کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


كفرى، له‌ نێوان شه‌رم ومه‌ینه‌تى

Tuesday, 21/12/2010, 12:00


هه‌ر تاكێك شێوازێكى هه‌یه‌ بۆ ده‌ربڕینى خوشه‌ویسته‌كه‌ى وهه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ رێگایه‌ك هه‌ڵده‌بژێرى بۆ ئه‌و ده‌ربڕینه‌، خۆشه‌ویستى منیش بۆ شاره‌كه‌م وپیشه‌كه‌م ڕێك له‌ خوشه‌یستى ئه‌و پیاوه‌ ده‌چێ كه‌ ئاواته‌ خوازه‌ خێزانه‌كه‌ى له‌ به‌هه‌شتدا هاوڕێى وهاوسه‌رى بێت بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌رزه‌نشت كردنى ناوه‌ستێت وبه‌رده‌وام له‌ خه‌وى خۆشى به‌یانى هه‌ڵیده‌ستێنى به‌ڵكو نوێژى به‌یانى بكات وخودا له‌خۆى زوێر نه‌كات.
بۆیه‌ ڕاچه‌ڵه‌كاندنى حكومه‌ت له‌ ئاست كه‌مته‌رخه‌میه‌كانى نه‌ تاوانه‌ ونه‌ گوناه وبگره‌ گه‌وره‌ترین سوودى هه‌یه‌ بۆ خودى حكومه‌ت. قسه‌كانى منیش ڕێك له‌ ئاواتى ئه‌و منداڵه‌ ده‌چێت كه‌ به‌ ده‌ست سه‌رخۆش بوونى باوكى وبۆنى جگه‌ره‌كه‌ى دنیاى لێى تاڵ بووه‌ وبه‌رده‌وام چاوه‌ڕوانى ره‌حمه‌تى خودایه‌ به‌ڵكو باوكى ئه‌و ره‌فتاره‌ ناپه‌سه‌نده‌ ته‌رك بكات وبگه‌ڕێته‌وه‌ ڕێگاى راست.
ده‌وترێت گوایه‌ من تاكه‌ كه‌سم له‌م شاره‌دا وتاكه‌ كه‌سم له‌ نێو مامۆستایان كه‌ ده‌نگى ناڕه‌زایم به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ناعه‌داله‌تى حكومه‌ت له‌م شاره‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان هه‌ر له‌ دابه‌ش كردنى زه‌ویه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ كه‌مى خزمه‌تگوزارى ونه‌بوونى باخ وپارك.........هتد.
گه‌ر وه‌ها بێت بۆ من شانازیه‌ كه‌ سه‌رقافڵه‌ى ده‌نگى نه‌هامه‌تیه‌كانى شارێك بم كه‌ حكومه‌ت تا سه‌ر ئێسك فه‌رامۆشى كردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ دڵنیام كه‌ تاكه‌ كه‌س نیم وهه‌مووان ناڕازین به‌ڵام نه‌گبه‌تیه‌كه‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر خه‌ڵك ده‌ڵێ ده‌ست به‌سه‌ر كڵاوه‌كه‌ى خۆته‌وه‌ بگره‌ با نه‌یبات!!!!!!!!!.
به‌ڕێزان ئێوه‌ باسى پارك ده‌كه‌ن توخوا كه‌ستان منداڵه‌كانى خۆتان بردووه‌ته‌ ئه‌و پاركه‌؟ بێگومان نه‌خێر ئه‌و پاركه‌ هێشتا خه‌ون به‌ هه‌ریز كردنه‌وه‌ ده‌بینێ، ئه‌و پاركه‌ حكومه‌ت هیشتا نه‌یتوانیووه‌ زه‌ویه‌كه‌ى ساغ بكاته‌وه‌ وته‌نها ده‌یه‌وه‌ى زمانى خه‌ڵكى بنێت به‌یه‌كه‌وه‌ وهه‌ندى ورده‌ واڵه‌ى بۆ هێناوه‌ كه‌ گوایه‌ یاریه‌. به‌ڵام ده‌یهێنمه‌ یادتان ئه‌و جۆره‌ یاریانه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو شوسته‌ وكۆڵانه‌كانى هه‌ولێر وسلێمانى دا هه‌ن واتا ناتوانین ئه‌وه‌ ناو بنێت (شارى یارى) من نامه‌وه‌ى كفرى به‌ هه‌ولێر وسلێمانى به‌راورد بكه‌م خوانه‌خواسته‌ به‌ڵكو ده‌مه‌وێ به‌راوردى له‌گه‌ڵ كه‌لار وقه‌زاى سۆرانى بكه‌م بۆ نمونه‌. وناكرێت حكومه‌ت هه‌تاكو ساڵى حه‌ى چاوه‌ڕوانى ده‌ستى به‌ڵێنده‌ر بێت كه‌ى دێنه‌ پێشه‌وه‌، وده‌سته‌ وه‌ستان بوه‌ستێ هه‌رچه‌نده‌ دڵنیام كه‌ گوناهى زۆریش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى شار به‌ڵام بریارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێ لاى حكومه‌ت بێت.
من پرسیار ده‌كه‌م شارێك ناوى له‌ نێو بودجه‌ى هه‌رێمه‌كه‌یدا نه‌بێت چى جۆره‌ سووكایه‌تى كردنێكى پێ كراوه‌ ، شاریك سه‌رتاپاى پڕ بێت له‌ خامۆشبوون وفه‌رامۆش و ده‌ست به‌تاڵى كام جۆره‌ نه‌گبه‌تی تووشى بووه‌ وگه‌نجه‌كانى له‌ چه‌كدارى زیاتر هیچ رێگایه‌كى دیكه‌یان نه‌بێ بیكه‌ن. بۆیه‌ با ئه‌مجاره‌یان به‌ خاڵ قسه‌ بكه‌ین وبمبورن سه‌رجه‌م ره‌خنه‌كان له‌ كارى به‌رێزتانه‌ وه‌ك به‌رێوبه‌رى شاره‌وانى كفرى نه‌ك خودى كه‌سى خۆت كه‌ شایه‌نى ڕێزى وته‌قدیرى .
1-به‌راستى حه‌زم نه‌ده‌كرد وه‌ڵامى به‌ڕێزت بده‌مه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیاتر په‌له‌كێشى كردم بۆ وڵامدانه‌وه‌ دێڕى نۆیه‌مى وه‌ڵامه‌كه‌ته‌ كه‌ ده‌ڵیێ"سه‌رۆك شاره‌وانى به‌ شایه‌ته‌وه‌ قسه‌ ده‌كات به‌ڵام ئه‌ویش بێ شایه‌ت قسه‌ ده‌كات". هه‌رچه‌نده‌ دێره‌كه‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ به‌ ده‌ستى به‌ڕێزتان نه‌نووسراوه‌ وكه‌سێكى دیكه‌ نووسه‌ر بووه‌.
به‌هه‌ر حاڵ من لێره‌وه‌ ده‌چمه‌ نێو باسه‌كه‌ وپاشان ده‌یهۆنمه‌وه‌، بێ گومان جگه‌ له‌ خودا دوو شایه‌تحاڵ كه‌ دڵنیام سه‌رۆكى شاره‌وانى زۆر فشارى خستووه‌ته‌ سه‌ریان چونكه‌ كارمه‌ندى ئه‌ون وده‌یه‌وێ له‌ به‌رچاو خه‌ڵكى ناچاریان بكات ئه‌و وتانه‌ بڵێن كه‌ خۆى ده‌یه‌وه‌ى به‌ڵام گه‌ر پاش ئه‌وه‌ى ده‌ست ده‌نێن به‌سه‌ر قورئان وسوێند ده‌خۆن كه‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى قسه‌ى وه‌هاى نه‌كردووه‌ ئه‌وجا من قورئان ده‌خۆم وپاشان به‌ڵگه‌ى حاشا هه‌ڵنه‌گرم له‌ لایه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ریكوردى ده‌نگى وئه‌وسا به‌رامبه‌ر به‌ خودا وخه‌ڵك چى ده‌ڵێن، هه‌ر مامۆستایه‌كى ئازیز كه‌ به‌ رێژه‌ى 0.001%گومانى هه‌یه‌ وباش من ناناسێ ده‌توانى بێت گوێى بیستى ده‌نگه‌كان بێت كه‌ زیاتره‌ له‌ 15 خوله‌كه‌ وخۆتان حوكم بده‌ن.
2- زۆر پێكه‌نینم هات كاتێك خوێندمه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ من بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌م وتانه‌ بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى من ئۆباما بم وبۆ سه‌رۆكایه‌تى ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى كوردستان خۆم هه‌ڵده‌بژێرم (یاخوا وابێت)!!، حه‌ز ده‌كه‌م دڵنیات بكه‌مه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و قسانه‌ لایه‌ن ده‌وربه‌ره‌كه‌ى تۆ وكه‌سانى ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ یه‌كسه‌ر پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و قسانه‌ت وتووه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستیان وتۆ ده‌زانى چۆن وكێ به‌ ته‌له‌فون سه‌رزه‌نشتى تۆی كردووه‌ وبه‌هه‌موویانه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌مى له‌ به‌رێزت بووه‌ . ودڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ نه‌ له‌ ئێستا ونه‌ له‌ داهاتوو من پێویستیم به‌و جۆر بانگه‌شه‌ نیه‌ وته‌نانه‌ت بڕوام پێى نیه‌ چونكه‌ له‌ كه‌سایه‌تى خۆم دڵنیام وهاوڕیانم چاك ده‌زانن من نوێنه‌ریان بم یاخود نا هه‌ر داكۆكى كه‌ر وپارێزه‌ریان ده‌بم له‌ هه‌قدا، له‌ هیچ كه‌سێك سڵ ناكه‌مه‌وه‌ وزمانم ناچێته‌ نێو یه‌ك وفۆنتى قسه‌ كردنم تیژ ده‌بێ نه‌ك ئاڵۆز .
دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ من پێش ئه‌وه‌ى بچمه‌ نێو پرۆسه‌كه‌ دڵنیابووم كه‌ ده‌رده‌چم چونكه‌ پشتم به‌ خوداى خۆم قایم بوو وهه‌روه‌ها دڵنیابووم له‌ جه‌ماوه‌رێتى خۆم ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى گه‌ر من بمویستایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ بانگه‌شه‌ به‌كار بهێنم هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ واتا 25/11 له‌سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كان ورۆژنامه‌كان وسایته‌كان بڵاوم ده‌كرده‌وه‌ وهه‌روه‌ها به‌ بلوتووس ده‌نگه‌كانم بڵاو ده‌كرده‌وه‌ ونه‌مكردووه‌ هه‌تاكو ئێستا.
ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بووم بابه‌تى له‌سه‌رى بنووسم هه‌تاكو گوێى بیستى چه‌ند وته‌ وقسه‌ى ناڕه‌واى ناشرین بووم كه‌ تۆى به‌ڕێز به‌راست وچه‌پ به‌رامبه‌ر منت كردبوو وتۆ منت ناچار كرد پاش 5 رۆژ بابه‌تى له‌سه‌ر بنووسم. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى من پێویستیم به‌ ده‌نگێكه‌ كه‌ به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بێت وئاماده‌م ببمه‌ چرایه‌ك له‌ پێناویدا وهیچ پێویستیم به‌ ده‌نگێك نیه‌ كه‌ بنه‌ماكه‌ى سۆز وروژاندنى هه‌ست بێت وقوزتنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى خه‌ڵكى دیكه‌ بێت به‌و پێیه‌ى مرۆڤ بێ هه‌ڵه‌ نیه‌ وهه‌موومان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین. خۆ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان نیه‌ وتۆ ڕه‌كابه‌رم بیت ومن بمه‌وه‌ى زه‌فه‌رت پێ ببه‌م ودڵنیابه‌ گه‌ر وه‌هاش بوایه‌ هه‌ر نه‌مده‌كرد چونكه‌ ئاواتى من ده‌نگدانه‌ به‌ به‌رنامه‌ وكه‌سایه‌تى وكار كردن نه‌ك حزب ولیست هه‌رچه‌نده‌ حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات وكۆپى یه‌كانیان بوار ناده‌ن سیستمى به‌ دیموكراسى كردنى سه‌ندیكاكان رێڕه‌وى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى وه‌ربگرێت وهه‌ڵبژاردنه‌كان كراوه‌ بێت.
3- لێتان ناشارمه‌وه‌ نازانم ئه‌و ژماره‌یه‌ واتا10 گه‌ڕه‌ك كه‌ تۆ باسى لێوه‌ ده‌كه‌ى ئاوه‌ڕۆى بۆ كراوه‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێ وبۆچى گه‌ر تۆزێك باران ببارى شه‌قامه‌كان ده‌بنه‌ لافاو، چونكه‌ ئه‌وه‌ى من وخه‌ڵكى شاره‌كه‌ ده‌یبینین هه‌ر چڵكاو وپیسى وزبڵه‌ تۆ بڵیى پێناسه‌ى گه‌ڕه‌ك گۆڕا بێت یان مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سێ گه‌ڕه‌كه‌ى كه‌ ماوه‌ رووبه‌ره‌كه‌یان فراوانه‌ و10 گه‌ڕه‌كه‌ى تر رووبه‌ریان بچووكه‌ ، یاخوا من هه‌ڵه‌ بم وه‌ها بێت.
4- من له‌وجۆره‌ كه‌سانه‌ نیم كه‌ هێڵى راست وچه‌پ به‌سه‌ر كاره‌كانى حكومه‌ت بدات وشته‌كان به‌ چاوى خۆمان ده‌بینینبه‌ڵام شتێكى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌ كفرى سسته‌ وپێویستى به‌ خوێن وزه‌ى تازه‌یه‌، چونكه‌ كارى حكومه‌ت ته‌نها خزمه‌تكردنى هاوڵاتیانه‌ ، خۆ پیاوه‌تى نیه‌ وكه‌س له‌ ئێمه‌ به‌ خۆمیشه‌وه‌ به‌ بێ مووچه‌ كار ناكه‌ین واتا كارى من وتۆ خزمه‌ت كردنه‌ وپێویستى به‌ منه‌ت نیه‌؟
من پرسیار ده‌كه‌م تۆى به‌رێز كاتێك پاش ده‌وام به‌ زیاده‌ كار ده‌كه‌یت واتا (سه‌عاتى زیاده‌) به‌ به‌لاش كار ده‌كه‌یت بێگومان نه‌خیر، به‌ڵكو تۆ سه‌رۆك شاره‌وانیت پاره‌ى زۆرتر وه‌رده‌گرى، هه‌رچه‌نده‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم سه‌رۆك شاره‌وانى هێنده‌ بێ ده‌سه‌ڵات وبێ كارمه‌ند بێت خۆى ئۆتۆمبیل لێبخورێت چونكه‌ كه‌سایه‌تى لاواز ده‌كات به‌رامبه‌ر كارمه‌نده‌كانى وبوار ده‌دات به‌ خه‌ڵكى قسه‌ بكه‌ن وبڵێن بۆ ئه‌وه‌ وه‌ها ده‌كات سه‌عاتى 50 هه‌زارى به‌ر بكه‌وێ بۆ نمونه‌.
5- دڵنیاى به‌رێزت ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندى به‌ كێشه‌ى شه‌خسیه‌وه‌ نیه‌وه‌ ومن دڵنیام تۆ له‌ تووڕه‌ بوونه‌وه‌ ئه‌و وتانه‌ت وتووه‌ ئه‌گینا له‌ ناخدا دژى مامۆستاى ئه‌م زه‌مانه‌ نیت ومرۆڤ نیه‌ هه‌ڵه‌ نه‌كات وگه‌وره‌ى مرۆڤ له‌ داواى لێبوردنه‌وه‌یه‌ ودڵنیابه‌ تاوانى منى تێدا نیه‌ كه‌ گه‌یشته‌ گوێى مامۆستایان، من نه‌مده‌ویست ئه‌و قسانه‌ت بڵاو ببێته‌وه‌ وخۆت ده‌زانى ودڵت به‌ ئاگایه‌ من زۆر به‌ سروشتى قسه‌كان وتوڕه‌ بوونى تۆم زۆر ئاسایى بوون له‌لام وشتى وه‌هام زۆر بینیوه‌، خودا هه‌ڵناگرێ له‌ سه‌ره‌تا هه‌تا كۆتایى ده‌توت دوور له‌ رووى حازرى. نازانم مه‌به‌ستت ئه‌وه‌ بووبێت (بووك له‌گه‌ڵ تۆمه‌ خه‌سوو گوێت لێبێت)
6- هه‌روه‌ك هاورێه‌كى كۆنى خۆت وتى ومنیش زۆر هاوگونجاوم له‌گه‌ڵى تۆ زۆر دڵسۆزى به‌ڵام كه‌م جورئه‌تى، تۆ زۆر به‌رێزى به‌ڵام هه‌ندى جار ئه‌یشێوێنى له‌ قسه‌كردندا. هه‌روه‌ها تۆ زۆر حه‌زت له‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ڵام ناتوانى پرۆژه‌ى خۆت بسه‌پێنى وداكۆكى لێى بكه‌یت وهێشتا له‌ چۆنیتى جێ به‌جێ كردنى پرۆژه‌كان شاره‌زا نیت به‌ كوردى یه‌كه‌ى پشتت نیه‌.
جگه‌ له‌وه‌ى شه‌رم وله‌ به‌رپرسانى سه‌رووى خۆت ده‌كه‌ى یان سڵیان لیى ده‌كه‌یته‌وه‌ یان زیاد له‌ پێویست حیسابیان بۆ ده‌كه‌یت وئه‌مه‌ش بۆ كه‌سێك كه‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى بێت زۆرنه‌گونجاوه‌ گه‌ر گوناه نه‌بێت وشاره‌كه‌ بوه‌ته‌ قوربانى هیوادارم له‌م حاڵه‌ته‌ خۆت ده‌رباز بكه‌یت.
7-به‌ داخه‌وه‌ تۆ له‌و بڕگه‌ تێنه‌گه‌یشتووى كه‌ باس له‌گه‌نده‌ڵیه‌كانى شاره‌وانى كفرى ده‌كات و پڕ به‌ ده‌نگم هاوار ده‌كه‌م تۆ گه‌نده‌ڵ نیت به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ فوبیا وترسى گه‌نده‌ڵى له‌ ناختا بوه‌ته‌ نه‌خۆشیه‌ك وتۆى له‌ خزمه‌تكردنى شاره‌كه‌ت دوورخستوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ئێستا زۆربه‌ى خه‌ڵك به‌ره‌و پاش چوونى شاره‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستووى تۆى ئازیز،
به‌رێزم بێگومان ئه‌وه‌ى كار بكات هه‌ڵه‌ ده‌كات ومه‌رج نیه‌ هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ك دزى بێت، بۆ نمونه‌ گه‌ر كچێكى سه‌ڵت ناوى بۆ زه‌وى ده‌ربچێت یان به‌رپرسێكى شاره‌كه‌ زه‌وى به‌سه‌رخێزانێك دابه‌ش بكات چونكه‌ حه‌زى له‌ دراوسێیه‌كیان كردووه‌ وكه‌چى ده‌یان كه‌سى ئه‌م شاره‌ كه‌ سه‌رووى 20 خاڵیان هه‌یه‌ وخێزاندارن زه‌ویان وه‌رنه‌گرتووه‌ ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ و فه‌سادێكى ئیداریه‌ یان كاتێك به‌شى رێكخراوه‌ ده‌ست به‌تاڵه‌كانى كوردستان هێنده‌ى رێژه‌ى مامۆستا بێت ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ وتاوانى سیستمه‌كه‌یه‌ وتۆ بۆ پێت ناخۆشه‌ كه‌ ئێمه‌ ناوى بنێن گه‌نده‌ڵى. ته‌نانه‌ت پێم سه‌یر بوو كه‌ تۆ فلیمى ماده‌ى 140 كردووه‌ته‌ نێو بڕگه‌كانى دابه‌ش كردنى زه‌وى بۆ ئه‌و هێنده‌ كه‌سانه‌ى ناویان بۆ زه‌وى ده‌رچووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ نووسراوێكت نیه‌ له‌وباره‌وه‌ كه‌ بلیى پێیان مه‌ده‌ وته‌نها ده‌ڵێ (دانیشتووى شاره‌كه‌ بێت) به‌ڵام تۆ له‌ ترسان وه‌هات لێى كردووه‌ ئه‌مه‌ش پێى ده‌ڵێن رۆتین و گرانتر كردنى بارى هاوڵاتیان وفۆبیاى گه‌نده‌ڵى.
8-زۆر پێم سه‌یر بوو كه‌ توومه‌تى ئه‌وه‌ ده‌ده‌یته‌ پاڵ من كه‌ گوایه‌ ده‌مه‌وێ سومعه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم تێك بده‌م وه‌ك ئه‌وه‌ى من خه‌ڵكى سۆماڵ بم ومن پرسیارت لێده‌كه‌م ئایه‌ جیاوازى له‌ نێوان ئێمه‌ى وه‌ك رۆشنبیرێك له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانى ماستاوچى چیه‌؟ بێگومان ته‌نها ویژدان و ڕه‌خنه‌ گرتنه‌ وجیاوازى له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌مان جوانتر بێت وحه‌زمان له‌ درۆ ومكیاژ نیه‌ وئه‌وان حكومه‌تێكیان ده‌وێ كه‌ وه‌ك مانگا بیدۆشن، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ دیموكراسى رێڕه‌وى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى بگرێت وسیستمى سه‌ندیكا له‌ كوردستان دوور بێت له‌ هه‌ژموونى حزب وخه‌ڵكى ته‌نها له‌ پاش ده‌وامى ئاسایى خۆى حزبایه‌تى بكات نه‌ك به‌رپرسێكى حزبى بتوانێ هه‌زار قسه‌ى ناشرین به‌ به‌رپرسێكى حكومى بكات وئه‌ویش ته‌نها بتوانى سه‌ر شۆڕ بكات. وده‌بێ بزانیت حكومه‌تێك ره‌خنه‌ى لێنه‌گیرێت یان دیكتاتۆره‌ یان بوونى نیه‌؟
9- هیوادارم ئه‌م ره‌خنانه‌ به‌ سینگێكى فراوان وه‌ربگریت چونكه‌ من هیچم له‌ دڵدا نیه‌ به‌ڵكو سوودى بۆت هه‌یه‌ وگه‌ر سوورى له‌ چوون بۆ دادگا ئه‌وه‌ به‌لاى منه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى شانازی وسه‌ربه‌رزیه‌ كه‌ سه‌ر قافڵه‌ى مامۆستایانى شاره‌كه‌ بم، كه‌ له‌ پێناو داكۆكى كردن له‌ مامۆستا دادگایى بكرێم ودڵنیام كه‌ ده‌یبه‌مه‌وه‌ ودۆخه‌كه‌ 180پله‌ ده‌گۆڕێت. ئه‌وسا كێشه‌كه‌ ده‌بێته‌ هى سه‌رجه‌م مامۆستایان وخۆیان سه‌رپشكن كام رێگا هه‌ڵده‌بژێرن.
10-گرفتى سه‌ره‌كى ئێمه‌ سیستمى دابه‌شكردنى زه‌ویه‌ وده‌بوایه‌ تۆ پاڵپشتمان بوویتایه‌ نه‌ك پێچه‌وانه‌ وچاك ده‌زانى هۆكارى گه‌شه‌ نه‌كردنى شاره‌كه‌ دابه‌ش نه‌كردنى عادیلانه‌ى زه‌ویه‌ وبه‌شێكى گوناهه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆى تۆیه‌ گه‌ر داكۆكى كارى هه‌ق نه‌بى. وبمبوره‌ كه‌ دره‌نگ وه‌ڵامم دایه‌وه‌ چونكه‌ هێلى ئینته‌رنیته‌كه‌م خراپ ببوو.
له‌ئیستاوه‌ پێت ده‌ڵێم هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌نێى گه‌ردنت ئازا بێت وتاكه‌ ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ له‌ ره‌خنه‌كانم زوێر نه‌بى چونكه‌ وابزانم ئه‌مه‌ یه‌كمجاره‌ كه‌سێك به‌ ڕاستگۆیى ودڵسۆزى قسه‌ت بۆ بكات بۆیه‌ بمبوره‌ كه‌ پێشه‌نگ بووم.
والسلام ختام
20/12/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە