بۆ کارزان سه‌عیدو بورهان ئه‌مینی هاوپیشه‌ی!!!! پێناسه‌ی خه‌تمایل و خه‌ت ڕه‌جعه‌ له‌ سه‌رکرده‌کانت بپرسه‌...

Tuesday, 13/10/2009, 12:00


زۆرینه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و پاشانیش (ی. ن،ک) له‌ شاخ و شار شه‌هید بوون، زیندوه‌ مل که‌چ نه‌کردوه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش به‌ته‌نها‌ مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی نه‌بوون، به‌ڵکو نه‌ڕه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و تاکانه‌ بوون نه‌ ده‌یان زانی خه‌ت مایل چیه‌ نه‌ خه‌ت ڕه‌جعه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕه‌سه‌نی داخوازی گه‌ل ئه‌و ده‌نگه‌ توڕانه‌بوون شه‌قامه‌کانی ووڵاتیان کرده‌‌ سه‌نگه‌ری ووشه‌ی (نه‌خێر) بۆ تانوپۆکردنی ده‌سه‌ڵات و (به‌ڵێ) بۆ ئیراده‌ی گه‌ل وه‌ک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25-7 بینیمان.
نوسه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئه‌و سه‌ر ڕووتاوه‌ وان گه‌ر باڕۆکه‌شیان له‌سه‌ر نابێت شنه‌ی بایه‌ک که‌چه‌ڵ بوونیان ئاشکرا ده‌کات، باڕۆکه‌و شنه‌ باکه‌ش وه‌ک دوو ده‌سته‌واژه‌ی خه‌ت مایل و خه‌ت ڕه‌جعه‌ن له‌ کۆی گشتی ژیانی ڕێکخراوه‌یی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان هه‌م له‌ شاخ و هه‌م له‌ ده‌سه‌ڵات بوونیان هه‌بووه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.
(تاڵه‌بانی خه‌ت مایل له‌ مفاوه‌زاته‌که‌ی ساڵی 1984 له‌گه‌ڵ به‌عسدا)

مه‌به‌ست له‌م ده‌ستپێکه‌ ڕێگه‌ خۆشکردنه‌ بۆ گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ کاکه‌ (کارزان سه‌عید) که‌ نوسینێکیان له‌ده‌ره‌وی ئیراده‌ی خۆی پێ ڕسته‌ ڕیزکردووه‌ ومامۆستا جه‌مالی حاجی محه‌مه‌دیشیان خستۆته‌ قه‌ره‌وڵی تفه‌نگێکه‌وه‌ تا له‌وێوه‌ نیشانه‌ له‌ پرۆسه‌ی گۆڕان بگرن و ڕوخساری بزووتنه‌وه‌که‌ی پێ بشێوێنن ، مه‌به‌ستی من له‌م کورته‌ وه‌ڵامه‌ ده‌رخستنی خورما فرۆشه‌که‌یه‌ نه‌ک خۆرماخۆره‌که‌‌، به‌ درێژایی ته‌مه‌نیشم ته‌نهاو ته‌نها له‌سه‌نگه‌ری گه‌لدا خۆم دیوه‌ته‌وه‌ و باکم به به‌رزترین سه‌رکرده‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ناو یه‌کێتی نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش ناکاته‌ ئه‌وه‌ی به‌ویژدانه‌وه‌ ته‌ماشای خه‌باتی ئه‌و مرۆڤه خۆنه‌ویستانه‌ نه‌که‌ین که‌ دروشمی ته‌سلیم نه‌بونیان کرده‌ لۆگۆی به‌رده‌وامی شۆرش و به‌رخۆدان له‌زه‌مه‌نی ڕه‌ڤین و پاشه‌کشێی به‌نا‌و سه‌رکرده‌ ڕۆحیه‌کانی گه‌ل. وێناکردنی که‌سێتی مامۆستا جه‌مالیش به‌خه‌تمایل پلانێکی دوو جه‌مسه‌ره‌ی ئاراسته‌کراوه‌ تا له‌م لاوه‌ ئۆباڵی شکسته‌ گه‌وره‌که‌ی یه‌کێتی بده‌نه‌ پاڵ ژماره‌یه‌ک له‌ کادر و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و سه‌رکرده‌کانی ناو یه‌کێتی و له‌و‌ لاشه‌وه‌ 25 کورسیه‌که‌ی په‌ڕله‌مان به‌ ده‌نگی یه‌کێتیه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان ته‌خمین بکه‌ن که‌ واش نیه‌ چونکه‌‌ زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ره‌ گۆڕانخوازه‌کانی کوردستان به‌ پێی ته‌مه‌نیان نه‌ ڕوخساری سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیان دیوه‌ نه به‌ مێژووی یه‌کێتیش ئاشنان.
کاکه‌ کارزان ده‌ستوری کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کردۆته‌ پێوه‌ری ئه‌خلاقیبوون و نا ئه‌خلاقی سیاسی تا ده‌گاته‌‌ ئاماده‌کردنی دادگایه‌ک که‌که‌مترین سزاکه‌ی ئیعدام کردنه‌ ،گه‌ر کاک کارزان به‌ڵگه‌ی ترازانی سیخوڕی و خیانه‌تی هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێکی لیستی گۆڕانی پێبوو له‌ کاک نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ بگره‌ تا چالاکڤانێک به‌ مامۆستا جه‌مالیشه‌وه‌ ئه‌وا هه‌مومان پشتیوانی ده‌بین و گه‌ر دروستیش ده‌رنه‌چوو واته‌ تۆ خه‌ت مایل و خه‌ت ڕه‌جعه‌ی ئه‌و گروپه‌ی زۆر وه‌ستایانه‌ هه‌ڵیانداویته‌ ناو کێڵگه‌ی به‌مین ڕێژگراوێکه‌وه‌ که‌ له‌ کۆتایدا ئه‌وان به‌جێت ده‌هێڵن وگۆڕنخوازان به‌ده‌رهێنانی ئه‌ڵقه‌ی مینه‌کان ژیانێکی نوێی ئازادت بۆ مسۆگه‌رده‌که‌ن .
ئه‌م کاکه‌یه‌ دۆسیه‌یه‌کی هه‌ستیاری زیندووکردۆته‌وه‌ و جێگه‌ی ده‌ستخۆشی لێکردنه‌ که‌ ئه‌ویش پلینۆمه‌که‌ی (ی. ن. ک) ی ساڵی 2006 ه‌ که‌ به‌فرمانی سکرتێره‌که‌ی مه‌له‌فی خیانه‌تی خه‌ت مایل و خه‌ت ڕه‌جعه‌کانی ناو یه‌کێتیان به‌ چه‌پڵه‌رێزان سه‌رقاپ نایه‌وه‌، باشتر وابوو کاکه‌ کارزان به‌دواچونێکی له‌سه‌ر دۆسیه‌یی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بکردیایه‌ که‌ به‌هۆی بوونی ئه‌م خه‌ت مایلانه‌ی ڕژێمی به‌عس له‌ناو ڕیزی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا سه‌دان پێشمه‌رگه‌ له‌شاخ به‌ پیلان شه‌هیدکران و سه‌دان ڕێکخستنی ناو شاریش به‌ زانیاری خه‌ت مایله‌کان له‌سێداره‌دران. ئێ باشه‌ کاکه‌ کارزان به‌ پێی بڕیاری هه‌ر سێ کۆنفڕانسی کۆمه‌ڵه‌ کامه‌ له‌م خه‌ت مایل و خه‌ت ڕه‌جعه‌و فایلدارانه‌له‌ پلینۆمدا بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رکرا؟
کاک کارزان سه‌عید باشتر وابوو بانگه‌واز بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌که‌یت، چونکه‌ جه‌ماوه‌ر پانتایه‌کی گه‌لێک فراونتره‌ له‌حیزب به‌ یه‌کێتیه‌که‌ی ئیشتای تۆشه‌وه‌!!!! گه‌ر ئه‌م جاره‌ش فووت کرد به‌ بڵندگۆدا باشتر وایه‌ له‌ پلینۆمه‌ فیناڵیه‌که‌ی یه‌کێتی نیشتمانی له‌ مانگی 10-2009 دا که‌ ناشکرێت داوای سزادانی خه‌تمایل و خه‌تڕه‌جعه‌کان واته‌(فایلداره‌کان) بکه‌یت، گه‌ر تۆ ئه‌مه‌ت کرد کۆی گشتی خه‌ڵک به‌ گۆڕانخوازه‌کانی ووڵات و ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیشه‌وه‌ له‌بری چه‌پڵه‌ له‌ گردی سه‌یوان و گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کانی هه‌ولێره‌وه‌ بۆن و به‌رامه‌ی گۆڕان ئه‌پرژێنن به‌سه‌رتا.
ئه‌م نوسینه‌ وه‌ڵامێکه‌ بۆ بابه‌تێکی کاک کارزان سه‌عید له‌ گۆڤاری واڵا ..

http://www.walapress.com/Detail.aspx?id=1746&Action=2&LinkID=15


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە