بۆ مێژوو ئەم نەهێنییەى تاڵەبانیش بزانن
Friday, 15/01/2010, 12:00
تاڵەبانى یەكەم كەس بوو پاش ڕاپەڕین بۆ شەڕى ناوخۆ چەكى لە سەدام حسین وەرگرد.
ئەوەتان لێ ناشارمەوە من بۆ خۆم تا ساڵى(1994) زۆر لایەنگرى تاڵەبانى بووم و بە قارەمانێكى گەورەم دەزانى، بێ گومان ئەگەر تاڵەبانى بیویستایە ئەو خۆشەویستییەى خەڵك بپارێزێت ئەوە دەبوایە ڕێگایەكى ڕاست و ڕەوانى مرۆڤانەو كوردانەى بگردایەتە بەرو ئەو كاتەش هەر خۆشەویستى خەڵك دەبوو ئەگەر لە دەسەڵاتیش نەبوایە، كەچى ئێستا لە دەسەڵاتەو هەمووشمانى ناچار كردووە لەسەر كەم و كورتییەكانى بنووسین، بێ گومان چاوچنۆكى لە ڕادەبەدەرى تاڵەبانى بۆ دەسەڵات واى لێ كردووە هەموو هەڵەیەك بكات و هیچ پێوەرێك نەمێنێت نەیشكێنێت تا ڕادەیەك هەموو باشوورى كوردستانى ئیفلیج كردووەو زۆر جاریش لایەنەكانى دیكەشى لە بەغداد ئیحراج كردووە.
بە هەر حاڵ لەسەرەتاى شەڕى یەكێتى لە گەڵ ئیسلامییەكان، هەرچەندە ئیسلامییەكان ئەو كاتە خاوەن هێزێكى ئەوتۆ نەبوون یەكێتى تەنگەتاو بكەن، لە گەڵ ئەوەشدا تاڵەبانى ڕووى لە سەدام حسێن كردو داواى چەكى لێ كرد بەو پێیەى ئێران یارمەتى ئیسلامییەكان دەدات، بێ گومان سەدام حسێن لەمەدا لە خواى ئەیویست شەڕى ناوخۆ لە كوردستاندا هەڵگیرسێت بۆیە چەكى بۆ جەلال نارد، سەیر لەوەشدایە كاتێك ئیسلامییەكان لە هەندێك ناوچە شكان چونە لاى حكومەتى عێراق، بەڵام یەكسەر ئازاد كران بێ لێپرسینەوە. پارتى وشوعیش بەم چەك وەرگردنەى یەكێتى دەزانن، هەندێك لەو چەكانەش دواتر بەرانبەر بە پارتى بەكار هاتن، بەڵام ڕاگەیاندنەكانى پارتى ئەو كاتە باسیان نەدەكرد لەبەر ئەوەى بڕێك زۆر لە چاش و لەو شتانە لە گەڵیاندا بوو بۆ ئەوەى سارد نەبنەوە و هەروەها ورەى چەكدارەكانیان نەڕوخێت، ئەمەو كاتێك تاڵەبانى پێش ڕووخانى سەدام، عێراقى بەوە تۆمەتبار دەكرد كە پەیوەندى هەیە لە گەڵ (ئەنێار ئیسلامدا) ـ تارق عەزیز ـ لە تەلەفزیۆن و لە بەردەم ڕۆژنامەنوساندا ووتى((تاڵەبانى ئێمە بۆ تۆمەتبار دەكات، خۆى چاك دەزانێ چەندە چەكمان پێداوە بەرانبەر ئەوانە)).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست