خێڵی بارزانی، بۆچی دەیانەوێ قەندیڵ گەمارۆ بدەن؟

Saturday, 28/11/2020, 23:11


ئەو رۆژانە دەنگۆی ھەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان پەدەکە و پەکەکە بۆتە رۆژەڤی سەرەکی کاناڵەکانی میدیایی کورد زمان و وڵاتانی رۆژئاوا بەگشتی،ھەتا ئێستەش ئەگەری ھەڵگیرسانی ئەو شەڕە بۆتە ھۆی بڵاوبوونەوەی تووڕەیی و ڕقی جەماوەری کوردستان بەگشتی و لەھەموو بەشەکانی کوردستان خەڵک بەتامەزرۆیی و سەرسووڕمانەوە گوێ بۆ ھەواڵەکانی تایبەت بەو شەڕە ھەڵدەخەن و زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەو ھەنگاوەی بنەماڵەی بارزانی بۆ ھێرش و داگیرکردنی قەندیڵ،بەھەنگاوێکی مەترسیدار وەسف دەکەن و لە زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کورد و غەێرە کوردیش ئەو ھەنگاوی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە مەحکووم و شەرمەزار دەکەن.
چۆن ھەموو گەلی کورد باش دەزانێت،ھەڵگیرسانی ئەو شەڕە لەو قۆناغەدا نەک بە قازانجی ھیچ لایەنێکی کوردی نییە،بەڵکوو بەپێچەوانەوەش دەتووانی ببێتە پەڵەیەکی ڕەشی مێژوویی ــ ش بۆ داھاتوودا.ئەو کاتەی پارتی دیمۆکرات ھێزی زێرەڤانی لە بەھاری ئەو ساڵدا لە ناوچەکانی "زێنی وەرتێ"لە سەرەوی ناوچەکانی قەندیڵ جێگیر کرد،کۆمەڵگەی کوردی بەتەواویی تووشی سەرسووڕمان و بێھیوایی بوو،لەوەی کە ھیوایەکی زۆریان بەیەکێتی و یەکگرتوویی ناوماڵی کوردی ھەبوو.ھەرچەندە ئەو ھەنگاوە شێتی جاروباری بەرپرسانی (پەدەکە) دژکردەوەی زۆرێک لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی،بەتایبەت چینی ڕۆشنبیر و ھونەرمەندانی کوردستانی لەو قۆناغەدا بەدوای خۆیدا ھێنا.ئێستاش کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان تووشی ڕاچڵەکاندنێکی گەورەتر بووە،لەبەرامبەر جێگۆرکێ ھێزی میلیشایی و جێگیر کردنی چەکی قوورس لە داوێنی چیای گاری و مەتینان و ناوچەکانی دەشتی نەھڵە.ئامانج،ئابڵۆقە دانی ھێزی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە.ئەوە لە کاتێکدایە،جگە لە کۆمەڵێک دژکردەوەی لاواز،ھیچ دژکردەوەیەکی کارتێکەری وەھا لەدژی ئەو بارودۆخەی ئێستە لە ئارادا نیە.ئەوە لە کاتێکدایە کە پەدەکە و پەکەکە لەبەردەم شەڕێکی چاوەڕوانکراو دانە و ئەوەش ڕاستەوخۆ پێوەندی بەداھاتووی ھەستیاری گەلی کورد ھەیە.
زۆر ئاشکرایە،کە تەواوی جموجۆڵەکانی میلیشیایی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ بڕیارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ نوێکردنەوەی پلانگێری نێودەوڵەتی لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەشی نۆڤەمبەری ٢٠١٨دا،ھاوتەڕیبە لەگەڵ پرۆژەی فاشیستی ئاکەپە ـ مەھەپە بۆ لەناوبردنی پەکەکە.ئێستاش لەلای ھەموو کەس قەبووڵکراوە کە کۆدەنگیەک لەنێوان ئەمریکا و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و بنەماڵەی ھۆڵدینگی بارزانیدا بوونی ھەیە و ھێرشێکی ھاوبەش و بەرنامەرێژکراو بۆ سەر بزاڤی مافخوازی کورد لە باکووری کوردستان لە بەھاری ساڵی ٢٠٢٠وە،دەستی پێکردوە.
بنەماڵەی بارزانی لەھەوڵی ئەوە دانە،ھەتاکوو ڕاستەوخۆ یانیش ناڕاستەوخۆ یارمەتی لە ھێزەکانی حکومەتی ناوەندی (بەغدا) و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و میلیشیا جیھادییەکانی ئەردۆغان لەو ھێرشەدا بۆ سەر قەندیڵ کەڵک وەربگرن.لە کاتێکدا کە تورکیە و ئەردۆغان بەپلانی پێشوەختە و ستراتیژی شەڕی کۆتایی پێھێنانی یەکجارەکی پەکەکەـ یان،داڕشتووە.لە لایەکی تریش،ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای بوونی ئایدۆلۆژیای جیاوازی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ھەوڵی گوشار خستنە سەر ھێزەکان گەریلا لە قەندیڵ و پەراوێز خستنی پەکەکە دایە،ھەتا ناچار بەخۆ ڕادەستکردنی یەکجارەکیان بکات.بەو مانایەی کە بەگوشار خستنە سەر پەکەکە لە ھەوڵی لاوازکردنی دەسەڵاتی رێکخراوەیی و ھێزی گەریلا دایە،لە لایەکی تریش،بەرپرسانی پارتی و خێڵی بارزانی خەون و پلانەکانیان لەسەر ئەو پرۆژەیە ھەڵچنیووە و بەو شێوەیەی بیری لێدەکەنەوە کە لەدوای کۆتایی پێھاتنی پەکەکە ئەوان دەبنە کوێخا و ئاغای بێ ڕەکابەری تەواویی کوردستان و لە رۆژئاڤا و باکووری کوردستان لەڕێگەی ھێزە بەکرێگیراوەکانی وەک ئەنەکەسە و پارتی دیمۆکراتی کوردستانی (تورکیە) و پارتی ئیسلامخوازی کوردیی (ھۆدا پار)و پارتی ماف و ئازادی (ھاک پار)دەتووانن کۆنترۆڵی ئەو دوو بەشەی کوردستان بکەن و سیاسەت و پرۆگرامی باوکە گەورەیان مەلا مستەفا لەو دوو بەشەی کوردستان بەتەواویی بەسەر خەڵکی کوردستاندا زاڵ بکەن.بێ ئاگا لەوەی کە گەلی کورد لە باکوور و رۆژئاڤای کوردستان زۆر ھۆشیارە و ھیچکات ئیزنی ئەوە بەو پارت و ڕێکخراوانە نادەن دەستیوەردان بکەن،لە کاروباری سیاسی ناوخۆییدا،چۆن بەساڵانە ئەو گروپ و ھێزانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن لەلایەن دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانی تورکیە ناسراو بە(میت و ژیتەم)پاڵپشتیان لێدەکرێت،بۆ زانیاری کۆکردنەوە و پلانەکانی ھەواڵگری تورکیە لەدژی بزاڤی ئاپۆیی لە کوردستاندا و ئێستاش تورکیە ئەو ئەرکەی سپاردوە بە دەزگای سیخوڕی بنەماڵەی بارزانی ھەتا بتووانی ھەموو ئەو ھێزانە لەژێرچەتری دەوڵەتخوازی بارزانیەکاندا کۆ بکرێنەوە و بتووانن وەک ئەڵتەرناتیڤی پەیەدە و ھەدەپە و پەکەکەی لە باکوور و رۆژئاڤای کوردستاندا درێژە بەچاڵاکی سیخوڕی خۆیان بدەن.بەڵام ئێستە کە نەیانتووانیوە وەڵامی خواستەکانی ئاکپارتی و ئەردۆغان جێبەجێ بکەن،بەناچاری لەناوخۆی تورکیە و دەرەوە دەستیان کردوە بە پرۆپاگەندە لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان و رۆژانە لە کاناڵەکانی میدیایی بنەماڵەی بارزانیدا خەریکی کاوێژ کردنەوەی ھەواڵ و سیاسەتەکانی ئاکپارتی و مەھەپە و بارزانین.

دەسپێکی ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکە لە ناوچەی زینی وەرتێ؛

ئەگەر ھەوڵەکانی پێشووی بنەماڵەی بارزانی بخەینە لاوە،دەتووانین بڵێن کە ھێرشی ھاوبەش و پلاندارێژراو لە بەھاری ساڵی(ٚ٢٠٢٠) لەگەڵ ناوچەی زینی وەرتێ دەستی پێکرد.ئەو ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشە لەگەڵ ھێرشی سوپای داگیرکەری تورکیە بۆ سەر ناوچەی ھەفتانین ھەتا ناوەڕاستی مانگی ژوئەن بەردەوامی ھەبوو و بەگشتی تەواویی ناوچەی بڕادۆست،یانیش خنێرە،کێلەشین و چیای ھەڵگورد لە مانگی ئاگۆست بەربڵاوتر بووە و لە نۆی ئۆکتۆبەر ھێرشی داگیرکردنی ناوچەی شەنگاڵ ــ یش دەستی پێکرد.ئێستاش ھەمووما دەزانین کە ئامانجی سەرەکی لە وێنا کردنی ڕێککەوتنامەی شەنگاڵ لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق تەنیا چۆڵکردنی ئەو ناوچەیە بوو،لە دەستی پەکەکە و ھێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال کە ھێزی ڕەسەنی ئێزیدەکانن لەو ناوچەیەدا.بەڵام پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی جارێکتریش ئێزیدەکانیان فرۆشت و خیانەتیان لێکردن،ھەم لە سەردەمی ھێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا و ھەمیش دوای ئازادکردنی ناوچەی ئێزیدییەکان لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان،چۆن لێدانی خەندەق و داخستنی دەروارەکانی ئەو ناوچەیە لە گەڵ سنووری رۆژئاوای کوردستان دوو ئاماژەی ھەرە بەرچاون کە نیەتی ئەو بنەماڵەیە ئاشکرا دەکەن بۆ خیانەت و تەسلیمبوون لەھەمبەری داخۆازییەکانی ئەردۆغان و ئاکپارتی.ئێستاش دەیانەوەی لە ڕێگای گوشاری نێودەوڵەتی و مەشرووعییەت پێدان بەپلانەکانیان لەڕێگای دەوڵەتانی جیھانی و ناوچەیی ھەمان سیناریۆی ساڵی ١٩٩٨ ی،واشنتۆن دوبارە بکەنەوە،ئەویش پاکسازی و پاکتاوکردنی پاکەکە لە باشووری کوردستان و عێراق.بەشێوەیەکی تر،حکوومەتی پۆڵیسی ئێستای بنەماڵەی بارزانی دەتووانێت لەگەڵ لایەنە داگیرکەر و کوردکوژەکانی وەک ئاکەپە و مەھەپەی فاشیزم و لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی ڕێککەوتنامەی تووناکردن و ھەڵوەشانەوە واژۆ بکەن و ئەوەش سەرچاوەی سەرەکی مەترسی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆییە لە کوردستان و ڕێگری سەرەکیشە لەبەردەم یەکێتی ناوماڵی کوردی.

ئەرکی بنەماڵەی بارزانی بۆ داخستنی ڕێگاکان؛

بێگومان یەک لە خاڵە جەوھەری و ستراتیژییەکان کە لێرەدا دەبێ ھەڵوێستەی لەسەر بکەین و شرۆڤەی بکەین،ئەوەیە کە بۆچی بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەکاتێکدا کە ڕێککەوتنامەی شەنگاڵ لە رۆژەڤی کار و گفتوگۆ کردن دایە،دەبێ جووڵەی ھێزی میلیشایی بۆ ناوچەی گاری چڕتر و خێڕاتر بکەنەوە،لەکاتێکدا ھەر ئێستا چاوەڕوانی ھێرشی سەربازی دەکرێت بۆ سەر ناوچەی شەنگاڵ و مەترسی دروستبوونی فەرمانێکی تر لە سەر ئێزیدیەکان؟ئایا ڕای گشتی جەماوەری کوردستان کاریگەری دروستکردوە لەسەر ئەو ڕێککەوتنامەیەی بنەماڵەی بارزانی و ھاوبەشەکانی لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بۆ جێگیر کردنی ھێزەکانی سوپای عێراق و جێبەجێکردنی پرۆژەی شەنگاڵ؟یانیش ئایا پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەیانەوەی لەھەمبەری ھێرشی لەناکاو بۆ سەر ناوچەی شەنگاڵ بەکۆ کردنەوەی ھێزەکانی زێرەڤانی و جاشمەرگەکانی رۆژ لەناوچەی گاری،ڕێگری بکەن لە پشتیووانی و ھاوکاری ھێزەکانی گەریلا بۆ خەڵکی شەنگاڵ؟یانیش ئۆپەراسیۆنی شەنگاڵ وگاری پێکەوە بەھاوبەشی و ھاوتەڕیب ئەنجامدەدن ئەکپارتی و بنەماڵەی بارزانی؟
شایەدیش تەواویی ئەو گریمانانە جێگەی بایەخ پێدان بێت.ئێستە کە ئاشکرا بووە بنەماڵەی بارزانی و میلیشیاکانی ئەرکی داخستنی ڕێگاکانی ناوچەی پارێزراوی مدیا و شەنگاڵ و رۆژئاوای کوردستان بەتەواویی لە ئەنکاراوە نەخشەی بۆ کێشراوە دەبێ وەک خۆی جێبەجێ بکات.یەکڵایی بۆتەوە کە ئامانجی بنەماڵەی بارزانی و میلیشیاکانی لە دروستکردنی بازگەی سەربازی و بنکە و بارەگای سەربازی لەسەر سنوورەکانی رۆژئاڤای کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ھەر ئەوە بووە.
چۆن گرنگترین خاڵەکان لە جووڵەی میلیشیا سەربازییەکانی سەر بەخێڵی بارزانی بۆ لای ناوچەی گاری لەو خاڵانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە؛ ھەتا ئیستە دەوڵەت و سوپای داگیرکەری تورک تەنیا لە بکارھێنانی ھێزی سەربازی کەڵکی وەردگرت و لەو ناوەدا ھێزەکانی چەکداری میلیشایی زێرەڤانی و جاشمەرگەکانی رۆژیش ھاوکاریان دەکردن.ھەرچەندە بنەماڵەی بارزانی لەژێر ناوی بوونی ھێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانەدا پاساویان بۆ خیانەت و چاوساغی بۆ ھێرشەکانی سوپای تورکیە و ئاکەپە و مەھەپە دەگەڕاندەوە.بەڵام لای ھەموومان ئاشکرایە کە بوونی زۆرترین بنکە و بارەگای سەربازی و ھەواڵگری تورکیە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردوو شتێک نییە کە لەو ئان و ساتەدا دروست ببێت و تورکیە پلانی زۆر گەورەتری ھەیە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی کوردستان بەتەواویی لە چوارچێوەی نەخشەی ئیمپراتۆرییەتی عووسمانیدا و خەونی زیندو کردنەوەی ئەو ئیمپراتۆرییەتە پووشاڵیەی کە ئەردۆغان ئێستە بەبەردەوامی خەونی پێوە دەبینێ.ئایا ئەو پاساوی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ھێزی سوپای تورکیە لەو ناوچەیەدا کە دەخوازن زیاتر بچنە ناو ھەرێمیەکانی پاراستنی مدیا؟بەڵام ڕوداوەکانی زەینی وەرتێ و زۆرێک لە ڕاستیەکانی تر نیازپاکی بنەماڵەی بارزانی لەو بابەتەدا ڕەتدەکەنەوە و سەرەڕای ھەموو ئەوانەش ئێستاش پارتی و میلیشیاکانی لەھەواڵی پاساو ھێناوە و مەشرووعییەت پێدانن بەو ھەنگاوانەی خۆیان لەڕووی سیاسی و سەربازی و ھەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی کورد کوژی لەناو لایەنگران و جەماوەری خۆیاندا و ھەر رۆژ لەڕێگەی لێدوان و تریبۆنەکانیانەوە بانگەشی ئەوە دەکەن،کە دەبێ پارتی کرێکارانی کوردستان و ھێزەکانی نزیک لەو پارتە لە کوردستان و عێراق بچنە دەرەوە و چیتر بیانوو نەدەنە دەست ئاکپارتی و مەھەپە بۆ ھێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان.ھەر ئاوەش وایکردوە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەفەرمی ڕاگەیاندنی شەڕی کوردی کوژی وەک پێشەی ھەمیشەیی خۆیان بخەنە رۆژەڤەوە و ھەموو ھێزی میلیشیاکانیان بەچەکی قوورس ڕەوانەی ناوچەکانی گەریلا بکەن و لە ڕێگای ئاسمانی و زەویینی ھێرشێکی بەربڵاو لەدژی پەکەکە دەست پێبکەنەوە..شەڕێک کە ھەر دەبێ بکرێت،چۆن فەرمانی ئەو شەڕە بەدەست خۆیان نییە و لەڕێگای ئەنکاراوە کاناڵیزە دەکرێت.ئێستاش ھەموو شتێک بۆ ڕای گشتی جەماوەری کوردستان ڕوون و ئاشکرایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە