بریسكەی شمشێرى جەلادوتەلارى بەرز
Wednesday, 23/03/2011, 12:00
ئەو زەمەنەی
لەنیشتمان داگیركار فەرمانڕەوا بوو
كۆشك و تەلاری دوژمنان
لەسەر خاكی كوردستانم
بەئەندازەی
پەنجەكانی هەردوو دەست بوو
ئەوێ رۆژێ
مرۆڤە شۆڕشگێڕەكان
بەهێمنی
بەگوێ یەكتریان ئەچپاند
تەماشا كەن
ئەو كۆشك و تەلارە بەرزانە
بەكەلەی سەری لاوی كورد
چێ كراوە
بەئەشكی چاوی دایكان و
خوێنی پاكیزەی كیژی كورد
نەخشێنراوە
چەوساوەكانی وڵاتم
چاوەڕوان بوون
فریاد رەس لەبەرزی چیاوە
بێت و بەفریایان بگات
بەهیوا بوون كۆشكی ستەم
هەرەس بێن و
شادمانی و ئاسوودەیی
زامەكانیان سارێژ بكات
بەئۆمێد بوون
پاداشتی رەنجیان وەرگرن
دواساتەكانی تەمەنیان
پڕخەندە بێ و
ئەشكی بەختەوەری و شادی
لەچاوەكانیان بسڕن
كاتێ فریادرەسی چیا
بوو بە فەرمانڕەوای وڵات
خۆی گرتیە دەست
شمشێرەكەی دەستی جەلاد
بڕیاریدا هەرچی هەیە هەر بۆ ئەو بێ
ژیان بۆ ئەو چراخان بێ و
بۆخەڵكی تر هەردەم شەو بێ
كۆشك و تەلارە بەرزەكان
لەشاردا جێگەیان نەما
ئیدی لەبناری هەرشاخێ
لەسەر هەر تەپۆلكەو گردێ
لەدامێنی هەر كانییەك
لەقەراخ هەر چەم و باخێ
كۆشكێ سەری كرد بەهەورا
لەناو هەریەك لەو كۆشكانەش
بەشەو و رۆژ
هەڵمژینی خوێنی خاك و
هەڵگووشینی سێوی پاك و
هەڵلووشینی پارووی چەورە
ئەگەر كەسێك بیوێرایە
لەپاسەوانەكانی تەلاری
بپرسیایە
كێ خاوەنی ئەم كۆشكەیە؟
لەوەڵامدا پێی ئەوتی:
ئەمە یەكێك لەڤێلاكان
فریادرەسەكەی چیایە
ئەو شمشێرەی لەرابردوو
سەری ئەو كەسانەی ئەبڕی
وشەی ئازادیان ئەدركاند
ئەمێستاكە
زمانی ئەو كەسە ئەبڕێ
ئەگەر بڵێت:
جەنابی فریادرەسی شاخ
بۆ من و تۆ نەبووین یەكسان؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست