هەڕەشەکانی سەلەفیەت وەهابیەتی ئاڵی سعوود!؟

Tuesday, 27/06/2017, 20:27


ئێمە وڵاتی خۆمان خۆش دەوی بەدەر لەهەموو بیر و حیزب و نەتەوە و زمان و کولتوور و ڕەنگێکی جیاواز،بۆیە هەر چەشنە کردەوەیەکی تیرۆریستی لەچوارچێوەی بیری توندڕەوی ئایینی"وەهابیەت" و "سەڵەفیەت" بەهەموو شێوەیەک مەحکووم و شەرمەزار دەکەم و من دژی شەڕ و کردەوی وێرانکاریم لەهەموو وڵاتێکدا،تیرۆر و کردەوی خۆکوژی لە کولتوور و جیهانبینی تاکی کورد دا بوونی نییە.
----------------------------------------
ئەوەی چەند رۆژ پێش ئێستا لە شاری (تاران) روویداوە کردەوەیەکی تیرۆریستیە و لەسەر ئەو باوەڕەم کە نەتەوەی کورد بەجیاواز لە ئایین و مەرام و ئایدۆلۆژیای سیاسی دژی ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستیانەن، بۆیە تەنیا ڕێگەی گەویشتن بە ئارامی و ئاسایش و ئاسوودەیی لە دیالۆگ و گفتوگۆ دایە.ئاشکرایە ئەمەی ئێستا لە "تاران" روویداوە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە داهاتووی کۆمەڵگەی ئێرانی دەکات و ژیان و داهاتووی هەموومان وەک تاک دەخاتە مەترسێەوە و زەمینەخۆش دەکات بۆ زیاتر تەشنەکردنی بیری تەکفیری و ئیرهابی لە کۆمەڵگەی ئێراندا کە سەرچاوەکەی دەگرێتەوە بۆ وەهابیەتی ئالی سعوودی،کە لەداهاتوو دەبێتە نەخۆشیەکی کوشەندە بۆ سەر ژیان و ماڵ و ئاسایشی هاووڵاتیان بەگشتی،وەک ئەوەی ئێستا لە سووریە و عێراق و ئەفغانستان دا دەبینین و رۆژانە گوێبیستی دەبین لە هەواڵەکاندا کە چۆن خەڵکی ئەم وڵاتانە بەشێرپەنجەی بیری توندڕەوی وەهابیەت و تەکفیرییەکان گرفتار بوونە.
دەوڵەتەکانیش بەهەموو هێز و توانای خۆیان ناتوانن بەرنگاری فیکری توندڕەوی ببنەوە و ڕیشەکێشی بکەن،تەنیا دەتوانن بە بۆمب و باروت گروپە چەکدارەکانیان لەناو ببن،بەڵام هزری توندڕەوی و تیرور بە هێرشی سەربازی تەواو نابێت، بۆێە پێویستە ئیش لەسەر گۆڕینی سیستەمی قوتابخانەکان و پەروەردە و گۆڕینی بیری تەکفیری نەوەی نوێ بکەن لەسەردەمی جیهانی شێواوی سەرمایەداری و جەهاڵەتی مودێرنیتە و بەجیهانیبوونی فەرهەنگ و ئتنیکەکان.
کینە و توندڕەوی ئایینی و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی ناتوانی لە وڵاتی ئێمەدا پێگە و شوێنی هەبێت،خەڵکی ئێمە ئاشتیخوازن و حەز لەژیان و پێشکەوتن دەکەن هاوشانی هەموو نەتەوەکانی جیهان و دەبێ هەموومان لەئاست ئەم کارەساتە دڵتەزێنە گەوڕەیەدا خۆمان بەرپرسیار بزانین و هەوڵبدەین بەم هەموو شێوەیەک ڕێگری بکەین لە چوارچێوەی بڵاوبوونەوەی بیر و هزری سەڵەفیەت و توندڕەوی ئایینی لە کۆمەڵگە و بنەماڵەکاندا تاکوو یەکپارچەیی وڵات پارێزراو بێت.
گەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی،شارستانییەتی کەڤناری ئێرانی شوێنی سەرهەڵدانی ئایین و مەزهەبی جیاواز بووە کە بەدڕێژایی مێژوو بەشێوەیەکی زۆر ئاشتیانە لەگەڵ یەکتری ژیاون و تێکەڵاوییان پەیدا کردوە بەدیوی یەکتر قەبووڵکردن و تۆلیرانس و پێکەوە ژیانی مرۆڤانە،ناکرێت ئەمرۆ لەو سەردەمەدا کە هەموو جیهان بۆ گەویشتن بەئاسایش و ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی هەنگاو دەنێت خۆمان لەم کاروانە بەدوور بگرین و بگەڕێنەوە ناو جیهانی تاریک و شەیتانی سەدەکانی ناوەڕاست کە گرووپە تیرۆریستیە جیهادەیەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە بانگەشی بۆ دەکەن.ئەوەیش بەدەرە لەهەموو دەقێکی پیرۆزی ئاسمانی و قورئانی پیرۆزی ئیسلامی ڕاستەقینە.
هیچکات ئیسلام ئایینی خۆکوژی نەبووە،وەک ئەوەی بینیمان بەناوی ئیسلام چەند رۆژ پێش ئێستا لە شاری تاران کۆمەڵێک هاووڵاتی موسڵمان و بێتاوانی وڵاتەکەمان شەهید بوون بەدەستی کۆمەڵێک مرۆڤی هەڵخەڵتاوی دەبەنگی مێشک شۆراو، ئەم جۆرە کردەوانە لەڵایەن کۆمەڵێک مرۆڤی گومڕاە و جاهیڵی هەڵخەڵتاوی دەستی ئیسلامی وەهابیەتی سعوودی و داعشی بۆتە نەریتی باوی جیهانی ئیسلامی سوننە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە سەرچاوەکەی بۆ هەموومان روون و ئاشکرایە و دەزانین وڵاتانی بانگەشە کەری دیمۆکراسی وماڤی مرۆڤ خۆیان بەدەر نیینە لە پشتیووانیکردنی ئەم جۆرە گروپانە،بەناوی جەنگی تیرۆر و مەترسی تیرۆریستان،بەڵام لە کردەوەدا خۆیان ڕێگە خۆشکەرن بۆ دروستوونی ئەم تاخم و گروپە فەندەمێنتالیزمانە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتانی موسڵمان،وەک دەبینین لە عێراقی دوای (سەدام حوسێن) و سووریەی ئێستا و لیبیا و تونیس و میسر بەناوی بەهاری عەرەبی و پاکردنەوەی دیکتاتۆرەکان و جێگیرکردنی پرۆژەی بەدیمۆکراسی کردنی ئەمریکایی ئەم وڵاتانەیان وێران و کاوڵ کردوە و سەرخان و ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتانە و ژیان وماڵ و حاڵی خەڵکیان بەتەواویی خاپور کردوە.
ئێستاش دووژمنان و نەیارانی شۆڕشی ئیسلامی و گەلانی موسڵمانی ئێران لەهەوڵی ئەوەدانە کە ئاژاوە و ئاگری جەنگی ماڵوەێرانکەری بیری توندڕەوی ئیسلامی و وەهابی بخەنە ناو ماڵی ئێمەوە،بۆ ئەو مەبەستەش خەریکی جێبەجێکردنی نەخشە و پێلانە شوومەکانیان لەڕێگەی ئەندامانی گروپی تیرۆریستی ـ تەکفیری داعش و شانە نوستووەکانیان لە سنوورەکانی جۆگرافیای ئێراندا.
هەرچەندە (خامنەیی) ڕێبەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و(محەممەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەیان پێکردوە: زۆربەی کردەوەکانی تیرۆریستی کە ئەنجامدراوە بە خراپ کەڵک وەرگرتن بووە لە ناوی پیرۆزی ئیسلام و ڕیشەیان لە "وەهابیەت" دایە.بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سعوودی دەبێ بە وەلانانی پرۆپاگەندە لە بارەی تاوانبار کردن و ترساندنی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ لە ناوبردنی ئافەتی تیرۆر و تیرۆریستان و بیری توندڕەوی ئایینی کە هەرەشە لەهەموو وڵاتان دەکات هاوکاری بکەن.
 لە دوای هێرشی تیرۆریستی (١١ سێپتەمبەر)ەوە، تا ئێستا وەهابیەتی شەڕخواز چەندین جار سیمای خۆی گۆڕیوە،بەڵام لە ئایدۆلۆژیا و ڕەوتی سەرەکی خۆیدا گۆڕانێک بەدی ناکرێت،جا ئەو گروپە چ تالیبان بێ یان لقەکانی دووبارە ئەوە بەرهەم هاتووی ئەلقاعیدە یان ئەندامانی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)،کە نەدەوڵەتە و نەئیسلامیش.
ئاڵی سعوود سەرچاوەی تیرۆر و وەهابیەت؛
عەرەبستانی سعوودی ھەرگیز ھەژموونی خۆڕسکی نەبووە بەسەر چواردەوری خۆی. ئەگەرچی شوێن نزرگەی موسڵمانانە.بەڵام ئەوەندی  فیکری ئیسلامی لە قاھیرە و  قوم و نەجەف و ئەستەنبۆل پەخشکراوە. ئەوەندە لە مەککە و مەدینە پەخش نەکراوە. لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی سعوودیە و دۆزینەوەی پەتڕۆل و داڕژانی پارەیەکی یەکجار زۆر بەسەر ئەم وڵاتەدا،بیری وەھابیەت کە ستونی بەھێزی راگرتنی دەسەلاتی بنەماڵەی پاشای سعوودیەیە گەشەی کرد. بۆ ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو ئەم بیرو باوەڕە گرنگ بوو،چونکە رۆژئاوایەکان بە باشترین فیکریان دانا  بۆ بەرگرتن لە فیکری کۆمۆنیزم. دوای نەمانی سۆڤیەت ئیتر ھەموو ئەو کۆرپانەی لە منداڵ دانی فیکری توندڕەوی وەھابیەت لە دایک بوون بۆ شەڕی کۆمۆنیستەکان دووچاری ھەڵگەڕانەوە بوون لە رۆژئاوایەکان. ئەوە بوو چەندین ھێرش و پەلاماری توندیان کردە سەر  رۆژئاوا لە شێوەی رووداوەکەی ١١ی سێبتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ ی ئەمەریکا . لەو کاتەوە تیرۆری ئیسلامی بەناوبانگترین تیرۆرە. ئەنجامی ئەم تیرۆرە روخانی چەند دەسەڵاتێکی وەک تالیبان و سەدام حسێن بوو.لە ئێستادا وڵاتانی عەرەبی تەواو دووچاری قەیرانی لێکھەڵوەشانەوە بوونە، بەھۆی گروپی توندڕەوی ئیسلامی. سعودیەکان بەردەوامن لە سیناریۆ داڕشتن بۆ ئەوەی بە بیروباوەڕی وەھابیەت ھەژموونی خۆیان بسەپێنن لەبەرامبەر بیرو باوەڕی شیعەگەری کە ئێران سەرکردایەتی دەکات و بە کەمترین خەرجی توانیوێتی لەسەر زەوی ئەو ولاتانەی کە لە ناسنامەی عەرەبین وەک عێراق و یەمەن و سوریا و لوبنان و بەحرین تەنگ بە سعودیەکان ھەڵبچنن.
هەوڵەکانی عەرەبستانی سعوودی بۆ ڕازیکردنی ئەربابانی رۆژئاوایی خۆی بۆ پشتگری لەم سیاسەتە دەمارگرژانە لە سەر بنەمای بۆشایی دامەزراوە کە نووقم کردنی جیهانی عەرەب ئالۆزی و پشێوی زۆرتری بە دواوەیە.ئەو وەهمەی کە ئاڵی سعوود و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە یارمەتی ئەدەن "بەرتەسک کردنەوەی ئێران "،یان دوژمنی وەهمی نێوان شیعە وسوننە تێکەڵچوونەکانی ناوخۆیی لە ناوچەکە زیاتر کردووە، لەگەڵ ئەو حەقیقەتە لە دژایەتیەکی ئاشکرا دایە کە سامناکترین خۆینڕشتنەکان لە ناوچەکدا بە هۆی کوشتاری بڕایانی عەرەب و سوننە لە لایەن وەهابییەکانەوە تەشەنەی کردوە.
 تاوەکو ئێستا ئەو رێکخراوە لەرووی ئایدۆلۆژیاوە لەسەر ئاستی جیھان چالاکە و ھەوڵەکانی ئەمریکاش بێ سود ماوەتەوە چونکە لەلایەن سعوودیەوە پشتگیری ئایدۆلۆژی و دارایی دەکرێت.
داعش یان دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام بە ناونیشانی دیاردەیەکی نوێ سەرنجی ھەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، ئەم پرسیارە دروست دەکات ڵای هەموومان ئەویش ئەوەیە،چ ئایندەیەکی لە بەردەمدایە؟ ئایا ئەم چارەنووسە لە گرووپە سەلەفیەکانی تری جیا دەکاتەوە؟ 
ئەگەر توخمی سەرەکی و بنەڕەتی بونیادگەرایی بە بەرامبەری نوێگەری دابنێین، دەبێت بڵێین لە نێوان سەلەفیەت و بونیادگەراییدا، گشت و تایبەت بوونی ھەیە، چونکە ھەمو سەلەفیەکان بونیادگەران، بەڵام زۆرێک لە بونیادگەراکان، سەلەفی یان تەنانەت موسڵمان نین. بونیادگەرایی لە دژایەتی لەگەڵ نوێگەریدا دروستبووە و ناتوانرێ بە بێ ئەو شتەی رەدی دەکاتەوە، لەبەرچاو بگیرێت
 (وینزەر) باس لەمێژووی دروستبونی بزوتنەوەی وەھابیەت و رۆڵی شێخ محمد عبدالوھاب دەکات لە تێکەڵاوکردنی عەقیدەو دەوڵەت لەچوارچێوەی خەلافەتێکی ئیسلامیدا، ئاماژەش بە ساڵی ١٧٤٤ دەکات کە سەرەتای ھاوپەیمانێتیە مێژوییەتیەکەی نێوان شێخ محمد  عبدالوھاب و ئال سعودە و ئەمەی دواییان لەبەرامبەر پشتگیری کردنی لایەنگرانی شێخدا دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت.
  لەژێر دروشمی (پاککردنەوەی زەوی لە بێ باوەڕان) جەنگاوەرانی وەھابیەت لەساڵی ١٨٠١ عیراقیان داگیرکرد و لەشاری کەربەلای پیرۆزی شیعەکان ٤ھەزار کەسیان کوشت و شارەکەیان تاڵانکرد.
 ھەروەھا دوای زاڵبونی ئال سعوود لە مەککە و مەدینە لەبیستەکانی سەدەی پێشودا کەوتنە تێکدانی مەزارگەکان وەک مەزارگەی (جنات البقیع) کەلەساڵی ١٩٢٥ تێکدراو لاشەی ٤ ئیمامی شیعەی تێدابوو.
 لەدوای دروستبونی دەوڵەتی سعوودیەش لەساڵی ١٩٣٢ پیاوە ئاینیەکانی وەھابیەت دەستێکی باڵایان ھەبوو لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئاینی و فێرکردندا.
 وەھابیەت تاوەکو شەستەکانی سەدەی رابوردو لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا مابویەوە تا ئەو کاتەی کە ژمارەیەک لە ئیخوان موسلیمەکانی شوێن کەوتوانی سەید قوتب لەترسی زوڵم وزۆری رژێمەکەی(جەمال عەبدول ناسر) رویانکردە ئەو نیمچە دورگەیە و ھاوپەیمانیەتیەکی سەلەفی-وەھابی یان دامەزراند کە (جیھاد)ی کردبووە دروشم لەدژی حکومەتە عەلمانیە(کافرەکان).
 وینزەر دەڵێت " ئەو تێکەڵاوییەی نێوان وەھابیەتی موحافیزەکار لەرووی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە لەگەڵ قوتبەیتی (سەید قوتب) سیاسەتی رادیکاڵی ئیسلامی سیاسی ـ وەھابی لێکەوتۆتەوە کە دواتر رێکخراوی قاعیدەی لێ دروستبوو".
 بەوپێەی وەھابیەت لەرووی جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی شەریعەت و نکۆڵیکردن لە ئازادییەکانی تاک و مافی ئافرەت و تەکفیکردن و کەمکردنەوەی رۆڵی ژیانی مرۆڤ و ھاندانی توندوتیژی لەدژی (کۆمەڵگا) لەھەموو بزوتنەوەی ئیسلامیە رادیکاڵیەکانی دیکە جیاوازە.
لەئێستادا خودی شانشینیی سعوودی-وەهابی ڕوبەڕوی مەترسییەكی جیددی بۆتەوە كە هەڕەشەی ڕوخاندنی لێدەكات. ئەو ڕۆڵە خراپەی ئەم شانشینیە لەبڵاوكردنەوەی تێرۆریزمدا بینیویەتی؛ لەوە زیاتر جێی قبوڵ‌كردن نیە. ئەمەریكایش لەوە زیاتر ناتوانێت هاوپەیمانیی لەگەڵیدا هەبێت ‌و بەكاری بێنێت بۆ بەژەوەندیەكانی خۆی. وەهابیەتیش ڕۆڵ‌ و فرمانەكەی كۆتایی پێ هاتوە‌و بوەتە بار بەسەر بنەماڵەی فەرمانڕەوای سعوودییشەوە.
بەڵام پەیوەندیی نێوان ئالی سعوود‌ و وەهابیەت وەكوو جمكە پێكدالكاوەكان وایە كە ناكرێت جیا بكرێنەوە، بۆیە هەر بچوككردنەوەیەكی دامەزراوەی وەهابی لەسعوودیە لەهەمان كاتدا زیانی گەورە دەدات لەبنەماڵەی فەرمانڕەوای سعوودی، ،و هەر هەوڵێكی چاكسازیی لەم جۆرە ڕوبەڕوی توڕەیی‌و یاخی‌بونی ئەم دامەزراوە ئایینی‌و مەزهەبیە دەبێتەوە كە لەو ڵاتدا ڕیشەی داكوتاوە‌و دەسەڵات‌و هەژمونی زۆری هەیە. وەهابیەتیش بەسروشتی وشك‌و كۆنەپارێزی خۆی نوێكردنەوە‌و تازەگەری قبوڵ ناكات‌و توانای نوێ‌بونەوە‌و بەردەوامیی نیە، بۆ نموونە دژی زانست‌و شێوازی ژیانی هاوچەرخە، بەڵكوو دژی مرۆڤایەتیە.‌و لەبەر ئەوەی دایكی شەرعیی زۆربەی ڕێكخستنە تێرۆریستەكانە ‌و لەم ڕێگەیەوە ترس ‌و تۆقینی خستوەتە دڵی جیهانەوە؛ بۆیە لەناوبردنی بوەتە داواكارییەكی جیهانی. هەتاكوو هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی بنەماڵەی سعوودی لەوە زیاتر ناتوانن بەرگری لەو شانشینیە بكەن لەگەڵ ئەوەی خزمەتی زۆری پێ كردون، وەكو شەڕفرۆشتن بەیەكێتیی سۆڤیێت،‌و شەڕەكانی نرخی نەوت‌و هەتاكو بینینی ڕۆڵی مامان بۆ لەدایك‌بونی ڕێكخراوی تێرۆریستی وەكو داعش‌و هاوشێوەكانی،‌و بەشداریی پیلانگێڕان لە دژی هەر دەوڵەتێك کە دژی ڕێژیمی سەهیونیزم و زایۆنیزمەکانی ئیسرائیل بێت...
لەکۆتاییدا دەگەینە ئەم دەرئەنجامە کە تەواویی هێز و گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی جیهانی ئیسلام سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی وەهابیەتی ئاڵی سعوود و لەوێشەوە خۆیان ئامادە و پڕچەک دەکەنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایش و یەکگرتوویی جیهانی موسڵمانان،کە ئەوەش بەرهەمی سیاسەتی میرنشینی ئاڵی سعوود و هاوپەیمان بوونی لەتەک وڵاتانی دژە موسڵمانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیلە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە