بەهەڵە لێکدانەوەی بارزانی و روخانی خەونەکانی..!

Saturday, 31/03/2018, 19:57


هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی دونیا، لەهەرێمی کوردستانیشدا، بەیاسایەکی تایبەت ئەوە رێکخراوە کە هەر کەسێک تەنها بۆ دوو خولی یەک بەدوای یەکدا توانای بونە سەرۆکی هەیە. هەرچەندە لەهەندێ لەوڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندا ئەم کارە بوەتە عورفێکی دیموکراسی، لەکوردستاندا جگە لەعورفەکە، دەقە یاساییەکەش لەئارادایە، بەڵام سەرۆک هەر دەبێت سەرۆک بێت، گرنگ نییە چۆن..!ئەم دەستگرتنە بەکورسی دەسەڵاتەوە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە تەنها لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا نەوەستاوە، بەڵکو لەنێو خودی حیزبەکەشیدا هەر وایە‌و دواجار ستراکتۆری حیزبەکەشی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەسەر پۆستە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان رەنگی داوەتەوە.
لەکۆتاییدا "مەسعوود بارزانی"دوای سێزدە ساڵخۆسەپاندنی بەسەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕێک لەو کاتەدا کە وابیری دەکردەوە ئەگەری بەدێهاتنی سیاسی خەونە دێرینەکەی "سەربەخۆیی" کوردستان فەراهەم بووە،بەهەڵە لێکدانەوەی لەسەر دەرئەنجامی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دابوو،هەم لە بەدیهاتنی خەونەکەی تووشی شکەست بوو و هەمیش یەک لەسەر سێ قەڵمڕەوی سنووری وڵاتەکەی و سەرچاوەکانی ئابووری هەرێمی کوردستانی لەدەست چوو،هەر بۆیە لەبەر گوشاری فەزای سیاسی،کۆمەڵایەتی بۆ رزگار بوونی لەم بۆنبەستەی تێکەوتبوو،بەنووسین و بڵاو کردنەوەی نامەیەک لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەستی لەکارکێشاوە،لەم نامەیەشدا کار سەر جوڵاندنی سۆزی جەماوەر کرابوو بەوەی جەنابی سەرۆک لەتەمەنی منداڵییەوە پێشمەرگە بوە‌ و هیچ کاتێک پۆستی بەلاوە گرنگ نەبوە‌،هەرچەندە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەدیکتاتۆرییەت بەتامی دیمۆکراسی داگیر کرابوو لەماوەی ئەم ساڵانەدا.
ئێستاش دانووستان و گفتوگۆکانی پشت پەردەی کە "مەسعوود بارزانی"ئەنجامیداوە و لێکدانەوە و پێشبینییەکانی لەسەر بنەمای ئەوانە بۆتە بنەمای بڕیاردانی بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم زانیارییەکی دروست و ئەوتۆمان لەبەر دەست نییە،بەڵام دەستکەوتی بڕیارەکەی شکەستێکی گەورە بوو کارنامەی سیاسی و مێژوویی خەباتی ئازادیخوازی خۆیدا تۆمار کردوە.لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کە خۆی بڵاوی کردۆتەوە شکەستی پرۆژەکەی بەستۆتەوە بەبەرهەمی خیانەتی لایەنێکی سیاسی داکۆکیکاری کەرکووک و هەروەها پشتیوانی ئەمریکا لە سوپای عێراق لەهێرش بۆ سەر شاری کەرکووک و هەروەها خۆراگڕی پێشمەرگەکانی کورد بۆ خۆبەدوورگرتن لە تووندوتیژی و ڕژانی خوێنی زیاتر لەم شارەدا.
پێشینەی مێژوویی
ئەزموونی مێژووی "مەسعوود بارزانی"بەشێوەیەک هەمان دووبارە بوونەوەیەکی کەمڕەنگترە لەو دۆخەی باوکی رووبەڕووی بۆتەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی ستەم شای ئێراندا،بەرەی سیاسی پێکهاتوو لە ئێران،ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پشتیووانی لە بزووتنەوەی کوردەکانی باشوور بە ڕێبەرایەتی مەلا "مستەفای بارزانی" بۆ بەڕەنگار بوونەوە لەگەڵ رێژیمی بەعسی عێراقی پێکهاتبوو.بەریتانیا ئامادە نەبوو لەم بەرەیەدا بەشداری بکات.بەپشتیووانی دارایی و لۆجستیکی ئەم سێ وڵاتە بەرەی شەڕی کورد لە دژی رێژیمی بەعس بە سەرۆکایەتی مەلا "مستەفای بارزانی" دەستی پێکرد و بەرەو پێشرەوی دەچوو،کە هێنری کسینجەر بەنوێنەراتی ئەمریکا،خوازیاری ڕاگرتنی هێرشەکە بوو و پێداگری دەکرد ئێمە ئامانجی روخانی ڕێژیمی بەعسمان نییە،بەڵکوو دەمانەوی ئەوان بخەێنە ژێر گوشارەوە و لەسەدام حوسێن ئیمتیازی زیاتر وەربگرین،بەم شێوەیە بزووتنەوەی کورد تووشی نسکۆیەکی گەورە بۆوە و پشتیان بەردان و هێرشەکان ڕاوەستان و کووشتاری کورد و هێزی پێشمەرگە دەستی پێکرد و مەلا "مستەفای بارزانی" سرگوونی ئێران کرا.
ئێستاش هەم دووبارە لەم هەڵوێستەی "مەسعوود بارزانی" دەردەکەوێت کە ئەویش هەندێک سیگناڵی پشتیووانی لە لایەنە سیاسیەکانی ناوخۆیی ئەمریکا وەرگرتبوو لەبەر ئەوەش وای بۆ دەچوو ئەمریکا بەڵانیکەمەوە لەم کێشمەکێشەدا بێ لایەن بمێنێتەوە.بەڵام ئێستا دەڵێ؛ هێزەکانی عێراق بە تانکی ئەمریکایی هێرشیان کردە سەر کەرکووک و چەندین خۆپێشاندایش لەم بارەیەوە لەبەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری هەولێر لەدژی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ئاست پرسی کورد و جیابوونەوەی لە عێراق ئەنجامدرا.هەموو ئەوانەش مایەی ئەم ناهومێدیە بوو.بەڵام پرسیاری سەرەکی کە لێرەدا دەمەوی وەڵامی بدەمەوە بۆ خوێنەرانی کورد ئەوەیە،هۆکاری چ بوو پرۆژەی سەربەخۆیی کورد لە باشووری کوردستان تووشی شکەست بوو؟
یەکەم؛ دژایەتی فەرمی زلهێزەکان
بۆ ئەوەی پرسی ڕێفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناودەوڵەتیدا شەرعییەت بەدەست بێنی و بەڕەسمی بناسرێت پێویستی بەوەی هەبوو،بەڵانیکەم یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان پشتیووانی فەرمی و ئاشکرای لێبکات،نەوەک ئەم وتەیەی لە زاری سەرچاوەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو دەکرایەوە،کە گەلی کوردیش مافی خۆیەتی بگات بەسەربەخۆیی و خاوەن دەوڵەت و ستاتۆیەکی فەرمی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،لەو ماوەیەدا تەنیا ئێمە گوێبیسی ئەم لێدوانانە دەبووین لە لایەن وڵاتانی دەرەوە،ئەوەش ناتوانی وەڵامێکی بەهێز و بەڵگەدار بێت بۆ گەلی کورد،زیاتر لەوی تەنیا هەست و سۆزی تاکە کەسەکان بووە لە پۆست و پێگەی فەرمی خۆیاندا.
چوونکە گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە ساڵی( 1992 ) و دوای هێرشی یەکەمی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەشەری ئازاد کردنی کوێت دا بەردەوام لە رۆژەڤی پشتیووانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا دابوون و بەشێک بوون لە هاوپەیمانی ناوچەیی ئەمریکا،بەڵام لە بابەتی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی دا،ئەمریکا هەڵوێستی فەرمی دژایەتی گرتە پێش و هەندێکیش لە چاوەدێرانی سیاسی ژووری لێکۆلینەوە ستراتیژییەکانی کاناڵە راگەیاندنەکانی ژێر سێبەری پارتی و بنەماڵەی بارزانی باوەڕییان وابوو کە سەرەڕای گرنگی پشتیووانی هەمەلایەنەی وڵاتی ئیسرائیل و زایۆنیستەکانی بازرگانی نەوتی و بەشێک لە سێناتۆرەکانی بەرچاوی کۆشکی سپی ئەمریکا لە پرۆژەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان،بەشێوەیەکی غەێرە ڕەسمی و ئاشکرا گڵۆپی سەوزیان بۆ "مەسعوود بارزانی"پێکردوە.بەڵام بە کردەوە لە ناوەرۆکی  وتەکانی "بارزانی"دا وا دەردەکەوێت،ئەمریکا لە ڕێککەوتنێکدا کە ناوەرۆکی ئاشکرا نییە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەستی بەمەعامڵەی شاراوە کردوە بۆ دووبارە وەرگڕتنەوە و داگیر کردنی شاری کەرکووک لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و دەستی تێکەڵکردوە و ئیزنی ئەوەی پێداون لە هێرشەکردنە سەر کەرکووک لە چەکی دروستکراوی ئەمریکایی ئیستفادە بکرێت.ئەمریکا لەبەر هۆکاری مەسەڵەی داعش باوەڕی وابوو ئەم فەرمانە ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازکردنی بەرەی دژە داعش و لەلایەکی تریش دەسەڵاتە بەهێزەکانی ئەوروپاش ڕازی نەبوون قەیرانێکی نوێ و شەڕ و وێرانی زیاتر دروست بێت،کە ببێتە هۆکاری ناسەقامگیری و بەرهەمهێنانی شەپۆڵێکی تری توندوتیژی ئاوارە و کۆچبەران.لەسەر ئەم بنەمایەش یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم پرۆژەیە ئەوە بوو کە نەیتووانی سەرنجی هیچ یەک لە گەورە زلهێزەکانی دونیا بۆ لای خۆی ڕابکێشیت.
دووهەم؛ دژایەتیکردنی تەواویی وڵاتانی دڕاوسی ناوچەکە
هۆکارێکی سەرەکی تر کە لە شکەستی ڕێفراندۆم دا ڕۆڵی کلیلی دەبینی،دژایەتی تەواویی وڵاتانی دڕاوسی عێراق لەگەڵ ئەم پرۆژەیە بوو.ئۆردن،تورکیە،عەرەبستانی سعوودی،سووریە و ئێران هەموو پێکەوە یەک دەنگ بوون لە دژایەتیکردنی ڕاگەیاندنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان،ئێران و عەرەبستانی سعوودی کە بەخراپترین قۆناغی دۆخی پێوەندییەکانی دیپلۆماسی خویاندا تێدەپەرین و لەحاڵەتی ناکۆکی و شەڕی بەوەکاڵەت لە سووریە و یەمەن دابوون،هەر دوو پێکەوە لەدژی ئەم پرۆژەیەی "مەسعوود بارزانی"دەرکەوتن.
عەرەبستانی سعوودی لەبەرئەوەی پێوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ لایەنە سوننەکان و کورد هەبوو بەناردنی یەکێک لە وەزیرەکانی خۆی بەشێوەیەکی دۆستانە بۆ لای "مەسعوود بارزانی"داوای لێکرد کە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم دوابخات بۆ کاتێکی تر،بەڵام "بارزانی"ڕەتیکردەوە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم دوابخات و هەر ئەوەش بۆ هۆی ئەوەی عەرەبستانی سعوودی پشتیووانی لە دەوڵەتی بەغدا بکات لەم مەسەلەیەدا و ئەوەش بۆتە کاتالیزۆرێک بۆ بەهێزکردن و باشترکردنی پێوەندی نێوان دوو وڵات لەدوای سەفەری سەرۆککوەزیرانی عێراق "حەیدەر عەبادی"بۆ عەرەبستانی سعوودی لەدوای چاڕەسەری کێشەی هەرێمی کوردستان و بەغدا.
تورکیەش لەبەر هۆکاری ئابووری و فرۆش و هەناردەی نەوتی خاوی کوردستان لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە بۆ بازارەکانی جیهانی و پرسی پەکەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی پێوەندییەکی زۆر بەهێزی دروست کردوە و شاڕەگی حەیاتی ئابووری هەرێمی کوردستانی لەبەر دەرباز بوونی بۆری نەوت داگیرکردوە،بەهۆی زیادبوونی دوژمنایەتی و دژایەتی کورد و تەڤگەری ئازادیخوازی کورد لە باکووری کوردستان و ترس لە بەهێزبوونی دەسەڵاتی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان بەتەواویی هەڵوێستێکی دوژمنانەی لەم بارەیەوە گرتۆتە پێش،ئێرانیش هەروەک ئاشکرایە لابارترین دڕاوسی لەدژایەتیکردنی ئەو ڕێفراندۆمە بوو،چ لەبەر هۆکاری مەسەڵەی کوردەکان لەناوخۆی ئەم وڵاتە و چ لەبەر هەژموونی و نفوزی ئێران لەناو پێکهاتەی سیاسی عێراقدا کە تێکۆشانی بەردەوامی هەیە بۆ داگیر کردنی کۆی کایەکانی سیاسی،سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق.
هیچ دەوڵەتێک لە باشووری کوردستان ناتوانی دابمەزری،گەر لەگەڵ دڕاوسێەکانی لەشەڕ و کێشمەکێش دابێت و ئەم بارودۆخەش ئیمکانی سەربەخۆیی زۆر دژوار دەکات و خەرجیەکانی بەرگڕی و پرۆژە ئابووریەکانیش زیاتر دەباتە سەر بەشێوەیەک مسۆگەر بوونی غەێرە موومکین دەکات. 
سێهەم؛ دژایەتی تووندی دەوڵەتی ناوەندی
دەوڵەتی حەیدەر عەبادی کە تازە لە پاکردنەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپی تیرۆریستی داعش ڕزگاری بووە و سەرەڕای گرنگی دژکردەوەکانی وڵاتانی دڕاوسی حکوومەتی عێراق هەوڵیدا لە یەکگرتوویی سوپا بۆ بەرەنگار بوونەوە گروپی تیرۆریستی داعش و لە یەکڕێزی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەم کێشەیە کەڵک وەربگرێت و ئەو ناوچانەی کە لە ساڵی (2014)وە،بەدواوە لەدوای هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر عێراق کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی کوردی ئازاد بکات، لەو ناوەندەدا گڵۆپی سەوزی ئەمریکاشی وەرگڕتبوو و سەرەڕای ئەوەیکە لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی سیاسی کورد ڕێککەوتبوون بەهەمان شێوە کە داعش شاری موسڵی فەتح کردبوو،هێزەکانی سوپای عێراقیش بێ هیچ شەڕ و خۆراگڕییەکی گشتی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتی و بنەماڵەی بارزانیان داگیر کردەوە.
سەرەڕای ئەوەش دەوڵەتی عێراق داوای لەهەموو وڵاتانی دونیا کرد کە پێوەندی ئاسمانی و زەمینی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپچرێنن و بەشێوەیەکی پراکتیکی هەرێمی کوردستانی عێراق بخەنە ژێر گەمارۆ و گۆشەگیری بکەن.ئەم بارودۆخەش بۆ هەرێمی کوردستان کە پێویستی سەرەکی بە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری ئابووری و هێڵی ئاسمانی و فرۆکەخانە هەیە لەگەڵ وڵاتانی جیهان خستەناو تەنگەژەیەکی زۆر سەخت و دژوارەوە.بەو شێوەیەی ئێستا وەک هەموومان ئاگادارین لەدوای ئاشبەتاڵ و شکەستی بنەماڵەی بارزانی لە پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دا کەوتۆتە ناو قەیرانێکی زۆر گەورەی ئابووری و هەتا حکوومەت ناتوانی مووچەی مانگانەی کارمەند و مامۆستایانی بەشی حکوومی دابینبکات،بۆیە ترافیکی هاتۆچووی دیپلۆماسی بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ پاڕانەوە و چەنگ پانکردنەوە لە بەغدا دەستی پێکرد و هەتا ئەمرۆ بەردەوامی هەیە و حکوومەتی بەغدا و شەخسی "حەیدەر عەبادی" دوای ماوەیەکی زۆر ڕەزایەتی نیشاندا لەسەر ئەوەی بەشە مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات و لەمەو بەدوا هەموو جۆگرافیای هەرێمی کوردستان لەژێر ئیداری ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی ناوەندی دابێت و کەسیش بۆی نییە جارێکتر هەڵەی ڕێفراندۆم دووبارە بکاتەوە.
چوارەم؛ ناکۆکی بیروبۆچوون لە هەرێمی کوردستان
لەهەرێمی کوردستان ئەو کاتەی"جەڵال تاڵەبانی"ئامادەگی سیاسی هەبوو،لەبەر کارامە بوون و نفووزی سیاسی و پێوەندییەکانی خۆی تاڕادەیەکی زۆر توانیبووی هاوسەنگی هێز ڕابگرێت لەنێوان لایەنە دژبەرەکانی هەرێم و بەغدا و پێشگیری بکات لەسەرهەڵدانی ئاژاوە و ناکۆکیی و سەنگ وکێشی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.بەڵام بەدەرکەوتنی لە گۆڕەپانەکە بەهۆکاری نەخۆشی و نەبوونی کۆدەنگی و یەکێتی لەنێوان بەرەی نیشتمانی کوردستانی عێراق،ئاستی دووبەرەکایەتی نێوان سلێمانی و هەولێر گەویشتە لووتکە.
پرسەکانی گرێدراو لەشێوازی دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئابووری نیشتمانی و داهاتی سامانی نەوت لەگرنگترین خاڵی ئەم ناکۆکییە بوون و ئێستاش بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لەداهاتی فرۆشی نەوت و غاز دا پەرڵەمان و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەدژی پارتی و حکوومەتی هەرێمی هەڵوێستیان وەرگرتووە.هەر بۆیە بڕیارە تاکرەوەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ خۆسەپاندنیان بەسەر هەرێمی کوردستان ئیدامەی هەیە و لەکاتی ڕێفراندۆمیشدا لەسنووری ناوچەی سلێمانی هیچ شەوق و حەزێکی ئەوتۆ بەدی نەدەکرا بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و بەشداری جەماوەر پێچەوانەی سنووری زۆنی زەرد.
هەر ئەم ناکۆکی و کێشەیە بەستێنی نفووزی ئێرانی زیاتر لەناو یەکێتی نیشتمانی فەراهەم کرد،ئێران هەوڵیدا بەترساندنی "بارزانی"و وەتەماح خستنی لایەنەکانی کورد یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق،لەدژایەتیکردن لەگەڵ ڕێفراندۆم هەنگاو بنێت.لەدەستدانی ناوچەکانی کێشە لەسەر و پاشەکشەی بێ خەرجی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک ئەنجامی ئەو تەماح خستنەبەرە بوو کە "مەسعوود بارزانی"وەک خیانەت ناوی لێکردوە و ئەوەش سەلماندی کە بێ هاوکاری و کۆدەنگی ناوخۆیی پرۆژەیەکی سیاسی لەم شێوەیە سەرکەوتوو نابێت.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێن"مەسعوود بارزانی"بەلەبەر چاو نەگرتنی هەموو ڕاوێژ و گفتوگۆکانی دیپلۆماسی لە دواخستنی کاتی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و بەهەڵە ڵێکدانەوە،هەوڵێکی سیاسی پڕ ڕیسکی ئەنجامدا و لەکۆتاییدا بۆ هۆی لەدەستدانی نیوەیخاکی هەرێمی کوردستان و لەدەستدانی تەواویی سەرچاوەکانی گرنگی نەوتی و داهاتی حکوومەتی نیمچە سەربەخۆی کوردستانی عێراق.هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەگەڵ قەرزێکی یانزدە ملیارد دۆڵاری رووبەڕوو بۆتەوە و کەسیش نازانی ئەم هەمووە قەرزە لە کوێەوە کەڵەکە بووە لەسەر گەلی کوردستان و چۆن و بەچ شێوەیەکیش دەبێت بدرێتەوە.سەرەڕای ئەوەیکە لە ئێستادا ڕیسکی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بووە و دەستی هەرێمی کوردستانیش لەگفتوگۆ کردن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی زۆر کورت بۆتەوە و لاواز بووە،بۆیە لایەنە سیاسیەکانی کورد بێ چاڕەسەری کێشە و ناکۆکییە قووڵەکانی ناوخۆیی خۆیان ناتوانن بگەڕێنەوە قۆناغی خەونی زێرینی شکۆفایی ساڵانی ڕابردوو،ئێستا لە قۆناغی روخانی خەیاڵە جوانەکان دانە و ڕێگایەکی سەخت دژواریشیان لە بەردەم دایە کە بە قەوڵی "مەسعوود بارزانی"دەڵێت؛ جگە لە چیاکان کەس دۆستی گەلی کورد نییە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە