کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەفغانستانمان ئەوێ یان كوردستان؟نامەیەكى سەرئاوەڵا بۆ هەموو كورد، بۆ سەرۆكایەتیى هێزە كوردییەكان بۆ سەرۆكایەتییەكانى دەسەڵات لە هەرێمى ب

Wednesday, 28/07/2010, 12:00


مزگێنىیەك بۆ ئەو خۆش خەیاڵانەى پێیانوایە، پرۆسەى ئاسوودەیى ئێستایان، بە بێ خزمەتكردنیش بەردەوام دەبێت، لە رۆژهەڵاتى كوردستاندا لق و پێگەیەكى بەهێزى ئەلقاعیدە كرایەوەو لەم چەند رۆژەیشدا كاكى مەلاى ئیسلامیى توندڕەو لە بەرهەمى پڕۆژەكانى خۆى خوارد. ئەو بە ئاواتى خۆى گەیشت و چەند لاوێكى كوردى ناوچە ستراتێژى و هەستیارەكەى سەقزیان(كە پێشتر بۆ پەروەردەى ئیسلامى-جیهادى بەڕێیان كردبوون)لە ئەفغانستاندا بە پیرى مەرگەوە نارد.
ئەمەیش دەقى هەواڵەكەی:" 3لاوی ته‌مه‌ن ١٩ ساڵه‌ی سه‌قزی كه منداڵی بنه‌ماڵه‌كانی: "گولستانی" و "بیگله‌ری" و "كه‌ریم پوور"ن و به مه‌به‌ستی جیهاد و شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئامریكا، ماوه‌یه‌ك بوو شاری سه‌قزیان جێهێشتبوو و روویان له وڵاتی ئه‌فغانستان كردبوو كوژران."(سایتى سەقز)
لێرەدا ئاراستەى باسەكەمان خۆی وەدیار ئەخات.نەتەوەیایەتیى دۆش داماوى كورد، كە هەمیشە خزمەتى بە بەرژەوەندیى لەخۆ-باشترەكان كردووە، ئیتر خەریكە تووشى رامان و سەرنج ئەبێت.
بۆ یەكەمجار نییە كە كوردى بەستەزمانى بێ كیان و سەروەرى، بۆ ئەوەى خۆیەك پیشان بدەن، لە شوێنە دوورەكانەوەو لە ماڵى دوژمنانەوە، وەكو خزمەتكار سەرهەڵئەدەن.لە ئەیووبییەكانەوە بگرە تا سەركردەى چەكدارانى قاعیدە و زۆر یەك لە سەرۆكى پارتە ئیسلامىیەكانیش لە خانەى خزمەتكردن بە ماڵى بێگانەدا و دژ بە كورد وەستاون.نموونەكانیشمان بەم دوایییەو لەچاوى میدیا و رۆژنامەكاندا بینى كاتێك (على باپیر) دژایەتیى نەتەوایەتیى ئێمە دەكات و خزمەتكردن بە ئینتیماى عێراقى پان عەرەبی بە باشتر لە خزمەتكردن بە كورد و كوردستان لێكدەداتەوە.
حەقیقەتێكى تازە باڵى بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە. لۆژیكى مێژوویى هێز، لە رۆژهەڵاتى ناویندا هیچ بۆشایى و ئەگەرێكى بۆ دروستبوونى دەوڵەتێكى دیكە و نەتەوایەتییەكى دیكەى بێجگە: عەرەب و تورك و دواجار فارس، دانەناوە. ئەمەیش وامان پێڕادەگەیەنێ كە خۆمان بۆ جەنگێكى تازە ئامادە بكەین. جەنگێك كە تاكو ئێستا ئەنفالى بیر و هزرى زۆر تاكى ئێمەى بەدوادا هاتووە و تەنانەت لە ئاستێكى بەرینتردا هۆشیارى نەتەوەیى ئێمەى واخستووەتە ژێركاریگەریى خۆیەوە، كە خەڵكێكى زۆر بەبێ ئەوەى لە هیچ تێبگەن ئوردوگان بە سپاسالارى خۆیان و ئەحمەدینژاد بە گورزى دەستى خواوەند بۆ سەر سوپاى كوفر ناوببەن(!)لە كاتێكدا گەورەترین دوژمنانى ئێمە ئەو سوپاو گورزەى ئەو دوو سەلاحەددینەى(!) ئیسلامن، كە خەریكى داڕشتنى پلان بۆ سڕینەوەى ناسنامەى نەتەوەیى ئێمەن.
(چ بكەین؟!)... پرسیارێكى سەرسووڕهێنەرە، كە لەم ساتە دژوارەدا كەس لە كەسى ناكات، بەڵام پێموایە دەبێ بیكەین بە بەشێك لە باس و پرسە رۆژانەكانمان.
ئەڵێم (قیرو سیا... هەرچى ئەڵێنَ با بڵێن !) با ئێمەیش (گورگە بۆر)ەكانى پارێزەرى بەرژەوەندیى وڵاتەكەمان، لە هەموو شوێنێكى كوردستاندا بە بێ جیاوازى، دروست بكەین.دروستكردنى هێزێكى نهێنى بۆ خاوێنكردنەوەى وڵات لە دەستى وایرۆسەكان.ئەو وایرۆسانەى ناسیۆنالیزمى كوردیان پەكخستووە.
بەداخەوە كورد هەمیشە قوربانیى مێهرەبانى و لێبوردەیى خۆى بووە و نەیشیتوانیوە میكانیزمێكى گونجاو بۆ چارەسەریى كێشەكانى دروست بكات. ماڵى كورد دەروازەى نەبووەو بۆیەیش لە هەموو شێوە دێوو درنج و دەعەجانییەك لە بەرگێكى رازاوەدا خۆى بە ناوماڵى ئێمەدا ئەكات. راستییەكەى ئەوە بووە، ئێمە بە هەموو شتێكى بێگانە(بێسوود و ناحەزیش) سەرسامین و باوەشى بۆ ئاوەڵا ئەكەین، هەر بۆیە بەردەوام لە زەرەرداین.
ئەفغانستان خۆى وڵاتێكى بەڵالێدراوى تازە رزگاربووە و پێم سەیرە نەتەوەیەكى ئازادیخوازى وەكو كورد، جەنگاوەرى لایەنێك دابین بكات كە دژ بە ئەفغانستانى هەژارترین وڵاتى دنیا دەوەستن، كە تازەو دواى ساڵانێك جەنگ بە دژى تالیبەكانى جەهل و نەزانى و خورافات، دەیانهەوێ پشوویەك بدەن؟
دروست بوونى ناوەندێكى تازە بۆ جیهادییەكان لە شوێنێكى ستراتێژیكىوەكو سەقز لە كوردستاندا كە قەڵایەكى گرنگى خەباتى ئێمە بووەو بەشێكى گەورەى ئاسەوارو رەسەنایەتى و شوناسى میللیى ئێمەى لە خۆدا پاراستووە، پلانێكى گەورەى (قاعیدە تورك ئێران)ن كە پێویستى بە درێژ كردنەوەى ئەو ماددە دەستوورییەى هەرێمى كوردستان بۆ ماوەیەكى دوورو درێژ دەكات، كە یاساى (دژە-تیرۆر)ى پێدەڵێن و ئێمە دەتوانین بەس ناوەكەى بگۆڕین: (یاساى پاراستنى هەموو كوردستان)
پێم سەیرە هێزێكى وەكو پژاك بە هیچ شێوەیەك خۆى لە قەرەى ئەو جیهادییانە نادات كە لە ناوخۆى كوردستاندا خەریكى دروستكردنى تاكى مینرێژ كراوى دژ بە ئامانجەكانى ئێمەن. با ئەوەیش بوەستێ هێزە ئوپۆزیسیۆنەكانى ئێمە لە رۆژهەڵاتدا هەستیشیان بەو مەترسییانە نەكردووەو هیچ پلانێكیشیان بۆ ئەو مەبەستە نییە.
بە ڕاى من ئاوا بڕوات، كوردستان و بەشێكى زۆر لە سنوورەكانى نێوان هەرێمى باشوورى كوردستان و رۆژهەڵاتى كوردستان، كە دەسەڵاتى كوردى و هێزى ئوپۆزبسیۆنى كوردى تێیدا نفووزیان كەمە، وەكو (ئەفغانستان و یەمەن و زۆر شوێنى دیكەیش)دەشێوێندرێن.
ئیتر كاتى ئەوە هاتووە، خۆمان لە بیرى ناخۆیى و بێگانە داماڵین.كاتى فۆرماتكردنى بیرى كورد هاتووە. ئەو ئاوەزەى زور جار بێ ئەوەى هەستى پێبكات، بە پیلانى بێگانەوە هەناسە ئەدات. ئێمە دەبێ بە بیرۆكەیەكى تەواو كوردیى ڕەسەن بگەین و بە بەردەوامى خۆمان و نەوەكانمانى پێ ئاپدەیت بكەینەوە.ئیتر كورد دەبێ بەو ئاكامە گەیشتبێ: كورد دۆستى نییەو دەبێ دروستى بكات. هاوپەیمانى نییەو دەبێ پێكیبهێنێ.بەڵام دەبێ لە ناوخۆمانەوە دەست پێبكەین: خۆمان دۆست و هاوپەیمان یەكتر بین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە