سەردەمی شكستی تەندروستی لەدەربەندیخان دەستی پێكرد
Tuesday, 12/10/2010, 12:00
بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی..
سەردەمی شكستی تەندروستی لەدەربەندیخان دەستی پێكرد
ساڵانێكی زۆر قەزای دەربەندیخان ناوەندی پارێزگای كەركوكی ئازادكراووبو هەربۆیە هەموو بەرێوەبەرایەتیە گشتیەكانی ئەو پارێزگایەش لەوێبو، بونی ئەو بەرێوەبەرایەتیانە چەند قازانجی هەبوو بۆ خەڵكی شارەكە هێندەی ئەوەش زیانی هەبوو بەتایبەتی گەندەڵی و دزی و دەوڵەمەندبونی ناشەرعی و دابەشكردنی ناعادیلانەی زەوی لێكەوتەوەو خەڵكانێكی زۆر زیانیان كرد.
بۆ نمونە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیانی پێشو بەشایەتی راپۆرتەكانی چاودێری دارایی گەندەڵیەكی زۆر تیادا ئەنجامدەدراو زیانێكی زۆریشی بەشارەكە گەیاندبوو بەتایبەت لەرووی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان چ لەروی نەبونی نەخۆشخانە یاخود هەبونی دەرمان یاخود هەبونی پزیشكی پسپۆڕ و چەندین گرفتی دیكە.بەڵام خۆشبەختانە بەرێوەبەرایەتیەكان گوازرانەوە بۆ قەزای كەلارو لەكۆڵی خەڵكی دەربەندیخان بونەوەو دەربەندیخان كەوتەوە سەر فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی.
بەدروستكردنی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان لەساڵی 2009بەهەوڵی دڵسۆزەكانی ئەو بەرێوەبەرایەتیە توانرا كەلێنێكی تەندروستی چاك پڕبكرێـتەوە، بۆ نمونە نەخۆشخانەیەكی گەورەو چاك كرایەوە، مەڵبەندێكی ئێشكگری بیستو چوار كاتژمێری كرایەوە، ئامێرێكی (سیتی سكان) دابینكرا، چەندین بنكەی نوێ لەگوندەكان كرانەوە، دەرمانی باش بەكوالیتی بەرزو چاك دابیندەكرا، ئامێری سوتاندنی دەرمانی بەسەرچوو دابینكرا،چەندین پزیشكی پسپۆڕو نەشتەرگەری دابینكران،چەندین ئامێری پزیشكی گران بەهاو پێویست دابینكران،هەفتانە چەند رۆژێك و تەنانەت هەندێك جاریش رۆژانە چەندین نەشتەرگەری قورس و گران ئەنجامدراون بۆ نمونە لەبەرواری 1-1 تا 31-5-2010بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان 177 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراون و نزیكەی 14 هەزار كەس سەردانی نەخۆشخانەیەكەیان كردووە بۆ چارەسەر تەنانەت 2جار وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی بەهۆی سەردانیكردنی نەخۆشخانەی گشتی و لەبری چالاكی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان رێزو سوپاسیان ئاراستەی ئەو بەرێوەبەرایەتیە كردووە. بەكورتیەكەی سەرەڕای هەندیك كەموكورتی بەرێوەبەرایەتیەكی چالاكی تەندروستی هەبوو.
بەڵام بەرێزان ماوەیەكە كەرتی تەندروستی توشی ئیفلیجبون هاتووە بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێ تەنانەت كارەكە گەشتۆتە حاڵێك كە پارێزگاری سلێمانی لەم چەند رۆژەی رابوردودا كەسەردانی نەخۆشخانەی گشتی كرد لەبری دەستخۆشی چەند فەرمانبەرێكی سزادا.
لەلایەكی دیكەوە خزمەتگوزاری تەندروستی بەجۆرێكە خەڵكی نیگەرانكردووەو نەخۆشخانەیەكی گەورە كە چەندین ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنی تەرخانكرابوو ئێستا جگە لەچەند بەشێكی كەم نەبێت هیچی تیادا نەماوەتەوە بەبیانوی ئەوەی گوایە ئەم نەخۆشخانەیە بۆ مانەوەی نەخۆشە بەشەو تیایدا لەكاتێكدا كەی رەوای هەقە نەخۆشخانەیەكی وا گەورە بۆ چەند نەخۆشێك كە شەوانە لەپەنجەكانی دەست تێپەڕناكات تیایدا دەمێننەوە چۆڵبكرێت و هیچ پزیشكێكی (تەدەروجی) تیادا دانانیشی خەڵك ببینێ كە چەندین گەرەكی تازەی شار دەكەونە سەر ئەم نەخۆشخانەیە و جاران ئیستیعابی نەخۆشێكی زۆری دەكرد.لەكاتێكا هەموو پزیشكە (تەدەروجەكان) گواستراونەتەوە بۆ بینایەكی ساڵانی حەفتاكان ئەو كاتەی كە هەموو دانیشتوانی دەربەندیخان لە10 هەزار كەس تێنەپەڕیوە دروستكراوە بۆ نەخۆشخانە كەچی ئێستا دانیشتوانی دەربەندیخان نزیكەی 50 هەزار كەس دەبێت.
تەنانەت خواردن پزیشك و ئێشكگرەكانیش رۆژانە لەنەخۆشخانە گەورەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ مەڵبەندی ئێشكگریی و رۆژانە سەدان هاوڵاتی روی تێدەكەن.
لەلایەكی دیكەوە كارەساتەكە تادێت درێژتر دەبێتەوە بۆ نمونە
رێژەی نەشتەرگەری بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووەو ئێستا جگە لەچەند نەشتەرگەرییەكی بچوك نەبێت نەشتەرگەری گەورە زۆر بەدەگمەن ئەنجامدەردێت، تەنها یەك پزیشكی سۆنەر ماوە كە ئەویش خودی بەرێوەبەری نەخۆشخانەو بەرێوەبەرایەتی تەندروستییە و لەهەفتەیەكدا دوو رۆژ نەخۆش دەبینێ ،كە لەهەمانكاتدا تاكە پزیشكی(سیتی سكانەكە)شە، پزیشكە پسپۆڕەكان تادێت ژمارەیان كەمدەبێتەوەو هەمویان خۆیان دەگوازنەوە.
بەكورتیەكەی و بەكوردییەكی ئێستا سەردەمی شكستی كەرتی تەندروستیە لەدەربەندیخان و جەنابی بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی پێویستی بەچارەسەری جیدی هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست