دەسەڵاتدارانى تورك سەلماندیان لە جێى ئاشتى و ئازادى جەنگ و ستەمكارییان ئەوێت

Thursday, 17/12/2009, 12:00


ئێمە ئاشتیمان ئەوێت ...نەفرەت لە جەنگ و شەركەران.
بریارى دەسەڵاتدارانى تورك بۆ داخستنى پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتیك "DTP " جگە لەوەى كەبریارێكى سیاسى ستەمكارانەو شەرخوازانەیە بەرامبەر بە پارتێك كە لەپەرلەمانى توركیا نوێنەرایەتى ملیۆنەها هاوڵاتى كوردانى باكور ئەكات چەندین جار بریارێكى سیاسى هەڵە و نادادپەروەرانەیە و پێشێلكردنى سەرەتاى ترین مافى ئازادى كارى سیاسى و رێكخراوبونە بە رامبەر بە DTP كە سەرقاڵى خەباتكردنە بەشێوەى ئاشتیانەو دیموكراتیانە بۆ بەدەستهێنانى خواست و مافە سەرەتایەكانى نەتەوەیەكى چەندین دەیەى پەراوێزخراو ستەم لێكراو بەدەست گەل و دەسەلاتدارانى توركەوە.
ئێمە وەك كوردانى باشورى كوردستان و خەڵكانى ئازادیخواز بەتوندى سەرەكۆنەى دەسەڵاتداران و دادوەرانى دادگاى دەستورى توركییە ئەكەین لەبەرامبەر وەها بریارێكدا كە جگە درێژەدان بە جەنگ و نائارامى پەكخستنى پرۆسەى ئاشتەواى نێوان گەلى كورد و تورك بۆ چەندین ساڵى تر دوائەخات.
ئامانج و بریارى داخستنى پارتێك كە رێگەى ئاشتیانەو یاسایی مۆدێرنانەى گرتوەتەبەر بۆ بەدیهێنانى مافە سەرەتاییەكانى گەلێكى چەوساوە بەتەواوەتى دژ بە بەندەكانى جارنامەى مافەكانى مرۆڤە ،وە سەركوتكردنى ئازادییە لە وڵاتێكدا كە پەرێشانى بونەئەندامە لە یەكێتى ئەوروپا.
ئازادى بەیان و مومارەسە كارى سیاسى مافى سەرەتاى هەر گەل وكەس و رێكخراوە و پارتێكە كە بیەوێت بەشێوەى دیموكراتیانەو ئاشتیانە بەرگرى لە بیروراو مافەكانى بكات .
بۆیە دەبێت كۆمەڵەى نەتەوەكان و زلهێزەكانى دونیا كە بانگەشە و پروپاگەندەى هێنانەكایەى ئاشتى و ئازادى ئەكەن بۆمرۆڤایەتى دژ بەبریارى داخستنى DTP بوەستنەوەو بەشێوەیەكى خێرا هەوڵى جێبەجێى كردنى ئەم داواكاریانەى لاى خوارەوە بدرێت:
1- دەسەڵاتدارانى تورك ناچاربكەن كە جگە لە هەڵوەشانەوەى ئەوبریارە مەوداكانى ئازادى و دیموكراتى لەتوركیا فراوانبكات و مافى كورد دەستەبەربكات.
2- سەرجەم گیراوانى سیاسى و ئازادى بەیان لەگرتوخانەكاندا ئازادبكرێن.
3- شەركەران و بكوژانى خۆپێشاندەران و هاوڵاتیانى مەدەنى و بەرگرى كار لەمافە سەرەتاییەكانیان لەتوركیا دادگاى بكرێن.
4- هەوڵى كەمكردنەوەى دەسەڵاتى سەربازى سوپاى توركیا بدرێت و ناچار بە پرۆسەى ئاشتى نێوان گەلى تورك و كورد بكرێت.
5- مەرجى بونە ئەندامى توركیا لەیەكێتى ئەوروپا قورستربكرێت بەتایبەت لە بوارەكانى مافى مرۆڤ .
6- قەرەبوى زیانلێكەوتوانى شەرى یەكلایەنەى سوپاى توركیا بكرێتەوە لەروى ماڵى و مەعنەویەوە.
7- دەبێت سوپاى توركیا كۆتاى بە هێرشە سەربازییەكانى بهێنێت لە سنورەكانى باكورى و باشورى كوردستان.

ماف و ئازادییەكانمان ئەوێت
تا پێكەوە بەئاشتى بژین
*تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك
كۆمەڵێك لاوى نەتەوەیى
باشورى كوردستان /سلێمانى
16/12/2009



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە