سەردانی مەسرور بۆ تورکیا چاوەڕواننەکراو بوو

Saturday, 24/06/2023, 17:10


گرنگی گەشتە چاوەڕواننەکراوەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا و دیدار لەگەڵ ئەردۆغان لە دەرئەنجامەکانی بڕینی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؛هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی ئەو چاوپێکەوتنە بووە،هەروەها گرنگیی پرسی پەکەکە لە باشووری کوردستان و ناوچەکدا..
مەسرور بارزانی،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیە کۆبووەوە.
گرنگترین هۆکاری گەشتەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا و دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان، هەوڵدان بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکوومەتی بەغدا لەدژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان،کە لێکەوتەی نەرێنی هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە.بەرپرسێکی کوردی نزیک لە مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسی هەناردەکردنی نەوت گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بارزانی بووە.  بێگومان ڕۆیتەرز بە گێڕانەوەی بەرپرسانی دیکەی کورد کە ناویان نەهاتووە، هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەم کۆبوونەوەیەدا بابەتی ئەمنی وروژێنراون.هەرچەندە مەسرور بارزانی پەلە دەکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت،بەڵام حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت زیاتر دانوستان بکات سەبارەت بەو زیانانەی بەهۆی غەرامەکردنی تورکیاوە لە دۆسیەی سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها وەک دوبارە بوونەوەی حاڵەتەکانی تری لەو جۆرە لە داهاتوودا.
دوێنێ مەسرور بارزانی دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدان بە گرنگ زانی و بە سەرەتای سەردەمێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان بارزانی و ئەردۆغان زانی.
 ئەردۆغان زیاتر حەزی لە کارکردنە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان،کە گرێبەستێکی گرنگ و گەورەی نەوتی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا واژۆ کرد - کە بووە هۆی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهان بۆ تورکیە و لەویشەوە بۆ کڕیارەکانی جیهانی نەوت..گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بەتورکیە..
 مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئێستا و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگری تورکیا هەیە، بارزانی جگە لە کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ فیدان و ئەردۆغان بەجیا کۆبووەتەوە.
 ئەردۆغان پێی باشە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، ئامۆزای مەسرور بارزانی بێت، بەڵام بازنەی نزیکی ئەردۆغان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە مەسرور بارزانی لە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی زیاتری هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا.ئەم بڵاوکراوە لە چەند سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوە کە هاکان فیدان ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە ڕێکخستنی دیدارەکەی ئەم دواییەی نێوان مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کاریگەرترین هێزی سیاسییە لە جەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا،ئەم حزبە وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەنقەرەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
هەروەها سەبارەت بە کاریگەریی هاوکارییە نزیکەکانی تورکیا بە سەرکردایەتی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی نووسیویەتی: ئەنقەرە دەیەوێت بەم شێوەیە نیشانی بدات کە دوژمنی کورد نییە،بەڵکو تەنیا هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە دەدات،و ئەردۆغان، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا، بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەم کارتەیان بەکارهێنا.لەنێو کاریگەرییە لاوەکییەکانی دیدارەکەی ئەردۆغان لەگەڵ مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە نمایشنەکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەکەدا کردووە و لە ساڵی 2015ەوە کە ئەردۆغان وازی لە پلانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە هێنا و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیە مەهەپە دروستکردوە،ئاڵای هەرێمی کوردستان لە شوێنی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دیارنەماوە..

سەرچاوە پێگەی ئەڵیکترۆنی ئەلمنیتۆر. وەرگێڕانی بۆ کوردی/مەولوود ئافەند


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە