داهاتووی رۆژئاڤای کوردستان و خیانەتەکانی ئەمریکا

Thursday, 22/10/2020, 20:14


گەمەی دوو ڵایەنانەی ئەمریکا و ڕووسیە لەهەمبەر تورکیە،یارییەک کە تێدا ئەمریکا و ڕووسیە هەم لەناڵ ئەدەن و هەمیش لە بزمار،لەلایەک سێناتۆرەکانی ئەمریکا پرۆژەی گەمارۆ خستنە سەر تورکیە ئامادە دەکەن و لەلایەکی تریشەوە گڵۆپی سەوز بۆ تورکیە و ئاکپارتی ڕەوشەن دەکەن،بۆ هێرشکردن و داگیر کردنی سنووری شار و گوندەکانی رۆژئاڤا و باشووری کوردستان،هەموو ئەو پەرادۆکسانەمان لە سیاسەتی ئەو چەند ساڵەی کابینەی دۆناڵد تڕامپ و ڤلادەمیر پۆتین بەئاشکرا بینیووە.لەکاتێکدا سوپای ئەمریکا بەتەواویی کەل و پەلی سەربازییەوە لەناو خاکی رۆژئاڤای کوردستاندا جێگیر ببوون و لەسەر سنووری نێوان سووریە ـ تورکیە ئامادەیی تەواویان هەبوو،بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای تورکیەی(داگیرکەر) بدەنەوە،بەڵام لەناکاو بێ هیچ پلانێکی پێشوەختە تەواویی بارەگاکانی خۆیان لەو ناوچەیەی تورکیە هەڕەشەی دەکرد،بۆ هێرشکردنە سەر گرێ سپی و سەریکانی و کۆبانی و عەفرین چۆڵکرد.بەوەش یەک قۆناغی خیانەتی ئەمریکا لەدژی هێزەکانی شەڕڤانان و پەیدە و قەسەدە و حکوومەتی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان دەستی پێکرد.خیانەتێک کە لەمێژوودا وێنەی نییە و هەموو چاوەدێرانی سیاسی ناوخۆیی و جیهانی تووشی ڕاچڵەکاندنێکی گەورە کرد.بەتایبەتیش بۆ گەلی کورد وەک مۆتەکەیەکی بەردەوام بوو،چۆن هەتا چەند مانگ پێش ئەو ڕێککەوتنە و بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کورد و هێزی شەڕڤانان لە سەنگەری پێشەوی بەرگڕی و شەڕ لەگەڵ دڕندەترین دوژمنی جەهڵ و تاریک پەرەستی داعش دابوون و تووانیان لە ماوەیەکی کەمدا تەواویی سنوورەکانی رۆژئاڤای کوردستان لەبوونی چەتە و تیرۆریستانی ڕێکخراوی داعش پاکسازی بکەن و گورزی کوشەندەش لە پێکەری ئەو ڕێکخراوەیە بدەن و هەتا لە کووشتن و تەقاندنەوەی حەشارگەی سەرەکی سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ناسراو بە(ئەبووبەکر بەغدادی ڕۆڵی سەرەکی بگێرین.کەواتە لەدوای ئەو هەموو گیانفیداییەی شەڕڤانان لە شەڕی دژ بە داعش و گروپە جیهادییە بەکرێگیراوەکانی تر،لە ناو خاکی رۆژئاڤای کوردستان و سووریەدا جێگای شەرمەزاری و ڕیسواییەکی گەورە بوو،بۆ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد تڕامپ کە بەو شێوەیەی پشتی کوردیان چۆڵ کرد و تەنیا هێزی چاڵاک و شەڕکەری گۆڕەپانەکەیان بەتەنیا جێهێشت.
تەنیا هێشتنەوەی کورد لە مێژووی سیاسی خەباتی ڕزگاریخۆازی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا شتێک نییە،حاشای لێبکرێت وهەموومان دەزانین بەهۆی خیانەتەکانی ئەمریکا کورد تووشی چە کارەساتی گەورە ودڵتەزێن بۆتەوە،هەر لە پەیماننامەی لۆزانەوە گرە،هەتا دەگاتە کۆماری کودستان و ڕێککەوتنامەی ئاشبەتاڵی((ی 1975بارزانی و چەندین ویستگەی تری خەباتی ئازادیخۆازی کوردی کە لایەن ئەمریکا و ڕووسیەوە بۆ هۆی دواکەوتنی کوردەکان بەگستی لە گەیشتن بەئامانجە بەرزەکانی نەتەوەیی.
ئەمریکا لەناو گەرمەی هەڕەشە و هێرشەکانی سوپای ئەردۆغاندا خیانەتی لە هێزەکانی هەسەدە و پەیەدە کرد و حکوومەتی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستانی بەتەنیا جێهێشت،بێ ئەوەی حیساب بۆ ستراتیژی و پرۆژەکانی پێشووتری خۆی بکات.لەبەرابەر بەڵێن و پەیمانامەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکان واژۆی کردبوو،لەسەر پاراستن وبەرگڕیکردن و پڕچەککردنیان و پشتیووانی بێ چەند و چۆنیان،هەموو ئەو گۆڕانکارییانە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا ڕوویدا و دوبارە بۆ گەلی کورد دیرۆک وەک خۆی دووبارە بۆوە و خیانەتێکی تری ئەمریکا لەسەر دەستی ئیدارەی (دۆناڵد تڕامپ) تۆمار کرا.لە کۆتاییدا چەند سێناتۆری دیمۆکراتخۆازی دژبەری حیزبەکەی دۆناڵد تڕامپ کۆمەڵێک سۆز و هەستی تێمساحاوییان دەربڕی بۆ پشتیووانیکردن لە هەسەدە و هێزی شەڕڤانان لەو قۆناغەی کە تورکیە دەستی بەڵەشکەر کەشی و تۆپبارانکردنی گوند و ماڵ و حاڵی کوردەکان کرد لەسەر سنووری رۆژئاڤای کوردستاندا.
لەدوای شەڕی ناوخۆیی سووریە و قەیرانی خوێناوی ئەو وڵاتە و بەشداری وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەو شەڕەدا کێشەکانی دەوڵەتی سووریە قووڵتر بوونەوە و سووریە بوو به ناوەندی کۆبوونەوەی گرووپە تەکفیریە ـ جیهادییەکان لە ناوچەکدا و بەهۆیەوە نیوەی زیاتری خاکی سووریە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی سەر بەدەوڵەتی تورکیە،ئەوەش ئاراستەی چاڕەسەری قەیران و شەڕەکانی بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەشکرد،بەرەیەک ڕووسیە و ئێران و چین و تورکیە سەرۆکایەتی دەکەن و بەرەیەکی تریش ئەمریکا و کوردەکانی رۆژئاڤا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەجەنگی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرێوەی دەبن.،هەر دوو بەرە بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە شەڕێکی مەیدانی وێرانکەر دابوونە و بەو هۆیەشەوە وڵاتی سووریە تووشی داڕمانی یەکجارەکی ژێرخانی ئابووری و یاسایی بووە،بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ڕووسیە وەک بەهێزترین جەمسەری دژبەرایەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تووانیوێتی سووریەی بەشار ئەسەد بەزیندوویی بێلێتەوە و لەسەرە مەرگ رزگاری بکات.
هەرچەندە زیندوو کردنەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد تەنیا لەلایەن وڵاتی ڕووسیە و هاوپەیمانەکانی ناوچەیی و هەرێمایەتیەوە مەشرووعییەتی هەیە و لەئاست کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سووریەی بەشار ئەسەد لەناو ڵیستی ڕەشی وڵاتە مەترسیەکانی جیهان دایە،بەهۆی بەکارهێنانی چەک لەدژی هاووڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکردن و کووشتاری خەڵکی مەدەنی لە ماڵ و زێدی خۆیان و دروستکردنی قەیرانێکی تری مرۆڤی لە جیهاندا بەناوی کۆچبەری زۆرەملی،بڕسیکردنی نەیارانی لەناوخۆ و سەرکووتکردن و تیرۆری کەسایەتی و ڕۆشنبیر و نووسەر و مامۆستا و هتد،کە هەمووی ئەوانە بەدەستووری شەخسی بەشار ئەسەد ئەنجامدراوە و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
ئەوەی لێرەدا وەک تەوەری نووسینی سەرەکی ئەم گوتارە گرنگە بۆ ئێمە چاڕەسەی کێشەی کوردەکانە لەڕێگەی گفتوگوو و دیاڵۆگی ئاشتی ـ ئاشتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ڕووسیە،دامەزراندنی حکوومەتی خۆسەری دیمۆکراتی کوردەکانی رۆژئاڤا خۆی هەڵگری چەندین ڕەهەندی سەرەکییە و ئێمەش هەوڵدەدین لێرەدا بەکورتی ئاماژە و شرۆڤەیان بکەین،بۆ زیاتر تێگەیشتن لە پرسی کورد لە چوارچێوەی جۆگرافیای سووریەدا کە ئەمرۆ بۆتە ناوەندی پرسە جیهانیەکان لەئاست ڕای گشتی و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی وڵاتانی جیهاندا.هەروەها مەسەڵەی پێوەندی کورد وئەمریکا لە رۆژئاڤای کوردستان کە بە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی بۆ کورد تەواو بووە هەتا ئێستا،نەرێنی بەهۆی دوژمنایەتی مێژوویی تورکەکان و هێرشی بەردەوامی تورکیە بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی کوردستانی رۆژئاڤا وەک شارەکانی عەفرین و ناوچەکانی سنووری نێوان رۆژئاڤای کوردستان و تورکیە بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر.کە وەک هەموومان ئاگادارین لەو چەند ساڵەی دواییدا دەوڵەتی تورکیە بە سەرۆکایەتی پارتی دادوگەشەپێدانی ئەردۆغان بەردەوام هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر کوردەکان مووڵک و ماڵیان تاڵان یانیش داگیر بکات و لەشوێنی کوردەکانیش بەڵێشاو عەرەبی هاوردەی باشووری سووریە بێنتە سەر ماڵ و زەوینی کوردەکان..هەموو ئەوانەش بەشێوەیەکی حەقیقی ڕوویداوە و لەناو میدیا و ڕاگەیاندنەکانیشەوە بە بەڵگە و دێکۆمێنت بوونی هەیە.دووڕویی لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپیدا لەمەر پێوەندی و هاوکاری کوردەکانی رۆژئاڤا لە دوا هێرشی دەوڵەتی تورکیە بەئاشکرا بەرچاو دەکەوێت و هەموو جیهانیش لەئاست ئەو خیانەتەی ئەمریکا لە هاوپەیمانی خۆی لە شەڕی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا هاتنە دەنگ و ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی و ئیداری دۆناڵد تڕامپ گرت،هەتا ئەو شوێنەی کە ڕای گشتی ئەمریکاش ئەو خیانەتەی پێ قەبووڵ نەکرا و لەدژی سیاسەتەکانی دەرەوی ئیداری تڕامپ دەرکەوتن،بەهۆی پاشەکشە کردنی لەکاتی هێرشی ئاسمانی و زەمینی دوڵەتی تورکیە بۆسەر حکوومەتی خۆسەری رۆژئاڤا،لەکاتێکدا سەربازانی ئەمریکایی جێگیر لەناوچە سنوورییەکانی رۆژئاڤای کوردستان لەکاتی هێرشەکانی تورکیە دا بنکە و بارەگاکانی خۆیان چۆڵکرد و هێزی شەرڤانان بەتاقی تەنیا مانەوە،هەم بۆ بەرگریکردن و هەمیشە بۆ رزگارکردنی ژیان و ماڵی هاووڵاتیانی کورد لەو ناوچانەدا.دۆناڵد تڕامپ بەو بڕیارەی کە هێزەکانی ئەمریکای لە ناو خاکی سووریەدا جێگۆرکی پێکرد و هەموو هێزەکانی ڕەوانەی ناوچەیەکی تر کرد،ئەوەش بۆ هۆی ئەوەی کە سوپای تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانی بەرەی نووسرە و سوڵتان مووراد و کتێبەکانی تری سەر بە دەوڵەتی تورکیە هێرش بکەنە سەر گوند و ناوچە کوردنشینەکان و هەموو ماڵ ومووڵکی خەڵکی بێتاوانی کورد داگیر بکەن.
ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیە هەڵکرد،بۆ داگیر کردنی بەشێک لە خاکی رۆژئاڤای کوردستان.و ئەوەش سینارێوییەکی چاوەڕوانکراو بوو بۆ کە کوردی رۆژئاڤا هەمیشە ترسیان لێ هەبوو،بێگوومان ئەوە بۆوە هۆکاری سەرەکی کە سوپای تورکیە بە هاوکاری مڵیشیا تیرۆریستیەکانی خۆی هێرش بکاتە سەر شەرڤانان و حکوومەتی خۆسەری کورد و دەستکەوتەکانی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سووریەدا،سیناریۆییەک کە بۆ هۆی ئەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی لە شەڕی توونا کردنی گرووپی تیرۆریستی داعش دا کە زۆر چاڵاکانە و دڵسۆزانە یارمەتیدەری ئەمریکا بوون بۆ تێکشکاندنی داعش و پاکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ئەندامانی جیهادی ـ تەکفیرییەکان،بەڵام تورکیە و ئەردۆغان زۆر بێ شەرمانە ئەوانیش دەخەنە ناو رێزی گرووپی داعشەوە و بەو ناوە پێناسەیان دەکەن.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛بۆچی دۆناڵد تڕامپ بڕیاری کشانەوەی سەربازەکانی لە سووریە و ناوچە کوردنشینەکاندا و لەسەر ئەو بنەمایەش خیانەتی لە گەلی کورد کرد،لە رۆژئاڤای کوردستان بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی پشت بڕیارەکەی دۆناڵد تڕامپ پێویستمان بە خوێندنەوەی ئەو دوو خاڵە هەیە؛
ـــ یەکەم؛ چۆن دۆناڵد تڕامپ بەرژەوەندی ئابووری و بازرگانی لەتەک دەوڵەتی تورکیەدا هەیە.
ـــ‌ دووهەم؛ دۆناڵد تڕامپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەر دووک هاوشێوەی یەکن و نەخۆشی دەسەڵات پەرەستیان هەیە.
ـــ سێهەم؛ ڤڵادمیر پۆتین دەستووری بە"دۆناڵد ڕامپ"داوە ئەو کارە بکات.سەیرتر ئەوەیە کە ئەگەری هەر سێ گریمانە بەهێزن بۆ لێکدانەوەی تەواویی ئەو سێناریۆیە.
بەڵام ئەوەی کە زۆر کەس و لایەنی سیاسی باسیان لێوە نەکردوە ئەو بابەتەیە،ڕاستە دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئەمریکایە،بەڵام هیچ شتێک لە سیاسەتەدا لە کردە نەهاتوو نیی ،جگە لە مردن،پێدانی باج و گومرۆک بە ئەمریکا لەلایەن تورکیەوە،بۆتە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا خیانەت لە کوردی رۆژئاڤای کوردستان بکات،لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا ئەمریکا بەلانیکەمەوە هەشت جاران خیانەتی لە گەلی کورد کردوە و هۆکارەکانیشی زۆر ڕوون و ئاشکرایە.
نەتەوەی کورد بەدرێژایی یەک سەدە زیاترە لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیدایە،لە ئێستاشدا کورد بەسەر چوار وڵاتی ئێران،تورکیە،عێراق و سووریە دابەشبوونە و لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی زاڵی دوڵەتی تورکیە و ئێران دانە و لە وڵاتانی عێراق و سووریە پرسی کورد هەتا قۆناغی خۆبەرێوەبەری و ئیدارەی خۆماڵی چۆتە پێش و لە ئێستادا کورد لەو دوو بەشەی کوردستان باشوور و رۆژئاڤا هەتا ڕادەیەک تووانیویانە نیمچە حکوومەتێکی خۆماڵی دابمەزرێنن و خۆیان بەشێوەیەی دیمۆکراسی و هەڵبژاردن و یاسای بنەڕەتی ستوونەکانی حوکمڕانی خۆیان پتەوتر بکەن.لەلایەکی تر،کورد لەو دوو بەشەی کوردستان بوونەتە میکانیزمی بەهێزی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دەرەوی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و دەتووانین گەلی کورد لەو وڵاتانەدا بە فاکتەری بەهێزی ئاسایش و سەقامگیریش چاو لێبکەین،کە لە دوای هێرشی گرووپی تیروریستی داعش لە سووریە و عێراقدا ئەوە هێزی چەکداری کورد بوون توانیان بەرگڕی بکەن و شکەست بەهێرش و تاڵانکاری و قەتڵووعامی خەڵکی مەدەنی کورد و نەتەوەکانی دیکە بێنی..
بەڵام ئەوەی‌ بۆتە هۆکاری بێدەنگی و بێ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەبەرامبەر هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی تورکیە بەفەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)بۆتە مژاری مشتومڕی بەردەوامی ناوەندەکانی میدیایی ناوخۆیی و جیهانی و هەتا لەو ماوەیەدا خەڵکی باشووری کوردستان لە هەموو شارەکاندا ڕەژانە سەر شەقام بۆ شەرمەزار کردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی تووندی خۆیان لەدژی ئەو کاوڵکارییانەی سوپای تورکیە لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیە ئەنجامی ئەدات.بەداخەوە هەڵوێستی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری کورد لە باشووری کوردستان لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و هێزەکانی میلیشیای ئەو حیزبە بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت کران و ژمارەیەکی یەکجار زۆریش لە چاڵاکانی مەدەنی و نووسەر و هونەرمەند و مامۆستا و رۆژنامەنووس تووشی گیران و ئازار و ئەشکەنجە بوونەوە و ئێستاش چاڕەنووسی دەیان کەس دیار نییە،لەناو زیندانە نهێنیەکانی پاراستنی بنەماڵەی بارزانیدا.بەڵام لێڕەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ئەگەر حکوومەتی جووت بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی هێز و بوێری ئەویان تێدا نییە،پەڵامارەکانی ئاسمانی و زەوینی سوپای تورکیە مەحکووم بکەن و دژ کردەوەیەکی مەیدانی و ئاشکرایان هەبێت،بۆچی ڕێگری لە خەڵکی مەدەنی دەکەن،کە دەرژێنە سەر شەقام و ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیە شەرمەزار دەکەن؟بێدەنگی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورکیە لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری کوردستان و ناوخۆی خاکی عێراقدا جێگای گومانە و هیچ کارێکی تریان جگە لە دەرکردنی چەند بەیاننامەی مەحکووم کردنی ئەو هێرشانە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئەنجامد نەداوە،ئەوەش بەو مانایەی دێت،ئەوانە جگە لە بێدەنگبوون هیچ ڕێگا چاڕەیەکی مەیدانیان لەبەر دەست نییە.چۆن تورکیەش لەو دەرفەتە کەڵک وەردگرێت و بەردەوام هێرشەکانی خۆی رۆژانە زیاتر دەکات و هەتا کار گەیشتۆتە ئەوی چەندن بنکەی سەربازی تایبەتی بۆ پەڵاماردانی هێزە کوردیەکانی لەو ناوچانە دروست کردوە و هەر رۆژ چەک وچۆڵی قورس و سووک دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنانە.لەلایەک هەولێر‌ لەلایەن هێزی‌ ئەمریکاوە لەژێر گوشاری بەردەوام دایە،هەتا سەرچاوەکانی داهاتی گشتی و نیشتیمانی لەو ناوچەندا بپارێزی.هەرێمی کوردستان (دەسەڵاتی زاڵی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی)لەدوای شکەستخواردنی پرۆژەی ئەنجامدانی گشتپڕسی بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە عێراق،تووشی داڕمانی هێز و شکۆی نەتەوەیی بووتەوە و ئێستاش لەژێر شۆکی گەمارۆکانی دەوڵەتی تورکیە و وڵاتانی ناوچەکدایە بەگشتی.هەر بۆیە ئەگەریش بیهەوی دەست بۆ کردەوەیەکی مەیدانی ببات لەدژی هێزەکانی سوپای تورکیە،لەسەر‌ ئەو باوەڕم دوبارە تووشی هەمان گۆشەگیری‌ وداخستنی سنوورەکانی هاتووچۆی بازرگانی رۆژانە دەبێتەوە لەلایەن تورکیە و هەتا ئەگەری ئەوەشی هەیە،هەندێک لە هێزەکانی چەکداری عێراق دەستێوەردان بکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی گەورە بوونەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێمی خێڵستانی بارزانی و تاڵەبانی و ئەنکارا و تاران.چوونکە بمانەوەی یانیش نە،ئەوە ئەمریکا ڕاستەوخۆ پشتیووانی لەهێزی داگیرکەری تورکیە دەکات،لە ناوچەکدا بەگشتی و لە هێرش و وێرانکردنی ماڵ و حاڵی کوردەکان بەتایبەتی.چوونکە پێوەندییەکانی تورکیە لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیە بۆتە پرسێکی قووڵی نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزە لە ئێستادا و هیچ کام لەو دوو وڵاتەش ناتووانن بەیەکجاری هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن،لەدژی داگیرکەری و پاوانخۆازیێەکانی ئەردۆغان لە رۆژئاوای کوردستان وباکووری کوردستان وباشووری کوردستان و ناوچەکانی تریش.چۆن تورکیەش دەیهەوی پێگە و ڕۆڵی ئاشکرای خۆی پێشانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی بدات و خۆازیاری بەشداری و ڕۆڵ پێدانە لە یارییە سیاسیەکانی ناوچەکەدا بەگستی.بەهۆی پێوەندی تورکیە لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیش،بەغدا ناتووانی دەست بۆ هێزی ڕەق ببات،لەدژی ئەو هێرشانەی ئەو جاری تورکیە،بۆ سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق.
تورکیە بەدرێژایی(40) ساڵی ڕابردوو لە شەڕێکی قوورسی مەیدانی دایە،بۆ تووناکردنی بزاڤی مافخۆازی کورد لە باکوری کوردستان،هەرچەندە ئەوە خەونێکی مەحاڵ و لەدەست نەهاتوویە،بەهێرشی سەربازی و فرۆکە بتووانی ڕیشە و باوەڕی هێزێکی جەماوەری توونا بکات.چۆن بەهەمان ڕادەش پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری کوردستان و باشوور و رۆژئاوا لەدژی هێرش و پەڵاماڕەکانی ئاسمانی و زەوینی تورکیە پەرچەکرداری هەبووە و رۆژانە بەرسڤی ئەو هێرشانەی تورکیە داوەتەوە،کەواتە نەخشە ڕێگای بنەڕەتی بۆ چاڕەسەری پرسی تورکیە لەگەڵ کوردەکان بەگشتی لەڕێگای لوولەی تفەنگەوە نییە،بەڵکوو دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی هەر دوو لایەن،بۆ گەیشتن بە جاڕەسەرییەکی ئاشتیانە و بێ خوێنڕشتنی زیاتر.بەڵام لایەنی تورکی لەدوای ساڵی2015))وە،هیچ مەیلی بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەسەر مژاری چاڕەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتەدا نەماوە و پێوایە بۆ چاڕەسەری کۆتایی دەبێت،هەتا دوا هەناسە کەڵک لە نەخشەی ڕێگای سەربازی وەربگیرێت،کە ئەوەش هەر رۆژ وهەر مانگ و ساڵ خەرجیەکانی لەسەر تورکیە و ئەردۆغان زیاتر و زیاتر دەبێت،بەشێوەیەک کە هێزە ئۆپوزیسیۆنەکانی ناوخۆی تورکیەش باوەڕییان بە نەخشە ڕێگای سەربازی بۆ کۆتایی پێهێنانی پرسی کورد نەماوە و داوا دەکەن،چیتر منداڵانی خەڵکی لەو شەڕەدا بەکووژ نەدەن و زەرەری زیاتریش لە کەرتی ئابووری وگەشتیاری تورکیە نەدەن.بەڵام سیاسەتی تەکڕەوی و ملهوڕی ئاکپارتی و ئەردۆغان خەریکە هەموو خەون و خەیاڵەکانی گەلی تورکیەش بەرەو وێرانی یەکجارەکی دەبات.چۆن ئەردۆغان پێیوایە لەدوای شکەستی پرۆسەی ڕێفراندۆمی بنەماڵەی بارزانی لە باشووری کوردستان،حکوومەتی ئەو دوو بنەماڵەیە زیاتر و زیاتر پێویستی بەهاوکاری و پشتیووانی تورکیە هەیە و تەنیا دەروازەی بوژانەوەی ئابووری ئەو هەرێمەش تورکیەیە و حکوومەتی بەغداش وەک جاران پێشووازی لە بەرپرسانی هەرێمی بارزانی و تاڵەبانی ناکات،بەهۆی نەخشەکێشانیان بۆ پارچە کردنی جۆگرافیای یەکگرتووی عێراق.هەر ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ بێدەنگی بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەناو هاوکێشەکانی ئێستای سەر سنووری باشوور و باکووری کوردستان.چۆن بەرپرسانی ئەو دوو حێزبە لە باشوور ئیتر بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە،بۆ مانەوە لە چوارچێوەی نەخشەی جۆگرافیای یەکگرتووی عێراقیدا و کار دەکەن بۆ چەسپاندنی شایستە داراییەکانی خۆیان بەپێی دەستووری حکوومەتی فیدراڵی عێراق و خەونی جیابوونەوە و سەربەخۆیی ئیتر بۆتە خولیایەکی زۆر دوور و دەست پێڕانەگەیشتوو.
بەگشتی تەواویی پرۆژە و ستراتیژییە درێژخایەنەکانی تورکیە بۆ چاڕەسەری قەیرانی شەڕی ناوخۆیی سووریە شکەستی خواردوە و هیچ کامە لە سیناریۆیەکانی تورکیە وەڵامدەرەوی خواستی کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی ناوچەیی نەبووە،بۆ کۆتایی پێهینانی کێشە و ئاڵۆزییەکان،چوونکە تورکیە زیاتر لەوی بیهەوەی پرسی ناوخۆیی سووریە چاڕەسەر بکات،کێشە و ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆی لەو وڵاتەدا بەهێزتر کردوە و لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لەدژی دروستبوونی ستاتۆی کوردی وەستاوەتەوە و هەتا چۆتە ناو شەڕێکی مەیدانی و چەندین ناوچەی کوردنشینی لە هاو سنوور لەگەڵ خاکی خۆی داگیر کردوە و ئێستاش زیاتر لە 70 هەزار چەکداری تەکفیری گروپە جیهادییەکان ساپۆرتی ماڵی و لوجستیکی و تەقەمەنی دەکات،تەنیا بۆ شەڕی هێزەکانی دیمۆکراتیکی کوردی و پەیدە و هەڤاڵبنەدەکانی،ئەوەش زیاتر نەخشەی قووڵایی ستراتیژی تورکیە لە ناو خاکی سووریە و رۆژئاڤای کوردستاندا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات و چیتر کۆمەڵگەی جیهانی و زلهێزەکانیش باوەڕیان بە لێدوانەکانی بەرپرسانی تورک نەماوە لەبارەی چاڕەسەری کێشە و ئالۆزییەکانی ناوخۆی سووریە.بۆیە ئەمریکا بەناچاری هێزە چەکدارەکانی خۆی لە پێگە سەربازییەکانی رۆژئاڤای کوردستان کشاندەوە و تەنیا چەندین بنکەی سەرەکی نەوتی لە رۆژئاڤای کوردستان خستە ناو پرۆژەی مانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتەدا و ئەوەش بۆ هۆی ئەوەی تورکیە زیاتر توڕەتر بێ و زیاتر هەوڵبدات دەستێوەردان بکات لەناوخۆی سووریە و رۆژئاڤای کوردستاندا.چۆن باش دەزانی چاڵە نەوتیەکانی رۆژئاڤای کوردستان دەتووانی ببێتە هۆی بەهێزبوونی کوردانی رۆژئاڤای کوردستان و لەڕێگەی دەرهێنانی وهەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان سەرچاوەی داهاتی حکوومەتی خۆسەری بەهێزتر بکەن.بەڵام ئایا تورکیە دەتووانی بەئاسانی ئەو ڕێککەۆتنەی نێوان هێزەکانی دیمۆکراتیکی سووریە و ئەمریکا قەبووڵ بکات؟ئەوە یەک لە گرێ کوێرەکانی ئەو بابەتەیە کە هەتا ئێستا بێ چاڕەسەر ماوەتەوە.چۆن ئەمریکاش ناخۆازی بەتەواویی لە خاکی سووریە و رۆژئاڤای کوردستان پاشەکشە بکات.بەڵام ئەمریکا لەڕێگەی گوشاری ئابووری و هەڕەشەی گەمارۆ خستنە سەر تورکیە،ئەو وڵاتەی ناچار کرد،کەمێک پاشەکشە بکات لە ئاست داخۆزییە زیادەرۆیەکانی لە رۆژئاڤای کوردستان و سووریەدا.بەڵام لە هەمانکاتدا هەر دوو حیزبی کۆماریخۆاز و دیمۆکراتخۆازەکانی ئەمریکا لەسەر مژاری مانەوە و بەردەوامی چاڵاکی هێزەکانی ئەمریکا لەناوخۆی رۆژئاڤای کوردستاندا و پاراستی دەستکەوتەکانی کورد هاوبەشە و کۆکن لەسەری یارمەتیدانی دەسەڵاتی خۆجیی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان.چوونکە ئەمریکا ناخۆازی لەو قۆناغەدا سووریە بۆ تورکیە و ڕووسیە وئێران بەتەواویی چۆڵبکات.چۆن ئەمریکا هیچ متمانەیەکی بە تورکیە و ئەردۆغان نەماوە هەتا ئاسایشی ئەو ناوچەیە بسپێرێت بە ئەردۆغان.هەروەک چۆن چەندین جار دۆناڵد تڕامپ ڕاستەوخۆ و بێ ترس ئاماژەی پێکردوە،ئەمریکا خۆازیاری نەوتی سووریە و پاراستنی چاڵە نەوتیەکانە لە رۆژئاڤای کوردستاندا.وونکە باش لەو چوار ساڵەدا لە هەڵوێست و کرداری هەڵپەرەستانەی بەرپرسانی تورکیە تێگەیشتووە و ئەگەر تورکیە و گروپە جیهادییە بەکرێگیراوەکانی دەرفەتیان دەستبکەوێت کردەوی دژە مرۆڤی و کۆمەڵکۆژی زیاتر لەناوخۆی رۆژئاڤای کوردستاندا ئەنجامدەدن و ئەوەش جێگەی نیگەڕانی بەرپرسانی ئەمریکایە بەگشتی بۆ ناحەزکردنی ڕوی ڕاستەقینەی ئەمریکا لە ناوچەکدا لە لایەن تورکیەوە،هەر بۆیەش هیچکات گۆڕەپانی سووریە بەتەواویی چۆڵ ناکات،هەتا تورکیە بەئاسانی بتووانی ئەو وڵاتە داگیر بکات و خەونی زیندو کردنەوەی ئیمپراتۆری عووسمانی لەلایەن ئەردۆغانەوە وەها بەئاسانی بەراوەردە بکرێت.
کێ دەتووانی یارمەتیدەری پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیە بێت؟
پرسیارێک بەدرێژایی مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو بێ وەڵام و بێ چاڕەسەر ماوەتەوە.هەتا گەیشتۆتە قۆناغی بێهیوایی تەواو،کۆتایی هاتنی هیواکان بۆ ئاشتی لەنێوان بزاڤی ئازادیخۆازی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەی ئەردۆغان،پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە و ئیتر ڕەنگە ئەو دەرفەتە زێرینە لەسەر دەستی ئاکپارتی بۆ جارێکتر هەرگیز دوبارە نەبێتەوە و پارتی دادوگەشەپێدان جارێکتر شانسی ئەوەی نەبێت،بتووانی دەست بەپرۆسەی دانووستاندنی نێوان تەڤگەری ئاپۆیی و دەوڵەت بەڕێوەببات.چوونکە هاوپەیمانی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی مەهەپە یانیش پارتی نەتەوەپەرستی تورکیە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەو شانسەی لە ئاکپارتی هەستاندوە بتووانی بۆ جارێکتر ببێتە ناوەندی چاڕەسەری پرسی نێوان بزاڤی کورد و دەوڵەتی تورکیە لەو قۆناغەدا..چۆن لە ئەگەری هەر هەنگاوێکدا بۆ لای پرۆسەی ئاشتی دەنگ و پاڵپشتی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیە مەهەپە لە دەست ئەدات.
بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت،کە بێدەنگی کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست سەرکووت و زیندانیکردن و لێ هەستاندنەوەی حەسانەی ئەندام پەرڵەمانتارە کوردەکان و سەرۆکی شارەوانیەکان لەلایەن شەخسی ئەردۆغانەوە بە حوکمی ڕاستەوخۆ جێگای گوومان و هەڵوێست لەسەر وەرگرتنە.بەڵام ئەو بێدەنگییە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە مەسەڵەی پارتی گەڵان هەدەپە،بەڵکوو لە هێرشی سوپای تورکیە و تاخمە تەکفرییە بەکرێگیراوەکانی ئەردۆغان بۆ سەر دەستکەوتەکانی حکوومەتی خۆسەری لە رۆژئاڤای کوردستان
لەلایەکی تریشەوە،کورد میکانیزمێکی تەواو و گونجاون بۆ جێبەجێ کردنی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەگشتی لە ناوچەکدا،ئەمریکاش لەهەوڵدایە کە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکاتە هاوپەیمان و دۆستی هەرە نزیکی خۆی و یارمەتیان بدات و چەک و پێداویستی تایبەتیان بۆ دابین بکات،چۆن دەسەڵاتەکانی ئێران وتورکیە و عێراق و سووریە لە بنەڕەتەوە دوژمنی سەرەکی ئەمریکانە،بەڵام هاوکات نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە سیاسەتی هاوکاری و پێوەندی ئەمریکا لەگەڵ کورد سنوردارە و نایهەوەی هێز و دەسەڵاتی زۆریش بدات بە کوردەکان کە لەدژی خۆشی ڕاپەرین بکەن و هەوڵبدەن بەرەوە جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەنگاو بنێن.ئەو سیاسەتە بەدرێژایی ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە عێراق لەگەڵ کوردەکان جێبەجێکراوە و یەکێک بووە لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و هەتا ئێستەش بەردەوامی هەیە.کەواتە دەتووانین لێرەدا بگەڕێنەوە بۆ ئەو پێشهات و دەرفەتە گرنگانەی کە بۆ کورد ڕەخساوە و بەرپرسانی حیزب و لایەنەکانی کوردیش نەیانتوانیوە بەپێ پێوەیست کەڵکیان لێوەربگرن،وەک نموونەی ئەنجامدانی گشتپڕسی بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی ناوەندی عێراق.
لەو سەردەمەدا ناسیوناڵیزمی کوردیش هاوشێوەی ناسیوناڵیزمی هەموو نەتەوەکانی تری جیهان گەشەی کردوە و پێشکەوتنی بەرچاویشی بەخۆیەوە بینیووە.پەرەسەندنی ناسیوناڵیزمی کوردی و بەرزبوونەوەی ئاستی داخۆازییەکانی شەقامی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەمرۆ زەمینەی خۆشکردوە بۆ پرۆژەیەکی نەتەوەیی هاوبەش،گەلی کورد ئیتر باوەڕی بە دۆستایەتی و پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی مێژووی ڕابردوو نەماوە لەتەک زلهێزەکانی دونیا،چۆن ئەزموونە تاڵەکانی سەدەکانی ڕابردوو بۆتە وانەیەکی بەهێز بۆ ڕێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی خیانەت و فرۆشتی مافەکانی کورد لەبەرامبەر کۆمەڵێک دەستکەوتی ئابووری،نموونەی سەردەمی ئیمپراتۆری عووسمانی کە کوردەکانیش بەشێک لە هاوپەیمانی ئەو ئیمپراتۆرییە بوون،بەڵام بەدرێژایی شەڕی یەکەمی جیهانی کە ئەو ئیمپراتۆرییە بەشی دۆراوی شەڕەکە تووشی داڕمان بوو،ئەوەش لە رۆانگەی گەلی کورد،هەر ئەو دەرکەوتە چاوەڕوانکراوە بوو کە چاوەڕی بوون.لە ساڵی( 1920) پەیمانامەی سێڤەر بەتەواویی بووە هۆی داڕمانی ئیمپراتۆری عووسمانی،بۆ نموونە بەشێک کە ئەورۆ تورکیە لە خۆ دەگرێت و بەشێکیش کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گریمانەکراو تایبەت کرا.بەڵام هەر زوو تورکەکان دژایەتیان کرد و بۆ ئەمریکا بەڕادەی پێویست کێشە و تەگەریان دروستکرد و لە کۆتاییدا ئەمریکا ناچار بوو لە ـ پەیمانامەی لۆزان ـ لە ساڵی( 1923 )دا،پشتیووانی بکات.
پەیماننامەی لۆزان ئەو دەرفەتەی بۆ فەڕەنسە و بەریتانیا ڕەخساند کە وڵاتانی عێراق و سووریە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروست بکەن،بەڵام بۆ کورد هیچ ناوچەیەکی تایبەت لەبەرچاو نەگیرا.ئەوەش یەکەمین و بچووکترین خیانەتی ئەمریکەییەکان بوو لە دژی گەلی کورد.چوون لەو سەردەمەدا خیانەتی سەرەکی لە مافی گەلی کورد لەسەر دەستی بەریتانیاکانەوە ڕوویدا،کە دەسەڵاتی میرنشینی کوردەکانیان لە عێراق لە ساڵی(1920 )سەرکووت کرد.چەند ساڵ دوای ئەو کاڕەساتە ئینگلیزییەکان بە خۆشحاڵیەوە چوون بۆ پێشوازی کردن لە دامەزراندنی کۆماری ئاڕاراتی کوردی،چۆن ئەو کۆمارە لە وڵاتی تورکیە دابوو.بەڵام کەمێک دواتر ئاشکرا بوو،کە بۆ ئینگلیزییەکان تورکەکان لە کورد گرنگتر بوو و هەر لەبەر ئەوەش بوو بریتانیا ڕێگەی دا هەتا دەسەڵاتی تورکە عووسمانیەکان وڵاتی تازەی کۆماری ئاڕارات لەناو بەرن.ئەوەش هەر ئەو ڕێککەوتەیە کە بۆوە هۆکاری ئەوەی هەتا ئیمپراتۆری بەریتانیا بە (ئەڵبیۆنی خیانەتکار) بناسرێت،ئەو ناوی کە ئەمرۆ پەسەندی ئەمریکایە.(ئەڵبیۆن)ناوێکە کە لەسەردەمی مێژووی کەوناردا لەبڕی دوورگەی بەریتانیا کەڵکی لێوەرگیراوە..
لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی ئەمریکا بەهێواشی جێگای بەریتانیای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،وەکوو دەسەڵاتی داگیرکەر گرتەوە.کورد زۆر هۆکار و بەڵگەی مێژوویی بەدەستە هاوشێوەی ئەو ڕوداوانەی لە ڕابردوو ڕویانداوە،ئەمریکا دووبارە خیانەتی لە گەلی کورد کرد لە دوو ساڵی ڕابردوودا،لە کاتی ئەنجامدانی گشتپڕسی هەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە دەسەڵاتی ناوەندی عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ،بانگهێشتکردنی دەوڵەتی تورکیە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریە لەلایەن ئەمریکا و خیانەتکردنی لە هێزەکانی دیمۆکراتیکی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان،هەموو ئەوانەش بۆ کورد جێگای نیگەڕانی و دڵەڕاوکێ بووە.چۆن کورد لە رۆژئاڤای کوردستان هیچکات هاوشێوەی باشووری کوردستان هەموو هێلکەکانی خۆیان نەخستۆتە سەبەدی ئەمریکاوە و باوەڕی و ئیرادەی بەهێزی شەرڤانان ئەو جارە توانی مێژووییەکی نوێ تۆمار بکەن و هەر زوو لە خیانەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەشەڕی دژ بەڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناوچەکدا،تێگەیشت و پرۆژە و ستراتیژی خۆی گۆڕوی بۆ بەرخۆدان و ژیان و سەرکەوتن بەپشتیووانی گەلی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان.قۆناغێکی نوێ لەشەڕ دەستی پێکرد،بەڵام ئەو جارە سوپای داگیرکەری تورک بەپشتیووانی هێزە جیهادییە ـ تەکفیرییەکان هێرشی بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان دەست پێکردە.چۆن خەونەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی نەخشەی نوێ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بەلەناوبردن و پاکتاوکردنی کورد شانسی سەرکەوتنی هەیە.ئەو خەیاڵەی کە ئێستاش لە سیاسەتی دەرەوی تورکیەدا لەو قۆناغەدا ڕەنگدانەوەی هەیە و ڕەنگرێژ کراوە بە توونا کردنی ستاتۆی کوردی لەهەر شوێنێکی ئەو جیهانەدا بێت.ئامانجی تورکیا ڕوون و ئاشکرایە،تورکیا دەیهەوێت کورد لاواز بکات و هەموو ڕێگایێک دەگرێتە بەر کە بەتەواویی کورد لەناو بەرێت،جگە لە ماڵباتی بارزانی بەناو هاوپەیمان و لەژێرەوەش بەکرێگیراو؛هەرکاتێک کورد دەسکەوتێکی دەبێ،تورکیە پەنا بۆ هەموو سیاسەتێک دەبات کە گوشار بخاتە سەر و دەسکەوتەکەیان.چۆن تورکیە دۆستی کورد نییە و بوون و مانەوەی خۆی گرێداوە بە نامان و نەبوونی کوردەوە.بەڵام یەک جیاوازی هەیە بۆ پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەتی لە باشووری کوردستان،کە چۆن سیاسەتی کوردی لە ڕێگای خێڵی خیانەتکاری بارزانیەوە خستۆتە ژێر ڕەکێفی خۆی و کەڵکیان لێوەردەگرێت بۆ خیانەت و جاسووسی بەسەر پارتی کرێکارانی کوردستاندا.
هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی قەندیڵ و حەفتانین و زاپ و گارێ و شەمزینان و قەندیڵ لەژێر سێبەری پشتیووانی و ڕەزایەتی خێڵی بارزانی و میلیشیاکانیدا.سیاسەتێک کە بەدرێژایی مێژووی شۆڕشی بازانی پەیڕەوی لێ کراوە لەدژی بزاڤی ئازادیخۆازی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا.ئێستاش مێژووی خۆی دوبارە دەکاتەوە بە چاوساغی و ڕێگا خۆشکردن بۆ هێنانی سوپای داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان و شەهید کردنی خەڵک مەدەنی و سووتاندنی گوندەکانیان و تاڵانکردنیان.بەڵام ئایا لای ئیدارەی ئەمریکا ئەو پەیوەندییەی بنەماڵەی گەندەڵی بارزانی لەتەک ئەردۆغان و ئاکپارتیدا بەچ شێوەیەک شرۆڤە و پێناسە دەکرێت.پێوەندییەک لە ڕوانگەی گەلی کورد بەئاشکرا دیارە و بەخیانەت پێناسەی بۆ دەکرێت،چۆن بنەماڵەی بارزانی دەیانەوەی خۆیان لە ئاستی سیاسەتی جیهانی و هەرێمایەتی وناوچەیی بەپێشەنگی هەموو کوردان بزانن.بەڵام ئایا ئەو پاوانخۆازییە و من کوێخایەتیە کێ کۆتایی پێدێت دیار نییە.چۆن نەوەی نوێ بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئەو پارت و بنەماڵەیەش دەیانەوەی هەمان سیاسەتی باوکە گەورەیان درێژە پێبدەن و بۆ هەتاهەتایە بەدەستی خۆیان واژۆ لەسەر خیانەت و خۆفرۆشیەکانیان بکەن.ئەگەر نا ئەوە کورد تەنیا لە ئاستی زلهێزەکانی جیهانیدا نییە،کە خیانەتی لێدەکرێت،بەڵکوو هۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ وێرانی وپەرتەوازەیی ناوماڵی خۆشی،کە هەتا ئێستا ناتووانن لە چوارچێوەی پڵاتفۆرمێکی نەتەوەیی هاوبەشدا یەکێتی و کۆ دەنگیەک دروست بکەن.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت،کە سەربەخۆیی کوردستان لەدوای شەڕی عێراق و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی سەدام،بۆوە هۆکاری ئەوەی تورکیە تووشی شڵەژاوییەکی زۆر ببێت و هەر ئەوەش وایکرد کە دەوڵەتی تورکیە بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان نەخشەی هێرش و تۆپبارانی ئاسمانی بۆ سەر بزاڤی مافخۆازی کوردی لە ساڵی 2007دا،دەست پێبکات وبەو شێوەیەش ئاسایش و ئارامی باشووری کوردستان تێبکدات و پەیامێکیش بەگوێ بنەماڵەی بارزانی دابدات،لە ئەگەری هەر هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی ستاتۆی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق.وەک چۆن لە سەردەمی ڕێفراندۆمەکەی خێڵی بارزانیدا بەئاشکرا بینیمان تورکیە وەک یەکەم وڵات دەستی بەگەمارۆی زەوینی و ئاسمانی کرد،بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی شەش مانگ تەواویی پێوەندییەکانی خۆی لەتەک ئەو بنەماڵەیە پچراند،باش لەبیرمە ئەو رۆژی لە چوارچێوەی چەند وتاری شیکاریدا باسی ئەو قۆناغە مەترسیدارەم کرد،کە تورکیە دۆستی گەلی کورد نییە و تەنیا دۆست و هاوڕێ بنەماڵەی بارزانییە لە کوردستان.بۆیە سەردەمی ئەو مەتەڵەش کۆتایی پێهاتووە،کە بۆتە ئەفسانەیەک لەناو خەیاڵدانی تاکی کوردیدا،کە کورد جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی تری نییە.کورد بەهۆی سیاسەتی چەۆتی چەند سەرکردەیەکی بەکرێگیراو و هەڵپەرەست و قازانج ویستی بنەماڵەکانیان هیچ دۆستێکی لە جیهاندا نییە،نەک ئەوەی کە کورد نەتەوەیەکی هۆڤ و ئەشکەوت نشینی دیرۆکی ڕابردوویە.
لە ئێستەدا بزاڤی مافخۆازی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان لەناو قەیرانێکی قووڵی ڕێکخستنی و بۆشایی سیاسەتی درێژخایەنی ستراتیژی یەکگرتووییدا دەژین.ئەوەش بۆتە مۆتەکەیەکی گەورە و تەواویی پرۆژە و ەونە ڕەنگینەکانی گەلی کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان ئاڵۆز کردوە،هەتا ڕادەیەک کە هیچ هیوایەک بە دروستبوونی پرۆژەی دەوڵەت ـ نەتەوەی کوردی نەماوە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە