بۆچى دەسەڵاتى كوردى ... ئێستا دژ بە مالكى و یاساى نەوت و غازە؟!...
Saturday, 17/09/2011, 12:00
ڕوداو و قەیرانە كەڵەكەبوەكانى هەرێمى كوردستان ، بەتایبەتى لە دواى 17ى شوباتەوە ئیدى بازنەى ڕوداو قەیرانەكان سەرداو تایتڵى قورسى بەدواى خۆیدا كێش كرد.
هەردەم عەقڵى سیاسى كورد(بەناو سەركردایەتى سیاسى) ، زۆر جار وتومە ئایندەى بە ئەمڕۆ فرۆشتوە، لە دیدى ستراتیژیەوە زۆر كەم خۆڕاگرو وەرەقەى فشاریان خۆبەخۆ لە هەگبەى گەمەى سیاسى و لەبەرامبەر نەیارانى دۆزو مەسەلەى كورد لە كیس چوە.
ڕوداو قەیرانەكان بەتایبەتى لەم دواییەدا لەسەر یەك كەڵەكەبون و تابتەوێت، بەشێوەى زنجیرەیى و تەزبیح ئاسا سەدویەك قەیران لە چركە ساتێكا دەست نیشان دەكەیت!!...
نامەوێ هەموو ئەو قەیرانانە ڕیزبەند بكەم(ئەمەندەمان باس كردووە، ئیدى توشى سەر ئاوسێ بوین)، وەلێ تەنها بە كورت و پوختى باس لە ناڕەزایى دەسەڵاتى كوردى سەبارەت بە یاسا ى نەوت و غاز ، هەڕەشە و كۆبونەوەكانە دژ بە مالكى و حوكمەتەكەى و ئەگەرى كشانەوەى كوردە لە و حوكمەتەى كە ئەمان خۆیان بە ڕێكەوتنامەى هەولێر فەخرو شانازییان پێوە دەكرد،(سوبحانەاللە) ئێستا كەوتونەتە سەركۆنەكردن و هێنانەوەى دەیان ئەگەرو گریمانە، كە بەڕاى متەوزاعیى بەندە هیچى لە خزمەتى ستراتیژیەتى نەتەوەیى و نیشتمانى كورد نیە، بە هێندى ئەوەى (هەڵتۆقینى قەیرانى لەناكاو) بۆ داپۆشینى ، خراپ بەكارهێنانى دەسەڵاتە لە ماوەى بیست ساڵى ڕابوردوو، نەبونى ستراتیژیەتێكى ڕوون و ئاشكراى ئەجنداى چاكسازى و ڕووداو قەیرانەكانى هەرێم لە لایەك، لەدەستدانى توندو تۆڵى هەڵوێست و پێگەى كورد لە بەغدا بە بەراورد لە گەڵ ساڵى 2005 لەلایەكى تر.
نەدەسەڵات و نەئۆپۆزسیۆن و نەهیچ چاودێرێكى سیاسى خاڵى نەخستە سەر قەیرانى هەرێم و مالكى سەبارەت بە مەسەلەى نەوت و غاز، ئایا ئەم هەڵچونە لە پاى چیە؟! ئێستا بۆ كورد وا ناڕازییە لە دەنگدان لەسەر ئەم یاسایە ، لە كاتێدا یەك لە هێڵە سورەكان كەهەردەم دەسەڵات دەیداتەوە بەڕوماندا مەسەلەى سامانى سروشتى و نەوت و غازە، پەلەكردنە لە دەرچواندنى یاساى نەوت وغازى حوكمەتى فیدراڵى ، وەلێ نەهاتن ڕاستیەكانمان پێ بڵێن ، هۆكارو حەیسیاتى ناڕەزایى كورد لەبەرامبەر مالكى و یاساى نەوت و غاز بۆ؟!
بەكورتى ، یاساى نەوت وغاز وێڕاى یاساكە چوار پاشكۆى (ملحق) لەتەكدایە، كە تیایدا چۆنیەتى (143) (موقیع و كێڵگەى نەوتى) تێدا دابەشكراوە ، كێشەكە لەم دیدەوە سەرهەڵدەدات: كورد پێى وایە (گرێبەستە هاوبەشەكان بۆ بەرهەمهێنانى نەوت) پێویستە كۆمپانیاى نەوتى دەرەكى + كەرتى تایبەت، دەستى ڕاستەوخۆى لە سامانى سروشتى و نەوتدا هەبێت، گەر وانەبێ بونى یاساى نەوت و غاز لە دەرەوەى ئەم بۆچونە زیادەو پێویست ناكات....واتە بە پێى پاشكۆى 3،4(93%) كێڵگە نەوتیەكان ڕادەستى (گرێبەستە هاوبەشەكان) دەبن. بەپێى پاشكۆى 1،2(52%) زۆرینەى ئەم كێڵگانەش هەر لە ڕێگەى (گرێبەستە هاوبەشەكانەوە) دەبێت.
مالكى پێى وایە: (كۆمپانیاى نیشتمانى عێراق) ڕاستەوخۆ كار لەسەر زۆرینەى مەوقع وكێڵگە نەوتیەكان ، دەكات. واتە زیاتر (93%) ى (مەوقیع و كێڵگە نەوتیەكان) كۆمپانیاى نیشتمانى عێراق ڕاستەوخۆ نەوت و غاز بەرهەم دەهێنێت...
ئەمە جەوهەرى كێشەى هەرێم و مالكیە، نامەوێت وردەكارى یاسایى بابەتەكە زیاتر لەسەر ى بڕۆم ، تا خوێنەر وشك هەڵنەیەت و زیاتر دووچارى موزایەدەى سەرئێشەى عەقڵى سیاسى كوردى نەبێت.
بیانوەكانى كورد ئەمانەیە:
1/ لایەنى كوردى ئەو چوار پاشكۆیەى نەبینیوە.
2/لە دیدى دۆستەكانەوە عێرا ق بە وڵاتێكى داخراو هەژمار دەكرێت.
3/زۆرترینى كێڵگە نەوتیەكان بە دەست حكومەتى فیدرالەوە دەبێت.
4/ئەم كارە كارێكى نا یاسایى و نادەستورییە بەتەبریرى مادەكانى 13،110،112ى دەستورى هەمیشەیى عێراق.
5/ لە تواناى كۆمپانیاى نیشتمانیدا نیە بەتەنها ئاستى بەرهەمهێنان لە ماوەى 5ساڵى داهاتو بگەیەنێتە 4.5 ملیۆن بەرمیل.
زۆر تەبریرى لاوەكى تر هەبوو بە پێویستم نەزانى ڕیزبەندى بكەم چونكە كارەكە زۆر بێتام دەبوو.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ، كامیان گرنگترە بۆ كورد مادەى 140، یاخود نارەزابون لەسەر یاساى نەوت و غازو پاشكۆكانى؟!...
140 مەسەلەى یەكلاكەرەوەى مێژویى و خاڵى ستراتیژیە بۆكورد ، ئەنجامدانى هەموو ئەو كارە لاوەكیانەى تر خۆ بەخۆ چارەسەر دەكرێت.
ئەم هەڵایەى كەئێستا كراوە بەمەسەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى لە دیدى دەسەڵاتى كوردیەوە ، شینى هەریسەكەیە ، هیچى تر ناگرێتە خۆ.
دەسەڵات گرێبەستى نەوتى لەتەك بەلجیكا، توركیا ، كەنەدا ، زۆرى تر كردووە ، لە دیدى مەركەزەوە نادەستورییە، گەلى كوردستان لە ڕابوردو ئێستادا لامان ڕوون نیە ، ئەم هەموو گرێبەستە چۆن كراوە؟! كوا سەندوقى نەوت و غازى هەرێم كە بەیاساى نەوت و غاز لە هەرێم بڕیارى لەسەر دراوە؟! كواشیرینیەكان؟ كوا؟كوا؟!....
نەوت بۆ كورد لەسەر دەستى داگیركەرانیدا بۆتە نەهامەتى ، مرۆڤى ئاساى كورد سودمەند نەبوە لەداهاتى نەوتى كوردستان.
بەڕاى بەندە ئەم ئەزمەیەى كە ئێستا هەڵتۆقیوە جوانتر بو ماكیاژ بكرایە بە دڵ و قودسى كوردستان وەك هەمیشە بۆ موزایەدە باسى لێكراوە ئەمجارەش كەركوكیان بكردایە بەسەرە نێزەى قەیرانەكان خەڵك زیاتر باوەڕى پێ دەكردن ، وەلێ بەم دوعایەى ئەمجارەتان كەس نابێژێ ئامین!!.................
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست