ڕاستە ئەڵێن سیاسەت ئەخلاقى تیا نیە ؟ زەحمەتكێشان و سۆسیالیست وەك نمونە
Saturday, 19/09/2009, 12:00
هەڵبژاردنەكانى ئەمجارەى پەرلەمانى كوردستان ئەو ڕاستیەى بۆ هەمو لایەك دەرخست كە ئەوەى لەبەرەى گەلدا بێت براوەیە , بەڵام ئەوەى لەبەرەى دەسەڵاتى مافیاى كوردیدا بێت ئەوە بێ بەرییە لە میللەت , زۆر دەمێكە و ماوەى چەند خولى ئەم پەرلەمانە وەكو خۆى بێ ئۆپۆزیسیۆن ڕۆیشتوە , پەنجا بە پەنجا و دوو ئیدارەی و بێ دەنگى حیزبەكانى كوردستان كارێكى واى كرد پارتى و یەكێتى بەتەنها و بەجیا ببنە ئەو دوو دیكتاتۆرەى كە حساب بۆ هیچ نەكەن و بێ منەت بوون لەو دەنگە ناڕەزاییانەى كە هەبون هەرچەندە دەنگەكان كز بون بەڵام بونیان باشبوو , پەرلەمانى بێ ئۆپۆزیسیۆن بوە بارەگاى حیزبەكان و هەرچى بڕیارى حیزبەكان بووكەلە مەكتەب سیاسیەكانەوە دەرئەچوو لەوێوە شەرعیەتیان وەرئەگرت , ئەمە خەڵكى ناڕەحەت كردبوو ئەویش بۆیە ئاوا بوو لەبەر ئەوەى هیچ لیستێكى جیا نەبوو كە ڕكابەرى ئەم دوو سەڵاتە مافیایە بێت ,هەڵبژاردنى ئەمجارە بە جیا لە جارەكانى تر جیاوازى زۆرى تیا بوو بەوەى كە دەركەوتنى لیست و قەوارەى جیا و نوێ دەركەوتن , ئەمەش بوە مایەى خۆشحاڵى خەڵك و ئەو هەڵبژاردنەش گەرم و گوڕ تر بوو چونكە ئەوە سەلما كە خەڵك ئەیانەوێت دەنگەناڕەزایەتیەكان بچنە پەرلەمانەوە و كۆتایى بە و دەسەڵاتە زۆرو زەوەندەى ئەم دوو حیزبە بهێنن و پەرلەمان ببێتەوە بەو پەرلەمانەى كە چەندین ساڵ بوو خەومان پێوە ئەبینى گۆڕانكارى بكرێ , دەركەوتنى دەنگەجیاوازەكان بونە ئەمرى واقیع و خەڵكێكى زۆر لە دەوریان كۆبونەوە و ترسێكى زۆریان بۆ سەر دەسەڵات دروست كرد , خەڵكیش گەرم و گوڕ تر بەرەو پیرى ئەو هەڵبژاردنە چون , وە بەحەماسى زیاترەوە ڕژانە سەر شەقامەكان و هێزى شاراوەى خۆیان نیشانى دەسەڵات دا , هەڵبژاردن كۆتایى هات , دەنگە ناڕازییەكان كورسى باشیان هێنا و خەڵك بەهیواى ئەوەبوو ئەمانەببنە لەمپەر لەبەردەم ئەو دزى و گەندەڵى و ناشەفافیەتەى كە هەیە و پەرلەمان ببێتەپەرلەمان نەك بارەگاى حیزب و لە مردن ڕزگارى بێت , لیستى چوار حیزبە و گۆڕان خەڵك زۆر ئومێدى لەسەر هەڵچنین , لیستى چوار حیزبە لە دوو هێزى گەورە و دوو هێزى بچوك پێك هاتن , بەڵام دیاربوو ئەم دوو هێزە بچوكەى كە ناویشیان نەبوو خەت مایل و جاسوسى هێزە گەورەكان بون و وا نێردرابون كە ئەو لیستە لەبەر یەك هەڵوەشێنن , ئەو هێزەى كە خۆیان نەیان ئەتوانى قاچى كورسیەكیش بهێنن لە سایەى ئەم یەك لیستیەدا بونە خاوەنى كورسى , ئەوەى جێگەى نیگەرانى بوو هەرپاش هەڵبژاردنەكان بە هۆى ئەم دوو جاسوسە موعتەبەرەوە دەسەڵات توانى درزێكى گەورە بخاتە ناو ئەو لیستەوە و ئەمانیش كە بەردەوام لە كوێ باى هات شەن دەكەن ووتیان ئێمە بەشدارى حكومەت دەكەین بۆیە دوو هێزەكەى تر مانەوە و ئەمانیش بە سەرشۆڕ ى خۆیان خزاندەوە باوەشى دەسەڵات و بەو ژیانە سەرشۆڕییەى كە پێى ڕاهاتبون درێژەیان دا , ئەمانە ئەگەر یەك تۆز وەفایان هەبوایە و لە ماناى سیاسەت تێ بگەیشتنایە ئەبوایە ئەو سیقەیەى جەماوەر پێى دان نەیان دۆڕانایە و جارێكى تر نەچونایەوە ڕیزى دەسەڵات بەڵام لاى هێزێك كە هەمو ژیانى پاشكۆیەتى بێت ئەمە نازانێ بۆیە بۆ ئەم هێزانە ئەمە ئاساییە , ڕاستە ئەڵێن سیاسەت ئەخلاقى تیا نیە ئەگەر ئەخلاق هەبوایە لە سیاسەتدا ئەوان هیچ یەكێك لەو دەنگانە هى خۆیان نەبوە و دەنگى ئیسلامیەكان بوە ئەو لیستەیان بەجێ نەهێشتایە بەڵام وەعدەكانى تاڵەبانى و بارزانى و نیشان دانى دەفتەرە دۆلارەكان و پێدانى پۆستێكى سەرشۆڕانە وایان لەم دوو بەناو هێزە كرد ملى خۆیان شۆڕ بكەن و جارێكى تر لە باوەشى گەرمى دزى و گەندەڵیەكاندا خۆیان ببینەوە , حەمەى حاجى محمود و قادر عەزیز ئەمجارەش خۆیان كردەوە بە باوەشى دەسەڵاتدا , بەڵام دنیاش هەر ئەمڕۆ نیە و جارى تریشمان لەبەر دەمدایە و ئەوەى بەرەى گەلیش هەڵنەبژێرێ گەلیش پشتى تێ دەكات , ئیتر نازانم سیاسەت ئەخلاقى تیا نیە یان ئەوانەى سیاسەت دەكەن , لاى من هەردوكیان ئیتر نازانم لاى ئێوە چۆنە ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست