بەرەو رینسانسى رۆژهەڵات و جیاکردنەوەى ئیسلام لە سیاسەت
Monday, 12/08/2013, 12:00
کاتێ چاو بە مێژووى رەشی رۆژئاوا و قەیران و نەهامەتییەکانى دەخشێنینەوە، راستەوخۆ دەکەوینەوە بیرى دەسەڵاتى کەنیسەکانى مەسیحى و تێکەڵکردنى ئایین لەگەڵ سیاسەت، بەڵام کاتێ بیر لە رزگارى و پێشکەوتن و دەربازبوونى ئۆرووپا لە قەیرانەکان و دوواکەوتووییەکانى دەکەینەوە، رینسانس و شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکانى دواى جیاکردنەوەى ئایین لە سیاسەتمان وەبیر دەکەوێتەوە.
بەڵێ! جیاکردنەوەى ئایین لە سیاسەت و سێکۆلاریزم و بنیاتنانى قەوارەى سیاسیی دەوڵەتان لەسەر بنەماى نەتەوە و ویست و ئیرادەى خەڵک(لە جیاتى بیرو باوەڕى ئاسمانى) ئۆرووپاى بەرەو ئازادى و پێشکەوتن برد.
ئەوڕۆ بەشێک لە گەلانى ناوچەکە لە قۆناخێکى هاوشێوەى سەردەمى دەسەڵاتداریی کەنیسە لە ئۆرووپا ژیان بەسەر دەبەن، ژیانێک کە تێیدا دین و سیاسەت تێکەڵ کراون.
سیاسەت کارى حکوومەتدارى و ئیدارە و بەڕێوەبردنى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتییە کە بایەخ و پرەنسیپەکانى تەواو دژ و پێچەوانەى بایەخ و ئامانجەکانى باوەڕە پیرۆزەکانن.
لە سیاسەتدا بەردەوام تاک و گرووپ و حیزب و نەتەوە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بۆ وەدەستهێنانى بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر لە خەبات و ململانێیدان و سروشتییە تێیدا دەسەڵات و سامان و پارە و بەرژەوەندى و ...هتد بایەخ بن، کە لایەنە جۆراوجۆرەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسی لەپێناو وەدەستهێنانیان و شکستدانى رکابەرەکانیان زۆرجاران دەست دەدەنە جینایەت و تیرۆر و هەڕەشەکردن و سیخۆڕى و فریودانى یەکتر لە ژێر ناو و ئیستلاحى سیاسیی جیاجیادا.
بەڵام باوەڕە ئاسمانییەکان خەڵک بۆ راست و دروستى و فیداکارى و لێبوردون و خۆشەویستی و خاکەرایی ئینسانەکان لە بەرانبەر یەکتر و قەناعەت و پێشگرتن لە تەما و کونتڕۆڵى نەفس و زیادەخوازی و لابردنى تاوان و تاڵان و ریا و تەزاهور و درۆ و ... هتد، خەڵک هان دەدەن. کەواتە ئایین و سیاسەت دوو ئەرکى تەواو لێک جیاوازیان هەیە و ناکرێ شتى پاک و پیرۆز و ئاسمانى تێکەڵ بە شتێک بکرێ کە ئامانجەکانى تەواو پێچەوانەى خواستەکانى باوەڕە ئاسمانییەکانن و بە رێکارى ناپاک و شەیتانى دەست دەکەون.
ئەمرۆ ئیسلامى سیاسی لە ئێران و عێراق و سووریا و...هتد شێرپەنجەى ژیانى مرۆڤایەتى و سەرچاوەى نفاق و دووبەرەکی و تیرۆر و تۆقاندن و گەندەڵى و دوواکەوتووییە و تەنیا دەرگاى رزگاربوون لەو دۆخە و دەستپێکى رینسانس و گۆڕانکاریی راستەقینە جیاکردنەوەى ئایینە لە سیاسەت.
یەک لە دیارترین جەمسەرەکانى ئیسلامى سیاسی کۆمارى ئیسلامییە. ئێران بە هۆى سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى حکوومەتە ئیسلامییەکەى و پێگە و کاریگەری و پیلانەکانى لە ناوچەکە، ئەو وڵاتەیە کە دەبێ چەخماخەى ئەو وەرچەرخان و رینسانسە گەورەیەى رۆژهەڵاتى تێیدا لێ بدرێ. بەخۆشییەوە بە هۆى دەرکەوتنى ناوەڕۆک و رۆخسارى راستەقینەى ئیسلامى سیاسی بۆ سەرجەم گەلانى ئێران و تەنانەت بۆ کاربەدەستانى باڵاى حکوومەتی ئیسلامییش، هەلومەرجى وەها گۆڕانکارییەک لە ئێران رەخساوە و دەبێ هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان بە جیددى کارى بۆ بکەن، بەرلەوەى ئیسلامى سیاسی بەتەواوەتی ئێران و عێراق و سووریە و ...هتد لە ناو ببات.
بە هۆى هەوڵ و هەنگاوەکانى کۆمارى ئیسلامى لە 3 دەیەى رابردوو لە چوارچێوەى پرۆسەى "هەناردنە دەرەوەى شۆڕشی ئیسلامى،" لە بڕێک لە وڵاتانى ترى ناوچەکەش ئیسلامى سیاسی گەشەى سەندووە بەڵام بە لەناوبردنى کۆمارى ئیسلامى وەک سەرچاوە و پاڵپشتى سەرەکیی ئەو رێبازە، ئەوانیش بەرەو کزبوون و لەناوچوون دەڕۆن. بەتایبەتى کە لە وڵاتانى تر بە پێچەوانەى ئێران هەوڵى ئیسلامییەکان بۆ تاکڕۆیی و سەرەڕۆیی شکستى هێناوە و دەکرێ بە قانوون ببەسترێنەوە و تەنانەت چالاکییە سیاسییەکانیان رابگیردرێ.بۆ نموونە دەکرێ لەباشوورى کوردستان بە قانوونێکى سێکۆلار کۆمەڵ و یەکگرتووى ئیسلامى ناچار بکرێن واز لە سیاسەت بهێنن و خەریکى خزمەتى دینى و مەزهەبیی خۆیان بن.
لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ کە جەختکردن لە سەر جیاکردنەوەى دین لە سیاسەت و زەروورەتى دامەزراندنى سیستەمى سێکۆلار بە هیچ چەشنێک بە واتاى دژایەتیی دین و باوەڕە پیرۆزەکان نییە و ئەزموون سەلماندوویەتى کە لەو وڵاتانەى کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت نەکراوە زۆرتر حورمەتى پیرۆزییەکانى راگیراوە و هەر لە وەها سیستەمێکیشدایە کە ماف و ئازادییەکانی پێرەوانى باوەڕە جۆراوجۆرەکان دەپارێزرێ و هاوکات پێشکەوتنى سیاسیش وەدى دێت.
وەرن بە کورد و فارس و عەرەب و ئازەرى و ... هتدیەوە، دەست لە ناو دەستى یەکتر بۆ وەگەڕ خستنى چەرخەکانى رینسانسی رۆژهەڵات و جیاکردنەوەى ئیسلام لە سیاسەت، لە ئێرانەوە تێبکۆشین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست