گرانیی و دۆڵار

Saturday, 07/07/2018, 12:37


 هاوبەشی و جیاوازیی شۆڕشی کرێکاران لەگەڵ شۆڕشی کەسبکاران لە ئێران
--------------------
 ئەوە تایبەتمەندی مرۆڤە کە سەرمایەی دروستی خۆی لەسەر بنەمای زانستی ئابوری پاشکەوت بکات،چۆن هەمیشە ئەگەری هەیە پارە بەهای خۆی لەدەست بدات،هەر بۆیە خەڵک ناچارن پارەی خۆیان بە زێڕ یانیش دراوە بەهادارەکانی تر بگۆڕنەوە.ئەوەش هیچ پێوەندی بەگرانی و گرانفڕۆشی بازاڕەوە نییە،بەگشتی کڕینی خەڵک فەرامۆش بکەن،ئایا دیاردەی گڕانی بازاڕ و هەڵاوەسانی ئابووری چاڕەسەر دەکرێت؟
لە ئێستادا بەرپرسانی دەوڵەتی کابینەی "حەسەن ڕوحانی" هەر رۆژ بەدروشمی نوێ و کۆمەڵێک لێکدانەوەی نوێ دێنە سەر شاشەی تەڵەفزیوونەکان و باسی چاڕەسەری بنەڕەتی قەیرانی ئابووری وڵات دەکەن،بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنامەی مێژوویی ناسراو بە بەرجام کشایەوە و کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند.
ئەویکە زانستی سەرمایە و ئابووری ئێران لەگەڵ زانست و سەرمایەی وڵاتانی دونیای بەرهەمهێنەر و سەرمایەگوزارانی دەرەکی بەراورد ناکرێت و هیچ وێکچوونێکی تێدا نییە،هیچ جیگای گومان نییە.چۆن وڵاتی ئێران بەدڕێژایی ئەم چڵ ساڵە لە تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی خۆی لەهەموو جیهان دابڕاندوە و حەسارێکی دڕێژ و بەرزی بەدەوری خۆیدا کێشاوە و هیچ دیار نییە،کە ئەم سیاسەت و ستراتیژییە هەتا کێ و چۆن بەردەوامی دەبێت،لەسەر دەستی سیاسەتمدار و بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە.
چۆن باسی گەلی ئێران تەواو جیاوازە لەم سیاسەتە ئەنتی رۆژئاواییە و خەڵکی ئێران بەپێچەوانەوە پێیانخۆشە وڵاتەکەیان لەگەڵ هەموو دونیا پێوەندی کۆمەڵایەتی،ئابوری،ڕۆشنبیری و.... هەبێت.بەجیاواز لەم پرۆژە و پڵانانەی کە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی ئایینی پەیڕەوی دەکات.
هەتا ئێرە هەرچی کێشە و قەیرانی ئابووری و چوونە سەری ئاستی نرخی کەل و پەلەکانە خراوەتە سەر شانی ئەمریکا و وڵاتانی تری رۆژئاوا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆڵار لەبەرابەر تمەندا،بەڵام بۆچی ئێمە باسی خراپکاری و دزی و تاڵانییەکانی ناوخۆیی دەسەڵات ناکەین،کە لەم ساڵانەی دواییدا ئاستێکی زۆر بێوەینەیان تۆمار کردوە گەندەڵکارانی سەروەت و سامانی نیشتیمانی لەناوخۆی دەوڵەتدا؟بەڕاستی سەرچاوەی تەواویی کێشەکانی بازاڕ دەگەڕێتەوە بۆ نابەرپرسیاری ئەم بەرپرسانەی کە لە پۆست وپلەی باڵادا دەست دڕێژی دەکەنە سەر سامانی نەتەوەیی و بەکەیفی خۆیان دەستکاری ئامار و ژمارەکان دەکەن و کەسیش نییە ڕێگرییان لێبکات و تووشی لێپڕسینەوە و لێکۆلینەوەی یاساییان بکاتەوە.
هەرچەند دەوڵەتیش خۆی سەرچاوەی تەواویی ئەو نەهامەتی وقات و قڕییە کە لە ئێستادا ڕوی لە کۆمەڵگە و خەڵکی ئێران کردوە.بەهۆی کەڵک وەرنەگرتن لە دەرفەت و سەرچاوەکانی سروشتی سامانی نیشتیمانی،بەهۆی لاوازی سەرپەرشتی کردنی سەرمایە و سەرمایەگوزاران،بەهۆی گەندەڵی و قۆرخکاری ئابووری و سەرچاوەکانی داهات،بەهۆی ڕێگە خۆشکردن بۆ مۆنۆپۆڵکردنی بازاڕ،و کۆمەڵێک هۆکاری بنەڕەتی تر کە هەموویان کۆستی گەورە بوونە لەپێش پێشکەوتن و گەشانەوە و بوژانەوەی ئابووری وڵات و بژێوی خەڵکی هەژاری ئێران.
حکوومەت نەیتووانیوە لە زانستی سەرمایە بەشێوەیەکی یەکسان کەڵک وەرگری و ئێستاش لە پەروەردەی ئێمەدا،بێزاری لە سەرمایە و سەرمایەگوزار جێگیر کراوە و ڕێگا و ڕێوشوینی دروستی سەرمایە لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگە و قوتابخانەدا فێری تاکەکان نەکراوە و نازانن چۆن لەگەڵ ئەم قەیرانە ڕووبەرو بینەوە.ئێمە سەرمایەدار و بەرهەمهێنەران سەرکۆنە دەکەین رۆژانە بەهۆی کۆگاکردنی کەل و پەلەکان و ئەمەش بەمانای سەرکووتی باوەڕییە کولتوریەکانی خۆمانە،لەحاڵێکدا سەرمایەدار و خاوەن پێشە سەرکەوتوەکان،دەتووانن کاریگەری زۆریان لەسەر بوژانەوەی کەرتی ئابووری وڵات و نەهێشتنی دیاردەی بێکاری هەبێت.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە بۆ چی دۆخی ئابووری ئێران لەم چوار ساڵەی دوایی کابینەی حەسەن ڕوحانی بەو شێوەیەی بەسەر هاتووە؟ئایا تەنیا دەتووانین بەم وەڵامە بەسەندە بکەین،کە گەمارۆکان لەسەر ئێران نوێبوونتەوە و سزای ئابووری لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامی هەیە،بۆ ئیفلیجکردنی بازاڕی ئێران و سیستەمی ئابووری قۆرخکراوی بێ چاوەدێر.
من پێموایە ئەو لێکدانەوە و شرۆڤەی دەکرێت لەسەر دۆخی خراپی ئابووری لەلایەن چاوەدێرانی سیاسی و پسپۆرانی ئابووری زۆر لەگەڵ لۆژیک و عەقڵدا ناگونجی،وڵاتی ئێران خاوەن سەرمایەکی زۆری سروشتیە و ژێرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە لەروی وزە و سامانە سروشتیەکانی تر بەجیاواز لە نەوت و غاز کە هەمووان ئەم ڕاستیە باش تێدەگەین و دەزانین ئەم سەرمایە سروشتیە هیچکات کۆتایی پێ نایەت،هەتا ئەو کاتەی لەخزمەت ئاوەدانی و گەشانەوەی وڵات و خەڵکدا سەرەف بکرێن.
بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا خەڵکی ئێران بوونتە قوربانی باج خوازییەکانی نێوان دوو باڵی دەسەڵاتدار لە ناو سیستەمی سیاسی ئێراندا،بەتایبەتی ئەو کاتەی دەنگۆ و ئەگەرەکانی کوودەتای سەربازی سوپای پاسداران لەناوخۆی وڵاتدا بەهێزتر دەبێت،ئەوەش ڕاستەوخۆ کارتێکەری لەسەر ئەم دۆخە خراپەی ئابووری ناوخۆیی هەیە،داگیرکاری سەرچاوەکانی داهاتی وڵات،پێندانی موڵەتی فەرمی کارکردن بە کۆمپانیا و کارگەکانی کەرتی ئەهڵی،نەهێشتنی مانەوەی سەرمایەی دەرەکی لەوڵاتدا بۆ وەبەرهێنان و بونیادنانی وڵات،داخستنی شادماڕەکان بوژانەوەی ئابوری لەلایەن تاخم و گروپێکی چەکدار بەناوی شەرعییەتی شۆڕشگێری و ئیسلامی بۆتە هۆی خووڵقاندنی ئەم قەیران و تەنگژەیەی ئێستا خەڵک دەیبینن.هەموو ئەوانەش تەنیا لەڕێگەی هێزێکی چەکدار لەناو خۆی وڵات پەیڕەو دەکرێت و هەتا ئێستاش کاریان تەنیا بەتاڵکردنی ژێر پێی کابینەی دەوڵەتی ڕێفۆرمخوازەکان یانیش بەرەی هیوا و چاڕە بووە..
 کاتێک شتێک پاشکەوت دەکرێت،یانی بازاڕی سەرمایە فەشەڵی هێناوە و سەرمایە خەریکە پاشکەوت دەکات.هەرچەندە بەبۆچوونی من پاشکەوتی جەماوەریمان نییە، لەبەر ئەوەی کۆگاکانی گەورەی شتوومەک لە دەستی دەسەڵاتداران دایە،ئێمە هەتا ئێستا نەمان بیستووە لەو وڵاتانەی کە وەبەرهێنەران و خاوەن سەرمایەدارەکان پاشکەوت بەشتێکی گونجاو بزانن و هیچکات باسی پاشکەوتکردنی سەرمایە لەئارا دا نەبووە.هیچ یەک لە وڵاتانی ئەوروپایی خاوەن سەرمایە بەڕادەی ئێمە دەوڵەمەند نین، لەڕوی سامانی نەتەوەیی و ژێرخانی ئابووری،بەڵام بۆچی بازرگانەکانی ئەوان خۆیان لە قەڕەی پاشکەوتکردن نادەن؟
چوونکە لە ئێران سەرمایە لەدەستی وەبەرهێنەرانی ڕاستەقینە دا نییە.ئێران سەرمایەداری تاکەکەسی زۆر کەمە.ناتووانین کۆمپانیا هۆڵدینەگەکانی حکوومەتی وەک سەرمایەگوزار و خاوەن سەرمایە پێناسە بکەین،چوونکە تەواویی سەرمایەی ئەم کۆمپانیانە لە دەستڕاگەیشتنی جەماوەری و لێکۆلینەوە و لێپرسینەوە بەدەرن،و هەڵسوکەوتی سیاسی بەسەرمایە و سامانی نیشتیمانی دەکرێت لە ناو بازاڕی ئابووری ئێراندا بۆ بەرژەوەندی گرووپ و تاخمێکی دەستڕۆیشتووی ناو دەسەڵات.
 خەڵک تاوانبار نین لەوی کە ناتووانن ڕێگرییان لێبکەن،تەنیا ئەوەمان لەبیر بێت خەڵکی ئێمە لەسەر بنەمای ئەو زانیاری و هەڵسەنگاندنی ڕۆشنبیرەکان ڕەفتار دەکەن و ئەوەش شتێکی زۆر ئاساییە کە دەتووانی سوودبەخش بێت بۆ بەرچاو ڕونی زیاتری کۆمەڵگەی ئێران لەئاست ماف و داواکارییەکانیان بۆ ژیانێکی ئابڕومەندانە،و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و سامانی نیشتیمانی بۆ ئاسایش و ئارامی خۆیان.ناتووانین لە پیر و پەکەوتوو و کرێکارانی زەحمەتکێش و بنەماڵە دەستکورت و برسی و کەم داهات چاوەڕوانی گەشانەوەی ئەندێشە و بیر کردنەوەمان هەبێت لە ئابووری وڵاتدا،چۆن ئەوان تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە هەرچۆنێک دەبێت پارۆ نانێک پەیدا بکەن و لەسەر سفرەی ماڵەکانیان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیان بەشی بکەن.لەسەرووی شەست لە سەدی خانواری ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبن و ئەوانەش ئاماری فەرمی ناوخۆیی دەوڵەتن کە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کراونەتەوە.خەڵکیش چیتر ئاژەڵی بێ دەست و زمان نییە کە بەردەوام یارییان پێبکرێت و نەتووانن لەسەر مافی سەرەتایی خۆیان دەنگ هەڵبڕن.
خۆ ناکرێت نەتەوەیەک بەڕادەی ژمارەی تاکەکانی سەبارەت بەدەرکەوتنی هەر دیاردەیەک ستراتیژییەکی جیاوازی هەبێت.خۆزگە لەبڕی ئەوەیکە بەردەوام خەڵک بەبێفکری و بێ هەڵوێستی تاوانبار دەکەن،ڕوی ڕەخنەیان لە ستراتیژیستەکان و ڕۆشنبیرەکان کردبایە کە بەردەوام تێز و ئەنتی تێزی هەڵە پێشکەشی جەماوەر دەکەن..
ئاوڕدانەوەی حەماسی و سۆزاوی لە چواردەوری خۆمان ناتووانی چاڕەسەری کێشەکانمان بکات،پێویستمان بەئاوڕدانەوەیەکی حەقیقی و عەقڵمەندانەی دروستە لەو قەیرانەی ئێستا بەرۆکی گرتووین و ناکرێت بە شین و گریان و هەست و سۆزی حەماسی و ئایینی چاڕەسەر بنەڕەتی کێشەی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵک بکرێت.
 سیستەمی شکەستخواردوی بانکی لە ئێران تووشی نەخۆشیەکی ژەهراوی بووە بەناوی قەرز،بانکەکان لە ئێران بوونتە ناوەندی پارە سپی کردنەوە بۆ دەوڵەت،کۆ کردنەوەی داهات بۆ سیستەمی سەربازی و پێدانی قەرزی دڕێژخایەن بەناوەندەکانی سوپا و بازرگانەکانی ژێر سێبەری سوپای پاسداران لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات،هەر ئەوەش وایکردوە سەرمایەی ناوخۆیی سەرەفی قەرزەکانی دەوڵەت بکرێت و بازاڕی ناوخۆیی تووشی قەیرانی بێ پارەیی بێتەوە.لەلایەکی تریش بەهۆی گەمارۆکانی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ گوشار دەخرێتە سەر ژیان و بژێوی خەڵک نەک دەوڵەت و دام و دەزگاکانی.ئەگەر بڕیار بێت گەمارۆکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێتەوە ئەوە وڵات بەرەو داڕمانێکی یەکجاری دەروات و خەڵک چیتر ناتووانن تەحمووڵی ئەم بارودۆخە سەخت و ناخۆشە بکەن بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی سیاسەتمەدارانی ئێرانی.
قەیرانەکانی تری وەک وەشکەساڵی و کەمی ئاو و تێکچوونی ژینگە لەئێران زیاتر لەهەموو قەیرانەکانی تر کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک داناوە و نزیکی نیوەی داهاتی جەماوەر لە ناوخۆ تەنیا لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە بەدەست دێت و ئەگەر مەسەلەی کەم ئاوی بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوامی هەبێت ئەوە هەژاری زیاتر بەرۆکی خەڵکی ئێران دەگرێت و مەترسی لەناوچوونی زەوییە کشتوکاڵیەکان دێتە ئاراوە.هەموو ئەوانەش بەرهەمی ئەو سیاسەتە هەڵەیە کە لەو سی ساڵەی دوایی دەوڵەت تووشی بووە و ناخوازی دانی پێدا بنێت و چارەنووسێکی وەک ئەمرۆی بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێران خووڵقاندوە.بۆیە پرس و کێشەکانی نێودەوڵەتی تەنیا وەک کاتاڵیزۆر خێرایی بەخشیووە بەم ڕەوشەی ئێستا و پێش گەمارۆکانی نێودەوڵەتی حاڵی وڵات هەر ئەوە بووە. 
بەکورتی،هەر دوو ناڕەزایەتی بەرهەمی دۆخی خراپی ئابووری و بژێوی ژیانی رۆژانەی خەڵکین،من پێموایە،ناڕەزایەتیەکانی ئەم دوایانەی کاسبکارەکان سیمبووڵی بەرچاوی کۆتایی مانگی هەنگوێنی دڕێژی سەرمایەداری بچووک و سونەتی سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێرانە.لەڕاستیدا لە نیوەی دەیەی هەشتاکانەوە(هەتاوی) کە سەرمایەداری تازە پێگەیشتووی دوای شۆڕشی ئیسلامی بە هاتنە ناو بازاری کار و بەرهەمهێنانەوە لەڕێگای دروستکردنی کارخانە و ناوەندەکانی گەورەی کڕین و فرۆشتن،مارکێتە گەورەکان،شۆپینگە گەورەکانی بنەماڵەیی،بازاری فرۆش و کڕین و بەرهەمهێنانی ناوخۆییان داگیرکرد و بەو شێوەیەش بازاری بەشی فرۆشی شتە بچووکەکان و کاسبکارانی تازە دەستپێکەری بچووکیان بەرەبەرە بەشێوەیەکی بەردەوام خستە ژێر گوشاری ئاشبەتاڵ پێکردنەوە.
 هەرچەندە تەنیا بە بەشە بچووکەکانی کار و سەرمایە و فرۆشی بچووکی رۆژانەی خەڵکی کاسبکار نەوەستان،بەڵکوو بەگوشاری بەردەوام لە ڕێگای یاسا و ڕیسای فەزای مەجازی و پێنەدانی مۆڵەتی کارکردنی فەرمی بە کارگەکان و فرۆشیارە بچووکەکان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و فرۆشتنی ئینتەرنێتی کەل و پەلەکانیان یانیش هەمان نێتورکینگی ئینتەرنێتی لەڕێگەی وەڕگرتنی باجی زۆر و سەرانەی زیاتر بەپێی یاسای کار و وەبەرهێنان چالاکیەکانیان بەرتەسک کردنەوە.هەموو ئەوانە زەمینە خۆشکەر بوون بۆ تەقینەوەی ئەمرۆی شەقام و خۆپێشاندانی کاسبکارانی ئێرانی.
بەگشتی قەیران تەواویی داواکارییەکانی خەڵک و چینی کرێکارانی خستۆتە ناو بەستەڵەکێکی سەختەوە،بەشێوەیەک کرێکاران یانیش هەژارترین چینی کۆمەڵگەی ئێرانی لەژێر مەترسیەکی کووشەندی لەناوچوونی جەستەیی و رۆحی دان،گەر نەتوانن ماف و داواکارییەکانی خۆیان لە دەوڵەت بەشێوەیەکی یاسایی وەڕبگرن.
 لەلایەکی تریش خواست لەسەر بڵاو کردنەوەی شتوومەک لەبازاڕی ئێراندا زۆر بووە،بەڵام لەلایەکی تر کڕیارانی بەروبوومی ناوخۆیی زۆر کەمتر بووە و دەوڵەت هەر ساڵ بەدڕوشمی ئابووری خۆڕاگر و کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی لەهەوڵی ئەوە دایە بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکان زیاتر گەشە پێبدات بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابووری ئەهڵی یانیش هەمان بەرهەمهێنەرانی خۆماڵی.بەڵام لەبەرابەردا پێدانی پێتاکی زیاتر بۆتە هۆی ئەوەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەتووانن لەئاست داواکارییەکانی شەقام دابن بەگشتی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەڵ و پەلەکانیان.ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئابووری وڵات کە دەبێتە هۆی پەراوێز خستنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی.لەلایەکی تر بەهۆی کواڵیتی نزمی بەرهەمەکانی ناوخۆیی کڕیاری زۆری نییە و هاووڵاتیان زیاتر بۆ لای کڕینی بەرهەمە بیانیەکان دەچن و ئەوەش وایکردوە لە ڕێگای سنووڕەکان و بەندەرەکانەوە کاڵای قاچاخ یانیش دەرەکی برژێتە ناو بازاڕەکانی ئێرانەوە،کە دەوڵەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەڕێگری کردن و سزادانی ئەو کەسانەی بەقاچاخ کەل و پەل هاوردە دەکەن هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێشگیری کردن لە ڕێگای یاسای سزادانی بازرگانەکان.هەرچەندە ئەوەش لەئاستی پێویست دانیە و ناکرێت خەڵک پارەی خۆیان بەکڕینی کەل و پەلی خراپ بەفیرۆ بدەن،هەر بۆیە کۆنترۆڵ و چاوەدێری تووندی دەوڵەت و دام و دەزگا پێوەندیدارەکان لەئاستی پێویست دانەبووە،چۆن بەشێکی زۆری کۆمپانیا بازرگانەکان لەژێر سێبەری دەوڵەت و سوپای پاسداران دا چاڵاکی دەکەن و دەتووانن بەئاسانی یاسا و رێساکان پێشێڵ بکەن.
 پێکهاتەی سەرەکی خۆپێشاندەرانی ناڕازی کاسبکارانی بچووک و مووچەخۆرانی دام و دەزگاکانی دەوڵەتن لە بازاڕ دا.ئەم گرووپە کۆمەڵایەتیانە سەرەڕای ئەوەی کە لە بواری ئابووریدا لەژێر گوشاری زۆری سیاسەتی دەوڵەتدا بوونە لە ئاراستەی بەرژەوەندی سەرمایەدارانی گەورە و خاوەن پێشەکان،و لەڕوی کولتووری و شێوازی ژیانی رۆژانەش هەروەها بەهێواشی لە ئایدۆلۆژیای سەپێندراوی ئایینی دوور دەکەونەوە.هەروەها هەست بەبۆشایی کولتووری لەنێوان خۆیان و ئایدۆلۆژی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن کە بەناوی خودا و ئایینەوە چۆن دەچەوسێنەوە.بەشێوەیەکی تر،ئەم چینەی کۆمەڵگە لە ئێستا بەهۆی گشتگیر بوونی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و جیهانی مەجازی و حەزی زیاتر بۆ تێگەیشتن و زانیاری هەیە و شۆڕشی تکنۆلۆژیا کاریگەری زۆری لەسەر کولتوور و شێوازی ژیانی مودێرن دروستکردوە و نەوەی ئەم چینە بەتەواویی لە ناو ژیانی مودێرن و سەرمایەداریدا نووقم بوونە و هەوڵدەدن تەنیا بیر لە پارە و ژیانی سەرمایەداری بکەنەوە.
گرنگترین هۆکاری گوشار لەسەر تۆڕە بچووکەکانی فرۆشیاران و دوکاندارەکان بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتە بۆ بەهێز کردنی خاوەن سەرمایەدارە گەورەکان و قەیرانی داواکارییەکانی کاریگەر و فرۆش هەبووە و لەپاڵ ئەوەشدا هەرچەندە ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتدار و خواست و حەزی کولتووری چینە جیاوازەکانی جەماوەر بەشێوەیەکی سەرسوورهێنەر زیادی کردوە.هەر بۆیە خۆپێشاندانە ڕادیکاڵەکانی جەماوەری بۆ وەرگرتنی ماف و داواکارییەکانی خۆیان لە دەوڵەت خێراییەکی زۆری وەرگرتووە سەبارەت بەساڵانی پێشوو و دڕوشمەکانیان ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە لە ئێستادا جۆرێک لە یەکگرتوویی لەناو جەماوەری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا بەرچاو دەکەوی و هاووڵاتیان ئەو ترسەیان نەماوە لەوی هەر رۆژ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین برژێنە سەر شەقام.
 ئابووری ئێران وەک مەکینەیەکی ترسناکی بێ کۆنترۆڵی لێهاتووە کە ئیتر کەس توانای ڕاگرتنی نییە و هەر کەس و شتێک بێتە سەر ڕێگەی ئەوە پانی دەکاتەوە.مەسەلەیەکی تر تەنیا بۆشایی نێوان گیرفانەکان و عەداڵەت نییە،بەشێکی زۆری کۆمەڵگە چیتر توانایی و ئیمکاناتی ئەوەی لەبەر دەست نەماوە بۆ ئیش کردن و بەدەستهێنانی داهات،هەر بۆیەش ژیانی بەتەواویی بەرەوە لەناوچوون دەچێت.لەلایەکی تریش سیاسەت،بۆتە دیلی بۆنبەستی ستراکتۆری دەسەڵات،هیچ جۆرە جیاکردنەوەی پێکهاتەیی و تەواوکردنی مودێرنیش بوونی نییە.ئۆرگانە هاوتەریبەکان زۆربەیان یەکتریان ئیفلیج کردوە و بنەماکانی مەشرووعییەتی حکوومەت بەتەواویی کەوتۆتە بەردەم مەترسیەوە.
هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم بارودۆخە زۆرن.هەندێک هۆکاری مێژوویی و هەندێکیش بەڕێکەوت و جیاوازن.لەناو ئەم هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی بەردەوامی پێدان بەم بارودۆخە و جۆرێک لە دۆخی فریاکەوتنی لەوڵات دا خوڵقاندوە،بارۆدۆخێکە کە بەشێوەیەکی مەیدانی هیچ پێوەندی بەئاسۆ بینی و داهاتوو ئەندێشەوە نییە و هەموو شتێک دەگەڕێنیتەوە بۆ قۆناغی ئێستا.
 ئێران بەساڵانە پێوەندییەکی پڕ لە چاڵ و چۆڵەی و بەگشتی دوژمنکارانەی لەگەڵ دەرەوی سنوورەکانی خۆیدا دروستکردوە.جۆرێک دوورەپەرێزی لە جیهان،جیهانێک کە هەموو دەزانین پێوەندییەکانی یەکسان نیین،و دەزانین کە لە دەستتێوەردانەکانی لەوڵاتانی دەوروبەر و داگیرکاری و تاڵانکردنی ژێرخانی ئابووری و کولتووری دەستێکی باڵای هەیە،و هەر لەبەر ئەوەش بەسەختی دەتوانین خۆراگری بکەین لەبەرابەری.تەنیا ڕێگەش بەهێزتر کردنی خۆمانە لەبەرابەر هەڕەشەکاندا ئەویش لەڕێگەی گەورەکردنی ئیمکانات و خوڵقاندن و داهێنان لەکار و پرۆژەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ستوونی ئابووری بەردەوام لەگەڵ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی یەکسانی سەروەت وسامانی وڵات بەسەر هاووڵاتیاندا.چۆن ناکرێت وڵاتێک لەهەموو ڕویەکەوە بەهێز بێت،بەڵام لەبیری ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی خۆیدا نەبێت.
 ئەو سیاسەتەی ئێستا بەردەوامی پێدرێت لەلایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەوە،لەهیچ قۆناغێکدا وەکوو ئێستا نەکەوتۆتە بەر باس و ڕەخنەگرتنی شەقامی ئێرانیەوە،ئەوەش ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکراتر دەکات دۆخی ژیانی رۆژانەی خەڵک لە ئاستێکی مەترسیداری تەقینەوە دایە.بارودۆخی هەستیاری ئێستا و بەتایبەت زیندوو بوونەوەی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانی وڵاتانی زلهێزی دونیا لەسەر ئێران،بەناچاری تەواویی کۆمەڵگەی هانداوە بیر لە چاڕەسەرییەکی بنەرەتی بکەنەوە بۆ دەربازبوون لەو ڕەوشە سەختە.
وڵاتی ئێران توانایی و دەرفەتی ئەوەیە هەیە خۆی لەم دۆخە ناهەموارە دەرباز بکات و بگاتە قۆناغێکی نوێ گەشانەوە و پێشکەوتن شانبەشانی وڵاتانی جیهان،تەنیا بەمەرجێک ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و شیعەچێتی سنوورێک بۆ پاوانخوازییەکانی دابنرێت و چیتر بەناوی پیرۆزەییەکانی مەلەکووتی گاڵتە بەشعوور و هەست و نەستی خەڵک نەکرێت.
لەو ماوەی ئەم چڵ ساڵەدا کاری دەوڵەت تەنیا دۆزینەوەی ڕێگاچارە بووە بۆ قەیرانەکانی ناوخۆیی و دەرەکی،هەموو ئەوانەش دەرخەری ئەم ڕاستیەنە کە هیچکات دەوڵەت لەدۆخێکی ئاسایی دا نەبووە،سەقامگیر نەبووە و بەردەوام لە قەیرانی نێودەوڵەتی و ژیئۆپۆلۆتیکی دا بیری لە داهاتووی وڵات و پرۆژەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە کردۆتەوە.هەر بۆیە هیچ سیستەمێکی ئابووری لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا توانای خۆراگری کردنی نییە.
ئەگەر بێت و شتێکی تریش بەو مەسەلەیەوە زیاد بکەین،سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی کە گەورەترین و بەرچاوترین گەندەڵیەکانی بەرهەمهێناوە لەناوخۆی وڵاتدا،لە ئێستادا بۆتە گەورەترین مەترسی بەسەر ئابووری وڵاتەوە.سەردەمانێک تەواویی گەندەڵی و دزی لەناوخۆی سیستەمی سیاسی ئێراندا بەشاراوەیی دەمایەوە و کەس جورئەتی نەدەکرد پەنجەی ئاماژە درێژ بکات بۆ لای ئەو کەس و کەسانەی دەستدڕێژییان دەکردە سەر سامانی نیشتیمانی،بەڵام ئەمرۆ دەبینین تەواویی ئامار و زانیاری گەندەڵکارانی ناو سیستەمی سیاسی ئێران بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بووە،بەڵام بەهۆی لاوازی سیستەمی یاسایی کەس ناتوانی بەئاشکرا تووشی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان بکات.ئەوەش زیاتر شەقامی ئێرانی تووڕەتر کردوە و خەڵک خوازیاری بەسزا گەیاندنی گەندەڵچیەکان.
هەڵکشان و داکشانەکانی ئەم دواییانەی بازاری دراو و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل و بازاری مۆبایل لەپاڵ گڕانیە هەسار پچراوەکانی تر و بێ گوێدانە دەوڵەت سەبارەت بەو ڕەوشەی لە ئابووری ئێراندا دەگوزەری شەپۆڵێکی نوێ لە نائومێدی و بێچارەیی دروستکردوە.
لە ئێستادا وەک ئاشکرایە خەڵک ڕووبەروی هەستی داڕمانی هەموو شتێک لە دەروونی خۆیاندا بوونەتەوە کە تەنیا کات و شوێنی ئەم داڕمانە گەورەیە دیاری نەکراوە،بەڵام بۆچی بارودۆخ بەم شێوەیە بەهیوایی خوڵقاندوە.
بێ دەسەڵاتی و بێ ئاسۆیی: 
قۆناغی ئێستا دەتووانین وەک سەردەمی بێ ئاسۆیی بۆ ئێرانیەکان بەگشتی ناو لێبکەین.هاوپەیمانیەک لەغەیابی چاوگەکانی هیوا بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵ و مانادار،لەپاڵ هەستی قووڵی بێ دەسەڵاتی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی هەتا زۆریش بچووک لەپێناو باشتر کردنی ژیانی گشتی کۆمەڵگە،هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ئاستی سەقفی داواکارییەکان بەردەوام دابەزێتە خواری.و هەموو شتێک بەرەو کاتی بوو و ئاڵۆز بوون برۆات،بەشێوەیەک قسەکردن لەباشتر کردن لەدۆخێکی وەهادا مرۆڤ تووشی نائومێدی و بێ مانایی و پووچی دەکات.
پەیوەندی قەیرانەکان و سەرچاوەکان: 
 لەکاتێکدا کە ئێران ئێستا کەوتۆتە بەردەم مەترسی قەیرانی جیاوازی وەک کەم ئاوی و وەشکەساڵی،بارینی تۆزوخۆڵ،گەندەڵی ناو سیستەمی سیاسی،سیستەمی بانکی،سندووقی خانەنشینی و.....هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا شایەدی بەرژەوەندچیەکانی ئابووری و دراوە بەنرخەکانیشین،بەرژەوەندیخوازی لە ئێستا داوێنی زۆربەمانی ئاڵودە کردوە و ناچارمان دەکات هەر کام لە خوانی تێکچووی بازاڕ شتێک بۆ خۆمان بەدەست بخەین،ئاشکرایە بە بەردەوام بوونی دۆخێکی وەها تەنیا دەبێ شایەدی بەهێزبوون و گەورە بوونی قەیرانەکان بین کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردون.
 پەیوەندی قەیرانی ڕۆشنبیری و بێ متمانەیی گشتی:
ڕۆشنبیران لەهەموو کۆمەڵگەکاندا پیغەمبەری گۆڕانکاری و نوێنەری هیوا و ئومێدی خەڵکن.هەر ئەو کەسانەی کە دیمەنەکانی ئاسۆی گۆڕان و پێشکەوتن لەبەر چاوی کۆمەڵگە دەکێشنەوە و خەڵک بۆ ئەکتیڤ بوون و تێکۆشان هاندەدن.بەڵام وەک ئاشکرایە لەئێستادا ڕۆشنبیری لە جیهان و ئێراندا لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی خوێنەر و گوێگر ڕووبەرو بێتەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی لە ئێستادا کەسایەتیە ناسراوەکان ببنە جێگرەوی ڕۆشنبیران بەگشتی.دەرئەنجامەکەشی هەرچەندە لەناوچوونی ئاسۆکانی هیوابەخشی داهاتوویە.
 پەیوەندی ئاڵۆزی ناوخۆیی و هەڵواسراوی جیهانی:
ئەگەر لە سەردەمی ئۆبامادا هیوادار بووین کە بەچاڕەسەری کێشەی بەرنامەی ئەتۆمی دەتوانین زاڵ بین بەسەر کێشە ناوحۆییەکاندا،ئەوە ئێستا بەتێکچوونی کێشەکانی ناوخۆیی بەسەر سیاسەتی دەرەکی لەگەڵ دۆخێکی دژوارتر ڕووبەرو بووینەتەوە،جیهانی دوای تڕامپ بەهیچ شێوەیەک پێشبینی نەکراوە و ئێرانی خستۆتە ناو دۆخێکی هەڵواسراوی جیهانی،شایەد تەنیا ڕێگەی دەرچوون لەو دۆخە هەڵواسراوە کرانەوەی فەزای سیاسی و ئازادییە مەدەنیەکان بوو لەناوخۆی ئێران،بەڵام بەداخەوە پرۆژەی مافی هاووڵاتیبوون و ئازادییەکان بەتەواویی فەشەڵی هێناوە و دەوڵەت رۆژلەگەڵ رۆژ گوشارەکانی زیاتر دەبێت بۆ سەر چاڵاکڤانان و نووسەران و رۆژنامەنووسان.کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەئاستی جیهانیدا بۆ ئەوەی ئێران بەردەوام وەک زیندانێکی مەترسیدار بۆ کاری میدیایی و رۆژنامەنووسان چاو لێبکرێت.
دۆخی بێ هیوا بوونی ئێستا هەڵگری باکگراوندێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیە،گەر هیوا نەما لە کۆمەڵگەیەدا دەبێ کۆتایی بەهەموو شتێکی تر بێت،چۆن ئومێد زادەی هەبوونی متمانە و پێوەندیی بەهێزی کۆمەڵایەتیە لە کۆمەڵگەدا.لەکاتێکدا ئێستا زۆربەی چمکەکان دەرخەری داڕمانی سەرمایەی گەورەی کۆمەڵایەتی وەک نموونەی ئەخڵاق،باوەڕی،بەشداریکردن و بەرپرسیار بوونە،هەر بۆیەش هەندێک لە کۆمەڵناسەکان باسی داشۆرانی کۆمەڵایەتی دەکەن لە ئێراندا.دۆخێک کە تێدا گەڕاندنەوەی هیوا و باوەڕی تەنیا بەگۆڕانکاری بەرچاو لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا دێتە ئاراوە،نە بەکۆمەڵێک دڕوشمی بریقەدار.
چۆن هەستی بێچارەیی و بێدەرەتانی قووڵ عەقڵانیەت لە تاک و کۆمەڵگە دەستێنێتەوە و لەبڕی ئەوە ناڕەزایەتی و تووندوتیژی و شۆڕش دەکاتە جێگرەوی.ناڕەزایەتیەک کە تەنیا بەزمانی ڕوخان قسە دەکات و بێدەنگبوون بە خیانەت و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دەسەڵات تاوانبار دەکات.ئاکامەکەشی هەر پارچە پارچەکردنی ئێرانی یەکپارچە دەبێت و مەشرووعییەت لە دەسەڵاتی سیاسی پاک دەکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە