یاڕەبى ئەو 52 ملێون دینارەتان پێ حەرام بێت
Friday, 23/10/2009, 12:00
سەدوو یانزە ئەندام پەرلەمانى كوردستان , ئەو ئەندام پەرلەمانانەى كە پەرلەمانى پێشویان هەژاندبوو , كە سەرجەم وەزیرە گەندەڵ و دزەكانیان بانگ كردە پەرلەمانەوە و گەورەترین لێپرسینەوەیان لەگەڵ كردن , ئەو پەرلەمانەى لە سایەى دەسەڵاتى ئەو سەدو یانزە ئەندام پەرلەمانەوە هیچ فەرمانبەرێكى حكومەت لە سەرۆكى هەرێمەوەتا سەر كارگوزارێك نەیان ئەوێرا بچوكترین گەندەڵى بكەن ,ئائەو قارەمانانەى كە بە هیمەتى خۆیان نەیان هێشت دزى و گەندەڵى لەم ووڵاتەدا بمێنێ وەكو پاداشت هەریەكەو دواى تەواو بونى كارەكەیان 52 ملێون دیناریان وەرگرت , بۆ وەرى نەگرن , هەر لە سەردەمى ئەماندا كێشەى بێ كارى و نیشتەجێ بون و پرسى لاوان و ژنان چارەسەر كران ,كێشەى كارەبا نەما , سوتەمەنى سەد دەر سەد چارەسەر بوو ,بستێك خاكى ئەم ووڵاتە نەما قیرتاو نەكرابێت , یەك گوند نەماوە چۆڵ بێت , هەرچى گوندەكانە ڕێگاو بان و خوێندنگاو بنكەى تەندروستى و ئەوانى تریش چارەسەر كران , لە سایەى پەرلەمانى پێشودا حكومەت بووبە یەك ئیدارە , ئاسایش و پێشمەرگە یەكیان گرتەوە ,دەزگاى زانیارى و پاراستن نەمان و زیندانە نهێنیەكان داخران , ئێستا حكومەت لە جیاتى دوو گیرفانى حیزب تەنها یەك گیرفانى حكومەتى هەیە ,هەر بە بڕٍیارەكانى ئەمانە بوو هەتا ماوە لەم كوردستانەدا هیچ فەرمانبەرێك ناویرێ بچوكترین گەندەڵى بكات , چونكە توند ترین سزایان داناوە , بە دەگمەن كێشەیەك ماوە لەم ووڵاتەدا ئەم پەرلەمانە نەیخستبێتە بەر باس و لێكۆڵینەوەو یاساى تازەیان بۆ دەرنەكردبێت , ئیتر بۆ ئەو بڕە پاداشتەوەرنەگرن , یاخوا عافیەتان بێت و بە بەزى ناوشانتان بێت , ئیتر بۆ خەڵك لە سەر ئەندام پەرلەمانى خۆى بە كوشت نادات , ئاخر خەڵكینە ئێوە سەیر بكەن ئا ئەمە گەورەترین غەدر نیە لە داهاتى ئەم ووڵاتەى ئەكەن , ئەمە یارى كردن نیە بە داهاتى ئەم میللەتە و هەستى ئەم میللەتە , ئاخر وەرن سەیر بكەن بزانن پەرلەمانى پێشوو چى كرد , كوا دەستكەوتەكانیان , كوا چەند وەزیر برانە بەردەم پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە , هەر لە سایەى ئەواندا دەیان گەندەڵى و دزى دەركەوتن كەچى ئەوەى نقەى لێوە نەهات پەرلەمان بوو , ئەندام پەرلەمانى واى تیابوو بەو چوار ساڵە بەقەت یەك سەعاتى مرورێك دەستى هەڵنەبڕى , ئاخر ئەو هەموو داهاتە بۆ ئاوا بە فیڕۆ ئەدرێ , ئاخر تاكەى ئەم میللەتە لە ئاست ئەو هەموو ناهەقى و ناعەدالەتیەدا بێ دەنگە , بەس پێمان بڵێن ئەوانە چیان كرد , هى وایان تیابوو لە دە دانیشتندا جارێك ئامادە نەدەبوو , ئاخر كەى پەرلەمان و ئەندامەكانى لەسەر تۆپ باران كردنەكانى توركیا وئێران هاتنە دەنگ , هەر لە كاتى دەسەڵاتى ئەواندا نەبوو عومەر فەتاح و ووشیار سیوەیلى و ئاشتى هەورامى ئەو دزیەیان لێ دەركەوت بۆ پەرلەمان بانگى نەكردن , ئاخر سەدویانزە 52 ملێونى بدرایە بە پرۆژە باشتر نەبوو بدرایە بە و بەركەوتوانەى كیمیاى هەڵەبجە باشتر نەبوو بدرایە بە هەرچیەك باشتر بوو لەوەى بدرێت بە ئەندام پەرلەمانێكى ئەڵقە لە گوێى حیزب كە نەتوانێ بێ حیزب دەست بەرز بكاتەوە و ئەوەى لە بەرژەوەندى سەرۆكەكان نەبێت ئەمان باسى نەكەن , چ ڕۆژێك سەرۆكى حكومەت بانگ كرا بۆ ناو پەرلەمان لە سەر گرێ بەستیە نەوتیەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێ , ئەبێت هەموو پەرلەمانەكانى دنیاش ئاوا بێت ,وەرن چوار ساڵى ئەندام پەرلەمانێكى مردوو بێ خێر حساب بكەن بزانن چەندى تێ ئەچێ لە سەر ئەم میللەتە و چەند ئەكەوێ لە سەرمان , لە كاتێكدا هیچ ئەندام پەرلەمانێك بە قەد یەك مانگى موچەكەى خێرى بۆ ئەم میللەتە نەبوە , ئەبێت ئەو ئەندام پەرلەمانانەى كە ئەو پارەیان وەرگرتوە باش بزانن ئەوە پارەى دزراوى ئەم میللەتەیە و ئەوان وەرى ئەگرن , كوڕە ئەوان كەى گوێیان داوەتە شتى وا ئەوان خۆشیان دز بوون ,مامۆستایەكى داماو لەو ڕۆژەى دائەمەزرێ هەتا ئەو ڕۆژەى ئەمرێ بە هەموو موچەكەى بەقەد ئەم پاداشتەى ئەندام پەرلەمانێك وەرناگرێ, ئەرێ میللەت تاكەى ئەم هەموو ناهەقیە و تاكەى بێ دەنگى ئێمەش
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست