قەباحەتی پۆپۆلیزمی دەوڵەتخوازانی کوردی

Tuesday, 06/06/2017, 20:03


پوپۆلیزمی کوردی ھاوشێوەیەی ئەوە وایە کە کەرەکە دەبینی بەڵام کوورتانەکە نابینی.!
تێگەیشتن لەو باسەی کە پۆپۆلیزم چ ڕاکەشیەتی بۆ یەک سیاسەتڤان ھەیە،بەتایبەتی لەسەردەمی ئێستادا،وەڵامەکەی سادەیە،پۆپۆلیزم بە سڕینەوەی روخساری ناکۆکی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و خەڵک و بە پشتبەستن بە گشتی بوونی جەماوەر،زۆربەی کات بەنوێنەرایەتی لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵی خەڵکەوە یانیش چینی ھەژاری کۆمەڵگە بە تۆپێکی پڕەوە بۆ نیشانە لێگرتنی فەرھەنگی سیاسی دەسەڵاتدار (یاری باندەکانی ناو سیستەم،بانکداریەکان،سەرمایەداران و ئەشرافی ھاوشێوەی دزساڵارەکان کە وەکوو "زەروو" خوێنی خەڵکیان کردۆتە ناو جام و ھەڵیدەلووشن لە بودجەی داھاتی گشتی ناوخۆیی و دەرەکی.
برۆکراسی بێسەروبەری و سیستەمی گەندەڵی خێڵەکی کە تەواویی ھەبوون و خەمی بۆتە تاڵانکردنی ماڵ و سەروەتی ھاووڵاتیان و سەرلێشواندنی جەماوەر،پارتی و لق و پۆیەکانی تەواویی ھەوڵەکانیان بۆ دوو جەمسەرکردنی کۆمەڵگەی کوردی خستۆتەگەر و لە ئاوی شێلوو ماسی دەگرن و دەتوانن خەڵکی کۆمەڵگەی ھیڵاک و دڵشکاوی کوردی بەسەما و پێکەنین بخەن،تەواویی خەڵک شەکەت و ماندووییە لەوی بەڕاستی بۆ ھیچ شتێک گۆڕانێکی بەسەردا نایەت.
لە ڕاستیدا پۆپۆلیزمی سیاسی چ لە ئەمریکا و چ لە ئیتاڵیا و چ لە ئێران و کوردستان بەھەنگاوی لەو شێوەیەی سەرەوە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە و وەک نموونەی ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەسەڵات وەرگرتنەوە لە پێناو بەرژەوەندی زۆرینەی لاوازی جەماوەر ھاتۆتە گۆری،کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیای جیاوازی پێکەوە تێکەڵ کردوە و دەرخواردی کۆمەڵگەی داوە،ھێڵێکی پان و بەتاڵی بەسەر سیاسەتدا کێشاوە و ھەمووان بانگھێشتی ژیانێکی بێ سیاسەت دەکا.بەڵام لە کردەوەدا ئەوە کە بەرھەمی ھێناوە ھەمان ئەو دەرئەنجامە بووە کە ھەبوو لە دۆخی ئێستادا و بەشێوەیەکی خراپتریش، جێگری کردوە.
ئەگەرچی ھەندێک گۆڕانکاری لە ئاراستەی بەرژەوەندی خەڵک لەئارا دابوو،بەڵام ئەو مەسەلەیەش ناوەرۆکی پۆشاڵی ئەم فۆرمۆلە سیاسیە دیاریکراوە نوێە ناتوانی بشارێتەوە.لە ئێستادا ئەم پرسیارە خۆ زەقدەکاتەوە لەھەمبەر فەزایەکی لەوشێوەیەدا،ڕۆڵی رۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنی چیە و دەبێ چ ڕۆڵێک بگێرن؟کۆمەڵگەی ھەڵخەڵەتاوی دەستی پۆپۆلیزمی سەرمایەداری مودێرن و سیاسەتڤانانی درۆزن و فێڵباز کە لەھەموو تاکتیکێک ئیستفادە دەکەن بۆ گەویشتن بەمەرامەکانی خۆیان.
یانی ڕەزایەت و خۆشی کاتی و ساتی لە کورتترین ماوەدا کە گەل بخەیتە خزمەت بەرژەوەندی و چاکەخوازییەکانی (کاتی و دڕێژخایەن)ی خۆتەوە،بەشێوەیەکی زۆر عەقڵانی و ڕواێژکردن و پۆڵێنبەندی کراوی زانایانە،بۆ بەرھەمھێان و پاراستن و دابەشکردنی گونجاوی بەرژەوەندیەکان،بەرپرسیار نەبوون سەبارەت بەکۆمەڵگا و داھاتوی تاک و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان...
 پۆپۆلیزم؛ یانی بۆ دڵخۆشی کاتی خەڵک،سەرچاوەکان بەشێوەیەک دابەش بکەی کە لەزەتی کورتخایەنیان لەگەڵ چێژی دڕێژخایەنیان کۆ نەبێتەوە.
پۆپۆلیزم؛ یانی گەوجاندنی مانگانەی خەڵک لە ڕێگەی پاشکەوتکردنی موچەوە،بەناوی پارەی پاکی نەوت،پارەی گیرفان بدەیەی خەڵک بۆ خەرجکردن.بەڵام پرۆژە زەبەڵاحەکانی دروستکردن و ئاوەدانی و ئەندازیاری وڵات بخەێتە خزمەت کۆمپانیا ھۆڵدینگەکانی نزیک لە ئەندامانی حیزب و عەشیرە،بۆ ڕای گشتی کۆمەڵگەی جیھانی و ناوخۆیی شاخ دروستکردن و ھات و ھاواڕ کردن و ژاوەژاوی واعیزە خوێنی و ئاڤراندنی قەیران و ھێنانی بەڵێشاوی وەبەرھێنەری بیانی و زیادکردنی پێتاک لەسەر کۆمپانیاکانی خۆماڵی و داخستن و ھەڵاوەسان بازار و زیادکردنی ڕێژەی بێکاری لەو چەند ساڵی دواییدا و پارە لە خەڵک ھەستاندن بەناوی پاشکەوتی موچەی مانگانە،ئەوەیە قەباحەتی پۆپۆلیزمی دەوڵەتخوازانی کوردی.
 پۆپۆلیزم؛ بەمانای پێش دەسەڵاتدار بوون دەبێ پۆپۆلیستێکی بیست و چوار عەیار بی،یانی لەزەت و خۆشی کاتی و کەم بەھا،لە دڕێژخایەندا،بەرژەوەندی زۆر زیاتر و بەنرخی گرانبەھا لە خەڵک ھەستاندنەوە.
وەکوو ئەوەی ئێوە بۆ خۆشحاڵکردنی کاتی منداڵەکەتان،ھەموو سەرمایەکەتان بخەنە ژێر دەستی بۆ گەران و کەیف کردن و دوای چەند ساڵێک ئەوەیش ھەمووی بکاتە ژێر خۆڵی ڕەشەوە و کۆتایی پێ بێت.
پوپۆلیزمی کوردی ھاوشێوەیەی ئەوە وایە کە کەرەکە دەبینی بەڵام کوورتانەکە نابینی.!!
 ھەرچەندە ئەم بێ چاڕەسەرییە دەتوانی لەنییەت باشی بێ یا پێچەوانەکەی،بەڵام ھیچ جیاوازی نییە،چۆن دەرئەنجامەکەی ھەر یەک شتە و ئەوەیش بەرھەمھێنانی زەرەر و خەسارێکی قەرەبوو نەکراویە،سەبارەت بە دەرفەت و ئیمکاناتەکان.
پۆپۆلیزم و سووتانی عەقڵ و شەڕکردن لەگەڵ زانست و گەمەی لومپەنیزم و سووکایەتی سیاسی بەردەوامی پۆپۆلیزم،لەھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا مەترسیدارە،بەڵام لە وڵات و دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر مەترسیدارترە چۆن؛
ــــ حیزب و سەرکردە بۆماۆەییەکانی ھاوشێوەی نەخۆشی بوونتە سەنتەر،لە شوێنی زانست و عەقڵ و جیھان میحوەری و تووشی زۆرداری قەومچێتی و حیزب پەرەستی بوونە.
ــــ تووشی عادەتی خراپی حیزبی بوونە و ئاڵوودە بوونە بەژەھری خۆرافات و خەیاڵ پاڵاواتی نەتەوەپەرستی..
ــــ چۆن کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەھێز و بەڕێکخستن کراوی جەماوەری بوونی نیە.
ـــ ڕاگەیاندن و کاناڵی میدیایی سەربەخۆ و ئازاد بوونی نییە و حیزبە سیاسیە ڕیشەدارەکان خۆیان لە ڕێگەی شەرعییەتی چەکداری و خەباتی شاخ و شار بوونتە پسپۆری ھەموو شتێک لە پشتەوەرا.
ــــ تووشی برۆکراسی ئیفلیجی و ناکارامەیی و گەندەڵی پێکھاتەیی بوونە.
ــــ ئابووری ڕانتخۆری نەوتی و ھەروەھا بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و سیستەمی بانکییەکانی فەڵەج بوونە.
ـــ ڵەشکری مەعاشخۆران و برسیەکان نزیکەی ٩٢% لەژێر سنووری ھێڵی ھەژاریدا دەژین.
لە حکوومەت و کۆمەڵگەی بەو شێوەیەدا،لەبەر  بوارەکان و حەقیقەت و ئیمکانات و سەرچاوەی سنووردار،موجازەفەی سەرکەوتنی کەسێک بەمانای بەشێکی پۆپۆلیزم،لەئاستی باڵادا جێگای گرتووە زۆرە و زیانەکانیشی زیاترە.
حافیزەی مێژوویی نەتەوەی کورد شتێک لەشێوەی ماسی و قەوزەیە،چۆن ئێستا زاکیرەی مێژوویی خەڵکی کورد پڕێەتی لە خۆرافات و جەھاڵەتی سیاسەتڤانە پۆپۆلیستیەکانی حیزبی و ماوەیەکی زۆرە خەڵک و کۆمەڵگە بوونتە قوربانی ئەم سیاسەتە چەوت و چەپەڵەی بەناوی دامەزراندن و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەسەر میراتی خەباتی چەکداری ڕابردوو،حکومەت و حیزبێک کە خۆی تەواویی دەزگاکانی چاوەدێری کایەکانی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پەکخستۆوە،لەبەر ھۆکاری ئەوەی کەس بۆی نییە چاوەدێری عەقڵی دەیوەخانی خێڵ بکات،گریدراو بەژیان و چاڕەنووسی ھاووڵاتیان و داھاتوویان لە ناوچەکدا،بۆیە لەغەیابی نەبوونی دەزگە و ڕێکخراوی چاوەدێری خۆیان ھەرچی پێیانخۆش بێت ئەنجامی دەدەن،گرێبەستی دۆراندن و شکەستخواردنەکانی خۆیان وەک بەڵگەی سەرکەوتن و پێشکەوتن بەخەڵکی دەفرۆشنەوە ھاوشێوەی مێژووی دۆران و نسکۆ و ئاشبەتاڵەکانی سەدەی ڕابردوویان بەناوی کوردایەتی و ئازادی و دیمۆکراسی....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە