مەسعود بارزانى، كەی ئەو پارەیەم دەدەیتەوە؟؟؟؟؟؟؟؟
Monday, 07/10/2013, 12:00
كاك مەسعود، نەسێك هەیە دەڵێت: جام كە پڕبوو لێی دەڕژێت. منیش دەمەوێت بڵێم: كاتی ئەوە هاتووە گۆڕانكاریەكی ڕیشەی بەسەر ژیانمدابێت. بۆیە پێویستم بە بڕی 8 دەفتەر دۆلارە! بەڕێزم پێویست ناكات خۆت تووشی شۆك بكەیت، هەرچۆن بووە دەبێت، ئەو پارەیەم بدەیتێ هیچ منەتی ناوێت، چونكە پارەی خۆمەو ئێستا لای تۆیە! ئەگەر هەدەف خواردنی نیە پێویستە هەرچۆن بووە لەماوەیەكی نزیكدا ئەو پارەیەم بۆم بگێڕیتەوە بەڵام حەزدەكەم بزانیت، پارەی پارتەكەت و موچەی پێشمەرگایەتی خۆتم ناوێت! دەزانی بۆچی؟ چونكە وەكو هەمیشە خۆت دەڵێیت (قبوڵی ناكەم) منیش قبوڵی ناكەم دوای منەت بەسەرمدا بكەیت، من تەنها ئەو پارەیەم دەوێت، كە پارەی هەموانەو منیش یەكێكم لەو هەمووانە بێگومان پشكی خۆمم لەو پارەیەدا هەیەو تۆش بەسیفاتی سەرۆكی هەرێم قۆرغ كردووەو ئێستا لەخزمەتی خۆت و بنەماڵە كەتدایەو بەئارەزوی خۆتان تەخشان و پەخشانی دەكەن، ڕێزدار جەنابی كاك مەسعود بارزانی، سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان! من ئەو پارەیەم دەوێت، كەپێی دەوترێت، داهاتی نەوتی ڕەش و بودجەی (%17)ی هەرێمی كوردستان، ئێ كاك مەسعود منیش تاكێكی ئەم كۆمەڵگایەم ئێستا تۆ قەرزاری من و هەزارەها گەنجی وەكو منیت، ئیتر بۆچی ئەو بڕە پارەیەم نادەیتێ؟؟ ڕەنگە تۆ ئێستا جڕتیشم بۆ لێ نەدەیت،یان گاڵتەم پێبكەیت، چونكە بەخەیاڵی خۆت، وابیرەكەیتەوە تەواوی ئەو پارەیەی من كەلای تۆیە هەمووی لەپڕۆژەی خزمەتگوزاری سەرفكراوە! باشە كاك مەسعود، بۆ دڵنیای خۆت تەنها جارێك سەردانی ئەو گەڕەكەی ئێمە بكە ئەگەر قیرتاو كرابوو یاخود لانی كەم ئەگەر بەپێی پێویست پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ كرابوو وەعدی شەرەف من لە تەواوی ئەو پارەیەی خۆم خۆش دەم كە ئێستا لای تۆیەو لەگەڵ ئەوەشدا سەفەرێكی دەرەوەی وڵات بۆڕێك دەخەم یانی بەو پارە كەمەی كەئێستا لەگیرفانم دایە دەیدەم بەڤیزەیەكی وڵاتی(توركیا)و تۆش بڕۆ سەردانی وڵاتی توركیابكەو لەوێ دۆستە دێرینەكانت، بەسەربكەوە! دەزانم دەمێكە سەردانت نەكردوون ڕەنگە ئێستابیریان بكەیت،هیچ دودڵ مەبە داوای پارەیەكی خەیاڵیم نەكردووە ئەوەمافی رەوای خۆمە ئەگەر دەڵێت: ئەو پارەیە زۆرەو نایدەم یان ئەوەندەت بەرناكەوێت. ئێستا تیل دەكەم بۆ كاك (عەلی حەمەساڵح) ئەو زیاتر مەعلوماتی لایەو پێی دەڵم: لەوكاتەوەی من لەدایك بووم هەموومانگێك بڕەپارەیەكم لەداهاتی هەرێمی كوردستان، هەبووە بەڵام كاك مەسعود نەوەكو بەمن بەڵكو بەهیچ گەنجێكی دیكەی ناداوە، ئەگەر بكرێت تەواوی مانگەكانی تەمەنم كۆبكرەوە بزانە لەماوەی ئەو 20و چەند ساڵەدا كۆی پارەكانم لای كاك مەسعود چەندە، كاك مەسعود ئیتر تاقەتم نەما درێژەی پێ بدەم ئەگەر ئەو پاریەم بۆ ناگێڕیتەوە بە جەهەنەم .
تێبینی:كاك مەسعود ئەگەر پارەكەت بۆ گەڕاندمەوە تكایە بۆ هەموو ئەو گەنجانەشی بگێڕەوە چونكە پارەی ئەوانیش لایە!
دووبارە تێبینی: كاك مەسعود ئیحتیاجی پارە نیم بەڵام پێمحۆشە ئەو پارەیەم بۆ بگێڕیتەوە چونكە زۆر دەمێكە لای تۆیەو دەشڵێن: قەرز هەرچەندە كۆن بێت نافەوتێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست