ئێزیدییەکان: کوردی ڕەسەنن یا شەیتانپەرەست؟

Wednesday, 19/09/2018, 21:17


لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی مێژوو،ئایین و حەقیقەتی هەبوونی ئێزیدییەکان لە کوردستان
نووسین و لێکۆڵینەوە/مەولود ئافەند
-------------------
پێشەکی
ئەوەی لێرەدا ھەوڵ دەدەم وەک خوێندنەوە و ڕاڤەکردنێکی سەرەتایی بیخەمەڕو بریتییە لە پێشەکی کتێبی ئێزیدییەکان ئایین،مێژوو و حەقیقەتی هەبوونیان،کە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ دەکرێت.گرنگی ئەم باسە زیاتر لەوەیەوە سەرچاوە دەگرێ کە دوژمنی نوێ،واتە توندرەویی ئایینی بەچەک و ئایدیولۆژیای نوێ سەریھەڵداوە و لە ھیچ کردەوەیەک سڵمینەوەی نییە،چونکە بارگاویکراوە بە گەویشتن بە خۆشییە ئەزەلیەکانی جیھانی تر لەھەمبەر خوشییە شەیتانی و کورتخایەنی ئەم جیھانە کە بە جیھانێکی فانی و تاقیگەی تاقیکردنەوەی تاکی باوەڕدار ناوزەدکراوە. 
بۆ بەرگریکردن لە تەشەنەسەندنی بیرۆکەی جیهاد و بەکەم زانینی ئایینەکانی تر زۆر پێویستە کە بە ئاشکرا و بێ ترس دەقە ئایینیەکان راڤەی نوێان بۆ ئەنجام بدرێت،تاکوو سنور بەزاندنەکان بەڕاشکاوی دەست نیشان بکرێن و سنوری ئایین لە کۆمەڵگا و دەوڵەتدا روون بێتەوە. ئەوەی کە لە کوردستاندا دەبینرێت ئەوەیە رۆژ لەگەڵ رۆژ لێکدانەوەی دۆگمایی لە ئایین لە پەرەسەندن دایە و دەستێوەردانی پیاوانی ئایین بەرفراوانتر دەبێت و ھەرجۆرە رەخنەیەک بەرپەرچدانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە و هیچ جێگەیەک بۆ دیالۆگ و تۆلیرانس نەماوەتەوە.
 کوردستان بەدڕێژایی مێژووی دروستبوونی لانکەی پێکەوە ژیانی ئەدیان و ئایین و باوەڕە جیاوازەکان بووە،بەشێوەیەک هیچ ئایین و بیروباوەڕێک نادۆزینەوە لق و پۆیەکی لە کوردستان شین نەبووبێت و ڕیشەی نەدابێت،وڵاتێکی سەرسووڕهێنەرمان هەیە،هەموو ڕەنگەکانی لەخۆگرتووە بۆ جوان بوون و گەشانەوە و پێشکەوتنی فڕە ڕەنگی بیر و بۆچوونە جیاوازەکانی ئایینی و فیکری و ئایدۆلۆژی،ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئێمە و نەوەی داهاتوو تێگەیشتنە لە دەوڵەمەندی چاند و کولتووری لە سەر خاکی کوردستان،هەر لە باکوور،باشوور،رۆژهەڵات و رۆژئاڤا بگرە تا دەگاتە ئەو وڵاتانەی دەرەوەش کە ڕەوەندی کوردی تێدا نیشتەجێبوونە.
 جوگرافیای کوردستان یارمەتیدەرە بۆ شرۆڤەکردنی فرەچەشنی ئاینەکانی یارستانی، ئێزیدی، زەردەشتی، مانی، جوولەکە و مەسیحییەت بە ناونیشانە جۆراوجۆرەکانیەوە، موسڵمانی سوننی و شیعی و سۆفیگەری و ھەموویان بەیەکەوە بە درێژایی مێژوو لە سەر ئەم خاک و ژیارە ژیاون و ھاوسەنگی نێوان خۆیان بەشێوەیەکی کاتی پاراستووە،بەڵام لە ھەندێک قۆناغی مێژووییدا لەبەر ھۆکاری کارەساتی گەورەی جەنگ و کوشتاری ناوخۆیی و دژکردەوەکانی نێوانیان ئەم پێکەوە ژیان و تۆلیرانسە تووشی درزی گەورە بووە و تاکوو ئێستاش جەنگی نێوان ئەدیانەکان بە تێزی مۆدێرن و پاشکەوتوو بەردەوامی هەیە،زانستی ئاییناسی و ئەنترۆپۆلۆژیا لەم چەند سەدەی دواییدا بەڕێژەیەکی زۆر پێشکەوتووە و بەهەزاران کتێب و سەرچاوەی لێکۆلینەوەی لەلایەن ئاییناسەکانەوە پێشکەشی خوێنەران کراوە بۆ تێگەیشتن و زانیاری زیاتر لەمەر ئایینەکان و خودا پەرستی تاکەکان.
هەروەک هەموومان ئاگادارین لەم چەند ساڵی دواییدا گرووپی تیرۆریستی ـ تەکفیری داعش دەستی بەکۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی ڕەگەزی و کولتوری و ئایینی ئێزیدییەکان کردوە،هەر بۆیە ناوی ئەو دەستەیە لە کوردەکان زۆر کەوتۆتە سەر زمانی خەڵک و کەمتر کەس ھەیە،لەگەڵ ئەو ناوە ئاشنایەتی پەیدا نەکردبێت،بەڵام بەداخەوە زۆربەی خەڵک ناسین و ئاگایی و زانیاری دروستیان لەبارەی ئایینی ئێزدی و باوەڕ و ئیمانداری کوردە ئێریدییەکان نییە و بەھەڵە ئەوان بە شەیتان پەرست و ئاگر پەرست و ھەتێد پێناسە دەکەن و دەناسێنن.
لەمڕۆدا گوشارێکی زۆر و بەپیلان دژ بەئێزیدییەکان بەڕێوەدەچێت و نەک تەنیا ھەوڵی زۆرە ملێیی دژ بە باوەڕە ئایینییەکانیان دەدرێت،بەڵکوو بوونی نەتەوەیی و شوناسی کوردانەشیان لەژێر مەترسیدایە.لەسەر ئەو ئەساسە بڕیارمداوە لە دڕێژەی ئەو بابەتەدا کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لەمەر ناسین و ناساندنی ڕاستتر و زۆرتری ئێزدییەکان لە رۆانگەی باوەڕداری و داب و نەریت و کولتووری کەوناری ئێزیدییەکان بخەمە ڕوو،هەتا ببێتە ھۆکاری باشتر و زیاتر  ناسینی کەمینەی ئێزیدی بۆ ھەموو خوێنەرانی خۆشەویستی کورد و کۆمەڵگەی ئێرانی لەبارەی مێژوو و سەرچاوەکانی ئایینی ئێزیدی لەسەر خاکی کوردستان.
ھەروەک دەزانن گەلی کورد خاوەنی کۆنترین ئایینە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کۆنترین ئاینیش لە میزۆپۆتامیا و زاگرۆسدا دینی کوردە ئێزیدییەکانە.جیاوازی ئەدیانی کوردی لەگەڵ ئەدیانەکانی تردا ئەمرۆ لەوی دایە کە بۆ نموونە ئەدیانی سامێیەکان لەسەر دوو ستوونی شەیتان و خودا خوڵقاوە و ئەم دوو ستوونەش دژبەری یەکترینە لە ئەدیانی کەوناری کوردیدا شەیتان لە خودایە و جوودا نییە لە ئەوی،بۆچی؟چونکە سێبەر لە ڕووناکایی دەخوڵقێت و ئەگەر ڕووناکی نەبێت سێبەر یا شەیتان بوونی نییە و سێبەر پەیوەندی بە ڕووناکیەوە ھەیە و لە گەردیلەکانی ڕووناکیدا ئەم پێکھاتانە بوونی ھەیە،ئەم خوێندنەوەیە تەواو لە گەڵ بنەماکانی سروشت یەک دەگرێتەوە و عەقڵانییە کە ئەمرۆ نزیکی زۆر لە نێوان بۆچوونە ماتریاڵیزمەکان و ئەدیانی کوردی دا ھەیە و دەتوانین توانایی ھاوسێی بوونی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا بخەێنە بەرباس،یەکێک لە ھۆکارەکانی کە دەتوانین بیسەڵمێنین گەر کۆنترین کەمینەی ئایینی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوونی ھەبێ ئەوە کوردە ئێزیدییەکانن کە سەرەڕای ئەو هەمووە فەرمان و قڕکردنەی لە سەریان بەرێوەچووە تاکوو ئەمرۆ دەڕێژە بە ژیانی خۆیان ئەدەن لەسەر خاکی کوردستان.
ھەموو ساڵێک لەیەکەمین چوارشەممەی مانگی نیساندا کە ھاوکاتە لەگەڵ مانگی ئەپریل، پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدی لە ناوچەی لالەش لە کوردستانی باشوور لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و یەکێک لەمەراسیمە سەرەکییەکانی ئایینی خۆیان بەڕێوە دەبەن،بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئێزیدییەکان میراتی شارستانییەتی مێژوویی میزۆپۆتامیان و ھەر لەو خاکەش نیشتەجێ بوونە شان بەشانی گەلانی ئێران و ھیندوئێرانییەکان. ئایینی ئێزیدی ھەر وەک لەسەرچاوە ئێزیدییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، کۆنترین ئایینە لەناو گەلی کورد. زۆرجار بەھەڵە یاخود بەھۆی لێکدانەوەی چەوت یان بەئەنقەست بەئێزیدییەکان دەگوترێت "شەیتان پەرست" یانیش "پەیڕەوانی یەزید کوڕی مەعاویە"، بەڵام سەرجەم ئیماندارانی ئەم ئایینە ھەر دوو پێناسەکە ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت تۆمەتی پەیڕەویی لەیەزیدی کوڕی مەعاویە دەگەڕێننەوە بۆ پڕوپاگەندەی سەردەمی سەفەوییەکان. ھەروەھا رێژێمی بەعس و شیعە توندڕەوەکانیش لەھەوڵێکی بەردەوام دان بۆ ئەوەی ئایینی ئێزیدی وەک میراتێکی "یەزید" بەخەڵک بناسێنن و لەکوردەکانیان جیا بکەنەوە. ئێزیدییەکان یەکتاپەرستن و "مەلەک تاوس" ھێمای پیرۆزیی ئەوانە کە لەڕوانگەی خۆیانەوە، لەسەرووی ھەموو فریشتەکانەوەیە. ئێزیدییەکان بڕوایان بەھێزی ئیلاھی ھەیە و دەڵێن پەروەردگار، خۆی بەشێوازی جۆراوجۆری مرۆیی پێشان دەدات کە ھەر کامیان بەرپرسیارێتی بەشێک لەکاروبارەکانی دونیا دەگرنە ئەستۆ. ئەوەش چەندین لایەنێکی وێکچووی ھەیە لەگەڵ ئایینەکانی ئاسیای دووردا. یەکێک لەو تاک و ھێما ئیلاھییانەی کۆمەڵگای ئێزیدی "شێخ ھادییە" کە گۆڕەکەی لەپەرستگای ئێزیدییەکانە لە ناوچەی شێخان و گوندی لالەش کە دەکەوێتە باشووری کوردستان. "مەلەک شێخ حەسەن"، "مەلەک شێخ فەخرەدین"، "شێخ شەمس"،"پیر حەسەن" و "مەلەک نەسرەدین" چەندین نمونەی ترن. ئایینی ئێزیدی یەکێکە لەکۆنترین ئایینەکانە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە مێژووی دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین. ئایینی ئێزیدی لەناو ئایینە جیھانییەکاندا دانی پێدا نەنراوە، چوونکە بەجۆرێک لەجۆرەکان نکۆڵی لەبوونی تاکخوایی دەکات و زیاتر گرنگی دەدات بەسروشت.
ئێزیدییزم،ئاینێک لە قووڵایی مێژوو 
"ئەی ئێزیدی گەورە!بەڕاستیش کە تۆ پادشای جیهانی،و ئێزدان رۆژیدەری هەموو پاکڕەوشتان و ماسی و جن و ئادەمیزاد و پەروەردەگاری جیهانی بەرزە،ئەی مەزدا!مزگێنی هاوکاری بدە بە خەڵکی کوردستان کە دەفتەری ئیمان وباوەڕی بڵاوبکەنەوە و بیرچەوتەکانیش نابوود بکەن و شۆڕشێک لە کوردستان هەڵبگیرسێنە هەتا شکۆی ئێران هەمیشە ڕاوەستا و قایم بمێنێتەوە و سەرزەمینی بێدینی وێران بکە"،ئەوە وەڕگێرانی یەکێک لە دۆعاکانی دوای نوێژی شەشەکانی ئێزیدییەکانە،کەمینەیەک بە ئایینیکی سەرسووڕهێنەر و کەمتر ناسراوە،کەمینەیەکی بچووک بە بیروباوەڕێکی چەندڵایەنە و ناکۆک،خەڵکانێک کە تاچەند ساڵ پێش ئێستا هەر بە (یەهوودی)دەخوێنرانەوە،هەندێکیش بە زەردەشتی و هەندێکیش بە مێهرپەرەست و هەندێکیش بە تاخمێکی موسڵمانی کافر بوو دەیاناساندن!بەڵام ئێستاش زۆرن ئەوانەی هەر بە شەیتان پەرەست دەیاناسن و بێگومان بە شێوەیەکیش ئەم پاشگرە ڕاستە و ئەگەرچی لێکچوونی ئەم ئایینە لەگەڵ هیچ یەک لەو ئایینانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوە ناتوانین نکۆڵی لێبکەین.
ئەم نووسراوی ئێستا هەوڵدانێکی بێ ڵایەنگری کردن و ڕەق و کینە بۆ ناساندن و ئاشکراکردن و شیکاری ئەندێشە و پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان،تاهەم گۆشەیەکی بچووکی ناسراوەکانی ئەو نەتەوەیە دووبارە ئاشکرا و هەمیش ببێتە دەرگای گفتوگۆیەک لەمەر ئەوەیکە بەشەیتان پەرەست ناودێرکراوەن.بێ دڵەڕاوکێ ئەم نووسراوەیە کەم و کۆری زۆری هەیە کە هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو و سەرمایە و میرات و پاشخانی مێژوویی نووسراو و بەدێکۆمێنت کراوە لەمەر ئێزیدییەکان و کەمبوون و یا نەبوونی ژێدەری باش سەڕباری دەردانە.
ئێزیدییەکان کەمینەیەکی ئایینین کە لە وڵاتانی عێراق،تورکیە،ئێران،ڕوسیا و ناوچەی ژێر گفتوگۆی قەڕەبلاغ و ئەرمەنستان و کۆمەڵێک وڵاتانی ئەوروپا دا نیشتەجێبوونە،لەم چەند دەیەی دواییدا کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی ئێزیدی کۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بوونە،زۆرینەی کۆچبەرانی ئێزیدی ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین و زیاتر لە نیوەی ئێزیدییەکان لە باشووری کوردستان دەژین و پەرستگای مەزهەبی خۆیان(لالەش)لە نزیکی شاری شەنگاڵ هەڵکوتووە و بۆتە شوێنی پیرۆزی بەرێوەبردنی کەرنەڤاڵی ئایینی خۆیان لە بۆنە و رۆژە پیرۆزەکاندا.زمانی ئێزیدیەکان کوردیە،ئەوان لە باشووری کوردستان لە ناوچەی شێخان و لاڵەش و شەنگاڵ لەنێوان (600،000) بۆ (700،000(ھەزار کەس دەبن و لە جیھاندا نزیکی)1،500000)ھەزار کەس ژمارەی کوردانی ئێزدییە بەپێ سەرچاوە فەرمییەکانی بنکەی لالەش و ناوەندی فەرمی راگەیاندنی خۆیان.
زمانی ئێزیدییەکان کوردیە و بەزاراوی کرمانجی باکوور دەپێڤن،هەرچەندە بەدڕێژایی مێژوو و لەبەر هۆکاری ئازار و ئەشکەنجەی موسڵمانان و بەتایبەتی دەوڵەتی عوسمانی کە بەسەریاندا سەپێندراوە،ژمارەیەکی زۆریان بەناچاری بوونەتە موسوڵمان و ژمارەیەکیش سەرەڕای ئەوەی ئایین و کولتووری کەوناری خۆیان پاراستووە،بەڵام بۆ ئەوەی لە ئاسایش و ئارامیدا بمێنەوە لەترسی کۆمەڵکوژی و تاڵانی نەوە دوورودرێژکانیان بە زمانی عەرەبی و تورکی قسە دەکەن و تەنیا ئاشنایی ئەوان لەگەڵ زمانی کوردیدا دەگەرێتەوە بۆ کتێبە پیرۆزەکەیان کە بە زمانی کوردی نووسراوە،هەرچەند ژمارەی ئێزیدی غەێرە کورد زۆر کەمە.
شێوەی ناوڵێنانی وشەی ئێزیدی:
ئێزدییەکان خۆیان بە ئێزدی پێناسە دەکەن،وشەی ئێزید لە کتێبی ئەڤێستا دا بەمانای "ئێزتا"یە و لە زمانی پەهلەوی کۆندا بە "یەزتا" یا "یەزت"نووسراوە و لەزمانی فارسی و کوردی ئەمرۆشدا (زمانی ئێزیدییەکان)"ئێزید"بەمانای خودایە،تاخمێکی جیاواز ئێریدییەکان بە "ئێزیدی"و سەر بە ڕەوتی یەزید کوری مەعاوییە و گروپێکی تریش ئێزیدییەکان سەر بە تایفەی خەوارج نەهروان بەناوی یەزید کوری ئەنیسەی بەیانی دەزانن،ئەم هەڵەیەش لەبەر ئەوە ڕوویداوە کە عەرەبەکان وشەی"ئێزیدی"کە لە شێوە زاری پەهلەوی کۆن وەرگیراوە،هاوتایە لەگەڵ یەزید کە لە زمانی عەرەبی وەریانگرتووە،بێگومان ئێزیدییەکان خۆشیان لەبەر ئێش و ئازار و ناخۆشی لەلایەن عەرەبەکان و  بوون بەعەرەب کردنیان لەم چەواشەکارییەدا بێ ڕۆڵ نەبوونە و یەزیدی کوری مەعاوییە بە یەکێک لە پیروزەییەکانی خۆیان دەزانن.
ئێزیدییەکان خۆیان باوەڕییان هەیە کە لە نەوەی "ئێزدان"ن،ئەوان باوەڕییان وایە کە خودا (شەیتان ـ مەلیکە تاووس)چۆن دەیهەویست نەتەوەی ئێزیدی لە نەتەوەکانی تر جیاواز و تایبەت بکات،بۆ "شاید کوڕی جەراح"کوڕی حەرزەتی ئادەم،کە بێ جووتگرتن بەشێوەی هاوزەگی لەدایکبووە،فریشتەیەکی لە بەهەشتەوە ناردوە تا لە گەڵی زەواج بکات و بەرهەمی ئەم زەواجەش کورێک بەناوی "ئیزدان"بووە،کە نەتەوەی ئێزیدی لە بنەچەی ئەو پێکهاتووە.
ئێزیدییەکان خۆیان بەسەرەکیترین ئایینە تەوحیدییەکان دەزانن، ئێزیدی بڕوایان بە تاک خودایی ھەیە و خۆیان بەیەکەمین خواپەرستانی جیھان دەزانن. پێیانوایە لەجیھاندا خودایەکی خێر و خودایەکی شەڕ بوونی نییە، بەڵکوو تەنیا یەک خودا بوونی ھەیە کە ھەم خێرە و ھەم شەڕ. دوو جەمسەربوونی سروشت، چاکە و خراپە، نوور و تاریکی لەسروشتی مرۆڤیشدا ھەیە. کەواتە ھەر ئێزیدییەک ھەڵگری ھەر دوو لایەنەکەیە، کە رەنگدانەوەی دوو جەمسەربوونی سروشتە وەک رۆژ و شەو، مانگ و خۆر. کەواتە ئێمە دەڵێن ھیچ خوایەکی خراپ یان بوونەوەرێکی نەگریس بوونی نییە کە مرۆڤ بەرەو خراپە رێنوێنی بکات و ھەموو شتێک پەیوەندیی بەخودی مرۆڤەوە ھەیە."
ئەمجۆرە تێڕوانینە نکۆڵیکردن ناگەیەنی لەبوونی خودا، بەڵکوو جۆرێکە لەتێڕوانینی پلورالیزمانە کە بوونی خوا لەجیھان و شتەکانی ناو سرووشتدا دەسەلمێنێ. ھەروەھا دەرباەرەی پیرۆزبوونی خۆر لەناو ئێزیدییەکاندا "دەڵێن ھێمای پیرۆزی خوا رۆژە.رۆژ بۆ ئەو کەسانەی پەیڕەوی لەمەلەک تاوس دەکەن، نیشانەی ڕووناکی و ئەگەر سەرپێچیشی لێ بکرێت ئەوا ئاگرێک دەیانسوتێنێ". سەبارەت بەمەلەک تاوس دەڵێن "تاوس مەلەک یەکێکە لەناوەکانی خودا. بەر لەدەرکەوتنی ئایینەکانی جیھان، خۆر سیمبۆلی خوا بوو و ھێماکەشی تاوس بووە. ئەم بڕوایە ھێشتا لەناو ئێزیدییەکاندا ماوەتەوە." ھەندێک کەس ئێزیدییەکان بەشەیتان پەرست دەزانن، بەوتەی شارەزایانی ئایینی، ھۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ مەلەک تاوس کە شەیتانە. بەڵام "جەماڵ نەبەز" نوسەر و زمانناسی کورد،بۆچوونی وایە کە وشەی تاوس ڕیشەیەکی یۆنانی ھەیە کە ئەو وشەیەش واتە زئۆس یان نئۆس کە مانای خودا دەگەیەنێ.
ئێزیدی خاوەنی ئاینی تایبەتن و زۆربەیان لە باشووری کوردستانن لە دەڤەری شێخانی نێوان مووسڵ، پارێزگای دھۆک و دەڤەری شنگاڵ لە سەر سنووری سووریادا دەژین. ھەروەھا لە بۆتان و دەربێسیە و باکووری پارێزگای حەسکە و دەڤەری عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکووری ڕۆژھەلاتی تورکیادا دەژین. ئێزیدی بە کوردی کورمانجی دەئاخڤن،بەشێکی کوردانی ئێزیدی لە ئەرمەنستان وەک گەورەترین کەمینەی ئاینی و ڕەگەزیینە و لە ناوچەی "تەفلیس" نیشتەجێبوونە و دەژین.ھەرچەندە بەشێکی زۆریش کۆچبەری وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بوونە.
ئێزیدیەکان لە پێڤی (داسنی) بۆ خۆناساندن ئیستفادە دەکەن و ناوی ئێزیدیەکان یا ئێزدیەکان ھیچ پەیوەندییەکی بە "یەزید" و ھەروەھا شاری "یەزد"وە نییە.پۆشتەمەنی کۆنی ئەو کەمینەیە سپی ڕەنگە و بەساڵچوانی ئێزیدی لە ناوچەی (شەنگاڵ)ئێستاش ھەر لەم پۆشاکە سپیە کەڵک وەردگرن.خودا گەورەی ئێزدیەکان بە "ئێزدان"دەناسرێت و ئەوان ئەم خودایەیان زۆر پێ بەھێزە و بەبیروباوەڕی ئەوان عیبادەتی ڕاستەوخۆی ئەم خودایە ممکین نییە،ئێزدان لە رۆانگەی ئێزیدیەکانەوە خوڵقێنەری ھەبوونە،بەڵام پاسەوانی ھەبوون نییە،حەوت رۆحی پیرۆز لە ئێزدان جوێبووتەوە کە مەزنتریناین خودای "مەلیکە تاوسە"، مەلیکە تاوس مەلیکی ھەموو مەلائیکەتەکانە (فریشتەکانە).مەلیکە تاوس بریتیە لەعەزازیل یانیش (شەیتان) کە حوکمی ھەموو زەوی دەکات بە یارمەتی و ھاوکاری حەوت فریشتەی دیکە، ئەو حەوت مەلائیکەیەش لەژێر فەرمانی خودای گەورەدان.
ئەوان مەلیکە (تاوس) بە بازووی جێبەجێکردنی داواکارییە پیرۆزەکان دەزانن.چونکە (تاوس) لە بیروباوەڕە کۆنەکانی ئێزیدیەکاندا ھێمای ھەربوون و ھەمیشەییە،چونکە گۆشتی"تاوس" ھیچکات گەنیی نابێت و لە رۆانگەی ئێزدییەکانەوە خودای (تاوس) نیشاندانی جوانی دەروونی خودایە و ھەرگیز لەم ھەبوونە پاکە دوور نابێتەوە و جیاناکرێتەوە.
لەبەر ئەو ھۆکارەش ھەندێک لە مێژوونووسان باوەڕیەکانی ئێزیدی دەخەنە ناو گرووپی باوەڕەکانی تاکپەرستی،ھەرچەندە ئێزیدیەکان پێنج جار لە شەورۆژدا بۆ (مەلیکە تاوس) نوێژ دەکەن و یەکێک لە باوەڕییەکانە کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی بە شەیتان پەرست بناسرێن لەلایەن خەڵک و ئەدیانەکانی تردا ئەوەیە پاشا بە شێوەی تاوس شێوە دەکێشرێت."ئاو"، "خۆڵ" و "ھەوا" لە دروشمە پیرۆزەکانی دینی ئێزیدین کە ھەرسێکیان ژیان پێکدەھێنن.ھەروەھا ئێزیدییەکان مەزارێکی زۆر پیرۆزیان ھەیە کە سەردانی دەکەن کە مەزاری شێخ عەدی کوڕی موسافرە کە لە لالەشدایە.
کتێبە پیرۆزەکانی ئێزیدی:
کتێبی (جیلوە) یەکێکە لە دوو کتێبی پیرۆزی ئایینی ئێزیدی، ئەم کتێبە بە شێوەی یەکەم کەسی نووسراوە و بە گوێرەی ئێزیدییەکان خۆیان وتەی خودایە.کە لەناویدا بناخەکانی باوەڕداری ئایینی ئێزیدی تێدا شیکراوەتەوە.
دووھەم کتێبی پیرۆزی ئێزیدییەکان بەناوی (مەسحەفی ڕەش)یا ھەمان (کتێبی ڕەشی ئێزیدی) کۆمەڵێک بانگەشە و سروودی لە وەسف و ستایشی گەورەکانی خۆیان تێدا تۆمار کراوە،بەپێ ڕیوایەتێکی ئێزیدی لێبۆوە لە وشەی "ئێزید"یا "ئێزتە"یە کە بەمانای "ئاینی خودایی"یە و یەزدانێت تێرمیکە کە یەکەم جار لە لایەن مھرداد ئیزەدیەوە بە کۆمەڵە ئایینە مێژووییەکانی کورد دەگوترا. یەزدان وشەیەکە بە واتای خودا. ئەم ئایینانە ھەندێک تایبەتمەندی خۆیان ھەیە بەڵام ئەوەی لە ناو ھەموویاندا ھاوبەشە ئەوەیە کە ھەموویان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئایینی زەردەشتێتیەوە.
مسحەفی رەش-یش لەلایەن کوڕی شێخ ئادی-یەوە شێخ حەسەن لەساڵی (١١٩٥)دا نووسراوەو لەکتێبە پیرۆزە قەبارە گەورەکەی یاریسانییەکان زیاتر زانیاری دەگرێتەخۆو،بەشێوەیەکی روونتر بابەتەکان تاوتوێ دەکات، گەرچی زۆر دوعاو نزای سەیر لەخۆ دەگرێت،مسحەفی ڕەش، بەزمانی کۆنی کرمانجی نووسراوەو شایانی باسیشە کەئەو چەشنە کرمانجییە لەچەرخی سیانزەدا، لەناوچەی ھەکاریدا شێوە زاری ئاخافتن بووە، ھەربۆیە زۆربەی لایەنگرە بەباوەڕەکانی ئێزیدییەکان لەناوچەی ھەکاری- باکوری کوردستان دانە.ئێزیدییەکان باوەڕیان وایە کەشێخ ئادی، لەناوچەی بیقاع-ی سەر بەلوبنان لەدایک بووەو بە ئادی ھەکاری، ناسراو و بەناوبانگە.
ئێزیدیەکانیش وەک زۆربەی ئەدیانە مێژووییەکانی باوەڕییان وایە کە جیھان و ھەرشتێکی تێدایە لە چوار توخمی سەرەکی یانی (ئاو+با+خاک + ئاگر)پێکھاتووە.ئێزیدیەکان ھەروەک سۆفیەکان لە مەراسیمی خۆیان بە دەڕبرین و زکری سۆفیانە خۆشی وەردگرن و شۆێنکەوتوویانی خۆیان،بەسەر سێ بەشی "پیر" و "شێخ" و "مورید" دابەش دەبن،ھەرچەند بەشێکی لە گەنجانی ئێزیدی بە دەست لێھەڵگرتن لە بیروباوەڕی باب و باپیرانی خۆیان لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە پیڕەوانی ئەدیانەکانی تر،بەشداری بزووتنەوە چەپ و مارکسیستەکانی باکوور و باشووری کوردستانی گەورە بوونە و لەناو ڕێزی ھێزە چەکدارەکانی کوردی لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام حوسێن دەستیان بە خەباتی چەکداری کردوە.خانەوادەکانی ئەوانیش وەک زۆربەی ماڵباتە کوردیەکانی تری باشوور کوردستان کەوتنە بەر ھێرش و پەڵاماری دەرندانەی سووپای دیکتاتۆری رژێمی سەدام حوسێن.
ئەندامانی کەمینەی ئێزیدی خۆیان بە (دواسین)پێناسە دەکەن و لەبەر نەمانی شوێنەواری میراتی نووسراو و بەڵگەیی لە ناو تایفەی ئێزیدی دا بۆتە ھۆکاری ئەوەی تاکوو باوەڕییەکانی حەقیقی ئەوان زۆر روون نەبێت و لەبەر ئەم ھۆکارەش لە ھەڵسەنگاندان و ڵێکدانەوەکانی سەر ئەم بیروباوەڕە نەڕاستی و شرۆڤەکردنی خۆ ھەڵبەستانەی زۆر بەرچاو دەکەوی.بۆ نموونە تێکەڵکردن و نزیک کردنەوەی ئێزیدیەکان لە "زەردەشتیەکان" یا "رۆژ پەرەستەکان" بەشێکە لەم ڵێکدانەوە نادروستانە.
لەھەردوو کتێبە پیرۆزەکەی ئێزیدییەکاندا" جیلوەو مسحەفی ڕەش"دا باس لە"مەلەک تاووس-لۆسیفەر"کراوە..لە"جیلوە"دا بەم شێوەیە باس لە"مەلەک تاووس" دەکرێت:
( من –مەلەک تاوس- پێش دروستبوونی دونیا و بوونەوەران ھەبووم.. من ھەم و ھەتا ھەتایەش بۆ بەڕێوەبردنی دونیا دەمێنم و بەردەوام دەبم.. ھیچ جێگەیەک نییە منی لێ نەبم. ھەر شتێک کە لە دونیادا ھەیەو دەبێت بەبێ رازیبوونی من و قایلبوونم مەحاڵە.. ھیچ فریشتەیەک دەست لەئیشەکانی من وەرنادات و من چی بڵێم ئەوەیە).
لە-مسحەفی ڕەش-دا ئەمەی خوارەوە بەرچاو دەکەوێت:
( ئەفەریدەکار"رەنگە مەبەست لەرۆحی رەھا بێت" لەناوەڕۆکی پیرۆزی خۆی مروارییەکی سپی خوڵقاندو دواتریش باڵندەیەکی ئەفسووناوی بەناوی"ئەنفار"...مروارییە سپییەکەی خستە سەر پشتی باڵندەکەو چل ھەزارساڵ لەوێدا مایەوەو پاشان لەڕۆژی یەکشەممەدا "عەزازیل" واتە "مەلەک تاووس"ی لێ ھاتە دەر).
شایانی باسە ناوی فریشتەکان، چ لای ئێزیدییەکان و چ لای عەلەوییەکان و چ لای یاریسانییەکان لێکدەچن و تەنیا خاڵێکی جیاکەرەوەش لای عەلەوییەکان و یاریسانییەکان سەرجەم حەوت فریشتە هەیە، بەڵام لای ئێزیدییەکان حەوت فریشتە بەجیاو "رۆحی رەھا"و دەسەڵاتداریش بەجیاو لەسەرو ئەوانەوە حوکم دەکات.
لەسەر دیواری شۆنە پیرۆزەکانی ئێزیدیەکان کۆمەڵێک وێنەی "رۆژ" بەرچاو دەکەوی و بەو وێنانە خەملێندراوە،یا ئەوەیکە گۆرەکانیان روو بە لای رۆژھەڵات و رۆژ جێگر کراوە و مردووەکانی خۆیان بەو شێوەیەی دەنێژن.
(دکتۆر خەلیڵ جەندی ڕەشۆ)،یەکێکە لە مامۆستاکانی زانکۆی(گۆتینگن)ـ ی ئەڵمانیا کە خۆشی بەڕەگەز لە شێخەکانی ئێزیدیە،دەربارەی جەژنی ساڵی نوێ ئێزیدیەکان دەڵێت؛ جەژنی چوارشەممە سووری لە ڕاستیدا جەژنی دەستپێکی ساڵی ئێزیدیەکانە کە لەناو نەتەوەکانی تردا بە (نەورۆز) دەناسرێت،بەڵام ئێزیدیەکان ئەم جەژنە بەسەر ساڵ یا چوارشەممە سوور یا چوارشەممەی سوور  ناودێر دەکەن.لەناو ئاینی مەسیحیەکاندا بە چوارشەممەی خۆڵەمێشی دەناسرێت و یەکەم ڕۆژی بەڕۆژوبونە لای خاچ پەرستان و لەو رۆژەدا ئەوانیش پێچەوانەی ئێزدییەکان بەرۆژوو دەبن.
ئەم جەژنە دەکەوێتە شەوی یەکەمی چوارشەممەی مانگی (ئاپریل)کە ئێزیدییەکان مانگی (نیسانی)پێ دەڵێن و بەڕێوە دەچێت.ئێزیدیەکان باوەڕیان ھەیە،لەم رۆژەدا فریشتەیەک کە ئەوان بە ملیکە تاوسی دەناسن،لە ئاسمانەوە دێتە سەر زەوی و لەگەڵ خۆی خێروبەرەکەت دێنێت،ھەر بەم بۆنەیەش ئەوەی ھەندێکجار بە جەژنی"مەلیکە تاوس" دەناسێنن،جەژنی چوارشەممەی سووری کە چەند ھەفتەیەک پێش ھاتنی نەورۆز ئەنجام دەدرێت،لەگەڵ ئایین و فەرھەنگی جیاواز ھاوتەرێبە و ھەندێک لەوانە لەگەڵ فەرھەنگی نەورۆزی وڵات و نەتەوەکانی تر جیاوازی ھەیە،یەکێک لە جیاوازەییەکان ئەوەیە کە لەو مانگەدا زەماوند و جووتبوون بۆ ئێزیدییەکان قەدەغەیە،چۆن دەڵێن مانگی نێسان کە بە بووکە "شووتیش"دەناسرێت،خۆی بووکی ھەموو مانگەکان و بووکی ساڵە و پیرۆزە،لەو مانگەدا کەس ماڤی ئەوەی نییە زەوی ھەڵبکۆڵی لەبەر ئەوەی کە لەو مانگەدا  تەواویی ڕووەکەکان،دەرختەکان و گوڵەکان لەسەر زەوی شین دەبنەوە و دێنە دەری.
نەریتێکی تری ئەم جەژنە ئەوەیە کە ھێڵکەکان ڕەنگ دەکەن،بۆچی! چۆن شێوەی ھێڵکەش وەک شکڵی زەوی وایە و ڕەنگ کردنی بەو مانایە دێت کەدەیانەوەی دونیا بەو ڕەنگانەوە بێت و ببێتە ھۆکاری سەوز بوونی دەشت و بیابانەکان... 
یەکێک لە نەریتە سەیرەکانی تری ئێزیدییەکان ئەوەیە کە بەیانی زووی ساڵی نوێ دەرۆنە پێدەشتەکان و دەست و رووی خۆیان بە دڵۆپەکانی ئاوەنگ پاک دەکەنەوە و باوەڕییان وایە کە ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت، دەبێ ئەم کارە ئەنجام بدات بۆ شیفای نەخۆشەکەیان،ئاردیش لە جەژنی سەر ساڵی ئێزیدیەکان گرنگیەکی تایبەتی ھەیە و ئەوان ئەو ئاردە کە لەگەڵ خۆیان دەیبەنە ناو دەشت ھەویری پێ دروست دەکەن و دواتریش چەپکە گوڵێک لەناوەندی ھەویرەکەدا دادەنێن و لەسەربانی ماڵەکانیان ھەڵەداوسن.وەک ئەوەی بەھار ھاتۆتە نێو ماڵەکانیان و دووبارە وەک سروشت دەژێنەوە.لەدەرەوەی ئەوانەش ژنەکانیان جۆرە نانێک بەناوی (ماتەمینی)دروست دەکەن کە وەکوو خێرات لەگەڵ خۆیان دەێبەنە سەر گۆڕستان،ئێزیدیەکانیش ھاوشێوەی کوردە زازاکان ئاینێکیان ھەیە کە ھەندێکجار پێ دەڵێن تەواف و ھەندێکجاریش ناوی کۆمەڵی لێدەکەن،مێژووی یەکەمین تەوافکردن دەگەرێتەوە بۆ یەک گوندی ئێزیدی نشین بەناوی(باشیک و بەخرانە) کە لەرۆژانی ھەێنی دا دوای چوارشەممە سوورە  دەستپێدەکات،دوای ئەوەش بەڵانیکەمەوە لەتەواویی گوندە ئێزیدیەکان ئەم نەریتە پەیڕەو دەکرێت.
ھەر تەوافێک تەنیا یەک دانە فەریشتەی ھەیە،کەئەوەیش تایبەتە بە ئێزیدیەکان خۆیان،ئەم تەوافانە تا کۆتاییەکانی مانگی "شەشی" زایینی کە ئێزیدیەکان پێدەڵێن (حوزەیران) دڕێژە دەکێشی و ئەوەش سیمبۆلی نەورۆزە لەناو ئێزیدییەکاندا.
ئێزیدیەکان لەھەر وەرزێکی ساڵ دا جەژنێکیان ھەیە،بەڵام تایبەتمەندی جەژنی سەری ساڵ کە لە یەکەمین چوارشەممەی مانگی نێساندا یان ھەمان ئاپڕیل بەڕێوەدەچی،ئەوەیە کە خەڵک دوای سێزدە رۆژ جارێکتر جەژن دەگرنەوە کە لەگەڵ سێزدە بەدەری ئێرانیەکان دەتوانین بەراوردی بکەین،باوەڕی بە تێداژیانەوە و بەرەوپێگەیشتنی رۆح بە شێوەی دووبارە ژیانەوە و بەدوی لەدایکبوونە دوای یەکەکان،ھەروەھا  فووتێکردن لە لێکۆلینەوە بەردەوامەکان سەبارەت بە ئاینی و نەریتی و کولتوری کەمینەی ئێزیدی،ئێزیدییەکانیان بەستۆتەوە بەڕێبازەکانی رۆژھەڵاتی قەدیمی.
کچان و کورانی ناو قوتابخانەی ئایینی ئێزیدی لە مەزارگەی ڵالەش سروودی تایبەت دەڵورینەوە و ئەوان پێنج جار لە شەو و رۆژدا بۆ مەلیکە تاوس نویژ دەخوێنن وسوجدەی بۆ دەبن.یەکێک لەو باوەڕانەی کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ئێزیدیەکان بە شەیتان پەرست بناسێندرێن ئەوەیکە ئەوان  خۆیان مەلیکە تاوس بە شەیتان پەرست دەناسێنن،ئەوانە لەسەر ئەو بڕوایەنە رۆحی ئەوانەی مردوونە دەتوانی لە قالبی شتەکانی تردا ئاشکرا بێتەوە،ئەوان شاخێکی پیرۆزییان ھەیە بەناوی "عەرەفات"و دوو کانی ئاوی تێدایە بەناوی کانیاوی زەمزەم"یا "کانی"سپی"،زۆربەی باوەڕییەکانی ئێزیدییەکان لەناوی ئاینی مەسیحی و زەردشتی و بۆزیەکان دا بوونی ھەیە،ئەوان ھەم ڕێز لە کتێبی پیرۆزی ئینجیل دەگرن و ھەمیش لە کتێبی پیرۆزی قورئان،بەڵام زۆربەی ئایینەکانی ئەوان تەنیا لە ڕێگەی زارەکی گوێزاوەتەوە.بۆیە وا دێتە ھزرکردن ئێزدییەکان دەڕێژ کراوی ئایینی میترایی و مھر پەرستی بن،بۆیە زۆربەی داب و نەریتی ئاینی میترایی لەناو کولتوور و ئایین ئەواندا بوونی ھەیە و شوێنھەڵگرتنیان بۆ کراوە.
 "تاووس" سیمبوڵی شەش ناوچەی جیاجیای نیشتەجێبوونی ئێزیدییەکانەو لەوانەش سوریا-زۆزان"ساسۆن-ساسون"، باکووری خۆرئاوای ئەنادۆڵ"کوردستانی تورکیا" و شەنگار و شێخان"دۆڵی زێی گەورە" تەبریز"ئەزەربیجان"و "قەفقاسیا-مۆسکۆ"..بەمەبەستی پیرۆزکردنی کۆتەڵەکە لەتەبرێزەوە دەبرێتە مۆسکۆ، شایانی باسە کەلەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆندا رێگە نەدەدرا، بەڵام ئێستا لەوێوەو پاشان بەھەموو ناوچەکاندا دەگەڕێنرێت.
سیمبووڵی پیرۆزی ئایینەکەیان:
 یەکەم پاڕانەوە (نەزا) کە لە سێ کاتدا ئەنجامدەدرێت،بە تایبەتی لە کاتی ھەڵھاتنی خۆر و ئاوابوونیدا یەزیدیەکان لەم کاتانەدا داوای خێر و خۆشی بۆ خۆیان و ھەموو مرۆڤایەتی دەکەن.ئێزیدی وەکوو دیانەت ڕێگە و شێوازی تایبەتی بە خۆیان ھەیە،لە کاتی بەجێگەیاندنی نوێژدا بۆ خودا کە بەزمانی ئاری کۆن پێی ئەڵێن (خودێ) یان (ئێزدان) کە کۆمەڵێک دۆعای لێ ئەکەن بە تایبەتی لە کاتی ھەڵھاتنی خۆ رو نیوەڕۆ و کاتی خۆرئاوابووندا.
ئەوان بڕوایان وایە رۆحی ئەوانەی کە مردوونە دەتوانێ لە چوارچێوەی لاشەی تردا زیندوو بێتەوە،یەکێک لە باوەڕییەکانی ئێزیدیەکان ئەوەیە کە رۆحی ئێزیدی ناتوانی گۆڕانی بەسەردا بێت و سەر لە نوێ زیندوو بێتەوە،ھەر بۆیەش ئێزیدی باوەڕی وایە بەھیچ شێوەیەکی ناتوانی ببێتە پیڕەو و باوەڕمەندی ئایین و بیروباوەڕێکی تر،لەبەر ئەوەی ئەم ئیشە پێویستی بە سەر لەنوێ درووستبوون و گۆڕانکاری لە رۆحی تاک دایە،لەبەر ئەم ھۆکارەشە کە ئێزیدییەکانی ساڵانێکی زۆرە لە دەڤەری خۆیان تووشی کێشە و ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە و بەڵام تا ئێستاش دەستیان لە بیروبوڕای خۆیان ھەڵنەگرتووە.
ـ نوێژی پێش رۆژھەڵاتن 
ـ نوێژی نیوەڕۆ
ـ نوێژی رۆژئاوا بوون
ئایا ئێزدییەکان ھەمان گاور پەرست یا گەبراکانن:
لەسەر ئاینی گەبرییەکان بەداخەوە ھیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و زانستی سەربەخۆمان لەبەردەست نییە لە حاڵی ئێستادا و تەنیا شتێکی ماوەتەوە لەوان ناوی خۆیانە و ھیچی تر،لە کتێبی ئاینی و جوگرافیایی نەتەوەکانی تردا وەک "بەخشینەکان"و "ئایدۆلۆژییەکان" و "قەڵەمڕەوان" باسی ئاینی گەبراییەکان کراوە و ھەندێکیان ئەوانە وەک ئەو کوردە زەردەشتیانە دەناسن کە نەبوونە موسوڵمان و پاڵیان و چیاکان دا و پاشانیش لەداخان بوون بە گاوری سەرکۆ و خۆیان مەجووس کرد دەناسێنن،بەڵام بەبۆچوونی من لەنێوان ئاینی زەردەشتی و گەبری یا گاور پەرستەکاندا جیاوازییەکی زۆر ھەیە ولە گەشبینترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێن یەکێک لە ھێماکانی ناسراوی زەردەشتی بوونە،بەڵام بەتەواویی زەردەشتی نەبوونە.بۆ نموونە لە ھەر شونێک گۆڕستان و ئارامگەیەکی شوێنەواری مێژووی بەرچاو دەکەوێت،بە گۆڕستانی گەبرەییەکان دەناسرێت و لەناو ئەم گۆرانەشدا شەخسەکان بەجلوبەرگ و ھەموو کەل و پەڵەکانی خۆیان نێژراون،ئێستا ئەوەیکە زەردەشتیەکان خاوەنی قەبر نینە و مردووەکانی خۆیان لەجێگەی تایبەتی بە خواردنی مردووەکان لەلایەن باڵندەکانەوە دادەنا،بەڵام لە نێوان شوێنەواری جێماو لە گەبرییەکان ھاوشێوە بوونێک دەتوانین لەگەڵ ئایینی ئێزیدی ئاشکرا بکەین و لەم روویەوە پسپۆرانی بواری ئارکۆڵۆژی ئێستاش سەرقاڵی توێژینەوەن.
بیروباوەڕی ئێزیدییەکان و داب و نەریتیان:
ئێزیدییەکان بەردەوام کۆمەڵەیەکی داخراو بوونە و خۆیان بە کوردی ڕەسەن دەناسێنن،بێگانە بۆ ناو خۆیان ڕێگە پێنادەن و باوەڕییەکانی خۆشیان لە خەڵکی دەشارنەوە،لەگەڵ تەواویی ئەم جیاوازە پێشەیانەدا،ئێزیدی سەر بەو تیرە و ڕەگەزنە کە لەچواردەوری خۆیاندا دەژین و بەشێوە زاری کرمانجی (کوردی باکوور)دەپێڤن و ئەوانیش ھیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەم جۆرە ئاخافتنە دا،ئێزیدییەکان بەشێکیان(شێخی عەدی ـ ئادی)بە خودا دەناسن و بەشێکیش بە شەریکی خودای دەزانن،ھەندێکی تریش ئەو بە نێردراو و وەزیری پایەبەرزی خودا دەزانن کە ھیچ فەرمانێک بێ دەنگ و ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەوە دەرناچێت.
یەکێک لە وێکچوونەکان روو بە رۆژھەڵات بوونی گۆڕەکانە،لەپێوەندی لەگەڵ شاردنەوەی و دەرکردنی بەشێک لە ئێزیدییەکان تێگەیشتنێکی ھەڵە ھەیە لەمەر پێوەندی ئەم ئاینە لەگەڵ فەلسەفەی (دوانەیی جیھانی زەردەشتیەکان)یانی ھەمان ڕووناکی و تاریکی و ھەتا رۆژپەرستەکان دروست بووە،توێژەران لەم ساڵانەی دواییدا ئاشکرایان کردوە کە پرسگەکانی ئێزیدیی بەوێنەی رۆژ رازێنراونتەوە و گۆڕەکانی ئەوانیش روو بە رۆژھەڵات لە ئاراستەی روژھەڵات دانە،زۆربەی ئەو شۆنانەی گۆڕی گەبرییەکانی تێدایە لەناوچەکانی کرماشان و رۆژھەڵاتی کوردستان و ناوچەی قەھستان لە باشووری خۆراسانن، لەناوچەی دھستانی گۆناباد کە قەڵای ساسانیەکانی لێیە، کۆمەڵێک گۆڕی ئێزیدی لە چواردەوری ئەوی دۆزراونەتەوە روو بە رۆژ بۆ لای رۆژھەڵات و رۆژئاوا نێژراون.
منداڵەکان بەدەستی پیر یا(مۆبەدەکان)کە لەزمانی کوردیدا بە گەورە مەلای زەردەشتیەکانیش ناودەبرێ، بەئاوی پیرۆز پاک دەکرێنەوە دوای ئیمان ھێنان بە ئاینی خۆیان،لەکاتی ھاوسەرگیری،پێرەکەێک نانێۆی دەکاتە دوو پارچە و پارچەیەکی دەداتە بووک و پارچەکەتریشی بە زاوا،لە مانگی سێپتەمبەر دا ئێزیدییەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەرۆژوو دەبن و داوی ئەوەش لەگەڵ پیر یا ھەمان مەلای گەورەی خۆیان شەراب نۆش دەکەن،لە (پانزدەی) سێپتەمبەری تاکوو (بیستەم) ئێزیدییەکان مەراسیمی زیارتی گشتی ساڵانە لە مەزارگەی شێخ عەدی لە ڵالەش کە دەکەوێتە باکووری شاری موسڵ بەرێوە دەبن، لەدڕێژی ئەمەشدا مەراسیمی پاککردنەوە لە ناو روودخانە بەڕێوە دەبن.ئێزیدییەکان ھەروەھا مەراسیمی قوربانی ئاژەڵان و خەتەنەش بەڕێوە دەبەن و وێنەکانی مەلیکە تاوس لەھەموو شۆنێکی پرسگاکان،زیارەتگە و گۆڕەکانی ئێزیدییەکان دا بوونی ھەیە،ناوی خودای ئەوان (باڵاترین پڵەی ڕەبانی)ئێزدان ـ ە،بیرکردنەوە لەسەر ئەوەیە کە ئەو لە ئاوەھا شکۆ و ڕێزی گەورەی ھەیە،کە ناتوانری ڕاستەوخۆ عیبادەت بکرێ،رۆڵی ئەم پلەوپایە خوداییە لەھەمان کاتدا رۆڵێکی ناچاڵاکە.ئەو جیھانی خوڵقاندوە و بەڵام پارێزگاری جیھان نییە.
حەوت رۆح (فروھەر)گەورە لە ئەو پێکھاتووە کە گرنگترینی ئەو مەلیکە تاوس یا وەک ئەوەی لەناو ئایینی ئێزیدی ناولێنراوە،مەلیکە تاوس،جێگری ئیرادەی خودایە.
خراپترین چاڕەنووس بۆ باوەڕمەندێکی دینی ئێزیدی،دەرکردنە لەناو کومەڵگەی ئێزیدییەکان،بۆچی؟چۆنکە ئەوە مانای ئەوەیە کە ئیتر رۆحی ئەو شەخسە دەرکراوە ھەرگیز پێشکەوتنی نابێت.گفتوگۆ لەگەڵ ھەر دین و ئایینێکی تر بۆ ئەوان بەتەواویی مەحاڵە و زۆربەی ئێزیدییەکان لەئێستا کە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیە ئەوانی سەربەست و ئازاد کردوە لەدوای ئەو ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی کە کێشاویانە لە پرۆسەی ڕاگوێزتنەوە دەگەرێنەوە،بەڵام دوای ئەو ھەموو ساڵە لە دەربەدەری و ئاوارەیی دەستبەرداری ئایین و بیر و باوەڕی خۆیان نەبوونە و دوور نەکەوتونتەوە لەسەر بنەماکانی عیبادەت و داب و نەریتی کۆنی خۆیان.ئەو مەسەلەیە گوایە تێگەیشتنی باڵای ئەوانە لە شوناس و کەسایەتی خۆیان،ژانی ئێزیدی لەناوچەکانی دوور ھەڵکەوتۆوەکانی خۆیان شەنگاڵ،جلی سونەتی سپی خۆیان دەپۆشن و ئەم نەریتەش لەناو زەردەشتیەکانیش دا بوونی ھەیە و لە ئێزیدیزم نزیکی حەوت ھەزار ساڵ مێژووی ھەیە و ھاوردەی ناو زەردەشتیەکانیش بووە.
پڕەنسیپەکانی باوەڕی ئێزیدی:
باوەڕی بە خودای تاقانە و دروستکەری ئاسمان و زەویی و خوڵقێنەرەی حەوت مەلائیکە بۆ یارمەتیدانی خودا،بەم شێوەیەی:
 ــ خوڵقاوی شەیتان یا مەلیکە تاوس لە رۆژی یەکشەممە دا.
ــ دەردائیل یا شێخ حەسەن لە رۆژی دووشەممەدا،
ــ ئیسرافیل یا شێخ شەمسەدین لە رۆژی سێشەممەدا،
ــ‌ میکائیل یا شێخ ئەبووبەکر لە رۆژی چوارشەممەدا،
ــ جوبرائیل یا شێخ سەجادین لە رۆژی پێنجشەممەدا.
ــ شەمنائیل یا شێخ ناسرەدین لە رۆژی ھەێنیدا.
ــ مەلیکە نورائیل یا شێخ فەخرەدین رۆژی شەممە و دواتر خودا بەھاوکاری ئەو شێخەی جیھانی ئاڤراندوە و بە کەشتی ھاتۆتە ناوچەی لالەش و زەوی وئاسمانی بەشێوەی ئێستا لێکردوە.
ئەوان باوەڕییان وایە ھەموو فریشتەکان بە کرنۆش بردن بۆ مرۆڤ ھاوبەش بوونە،بۆیە شەیتان بۆتە سەروەری ھەموو فریشتەکان،ھەر بۆیە ڕێز لە وێنەی گەوڕەی مەلیکە تاوس دەگرێ و ئەم کارەش بە ھۆکاری پاک بوونەوە لە گوناە و قەبووڵی عیبادەتەکان دەزانێت،ئێزیدییەکان باوەڕیان ھەیە کە ئادەم و حوا خودا خەڵقی کردون و ئیشی ئەوانی ڕاسپاردوە بە مەلەکە تاوس،بۆیە باوەڕییەکی وایان ھەیە کە ھەموو فریشتەکان لەگەڵ کرنۆش بردن بۆ مرۆڤ ھاوبەش بوونە تەنیا شەیتان نەبێت کە بۆتە سەروەری فریشتەکان.بۆیە ڕێز لە وێنەکانی مەلەکتاوس دەگرن.
شەیتان لەلایەن مەلەکە تاوس لە بەھەشت دەرکراوە و بۆیە تەنیا باوەڕییان بەوەی ھەیە،کە ئێزیدییەکان لە نەوەی (ئادەم)و ئەوانی تر ھەموو لە نەوەی ھاوبەشی ئادەم و حەوانە،ھەر بۆیە تێکەڵاوبوون و هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵانی ئادەم و حەوا بە حەڵاڵ نازانن.
نوێژ؛ بەم چۆنایەتیەی کە لەکاتی دەرکەوتنی رۆژ لە خەو ھەڵدەستن و بە پێ پەتی روو بە رۆژ ڕادەوەستن و چوار جاران سوجدە دەبەن و دوعایەکی تایبەت بە زمانی کوردی دەخوێنەوە.
سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن لە رۆژەکانی سێشەممە،چوارشەممە و پێنجشەممەی مانگی دیسێمبەر دا کە کورتترین رۆژەکانی ساڵن و رۆژووی تایبەتیش ھەشتا رۆژە،نیوەی لە (20 )مانگی دیسێمبەری زایینی و نیوەی تری لە (20 )مانگی جوڵای زایینی دەستپێدەکەن.
لە مێژووی ئێزیدییەکان دا کەسایەتی ناوداری زۆر ھەبووە،لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە رۆلی شەرفەدین ومیر جەعفەری داسنی ومیر ئامادین ومیر ھەسلمەمان وپیر رەشی حەیران ئێزدی میرزا بدەین کە ھەرموویان میرایەتی وبەرپرسیارەتیان لە شوێنەکانی کوردستان دا کردوە لە سەردەمی چەرخەکانی دە و یازدە وپازدە وشازدەی زایینی دا ژیاون، دیسان بابێ شێخ ناسر کە لە سالەکانی ١٨١٠-١٨٨٠ ژیاوە وزۆربەی ئەو مێژووناسانە و رۆژهەڵاتناسە کە روویان لە کوردستان کردوە سەرەدانی ئەم شێخە بەتوانا وعاقڵمەندەیان کردوە،هەروەها ڕۆڵی ژنانی ئێزدیش گەشاوە دەبینین لە مێژووی ئێزیدییەکاندا،نموونەی ھەرە بەرچاویش (خاتوو فەخرا کە وەکو خاس لە لایەن ئێزدیان ناسراوە، خانزادی پیر مام ومەیان خاتوون)..
یەکێک لەکەسایەتییە ھەرە گرینگەکانی ئێزیدییەکان"شێخ ئادی"یە،گرنگی و پیرۆزییەتی لای ئێزیدییەکان وەک "ساھاک"ی یاریسانییەکان و "حەزرەتی عەلی" عەلەوییەکان وایەو سەیر لەوەشدایە کەسەردەمی ژیانی شێخ عەدی یا ئادی و ساھاک و حاجی بێکتاش-ی عەلەوییەکان، لەنێوان چەرخی (١١-١٢)ەدایەو بەپێی باوەڕی ئیماندارانی گوایە شێخ ئادی و ساھاک لەسەد ساڵ زیاتر ژیاون.
ئێزیدییەکان زیارەتگەی (شێخ ئادی) یان وەک شوێنی پیرۆزی خۆیان ھەڵبژاردوە و مەراسیمی خۆیان لە رۆژەکانی پانزدەی مانگی دیسێمبەری زایینی دەستپێدەکەن و لە (بیستەمی سێپتەمبەری) زایینی کۆتایی پێدەێنن،لەسەر ھەر تاکێکی  ئێزیدی لە ھەر تەمەنێک دابێ فەرزە ساڵی یەکجار حەجی خۆی بەجێ بگەێنێت.
شێخ ئادی عارفێکی گەورەیە کە لە قۆناغێکی مێژوویی ئایینی ئێزیدییەکاندا لە باشووری عێراق چۆتە ناو ئێزیدییەکان و ئایینی ئەوانی وەک ئایینی خۆی قەبووڵکردوە و ئیمانی هێناوە بە باش و خراپیەکانی ناو داب و نەریتی ئەو کەمینە ئایینەیە و بەشێوەیەک ئایینی ئێزیدی کردۆتە ڕێباز و تەریقەتێکی عیرفانی،کە پێوەندی مورید و مەرادی لەسەر زاڵبووە،ئەو تێدا بەقووڵی شارەزا بووە و ئێزیدییەکانی لەناو کۆمەڵی موسڵمان دەرخستۆوە و دووری کردونەتەوە و لەدوای ئەوەیش هەر جێگرەوەکانی ئەم رەوتەیان دڕێژە پێداوە و تا دەگاتە رۆژگاری ئەمرۆ.
ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بناغەکانی ئایینی ئێزیدی بەبیر دەخەنەوە،ئەو لە ساڵی ((1160زایینی لە دەڤەری لالەش کۆچی دوایی کردوە،بۆیە هەر ئێزیدییەک بەپێی توانایی خۆی بەڵانیکەمەوە دەبێ جارێک سەردانی مەزاری ئەو لە لالەش بکات و پەیمان نوێ بکاتەوە لەگەڵ ڕێباز و بیروباوەڕی خۆی.
لەهەندێک سەرچاوەی لێکۆلینەوەکانی تایبەت بە ئایینی ئێزیدی نووسراوە،کە یەکێک لە راسپێردەکانی (شێخ ئادی) بۆ پەێرەوانی خۆی پارێزگاری کردن لە کتێبەکان بووە(تونجی، ل،(38 بۆیە هەر ئەو وەسێەتەی بۆتە هۆکاری پەڕەگرتنی نەخوێندەواری لەناو پەێرەوەکانیدا،لەبەر ئەم هۆکارەش ئەوان بیروباوەڕییەکانیان بەشێوەیەی زارەکی و بێ نووسین و بەڵگە و مەکتووب سینگ بەسینگ دەگوازتەوە.هەر ئەمەشە وایکردوە ئێزیدییەکان سەرچاوەی نووسراوی مێژوویی و کتێب و دەق و بەڵگەنامەی تایبەت بە خۆیان زۆر کەم بێ،جگە لە دوو کتێبی زۆر کورت و بچووکی مەسحەفی "ڕەش"و "جیلوە".
ئێزیدییەکانی کە لە ناوچەی لالەش ژیان بەسەر دەبەن،هەموو ساڵی لە وەرزی بەهار دا بە ئەنجامدانی کەشی ئایینی تایبەت بەخۆیان کۆدەبنەوە،ئێزیدییەکان لەسەر ئەو بڕوایەنە هەموو جیهان لە لالەش دا لەدایکبووە.
ـ گرێ ژیان:
زیارەتکەران دوای چوونە ناو مەزارگە لەو پەرۆ ڕەنگاوڕەنگانەی کە لەناو خانووەکەدا دانراون سێ گرێ لێدەدن بەنیشانەی سەختی و ناخۆشیەکانی ژیانیان،بە باوەڕی ئەم زیارەتکەرانە کاتێک کەسێکی تریش ئەم گرێانە بکاتەوە ئەوە کێشە و ناخۆشیەکانی ژیانی ئەوەیش چارەسەر دەبێت.
ـ پەرۆ لەسەر بەرد:
نەریتێکی دیکەی ئەو زیارەتکەرانە ئەوەیە پارچە پەرۆیەک لەناوەوی ئارامگاکەوە بۆ سەر تاشەبەردەێک فڕێدەدن و ئەگەر پارچە پەرۆکە بکەوێتە سەر تاشەبەردەکە و لەسەری بمێنێتەوە ئەوە فڕێدەری ئەو کارە وەک کەسێکی خۆش پێوەقەدم دەناسرێت.
ـ دەرختی ئامێز:
لە بۆنەیەکی تردا،زیارەتکەر کۆڵەکە دارێکی گەورە کە لە لاشەی دەرخت دروستبووە و ناوی (درەختی ئامێزە)لەباوەش دەکات و ئەگەر پەنجەکانی لەهەردووک لاوە بگەنەوە یەکتری ئەوە بەکەسێکی پێوقەدەم بەخێری دەزانن. بۆنەکانی تری ئایینی ئێزیدی دەتوانین ئاماژە بە "هەڵپەرکی ئێواران" و رێوڕەسمی "غوسڵدەرکردن" لەناو کانی سپی و قوربانی کردنی ئاژەڵ بەمەبەستی تێرکردنی شێخ ئادی و مردوەکانیان ئاماژە پێبکەین.
نەریتە قەدەغەکراوەکانی ناو ئایینی ئێزیدی،وەک نموونەی پۆشینی جل و بەرگی ڕەنگ نیلی و کراسی مل کراوە، نەخواردنی کاھوو و کەلەم، کەدیارە ئەمانە و زۆر شتی دیکەش لەئایینی ئێزیدییەکاندا دەچنە ڕیزی شتە حەرامەکانەوە،و ئێزیدییەکان وەک تاک دەبێ جێبەجێ بکەن و هەرگیز نابی کاھوو وکەلەم لەکێڵگەکانیاندا بچێنن.
لەو مانگەی ئەوان دەست دەکەن بە رۆژوو گرتنی خۆیان بۆ ماوەی40 رۆژ،لەسەر ئەو باوەڕەنە کە شێخ ئادی لەم چل رۆژەدا کۆمەڵێک ئامۆژگاری نهێنی فێری پەێرەوەکانی دەکات،بەگووتەی ئێزیدییەکان،خودا لەدەستپێکی ساڵی نوێ سەر ساڵ کە یەکەمین روژی چوارشەممەی ساڵە لەمانگی ئەپریڵ دا چاوپێکەوتنی دەبێت لەگەڵ ئێزیدییەکاندا و هەواڵەکانی ساڵی داهاتوویان بۆ دەگیرێتەوە و لەگەڵ شۆنکەوتووانی خۆی پاکانە حیسابی ساڵانە ئەنجامدەدات.بە بڕوای ئێزیدییان،ئەو کێوی لالەشی لەسەر دروستبووە،یەکەمین شوێنی نیشتەجێبوونی خودا بووە و خودا دوای ئەوە بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ لە ناو یەک کەشتی دا لەسەر دەریا دەگەڕا.
لەکەرنەڤاڵە ئاینییەکانی لالش-یشدا ڕاو و گرتنی گای بەرەڵا وەک گەمەیەک بەڕێوە دەچێت و پاش گرتنیشی دەکرێتەقوربانی و دواتریش پێش ئەوەی گۆشتەکەی بەسەر ئامادەبووەکاندا بەش بکرێت.گۆشتەکەی بەدەوری نزرگەی شەمسەدین-دا دەگێڕدرێت. جێگەی داخە کە ھەردەم دەسەڵاتە سەردەستەکان، ھەوڵی شێواندنی مێژوو و کولتووری دێرینی ئێزیدییەکانیان داوەو بەئاڕاستەی چەواشەکردنی ڕاستیەکاندا ھەنگاویان ناوەو ھەر بۆ نموونە بنەچەی ئێزیدییەکانیان بردۆتەوە بۆ "یەزیدی کوڕی موعاویە" بەمەبەستی ھەڵخەڵەتاندنیان و کەم تا زۆریش لەمەدا سەرکەوتوو بوونە،جا ھەر لەوەش گەڕێن کە بەزۆرە ملێ دشداشەیان پێ لەبەرکردون یانیش وایان لێکردون منداڵەکانیان ناو بنێن "یەزید"..
بەڕاستی ئەمە تاوانێکی زۆر گەورەیە کەمینەیەکی ئایینی و ئەتنیکی ڕەسەن و خاوەن کولتووری وەک ئێزیدی بخرێتە ژێر گومانەوە و لەژێر گوشاری سیستەماتیک ئێزیدییەکان لە ڕیشەوە تێک بشکێنن و نکۆڵی لەپێناسە و مێژوو و حەقیقەتی هەبوونیان بکرێت و بەھەموو شێوەیەکیش ھەوڵی سڕینەوەی ناسنامەیان بدڕێت وەک ئەوەی لەو چەند ساڵەی دواییدا ڕێکخراوی تیرۆریستی ـ تەکفیری "داعش"ئەنجامی داوە.

ژێدەرکان؛
ـ کتێبی ئێزیدییەکان و ڕەگەزی پەیدا بوون/بەرهەمی دکتۆر میھرداد.ر.ئێزیدی،مامۆستای مێژو و زمانە رۆژھەڵاتییەکانی زانکۆی ھارڤارد ـ ئەمریکا...
ـ ئینیسکۆپلیدیای ئێزیدییەکان ـ بەشی مێژوو و ڕەگەز و بنەچەی پەیدابوونی ئایینی ئێزیدییەکان.
ـ ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا" /ئیسماعیل بەگی چۆل /١٩٣٤/ چاپخانەی ئەمریکی-بێروت ـ ل ـ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە