کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


توركیا ئەزمونی"1975"ی بۆمان دووبارە كردەوە

Wednesday, 24/09/2014, 12:00




دوای رێككەوتنی یازدەی ئاداری"1970"ی نێوان سەركردایەتی ئەو كاتەی جوڵانەوەی كورد و رژێمی ئێراق، بەشێكی گرنگ لەمافەكانی گەلی كوردستان بەدیهاتبوو، بەڵام لەبەرئەوەی سەركردایەتی سیاسی پشتی بەرژێمی شای ئێران بەستبوو و هەموو شتێكی خۆی لەسەر ئەو فاكتەرە ئاوا كردبوو، دوای ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی جەزائیر لەنێوان ئێراق ـ ئێران ئیتر رژێمی ئێران پشتی لەو جوڵانەوە گەورەیە كرد و كۆتایی بەو جوڵانەوە هات، دواتر سەركردایەتی سیاسی كورد بەردەوام دووبارەی دەكردەوە كە ئەوە بووە بەوانە و ئەزموونێك!!.
بەڵام زۆری پێنەچوو كە جارێكی تر هەمان شێوازی پشتبەستن بەوڵاتێك و هێزێكی دەرەكی دووبارە و چەندبارە بوویەوە، كە ئەمەش چەندین كۆمەڵكوژی و كارەساتی جەرگبڕی لێكەوتەوە كە تا ئێستاش ئاسەوارە قورس و هەمەلایەنەكانی ماون.
لەنەوەدەكانی سەدەی رابردووش لەسایەی خۆسپاردن بەهێزێكی هەرێمی و كاركردن لەچوارچێوەی ئەجێندا دەرەكیەكان شەڕێكی خوێناوی باشوری كوردستانی گرتەوە و بەهەزاران لاوی خوێنگەرمی كورد بوونە قوربانی بەرژەوەندی هێزە دەرەكی و دەسەڵاتخوازیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان.
لەساڵی"2003"دوای رووخانی رژێمی بەعس دەرفەتێكی نوێ بۆ باشوری كوردستان رەخسا، بەڵام دیسان سەركردایەتی سیاسی كورد هەمان هەڵەی جارانی دووبارە كردەوە و دەوڵەتە دەسەڵاتدارەكانی سەر بەشەكانی دیكەی كوردستانیان بەدۆست و هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیان دانا. بەتایبەتیش لەساڵی"2008"بەدواوە پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا پەرەپێدا و قووڵی كردەوە تاوای لێهات بەهەزاران كۆمپانیای هەمەلایەنی توركی و كاڵاكانیان بازاڕی هەرێمی كوردستانیان داگیركرد، دراما دۆبلاجكراوە توركیەكان شاشەی تەلەفزیۆنەكانی هەرێمی كوردستانیان كۆنترۆڵ كرد و هێرشێكی ئایدیۆلۆژی ـ كەلتوری بەرفراوانیان بۆ سەر باشوری كوردستان دەستپێكرد، شانبەشانی ئەوانەش بەشێوەیەكی هەمئاهەنگ لەنێوان حكومەتی توركیا ـ گروپی فەتحوڵاگولەن ـ وەزارەتی پەروەردە"پارتی"ی هەرێم بەسەدان دایانگەی ساوایان، قوتابخانەی بنەڕەتی، ناوەندی، ئامادەیی و زانكۆ لەهەرێم كرانەوە، تا مێشكی منداڵ و گەنجانی كورد ژەهراوی بكەن و بۆ داهاتوو بیانكەن بەكادیر بۆ خزمەتكردنی هزری تورانیزم و دەوڵەتی توركیای مەزن. تەنیا بەمەش نەوەستان شانبەشانی جێگیركردنی چەندین بنكەی سەربازی تایبەت بەسوپای داگیركەری تورك لەدەڤەری بادینان، چەندین كەناڵ و دامەزراوەی راگەیاندنی، نوسراو ـ بستراو و بینراوی هاوبەشیان كردەوە تا خزمەت بەو رەوتە بكەن و وەك دەزگای شەڕی تایبەت خەڵكی كوردستان بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی چەواشە بكەن و هەوڵی ئاوەژوكردنەوەی راستیەكان بدەن.
بەوەش نەوەستان سەركردایەتی پارتی دەوڵەتی توركیای بەهاوپەیمانی ستراتیژی خۆی لەقەڵەمدا و تەنانەت پرۆتۆكول و رێككەوتنی"50"ساڵەی نەوتی لەگەڵ ئیمزا كرد و لەوەش زیاتر رۆیشتن و پرۆژەی ئاواكردنی دەوڵەتی كوردییان لەسەر پشتگیری توركیا و رێككەوتنە نەوتیەكان بونیاد نا!! وەك بڵێی خەڵكی باشوری كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كرد لەبیری چووبێتەوە كە هەر ئەو دەوڵەتەی توركیا نەبووبێت كە بووە هۆكاری تێكچوونی دیالۆگی ساڵی"1984"، نێوان بەغداد و یەكێتی نیشتیمانی، وەك بڵێ ئەوە هەر ئەو توركیایە نییە كە رۆڵێكی زۆر نیگەتیڤی لەشەڕی ناوخۆی نەوەدەكان بینی!!. كاتێك ئەمجارە كورد لەباشور و لەشەنگاڵ لێی قەوما دیسان هەمان ئەزموونی"1975" دووبارە بوویەوە، بەڵام ئەمجارە لەجیاتی ئێران توركیا بوو، نەك هەر یارمەتی كورد و پارتی دیموكراتی نەدا؛ بەڵكو پشتگیری هەمەلایەنی چەتەكانی داعشی درێژە پێدا!!.
ئەوەی جێگای داخ و سەرنجدانە سەرباری ئەو خەنجەرە ژەهراوییەی توركیا لەپشتی خەڵكی باشور و دەسەڵاتدارانی داوە، بەڵام هێشتا سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق خۆی بەرامبەر بەو دۆخە نادیدە دەكات و هێشتا دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە بە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی دادەنێت!!.
لای هەموو كوردان ئاشكرایە كەتاكە هاوپەیمانی ستراتیژی ئێمەی كورد جگە لەشاخ و كێوەكانی كوردستان خودی گەلی كوردستان و بزاڤی سیاسی پارچەكانی دیكەی كوردستان نییە، ئەمەش لەشەنگاڵ و مەخمور بینرا كە چۆن شەڕڤانانی یەپەگە و گەریلاكانی هەپەگە بەرگرییان لەكەرامەت و خاكی باشوری كوردستان كرد.
بۆیە ئەمڕۆ لەكاتێكدا توركیا پشتگیری هێرشە هۆڤانەكەی داعش بۆ سەركۆبانێ دەكات، پێویستە هێز و لایەنە سیاسیەكانی باشور بەكرداری پشتگیری لەكوردانی خۆرئاوای كوردستان بكەن و بەمجۆرە جیاوازی خۆیان لەگەڵ هێزە داگیركەرەكان پیشانبدەن، نەسنوور نەیاسای هەرێمی و نێودەوڵەتیش رێگرنین لەبەردەم یارمەتیدانی خۆرئاوا، ئەوانەی باسی ئەم خاڵانە دەكەن، تەنیا پاساوێكە تا درێژە بەیارمەتی و هاوكاریەكانیان بەدەوڵەتی توركیا بدەن و نایانەوێ"هاوپەیمانییە ستراتیژیەكەیان"لەخۆیان بڕەنجێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە