هەڵبژاردنەکانی تورکیە و شکەستی سوڵتان ئەردۆغان

Tuesday, 09/05/2023, 15:34


لە کۆتایی مانگی شوباتدا،دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەرفراوان بەشێکی زۆری تورکیای وێران کرد،ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆککۆماری تورکیە ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی ژیانی سیاسی بووەوە.  لە کاتێکدا سێ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی،وەڵامی حکومەت بۆ ئەم کارەساتە مرۆییە لاواز و سەرلێشێواو بوو.جگە لەوەش سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەردۆغان بووەتە هۆی هەڵاوسانی زۆر و زۆرێک لە هاووڵاتیانی تورکیە لە حوکمڕانی ستەمکارانەی ئەو بێزارن.لەگەڵ کەمبوونەوەی جەماوەری ئەردۆغان، هاوپەیمانی تازە پێکهێنراوی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی کەمال کلیچدارئۆغڵوو،سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕێک و پێک و دیسپلین دەرکەوت.دوای ٢٠ ساڵ لە دەسەڵاتداری،ئەردۆغان لە لێواری لەدەستدانی کۆنترۆڵی تورکیە دایە.
بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر جیاوازترە ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لە کاریگەرییە بەرفراوانەکەی بەسەر میدیاکانی تورکیەدا،بە شێوەیەکی کاریگەر گفتوگۆی گشتی لەسەر بوومەلەرزەکە سنووردار کردووە و مشتومڕی ناوخۆیی گواستووەتەوە بۆ دەستکەوتە پیشەسازی و سەربازییەکانی تورکیە لە ژێر سەرکردایەتی خۆیدا بۆ ساڵانی داهاتوو.هاوکات کاندیدێکی لایەنی سێیەم هاتۆتە نێو کێبڕکێکە،ئەمەش ئامرازێکی دیکەی بە ئەردۆغان داوە بۆ شکستپێهێنانی ئۆپۆزسیۆن. گۆڕانکارییەکانی ئیدارەکەی لە شێوازی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان،دەتوانێت لە دەنگدانی داهاتوودا لێوارێکی بەرچاو بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی سەرۆک کۆمار بدات.لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی 14ی ئایار،ئێستا بەپێی ئامارەکانی دەزگاکانی توێژینەوە و ڕاپرسیەکان وا دەردەکەوێت ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنەدا شکەست بخوات وبەتەواویی لە دەسەڵات و سیاسەت دوور بکەوێتەوە..
 گەڕانەوەی ئەردۆغان،هەرچەندە چاوەڕوان نەکراوە،بەڵام تایبەتمەندی سیاسەتمەدارێکە کە چەندین جار لێهاتوویی خۆی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆی و لە دابەشکردن یان بێلایەنکردنی نەیارەکانی نیشانداوە.  کێبڕکێکانی ئەم دواییەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیە لە ساڵی ٢٠١٨وە،لە سیستەمی پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی جێبەجێکار،بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە بەرژەوەندی ئەردۆغان بووە:بیرۆکراتە سەرەکییەکان بە ئاشکرا پشتگیری لە پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان دەکەن و سەرچاوەی دەوڵەتی بۆ دابین دەکەن.بەڕواڵەت دامەزراوە سەربەخۆکانی وەک دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیە و زۆرێک لە دادگاکانی تورکیە هێڵەکە لە سەرۆک وەردەگرن.هەروەها کاریگەری کۆمپانیاکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی خۆی،ئێستا بازرگانانی لایەنگری ئەردۆغان نزیکەی لەسەدا ٩٠ی میدیاکانی تورکیەیان کۆنترۆڵکردووە.هاوکات بێوچان سەرکوتی چالاکانی ناوداری کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆنی کردووە،لە خێرخواز و ڕێکخەری کۆمەڵگەی مەدەنی عوسمان کاڤاڵەوە تا دەگاتە سەلاحەدین دەمیرتاش،سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لایەنگری کورد و لیبراڵ و زۆرێک لە زینداندا خەریکی شڵەژانن.
ئەردۆغان لە بەکارهێنانی کارتی حکومەت بە قازانجی خۆی،ئەو ستراتیژیانەی بەکارهێناوە کە دەسەڵاتدارانی دیکە بەکاریدەهێنن - وەک (ڤیکتۆر ئۆربان) لە هەنگاریا - بۆ دروستکردنی گۆڕەپانێکی یاریکردنی نادادپەروەرانە لە وەرزی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا. ئەم سەرکردانە بە بەدەستهێنانی کاریگەرییەکی بەرفراوان بەسەر دەسەڵاتی دادوەری و بیرۆکراسی حکومەت و میدیای نیشتمانیدا،زۆرجار توانیویانە ئەنجامە لەبارەکانی هەڵبژاردن بۆ خۆیان دابڕێژن سەرەڕای بەهێزی ڕێژەیی ئۆپۆزسیۆن.خۆڕاگری ئەردۆغان ئەوە دەردەخات کە چەندە قورسە سەرکردەیەکی نالیبراڵ و دیکتاتۆر لە کێبڕکێیەکی هەڵبژاردندا لە کورسییەکەی دووربخرێتەوە،تەنانەت سەرکردەیەکیش کە پشتیوانییەکی کەمی هەبێت.
لەرزۆکی ئابووری و ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتوو،لەگەڵ بەڵێنی تورکیەی نوێ لەژێر سەرکردایەتی کلیچدارئۆغڵوو، سەختترین تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی ژیانی ئەردۆغان بووە.لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیژی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانە داڕشتووە.لە ئێستادا کەماڵ کلیچدارئۆغڵوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێش ئەردۆغانەوەیە.بە هەمان شێوە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لە پێش بلۆکی لایەنگری ئەردۆغان دایە، هاوپەیمانی گەل،لە کێبڕکێی کۆنترۆڵکردنی پەرلەماندایە.بەڵام ئێستا ئەردۆغان و لایەنگرانی پێیان وایە دەتوانن زۆرینەی پەرلەمان لە ئۆپۆزسیۆن وەرگرنەوە و ڕێگری لە سەرکەوتنی کەماڵ کلیچدارئۆغڵوو بکەن لەو هەڵبژاردنەدا.ئەردۆغان دڵنیایە لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بۆ قۆناغی دووەم، ئەوا دەتوانێت شانسی سەرکەوتنی بەدەستبخاتەوە..
بەکورتی کورد لە تورکیە نابێتە پادشا،بەڵام دەتوانێت پادشایەک بۆ تورک دروست بکات. بەڵام کورد هەر پادشایەک بۆ تورک دروست ناکات،جەلادێکیش بۆ کورد دروست دەکات. ئەو پادشایەی بەدەنگی کورد دەچێتە سەرتەخت،هەمان پادشا دەبێتە جەلادی کوردیش.ئەم چیرۆکە هەر لە ئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان راستە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە