کۆمیته‌ی پشتگیری له لیستی گۆڕان
Sunday, 26/07/2009, 12:00
به ناوی هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی کۆمیته‌که‌مان، کۆمیته‌ی پشتگیری له لیستی گۆڕان له ستۆکهۆڵم گه‌رمترین پیرۆزباییتان لیده‌که‌ین و له هه‌مان کاتدا ده‌ستخۆشی له هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵه ماندوو نه‌ناسانه ده‌که‌ین که له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا جوامێرانه له هه‌ول و خه‌باتی بێوچاندا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژه مێژووییه بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی باشووری کوردستان به‌ده‌ستبینن.
هاوڕییانی هێژا!
ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی که لیستی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ده‌ستی هێناوه سه‌رکه‌وتنیکه بۆ هه‌موو رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان که 18 ساڵه دڵه گه‌وره‌که‌یان بۆ دادپه‌روه‌ری و مافه‌ره‌واکانیان لێئه‌دا، 18 ساله رۆڵه‌کانی گه‌له سته‌مدیده‌که‌مان چاوه‌ڕوانی رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆکه‌ن، ده‌ستتان خۆشبیت و هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بن له هه‌موو کارێک‌دا که ده‌ستی ده‌ده‌نێ بۆ خزمه‌تکردنی باشووری کوردستانی خۆشه‌ویستمان.
هاوڕێیانی ماندوونه‌ناس!
ئه‌بی که‌سمان ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت که لیستی گۆڕان بوو به هه‌ڵگری به‌یداغی گۆڕانکاری له باشووری کوردستاندا و په‌یمانی زۆری داوه به گه‌لی کوردستان به دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ڕه‌گ و ڕیشه ده‌رهێنانی گه‌نده‌لی ئابووری و ئیداری و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له یه‌کتر و پێکهێنانی په‌رله‌مانێکی به‌ڕاستی په‌رله‌مان بۆ خزمه‌تکردنی گه‌له‌که‌مان و زۆر په‌یمانی تر.
ئێمه له کاتێکدا ئه‌وه زۆرباشده‌رکده‌که‌ین که ئه‌و ره‌وشه سیاسی و ئابوورییه خراپه‌ی که باشووری کوردستانی تێکه‌وتووه، به‌رهه‌می ده‌یان ساڵی چه‌وساندنه‌وه و به‌کویله‌کردنی مرۆڤی کورده بۆ دۆلار، ئه‌وه‌ش مانای وایه که چاککردن و هه‌ڵسانه‌وه‌ی مرۆڤی کورد و چاککردنی که‌سایه‌تی تێکشکاوی ئه‌و مرۆڤه ، کارێکی هه‌نده سانا نیه و وه‌ختی خۆی گه ره‌که، به‌ڵام وته‌یه‌کی چینی هه‌یه ده‌ڵیت< ریگای هه‌زار میلیش هه‌ر به هه‌نگاوێک ده‌ستپێده‌کات>، ئێمه پێمان وایه یه‌که‌م هه‌نگاو نراوه، بۆیه پێویسته هه‌نگاوه‌کانی تری به‌دوادا بێت.
ئه‌و گه‌له‌ی که ده‌نگی داوه پێمان چاوه‌روانی گۆڕانمان لێده‌کات، بۆیه زۆرگرنگه که ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه بێهیوانه‌بێت لێمان و ئاهیان ساردنه‌کرێته‌وه و له جێی خواست و ویسته‌کانی گه‌لدابین. ئه‌گینا گه‌ل مافی خۆیه‌تی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا پشتمان تێبکه‌ن و ده‌نگی خۆیان بده‌ن به لیستێکی تر. با به هه‌موومان له جێی باوه‌ر و خواستی گه‌لدابین و خه‌ونه‌کانیان به‌جێبێنین که خه‌ونی خۆشمانه.
جارێکی تر ده‌ستخۆشی و پیرۆزباییتان لێده‌که‌ین و هه‌ر سه‌رفراز و سه‌رکه‌وتوو بن بۆ خزمه‌تی گه‌له چه‌وساوه‌که‌مان و له‌ڕه‌گ و ڕیشه‌ده‌رهێنانی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووری.
کۆمیته‌ی پشتگیری له لیستی گۆڕان
ستۆکهۆڵم/ سوید
26/7/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست