"خیانەت" کلیلی بارزانی بۆ پاساوی هەڵاتن لە کەرکووک

Wednesday, 28/03/2018, 19:50


هێزەکانی پێشمەرگە پارێزگای کەرکووک"یان، یەک رۆژە تەسلیمی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرد لە کاتێکدا ئەنجامی گشتپڕسی ئەنجامدراو لە پارێزگای کەرکووک بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئیداری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 90%ی بوو، دانیشتووانی ئەم پارێزگایە لە پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەشداریان کرد و دەنگیان بەجیابوونەوە و سەربەخۆیی لە عێراق دابوو!
کلیلی وشەی بەردەوام بۆ پاساوی هەڵاتنی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانیان، "خیانەتە"، بەشێوەیەکی سروشتیخیانەت بە خەیاڵاتەکانی"مەسعوود بارزانی"یان، بەخیانەت بە کورد و کوردستان پێناسە کردوە.هەموو ئەم کارەساتە لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا روویداو و هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیارێتی ئەم ئاشبەتاڵە گەورەیە وەئەستۆ ناگرێت، هاۆشێوەی زۆرێک لە شکەستەکانی تری هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی و قەبیلەی بارزانی کە هەموو نەخشە و پێلانەکانیان سەرئاو کوتووە و بێ ئامانج بوونە لەوی بتووانن هیچ چاڕەسەرییەکی بۆ دۆخی ئێستا کوردستان بدۆزنەوە..
وەک ئاشکرایە لە تەواویی بەیاننامەکان دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هێزەکانی چەکداری ئەم حیزبە وەک سەبەبی سەرەکی خیانەت لە خەیاڵاتەکانی بارزانی ناسێندراون، هەرچەندە سەرەڕای گرنگیدان بە ئەزموونی دەیان ساڵەی شەڕی ناوخۆیی ڕابردووی لەنێوان ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لە کوردستان و نزیکی و پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران، ئەوە بابەتێکی سەیروسەمەرە نییە بۆ پاساوەکانی پارتی و بەرپرسانی قەبیڵەی بارزانی.
لەلایەکی ترەوە هەرچەندە هێزی بەکردەیی لە شاری کەرکووک هێزەکانی دژە تیرۆری سوپای عێراق بوون و هێزی ئۆپەراسیۆنەکە لە پاڵاوگەی نەوتی باکوور، هێزەکانی پۆڵیسی فیدراڵی عێراق بوون، بەڵام کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی نووسراو، بیسراو و بینراوی پارتی و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان حەزێکی زۆر تایبەتیان تێدایە هێزەکانی حەشدی شەعبی و لەسەرەوی ئەوانیش، سەردار قاسم سووڵەیمانی وەک بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی شاری کەرکووک بناسێنن..لەکاتێکدا هێزەکانی سوپای عێراقی کۆنترۆڵی دوو خاڵی سەرەکی، شاری کەرکووک و پاڵاوگەی نەوتی باکووریان بێ هیچ شەڕوپێکدادانێکی تایبەت داگیر کرد، کە بەشی سەرەکی پێکدادانەکانی ئەم هێزانە، لەگەڵ ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بووە، کە لەم ناوچەیە چاڵاکیان دەکرد و هاتبوون بۆ پشتیووانی خەڵکی کەرکووک.زۆرترین وێنەکانی بڵاو کراوە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم میحوەڕانە شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)بوونە کە لەم ناوچەیدا بەرگڕیان دەکرد، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی زەرد و ژێر سێبەری قەبیڵەی بارزانی وەک خەڵکی خۆبەخش و ئاسایی ناویان دەبردن لەشوێنی پێشمەرگە.
کێ لە هەرێمی کوردستان خیانەتی کردوە؟
کێشەکانی ناۆخۆیی و دوو دەستەبوون لە سیاسەتی باشووری کوردستاندا تاڕادەیەک زۆرە کە هەتا سێ هەفتە پێش لە ئەنجامدانی مانۆری ڕێفراندۆم و پرسی جیابوونەوەی "بارزانی" لە عێراق، خۆیان نمایش دەکرد و پارتی و قەبیڵەی "بارزانی" بۆ سەرپۆش دانان لەسەر ئەم کێشە و گرفتانە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بنەماڵەی تاڵەبانیان بە خیانەتکاری مێژوویی تاوانبار دەکرد، لەکاتێکدا پێش ئەنجامدانی مانۆری ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە هەر دوو لایەنی سەرەکی پێکەوە گفتوگۆ و دانیشتنی تایبەت و شاڕاوەیان ئەنجام دابوو و مەسعوود بارزانی داوای کردبوو لە بانگەشەکانی رێفراندۆمدا دەبێ ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پشتیووانی لێبکەن و بە بەڵێ دەنگ بدەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق.هەر ئەو کاتیش شەخسی "مەسعوود بارزانی"ڕایگەیاندبوو کە هەموو لایەنە سیاسیەکانی گەورە و بچووکی ناو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوونە لەسەر بڕیاری کۆتایی "بەڵێ"بۆ جیابوونەوە لە عێراق.ئەم ڕاپرسییە لەسەر سووربوونی "پارتی دیمۆکراتی کوردستان"و پێداگری "مەسعوود بارزانی"سەرۆکی پارتی دەنگدانەوەی هەبوو لەناو شەپوڵێک ناڕەزایەتی ناوخۆیی و جیهانیدا.
زۆرینەی نزیک لە ڕێککەوتنی لایەنەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراق و لایەنەکانی دەرەکی لەدژی ڕێفراندۆمی "بارزانی"بوون و بەهۆکاری جیاواز و دژایەتی خۆیان پێشاندا.هەتا تەنانەت تورکیە کە هاوپەیمان و دۆستی نزیکی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بوو، داوای لەم پارتە کرد ڕێفراندۆم دوابخات، بەڵام "مەسعوود بارزانی"هەر پێداگری کرد و سووربوو لەسەر ئەوەی ئەمە بڕیاری کۆتایی نەتەوەی کوردە لە باشووری کوردستان و هەروەهاڕایگەیاند؛ گشتپڕسی ئەنجام دەدرێت و لەکاتی پێویستدا، هێزی پێشمەرگە توانایی بەرگڕی و پاراستنی تەواویی سنوورەکانی کوردستانی هەیە، بەناوچە دابڕاوەکانیشەوە کە ئێستا لەژێر هێڵی ماددەی 140 دا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.گشتپڕسی لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام درا و هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیاتر بوو.بەغدا بەخۆپارێزی لە کردەوەی هەستیار و بەگەڕانەوە بۆ دەستووری بنەڕەتی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بەتاڵ کردەوە و ڕاگەیاند کە ڕێگە نادات هەندێک سیاسەتمداری کورد، یەکپارچەیی خاکی عێراق تێکبدەن و وێرانی بکەن لەپێناو بەرژەوەندی و کورسی دەسەڵاتی خۆیان.
لەکۆتاییدا سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراقی بەفەرمانی سەرۆکوەزیر و سەرۆکی تەواویی هێزە چەکدارەکان، ئێوارەی دووشەممەی شانزدە ئۆکتۆبەر ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی تری کێشە لەسەری لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەئەستۆ گرت و ئێستاش ئەم ئەرکە کۆتایی پێنەهاتووە، هێزەکانی پێشمەرگە لەهەموو ناوچەکانی نیزامی، نەوتی و سیاسی کەرکووک پاشەکشەیان کرد و سەرەڕای ئەمەش، ناوچەکانی کێشە لەسەر یا هەمان دابڕێندراو لە دوو پارێزگای دیاڵە و مووسڵ وەکوو شەنگاڵ بەتەواویی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوپای عێراق و حکوومەتی بەغدا و شاری کەرکووک و دووزخورماتو بەتەواویی پاکسازی کران لە هێزی پێشمەرگە و بەرپرسانی خۆجیی و ئیداری کورد، چەند رۆژ دواتریش گەمارۆکانی ئاسمانی و زەمینی بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق "حەیدەر عەبادی"کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و تەواویی هەرێمی کوردستانی بۆ ماوەی سێ مانگ گۆشەگیر کرد.
پارچە بوونی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان؛
ناکۆکیگەلێک بارزانی لەژێر ناوی گشتپڕسی دا شاردێەوە.
" مەسعوود بارزانی"دوای دوانزدە ساڵ خۆسەپاندنی بەسەر گەلی کوردستان وەک سەرۆکی هەرێم لەو پۆستەدا لەگەڵ دژایەتی جیاواز رووبەڕوو بوو، سەرکەوت بە جووڵاندنی ڕای گشتی لەڕێگای بەڵێنی سەربەخۆیی و دروستکردنی وڵاتی کوردستانی گەورە، سەرپۆش دابنێت لەسەر ناکۆکییەکانی ناوخۆیی لەگەڵ ئەندامانی تری قەبیڵەکەی و دووژمنە دێرینەکەی خۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەدوای ڕێککەوتنی مێژوویی نێوانیان بۆ مۆنۆپۆڵکردنی گشت کایەکانی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان، بە نمایشی شانۆی ڕێفراندۆم هەوڵیدا کوردستان یەکگرتوو نیشانبدات.سیاسەتمەدارەکانی عێراقی هەتا دوای زەمانی "ڕێفراندۆم"یش، ڕایانگەیاندبوو: کە "مەسعوود بارزانی"خەریکی هەڵگیرساندنی شەڕ و ئاژاوەیە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و لایەنەکانی تری ناودەوڵەتی، بەڵام تاوانی هەموو ئەم بڕیارانە دەبێ گەڵی کوردستان بیداتەوە و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی هیچ باکیان بە خەڵک و کۆمەڵگەی خۆیان نییە لە دروستکردنی ئەم ئاژاوەیە دا.
"هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"، هاوسەری جەڵال تاڵەبانی، ڕایگەیاندبوو:مەسعوود بارزانی بەئەنجامدانی گشتپڕسی هەموومان پەڵکێشی ناو شەڕ دەکات، لەحاڵێکدا هەموو وڵاتانی زلهێزی دونیا وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ڕووسیا، چین و درواسێەکانی وەک ئێران و تورکیە خوازیاری ئەنجام نەدانی ڕێفراندۆم بوون، بەڵام بارزانی تەنها بەبڕیاری تەکڕەوانەی خۆی ڕێفراندۆمی ئەنجامدا، ئێستاش دەبێ تاوانی ئەم بڕیارە هەڵەی بارزانی خەڵکی کوردستان باجەکەی بدەن.
ئەم ناکۆکیی و دوو دەستەییە گەویشتۆتە ڕادەیەک هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەسنووری دێگەڵە لەنێوان هەولێر و سلێمانیە جێگیر کران و پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان لەبڕی ئەوەی لە بەرامبەری هێزەکانی سوپای عێراق سەنگەر بگرن، بەرابەری پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەنگەریان گرت.ئەم روداوە دەرخەری قووڵایی ناکۆکییەکانە لەهەرێمی کوردستان کە "مەسعوود بارزانی"وا پێشانی ئەدات، هەموو خوازیاری جیابوونەوە بوون لە عێراق.
ئەو کاتەی کەرکووک، ئەو شارەی بە"دڵی" کوردستان ناسراوە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی، دەنگی ناڕەزایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان (بارزانی)بەرزبۆوە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بە خیانەتکاری گەورە تاوانبار کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەچۆڵکردنی سەنگەرەکانی خۆیان و ڕادەستکردنی بەهێزەکانی عێراقی، تووشی خیانەتێکی گەورە و مێژوویی بوونە.ئەوان خەنجەڕی ژەهراوییان لەپشتی گەلی کورد داوە و ڕێککەوتوونە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و ئێران بۆ داگیر کردنی قوودسی کوردستان.
بەڵام لەبەرسڤی ئەوەدا، "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" ڕایگەیاند، منداڵەکانی خۆشی لە هێڵی پێشەوە لە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگە دابوونە، تاوانبار کردنیانی بە خیانەت ڕەتکردوە و گووتی؛"یەکێتی نیشتیمانی کوردستان"لە سەردەمی دامەزراندنەوە هەتا ئێستا لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی وڵات و مافی جەماوەری کوردستان خەباتی کردوە...هەموو دەزانن ئەندامانی خانەوادەی من لە ئاراس، پافێل، قووباد، ڵاهور و پۆڵاد لە تەنیشت بڕا پێشمەرگەکانی خۆیانن و ئامادەنە بۆ شەڕ، ئاماژەی بەوەش کردوە، کە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان، نابێ ڕێگا بدەن درۆ و بۆختانی دووژمنکارانە بڵاو بکرێتەوە بۆ ئاژاوەنانەوە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا، پارتی فێرە هەمیشە پاساو بۆ شکەست و خیانەت و ئاشبەتاڵەکانی مێژوویی خۆی بێنێتەوە و ئەوانی تر تاوانبار بکات.
کێ خیانەتکارە؟
جیاواز لەوی هەبوونی ئەم تاوانە دوو لایەنەیە، ڕادەی ناکۆکیی قووڵی نێوان حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان پێشاندەدات، خاڵی جێگای پرسیار ئەوەیە کە چ کەسێک خیانەتی لە گەلی کوردستان کردوە؟کەسێک کە بۆ بوون بە"قارەمانی"خۆی لەناو خەڵکی کوردستان"وەهمێکی"گەورەی دروست کرد، یانیش کەسانێک کە بڕیاریان دابوو کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە ڕێگای گفتوگۆ چاڕەسەر بکرێن و لەبارەی پێکدادان و شەڕ و خوێنڕژتن لەدوای جیابوونەوە لە عێراق هۆشتاریان دابوو؟ ئایا کەسێک بۆ خۆشەویست کردنی خۆی، ڕاسپاردەکانی دۆست و دووژمنی لە گوێ نەگرت و گەلی کوردستانی خستەناو جۆرەها قەیران و جەنگی دەروونی و ئابووریەوە، یا کەسانێک لە کەرکووک لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی ڕێککەوتن هەتا خوێنی بێتاوانی خەڵکی مەدەنی کورد نەرژێت.!؟
"مەسعوود بارزانی" ناکۆکییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ڕادەستکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کە ماوەکەشی بەسەرچوو بوو بەشێوەیەی یاسایی لەگەڵ دروستکردنی ئالوزییەکی گەورە بەناوی ڕاگەیاندنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی تێکەڵ کرد، لەشوێنی ڕادەستکردنی دەسەڵات و چاڕەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان، دەوڵەتی مەرکەزی بەغدای مەحکووم کرد بەوی دووژمنی گەلی کورد و مافەکانی یاسایی و سەرەکی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە دژایەتی مێژوویی دەوڵەتی عێراق لە ئاست مافەکانی گەلی کورد شتێک نییە لێرەدا حاشای لێبکرێت، بەڵام ئەوەیکە "بارزانی"لەم قۆناغە هەستیارەدا کە هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیریی و ئاسایش و گەشانەوە دەچوو، شتێکی گونجاو نەبوو بۆ تێکدانی فەزای پێوەندی ناوخۆیی هەرێم و بەغدا لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش، بەڵکوو دەبووایە بەرپرسانی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لەڕێگای دیپلۆماسی هێزەوە لەناو پەرڵەمانی بەغدا کێشە و تەنگەژەکانیان چاڕەسەر بکەن و شەقامی کورد و عەرەبیان بەم شێوەیەی لە ناوچە دابڕاوەکان بینیمان رووبەڕووی یەکتر نەکردبایە، هەتا دۆخی نێوان بەغدا و هەرێم لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبووایە."مەسعوود بارزانی"ئامادە بوو خوێنی چەکدارانی پێشمەرگە بکاتە قوربانی"بوون بە پاڵەوانی"خۆی و بڕیارە تەکڕەوەکانی، کەسێکی بەم شێوەیە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی تاوانبار دەکات بە خیانەتکاری گەورە کە ڕێگری دەکرد لە شەڕ و خوێنڕژی زیاتر لە شاری کەرکووک.
درۆ و زیادەرەوی لە داخۆیانیەکانی هێزی پێشمەرگە دا؛
کاتێک "بارزانی"لەگەڵ هەڕەشەی یاسایی بەغدا لەبەرامبەر ئەنجامدانی گشتپڕسیدا رووبەڕوو بۆوە، ڕایگەیاند، گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ئامادەنە سنوورەکانی کوردستان بپارێزن و لە پێناویدا گیانی خۆیان بەخت بکەن..روداوەکانی ئەم دوایەی کەرکووک و پاشەکشەی چەکدارانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی لە شەنگال پێشینەی هەڵاتنیان لە گۆڕەپانی شەڕی داعشیان لە کارنامەی خۆیاندا تۆمار کردوە و دەیسەڵمێنی کە "بارزانی"بەگەورە پێشاندانی هێزی پێشمەرگە، چلۆن لەو مەسەڵەیە بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی لە ئەنجامدانی رێفراندۆمدا کەڵکی خراپی وەرگڕتووە.چۆن هێزی پێشمەگە ماوەیەکی زۆرە لەقەیرانی بێ مووچەیی و برسێتی دا ژیان دەگوزەرێنی.
"بارزانی"کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکووک بەخیانەت تاوانبار دەکات، بەڵام وەڵام ناداتەوە پێشمەرگەکانی خێڵەکەی خۆی و حیزبەکەی لەناوچەکانی شەنگال و مەخموور سەنگەرەکانی خۆیان چۆڵکرد و هەڵاتن، بۆ چی بەخیانەت نازانی؟پێشمەرگەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانی ئەو رۆژەی لەبەرابەری داعش هەڵاتن، ئەمرۆش بەهەمان شێوە لەبەرابەر هێزە چەکدارەکانی عێراقی فیدڕاڵ، سەنگەرەکانی خۆیان چۆڵکرد.ئێستاش لەگەڵ ئەم کارەساتانەی روویانداوە، لاوازی زۆر لەناو رێزەکانی هێزی پێشمەرگەدا دروست بووە و بارزانی بەپێچەوانە پێشاندانی ئەمە سەڵماندی لەئاراستەی خزمەتکردن بەگەڵی کوردستان نەجووڵاوە و روداوەکانی دوای شانزدەی ئۆکتۆبەر و پرسی کەرکووک ئەو ڕاستیەمان بۆ روندەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان ناتوانی لەسەر هاوکارییەکانی وڵاتانی دەرەوە حیساب بکات.
خاڵێکی گرنگی تر کە نابێت لێ خافڵ بین، ئەوەیە ئەو هێزانەی پێشمەرگە کە لە ئاشبەتاڵی کەرکووک و شەنگال و دیاڵە دەبینران، هێزێکە پێنج ساڵە لەژێر پشتیوانی 22 وڵاتی رۆژئاوایی ڕاهێنانیان پێدەکرا و پڕچەک کرابوون بەجۆرەها چەکی پێشکەوتووی جیاواز لەلایەن چەندین وڵاتی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا.پێشمەرگە لەبەرامبەر شەڕی گروپی تیرۆریستی داعش تووشی شکان ببوو، گەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش و عێراقی فیدڕال نەبووایە، لەهەندێک ناوچەی جیاواز سەنگەرەکانی خۆیان چۆڵکرد و هەڵاتن، ئێستاش لەهەمبەر سوپای دواکەوتووی عێراق بۆمان دەرکەوت هێزی پێشمەرگە توانای بەرگڕی نییە.لەلایەکی تر وڵاتانی ئەوروپا و هەتا ئەمریکا ڕایانگەند، کە لەو مەسەلەیەدا بێلایەنن، بەڵام لەهەمان کاتدا پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن، ئەڵمانیا ڕاهێنانی پێشمەرگەی لە هەولێر ڕاگرت و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لە شەڕی تیرۆر لە عێراق و سووریە دا ڕایانگەیاند کە تەداخووڵ ناکەن لەم بابەتەدا.
ئەم رووداوانە سەڵماندی "مەسعوود بارزانی"ئیتر نابێت چاڕەنووسی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان ببەستێەوە بە خێر و بەزەیی وڵاتانی دەرەوە، چوونکە لەقۆناغی هەستیاردا نەتەنیا پشتیوانی لێناکەن، بەڵکوو تەکیەگایەکی بەهێزیش نین و زۆر زوو پشتی بەردەدن.بارزانی ئێستاش لەبیری ماوە، ئەو کاتەی گروپی تەکفیری ـ تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو وڵاتەی بەخێرایی پشتیوانی لێکرد و هێز و ڕاوێژکاری سەربازی بۆ ڕەوانە کرد کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، کەواتە پێوەندییەکانی بنەماڵەی بارزانی لەتەک کۆماری ئیسلامی دا بەهێزترە لە یەکێتی نیشتیمانی و ئێران لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێوەندییهکی بەهێزی ئەمنییەتی هەیە بەشێوەی نهێنی.کەواتە تاوانبارکردنی یەکێتی و لایەنەکانی سیاسی بەخیانەتکار و خاکفرۆشی مەسەلەیەکی روون و ئاشکرایە لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە