵەدا عێراق مەترسی شەڕی ناوخۆی تێپەڕاند و سوننەکان ناچاربون حوکمڕانی شیعە قبوڵ بکەن. لەناو شیعەکانیشدا مالیکی شکست بەنەیارەکانی دێنێت. لە ئایاری ٢٠٠٧دا ئیبراهیم جەعفەری لەحزبی دەعوە دورخستەوەو خۆی بو بەسەرۆکی حزبەکە. لە ئازاری ٢٠٠٨دا بەسرەی لەدەستی میلیشیاکانی سەدر دەرهێناو لەبەغداش سەدری ناچارکرد میلیشیاکانی هەڵوەشێنێتەوە.
لەمەسەلەی گەرانەوەی کەرکوکدا، مالیکی توانی سەرکەوتوانە گرەوی دەستوری لەکورد بباتەوەو مادەی ١٤٠ لەباربەرێتو رۆژی ٣١/١٢/٢٠٠٧ (دوا وادەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠)، بێ هیچ پەرجەکردارێکی کورد تێپەڕی.
مالیکی توانی گرەوی سەربازیش لە کورد بەرێتەوە. لە ٢٠٠٨دا دەستیکرد بە جێگیرکردنی سوپای عێراق لەناوچە دابڕاوەکان. لەتەمموزی ٢٠٠٨دا فیرقەی ١٢ لەکەرکوک جێگیرکردو تا کۆتایی ٢٠١٢ ئەم هێزە گەیشتە ٣٠ هەزار سەرباز. لە ئابی ٢٠٠٨یشدا سوپای عێڕاق هێرشی کردە سەر شارە کوردستانیەکانی دیالەو ناوچەیەکی فراوانی داگیرکردەوەو هەمان سیناریۆشی لەناوچە کوردستانیەکانی موسڵ پەیڕەوکرد.
سەرەنجام لە دوو بەرەی سەرەکیدا (دەستوری و سەربازی) لایەنی کوردی شکستی خواردو زەمینەی گەڕانەوەی کەرکوک لەبارچوو.
دوەم هۆکار بۆ سکانداڵی خاک بەرامبەر نەوت هەڵکشانی فشارە سەربازیو دیپلۆماتیەکانی ئێرانو تورکیا بوو لەسەر هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئامادەکاری ئەمەریکا بۆ کشانەوە لەعێراق تۆپبارانەکانی ئێرانو هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا خەستتر بونەوە.
لە حوزەیرانی ٢٠٠٧دا ١٠٠ هەزار ژەندرمەی تورکی لەسەر سنوری هەرێم بڵاوەی پێکراو هەڕەشەی دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاو لەناو خاکی هەرێمدا دەکرد. لە شوباتی ٢٠٠٨دا 10 هەزار سەرباز سنوری هەرێمیان بەزاند. لە تەمموزو دیسەمبەری ٢٠٠٨دا ئێرانو تورکیا بەهەماهەنگی هێرشێکی ئاسمانیو زەمینیان کردە سەر قەندیل. بەمجۆرە لە ٢٠٠٨دا هەرێم لە چەند لاوە گەمارۆ درابوو.
سێیەم هۆکار بۆ دەسبەرداربونی خاک بەرامبەر نەوت بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکانە. لەلایەکەوە، دوو حزبەکە (بەتایبەت پارتی) مۆنۆپۆڵی جومگەکانی دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیاردانیان لەکوردستان (لەوانەش مەلەفی کەرکوک) کردبوو، لەلایەکی تریشەوە، پێداگرتن لەسەر گێرانەوەی کەرکوک چ بەڕێکارە دەستوریەکانو چ لەڕێگای هێزەوە بەرژەوەندی دوو حزبەکەی دەخستە مەترسیەوە.
لەبەرئەوەی بنەماڵەی بارزانی سەرجەم پایە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی هەرێم (پۆستی سەرۆکایەتیو سەرۆکی حکومەتو دەزگای پاراستن)ی لەدەستدا بوو، هەر هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی کەرکوک وەک هەوڵی ئەو بنەماڵەیە دەردەکەوتو دەبوە هۆی وروژاندنی شیعەکانو سوننەکانو ئێرانو تورکیا لەو بنەماڵەیە.
جگە لەوە، پارتی پێگەیەکی لاوازی لە کەرکوکدا هەیەو گەڕانەوەی ئەو ناوچانە دەبێتە هۆی گۆڕینی باڵانسی هێزو جێ لەقبونی حوکمی ئەو بنەماڵەیە. یەکێتیش کە هەموو تەرکیزی لەسەر پاراستنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو بۆ تاڵەبانی، بەبێ رەزامەندیو کۆدەنگی شیعەو سوننەو ئێرانو تورکیا مانەوە لەو پۆستەدا ئەستەم بوو. هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی کەرکوک بەمانای لەدەستدانی ئەو رەزامەندیو کۆدەنگیە بوو.
ئەو هۆکارانە بەسەریەکەوە کەرکوکی لەقودسو دڵی کوردستانەوە کردە سەرچاوەی قەیرانو مەترسی بەسەر بەرژەوەندی یەکێتیو پارتیەوە. سەرەنجام بۆ دوو حزبەکە ستراتیژی رزگاربون لەکەرکوک جێگای ئامانجی رزگارکردنی کەرکوک دەگرێتەوە. لێرەدا ئاڵوێری کەرکوک بەرامبەر دەرهێنانو فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەبێتە باشترین دەروازە بۆ رزگاربون لەقەیرانی کەرکوک. لەگۆشەی داهاتودا شرۆڤەی چۆنیەتی ئارایشدانەوەی پەیوەندیەکانی پارتیو تورکیا لەسایەی سکانداڵی دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا دەکەم.
2d24
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست