ئەبێت 19/5 بكەینە شادى بۆ میللەت و ناخۆشى بۆ دەسەڵات
Friday, 20/02/2009, 12:00
وا بۆ هەژدە ساڵ ئەچێت كورد حكومەتى هەیە , پەرلەمانى هەیە بەڵام نەمانتوانیوە نمونەیەكى جوان نیشانى میللەت و دەرەوەى خۆشمان بدەین , تەنانەت واى لێ هاتوە ئێستا لە عێراقدا كە باسى فیدراڵى ئەكەیت نمونەى كوردستان باس ئەكەن بۆیە پەشیمان ئەبنەوە , وەكو وائیل عبداللەتیف ووتى (فیدراڵى هەرێمى كوردستان ئەوەندە خراپ بووبۆیە هەرێمى سەربەخۆى بەسرەش سەرى نەگرت)) كەواتە حیزبى كوردى نەیتوانیوە نمونەیەكى جوان نیشان بدات , دەسەڵاتدارانى كوردى ئەوەى نەدەكرا بیكەن ئەمان كردیان و بە زیاتریشەوە كردیان , ئەو ڕەخنانەى جاران لە سەدام ئەگیرا ئێستا لە خۆیاندا بە زیادەوە بەدى ئەكرێ و بگرە لە هەندێ خاڵدا پێش ڕژێمى سەدامیشیان داوەتەوە هەر لە دیكتاتۆریەتەوە تا بە هەدەر دان و دزینى سامانى میللەت و زیندوو كردنەوەى بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەت و جاشایەتى و خیانەت و زۆر خاڵى تریش , بەم هەژدە ساڵەى تەمەنى حوكم ڕانى كوردى تائێستاش حكومەتەكەمان گڕو گاڵ ئەكات و قاچى نەگرتوە , هەژدە ساڵە حكومەت هەیە ,وا بۆ شەش ساڵ ئەچێت سەدامیش ڕوخاوە كەچى تائێستا وەزعەكە ناسكە و لە بار نیە , تا ئێستا حكومەت وەكو كەروێشك دەستى كورتە , هەژدە ساڵ حكومەتێك نەتوانێ بەردێك بخاتە سەر بەردێك ئەبێت بە چەند هەژدەى تر بیكات , كە ڕەخنەیان لێ دەگیرێ , یان باس لە لیستى تر و جیاواز دەكرێ ئیتر وەزع لەبار نیە , كورد پێویستى بە یەكێتى و پارتى هەیە ,ئەگەر یەكێتى و پارتى و جەلال و مەسعود نەبن ئیتر كورد حاڵى خراپ دەبێت لە كاتێكدا ئەمانە بونەتە هۆى ئەوەى كورد توشى خراپترین حاڵەت بێت , ئەبێت لیستى هاوپەیمانى بمێنێتەوە چونكە ترسى گەورەمان لە پێشە , بەڵام بێ چاوێنى بن بۆ دزیەكانى خۆیان نە وەزعەكە ناسكە و نە حكومەتیش دەستى كورتە و نە ترسى هەڕەشە و شەڕ بونەوە لە ئارادایە , ئەوەتا لە ڕۆژنامەى هاوڵاتیدا باس لە گەورەترین دزى و دیار نەمانى بڕە پارە دەكرێت كە پارتى و یەكێتى حەپەلوشیان كردوە ئەویش پارەى ئەو گرێ بەستیە نەوتانەیە كە بە نایاسایى كردویانە , ئێستا دەردەكەوێت بۆ ئەم دەسەڵاتە گرێ بەستیە نەوتیەكانى خستبوە پێش كەركوكیشەوە , پێش ماددەى 140یشەوە ئەها چەند پاروویەكى چەوریشە , بەڵام ئەگەر ئەم پارەیە بۆ حكومەت بوایە بە هەر حاڵ بەڵام ئەوەى نوسراوە ئەوەیە ئەو پارەیە وەكو برا بەش كراوە بۆ پارتى و یەكێتى و لە ناو پارتى و یەكێتیشدا بۆ هەردوو بنەماڵە مافیاكەى كوردستان , ئەمە یەك نمونەى بچوكى ئەم حكومەتەیە كە لە ماوەى هەژدە ساڵدا كردویانە كە بێجگە لەمە هەزاران دزى تریان هەیە كە یان باس كراون یان تائێستا ئاشكرا نەبوون , كەواتە دەركەوت حكومەت و دەسەڵاتێك بە هەژدە ساڵ نەتوانێ نمونەیەك پێشكەش بكات كەواتە بە چەندین هەژدەى تر ناتوانێ هیچ بكات بۆیە ئیتر ئەبێت ئەم دەسەڵاتە سەرەونگون بكرێت , كەواتە باشترین ڕێگا بۆ لە كۆڵ بونەوەى ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە ڕۆژى 19/5 بكرێتە ڕۆژى سەركەوتنى میللەت , ڕۆژى شادى بۆ میللەت و پرسە و ناخۆشى بۆئەو دەسەڵاتە ى هەژدە ساڵە دەستیان ناوەتە بینە قاقاى میللەت , ئیتر ڕۆژى سەركەوتنى گەل و ڕوخانى دەسەڵاتى بۆگەنى كوردى نزیكە بۆیە ئەبێت سندوقى دەنگ بكەینە بۆمبێك تا بە ڕووى مافیا كانى كوردستاندا بتەقێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست